شنۆ محەمەد: وڕێنەکانى من. بەشى 10.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێکس، ئینسان تەنیا ئەتوانێ عاشقى ئەو کەسە بێت کە ئەتوانێت سێکسى لەگەڵ بکات، سێکس لوتکەى عەشقە. ئەکرێت کەسێک دایک یا برایەکى زۆر خۆش بوێت، بەڵام ناتوانێت عاشقیان بێت، چونکە ناتوانێت سێکسیان لەگەڵ بکات، کردارى سێکس بەڵگەى عەشقە، مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەى سێکسەوە ئەتوانێت خۆشەویستى لە عەشق جیا بکاتەوە، تەنانەت ئەتوانین ئەو فەلسەفەیە بەسەر خوداش بسەپێنین، ئینسان ناتوانێت سێکس لەگەڵ خودا بکات، بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێت عاشقى خودا بێت، ئەکرێت کەسێک تا ڕاددەى خۆبەخت کردن، تا ڕاددەى گیانبەخت کردن و خۆبەخشین خوداى خۆش بوێت، بەڵام مادام ناتوانێت سێکس لەگەڵ خودا بکات، کەواتە عاشقى خودا نیە.
لەسەروى هەموو ئەمانەشەوە کورت کردنەوەى تەواوى عەشق لە سێکس، وەک کورت کردنەوەى فەیلەسوفێکى مەزنە لە یەک پەیڤ. ئەتوانین بڵێین سێکس لە ناو عەشقى ڕاستەقینەدا هەم مایەى گەیشتنى عەشقە بە لوتکە، هەم یەکێکە لە پایە بەهێزەکانى عەشق، کە ئەتوانرێت تەمەنى عەشق زیاد بکات. لێرەدا مەبەستى من ئەوە نیە هەموو عاشقەکان هەر لەسەرەتاى تەمەنى عەشقیاندا بڕۆنە ناو دونیاى سێکسەوە، چونکە سێکس تەنیا لە لوتکەى عەشق ئەنجام ئەدرێت، لە هیچ شوێنێکى تر جێگاى نابێتەوە، سێکس لەناو عەشقدا وەک دەرگایەکى قوفلکراو وایە، کە ئەبێت تەنیا لە شوێنى خۆى و کاتى خۆى بکرێتەوە، هەر چەشنە هەڵەیەکیش لەم نێوەندەدا ڕەنگە ببێتە هۆى کۆتایی هێنان بە هەموو شتێک. ئینسانەکان تا نەگەنە لوتکەى عەشق، تا نەڕۆنە ئەو شوێنەى پێى ئەوترێ بەرزترین شوێن لەناو دونیاى عەشق ناتوانن بیر لە سێکس بکەنەوە، هیچێک لە عاشقەکانیش ناگەنە لوتکەى عەشق گەر هەردوو ڕەگەز بەیەکەوە لە لوتکەى عەشق نەبن، هیچێک لە عاشقەکانیش ناتوانن سێکسى عەشق ئەنجام بدەن گەر هەردوکیان لە لوتکەى عەشق نەبن، بە هەمان شێوە ئەستەمە بتوانن ببنە یەک جەستە گەر لە لوتکەدا سێکس ئەنجام نەدەن.
عاشقەکان بە پێوەرى هەموو دینێک کافرن، بە گوێرەى هەموو مەزهەبێک بێ دینن، لاى هەموو خودایەکیش بێ باوەڕن؟ چونکە عەشق لە دەرمانێکى بێهۆشکەر ئەچێت، لە ماددەى سڕکەرى دکتۆرەکان ئەچێت کە بە نەخۆشەکان ئەدرێت بۆ ئەوەى لەهۆش خۆیان بچن، بەڵام جیاوازى بێهۆشکەرى عەشق لەگەڵ بێهۆشکەرى دکتۆرەکان ئەوەیە کە بێهۆشکەرى عەشق تەنیا عەقڵ بێهۆش ئەکات، مرۆڤ لە ناو عەشقدا تەنیا عەقڵى لەکار ئەکەوێ، جگە لە عەقڵى تەواوى جەستەى وەک ئەژدیهایەکى برسى و توڕە کار ئەکات و پەلەقاژە ئەکات، لە توانایدا هەیە هەموو بەربەستە سەختەکان بهاڕێت، جگە لە جەستەى خۆشەویستەکەى هەست بە هیچ جەستەیەکى ترى دونیا ناکات، بەردەوام لە زەینى خۆیدا وا هەست ئەکات تەواوى جەستەکانى دونیا بێگیان و ڕۆحن، جگە لە جەستەى خۆشەویستەکەى. عەشق واى لێ ئەکات جەستە لاوازو بێماسولکەکەى پێشووى خۆى ببێتە جەستەیەکى گەرم و بەهێز کە ئامادەیە هەموو دەرگا و ڕێگاکان بە هێزى ماسولکە بشکێنێت نەک عەقڵ؟ بۆیە هەمیشە سەرخۆش و مەستە، خەیاڵى لە هەموو شوێنێکە تەنیا لەو شوێنە نیە کە تیایدا ئەژیت، هەست بە هەموو شوێنێک ئەکات جگە لەو شوێنەى لێى وەستاوە، هەستێک لە ناوەوە ئەیخوات و ئەیهاڕێت، هەستێکە واى لێئەکات هەست بە هیچ شتێک نەکات، واى لێئەکات جیاوازى نەکات لەنێوان خۆشى و ناخۆشیدا چونکە هەمیشە بێهۆشە، هەموو هەوڵێک ئەدات بۆ ئەوەى لەو بێهۆشیە ئەبەدیە هەڵسێتەوە، زۆربەى جار زۆر لەخۆى ئەکات و بە هەر شێوەیەک بێت عەشقەکە لەبیر خۆى ئەباتەوە، بەڵام لە ماوەیەکى زۆر کەمدا عەشقەکە وەک ئەسپێکى بەتین هەڵئەسێتەوە و ڕاى ئەتەکێنێت.

واى لە عەشق چەند سەیرە، مرۆڤ ئەتوانێت هەموو نەهامەتى و مەینەتیەکانى دونیا لەسەر ڕوخسارى عاشقێکى دۆڕاو ببینێت، بە هەمان شێوە ئەتوانێت هەموو بەختیارى و پێکەنینەکانى جیهان لەسەر سیماى عاشقێکى سەرکەوتوو هەست پێبکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت