بورهان شێخ رەئوف : بەعس و دەعوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حزبى بەعس لە 7 ى نیسانى 1947 بە فەرمى لە دیمەشق ى پایتەختى سوریا دامەزرێنرا لەلایەن میشیل عەفلەق و سەلاحەدین بەیتار کە لە چینى ناوەڕاست و خوێندەوار بوون و کۆمەڵێکى زۆر لە مامۆستا خوێندکاران وەکە حزبێکى نەتەوەیى عەرەبى دژى دەستوەردانى بێگانە لە کاروبارى زۆرێک لە ووڵاتانى عەرەبى و یەکخستن و ڕێکخستنى نەتەوەى عەرەب ڕاگەیەنرا و کاریگەریەکى زۆریان هەبوو لەسەر حوکم لە سوریا لە پاش سەربەخۆیى بە خێرایى بیرو بۆچونەکانیان بە ووڵاتانى عەرەبیدا بڵاوکرایەوە لەوانە عێراق و لوبنان و فەلەستین و ئوردن و یەمەن وووڵاتەکەى خۆیان سوریا .
ئەگەرچى حزبى بەعس لە 8 ى ئازارى 1963 ەوە لە ڕێگەى کودەتایەکى سەربازیەوە دەستەڵاتى لە سوریا گرتە دەست تا ئیستاش بەردەوامە ، هەر لەو بەروارەش بە دواوە حزبى بەعس دوولەت بوو تووشى لێکترازان بوو میشیل عەفلەقى ئەمیندارى گشتى و سەلاحەدین بەیتار بۆ یەکجارى سوریایان بە جێهێشت .
لە عێراقیش باڵەکەى ترى حزبى بەعس لە 17 ى تەموزى ساڵى 1968 لە ڕێگەى کودەتایەکى سەربازى سپیەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست بە سەرۆکایەتى ئەحمەد حەسەن بەکر تکریتى و سەدام حسین تکریتى تا لە 9/4/ 2003 لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە لە پرۆسەیەکى سەربازى گەورەدا توانرا عێراق ئازاد بکرێت کۆتایى بە فەرمانڕەوایى 34 ساڵەى بەعس لە عێراق بهێنن ، ئەمە سەرەتایەکى زۆر کورت لەسەر مێژووى بەعس و دەچمە سەر حزبى دەعوەى ئیسلامى و مێژووى سەرهەڵدانیان و دواتر بەراوردى سەردەمى فەرمانڕەواییان و کێشەى کورد دەخەمە ڕوو بۆ خوێنەرانى خۆشەویست .
حزبى دەعوەى ئیسلامى لە عێراق یەکێکە لە حزبە سیاسیە کانى عێراق و سەرەکیترین حزبى ئاینزاى شیعەیە لە عێراقدا ، کە یەکەم سەرۆکى ئەنجومەنى حوکم لە دواى ڕزگارکردنى عێراق ئیبراهیم جەعفەرى وتەبێژى ئەو حزبەبوو ، دواتریش لە دواى کابینەکاتی و ئینتیقالیەکەى ئەیاد عەلاوى و ، دواى ئەنجامدانى یەکەم هەڵبژاردن لە عێراقدا یەکەم کابینە بە سەرۆکایەتى دکتۆر ئیبراهیم جەعفەرى پێکهێنرا و ، هەر لەم حزبە بوو . دواتریش هەردوو کابینەى یەک لە دواى یەکى مالیکیش ، کە ئەمیندارى گشتى حزب بوو هەر لە هەمان حزب بوو ، کابینەکەى ئێستاش بە سەرۆکایەتى دکتۆر حەیدەر عەبادى کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانى حزبى دەعوە لە هەمان حزبە .
ئیستا ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووى حزبى ناوبراو سەرەتاکانى سەرهەڵدانى بدەینەوە دەبینین لە ساڵى 1957 ئەندامە دامەزرێنەرەکانى کۆبونەوەو ناوکى سەرەتایى حزبیان دامەزراند ، کە لە هەشت کەس پێکهاتبوون دیارترینیان پیاوى ئایینى شیعە لە عێراق و جیهان موحەمەد باقر ئەلسەدر بوو ، کە ڕۆڵى سەرەکى هەبوو لە سەرکردایەتى حزبدا دواتر لەلایە ڕژێمى بەعسەوە خۆى و بنت الهدى ى خوشکى لە سێدارە دران ، ئەوان لە و باوەڕەدا بوون ، کە دامەزراندنى ئەم حزبە دۆخێکى ئایدیۆلۆجى هاوسەنگ بخوڵقێنێ لە گەڵ ئایدیۆلۆجیاى کۆمۆنیستى و عیلمانى و نەتەوە پەرستى عەرەبى و بیرو بۆچوونەکانى تردا .
حزبى دەعوەى ئیسلامى لە ساڵانى حەفتاکاندا لە گۆڕەپانى سیاسى عێراق وەدەرکەوت کە هەڵمەتێکى چەکدارى دەستپێکرد دژ بە ڕژێمى بەعسى عێراق و داواى ڕووخانى ئەو ڕژێمەیان دەکرد لە ئەنجامدا ژمارەیەکى زۆر قوربانى لە خەڵکى سڤیل و بێتاوانى لێکەوتەوە .
دواتر دواى سەرکەوتنى شۆڕشى گەلانى ئێران بە ڕابەرایەتى ئایەتوڵا خومەینى سەرکردەکانى دەعوە پەیوەندییان دروستکرد لە گەڵ سەرکردەکانى شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران کە خاڵێکى ناکۆکى لە نێوانیاندا سەرى هەڵدا ئەویش ئەوە بوو خومەینى بڕواى بە ڕژێمى ولایەتى فەقیه هەبوو واتە ووتەى دوایى لە هەموو کاروبارە گرنگەکانى ووڵاتدا بۆ پیاوانى ئایین بگەڕێتەوە ، بەڵام ئەمان واتە حزبى دەعوە پێیان باشتر بوو ئەو دەستەڵاتە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە .
تا ئێستا مێژووى سەرهەڵدان و فەرمانڕەوایى ئەو دوو حزبەم باسکرد زۆر بە کورتى کە مەبەستم بوو ، بەڵام ئامانجى سەرەکى بابەتەکەم بۆچوون و چارەسەرەکانى ئەو دوو حزبەیە بۆ کێشەى کورد لە عێراقدا . من نامەوێت باسى زوڵم و زۆرداریەکانى بەعس بەرامبە بە شیعە بە گشتى و حزبى دەعوە بە تایبەتى بکەم ، چونکە ئەوانە لە چەند ساڵى ڕابردوودا زۆریان لەسەر ووتراوەوە نەک بە وتارێک بەڵکو بە کتیێبێکیش تەواو نابیت . هەروەها بە پێچەوانەشەوەلە حوکمى دوانزەساڵى ڕابردووى حزبى دەعوەشدا کە تائیستاش بەردەوامە گەلێک پێشێلکارى گەورە گەورەو سامناک دەرهەق بە سونە کراوە بە گەواهى زۆرێک لە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لەوانە هیومن رایتۆچ واتا جۆرێک لە تۆڵە سەندنەوەو توندوتیژى یان بەرامبەر بەیەک کردووە .
لە کۆتاییدا ئامانجى سەرەکى وتارەکەم دەخەمە ڕوو کە ئەگەر بەعس دواى هەڵگیرسانى شۆرشى ئەیلول لە ساڵى 1961 لە ساڵى 1970 دا گەیشتنە ڕێکەوتن و بەیاننامەى 11 ى ئازاریان دەرکرد کە بۆ یەکەم جار وەکو بەڵگەنامەیەکى مێژوویى دان بە مافە ڕەواکانى کوردا نرا لە چوارچێوەى عێراقدا و دواتر سنورى ناوچەى ئۆتۆنۆمى دیارى بکرێت کە پاشتر کە پێگەى خۆیان قاییم کرد بەعسیەکان خۆیان لە جێ بەجێکردنى ڕێکەوتنەکە شاردەوە و جارێکى تر کەوتنەوە پیلانگێران و ڕێکەوتنامەى جەزائیریان مۆرکرد لە گەڵ ئێراندا بۆ خامۆشکردنەوەى شۆڕشى کوردستان .باتائێرە بەس بێت لە ئەزموونى بەعس .
لە دواى پرۆسەىئازادکردنى عێراق لە ساڵى 2003 ەوە و پاش نووسینەوەى دەستوورى عێراق و جێگیرکردنى مافەکانى کورد بە تایبەتى ناوچە جێناکۆکەکان لە مادەى 58 و دواتر مادەى 140 تا ئێستەش حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى حزبى دەعوە هەرجارەى بە بیانوویەک ، خۆ لە جێبەجێکردنى مادە دەستووریەکان دەدزنەوە ، ئەم مانگ بۆ ئەو مانگ و ئەم ساڵ بۆ ئەوساڵى پێ دەکەن و ئەم لیژنە بۆ ئەو لیژنەى دەسپێرن .
لە دوا ڕەفتاریشیاندا ئەوە بۆ ماوەى 380 رۆژە بوودجەو مووچەو موستەحەقاتى خەڵکى کوردستانیان بڕیوەو زۆر بیمنەتانە دەڵێن بڕۆن جیابنەوە ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەى سێ یەکى خاکى عێراق لە بندەستى تیرۆرستانى داعشدایەو بارودۆخى ووڵات لە ئاستێکدایە لە هەموو ڕووەکانەوە کە کەس ئیرەیى پێ نابات .
بۆ یە لە کۆتاییدا جێى خۆیەتى بپرسم ئەمانە لەم باروودۆخە شپرزەى ئێستەى ووڵاتدا رێز لە مافەکانى کورد ناگرن و دەستوور جێبەجێ ناکەن  ، خۆ ئەگەر ببنە خاوەنى سوپایەکى بەهێزى وەکو سوپاکەى سەدام لە ئەو خراپترمان بەسەردا ناهێنن ؟ .