دکتۆر مەریوان وریا قانع : تاڵەبانی سوڵتانێکی سیاسیی بو کە لەشە گەورەکەی یەکێتی نیشتیمانیی ئاراستە دەکرد .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

یەکێتی نیشتیمانی : سوڵتانیزمی بێ سوڵتان .

هه‌رکەسێک ئەمڕۆ سەرنج لەدۆخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت ئەم ھێزە چەندە پارچەپارچەو وێران‌و سەرگەردانە لەناوەوەی خۆیدا، خاڵێک یان سێنتەرێک یان ڕوانگەیەک بونی نییە بتوانێت ئەو لەشە گەورەیە کۆبکاتەوە کە ناوی یەکێتی نیشتیمانییە. یەکێتی لەئێستادا لەبونەوەرێکی خورافیی گەورە دەچێت کە بێ سەرە ، یان سەرێکی ھێندە بچوکی هه‌یە ، کە تاقەت‌و توانای ئاراستەکردنی لەشە گەورەکەی نەماوە. بەدەر لەم وێنە بایۆلۆژییە ، دۆخی ئەمڕۆکەی یەکێتی نمونەیەکی کلاسیکی دروستکردنی ئەزمونێکی سیاسییە لەدەوری سوڵتانێکی سیاسی ، سەرۆکێکی بێ ڕکابەر ، سەرکردەیەکی کاریزمی کە سەرەتاو کۆتایی هه‌مو پلان‌و بڕیارە سەرەکیی‌و گرنگەکانە.
تاڵەبانی سوڵتانێکی سیاسیی بو کە لەشە گەورەکەی یەکێتی نیشتیمانیی ئاراستە دەکرد ، هه‌مو ململانێ‌و کێشە گەورەکانی ئەم ھێزە لەبەردەم ئەودا کۆتاییان پێدەهات ، توڕەبون‌و ناڕازیبون‌و ڕق‌و کێشمەکێشەکان لەئامادەگی ئەودا بەتاڵدەکرانەوە ، بەڵام بەبێئەوەی ھیچ یەکێکیان لەسەر زەمینی واقیع‌و لەنێو پەیوەندییەکانی دەسەڵات خۆیدا کۆتایی پێهاتبێت .
بەم مانایە تاڵەبانی چارەسەرکەری کێشەو ململانێکانی ناو یەکێتی نەبو ، بەڵکو ڕێکخەرو ئاراستەکەرو ” مانجەری ” ئەو کێشانەبو . بونی سوڵتانیانەی تاڵەبانی وایدەکرد کە ململانێکان لەخاڵێکدا بەتاڵ ببنەوە ، بەڵام لەدەرەوەی ئەو خاڵەدا درێژە بەخۆیان بدەن‌و بەشێوازی جیاواز لەناو لەشی ئەو ھێزەدا بمێننەوە . تاڵەبانی ململانێکانی لەسنورێکدا دادەنا کە زیانی زۆری بۆ ئەو ھێزە نەبێت ، بەڵام ئەو سنورە هه‌میشە سنوری سوڵتانییانەی خۆی بو ، سنوری ئامادەگیی ئەو بو وەک جەستەیەکی سیاسیی ، وەک سوڵتانێک توانای ڕەهای مناوەرەکردن‌و بڕیاردانی هه‌بو بەجۆرێک هه‌مو ھێزە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی هه‌م گەمەکانی تاڵەبانیان قبوڵ بو ، هه‌م پێویستیان پێیبو ، هه‌م لەپاڵیداو بەبێ چارەسەرێکی ڕیشەیی ، بەردەوامیان بەململانێکانی خۆیان دەدا. تاڵەبانی وەکچۆن چارەسەرکەری زۆر کێشەبو، بەڵام هاوکات پارێزەرو بەرهه‌مھێنەرەوەی زۆرێک لەو کێشانەبو.
لەمێژوی ئەو ناوچەیەی ئێمەدا ، بەتایبەتی لەمێژوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ، جێگرتنەوەی سوڵتان هه‌میشە کێشەیەکی سیاسیی گەورەو ترسناک بوە. بەھۆی باڵادەستی کولتوریی خێڵ‌و کەلەپوری پاتریارکیەتەوە ، سوڵتان دوای خۆی کورسییەکەی بۆ کوڕەکانی بەجێھێشتوە. کوڕەکانیش بەقەد یەک مافی ئەوەیان هه‌بوە جێگرەوەی باوکیان بن‌و زۆرجاریش هه‌مویان تەماحی ئەو جێگرتنەوەیەیان هه‌بوە . ئەم دۆخە وایکردوە بەردەوام کوڕانی سوڵتان لەململانێ‌و کێبەرکێیەکی گەورەدابن بۆ جێگرتنەوەی باوکیان ، تاڕادەی بەرپاکردنی جەنگ‌و پێکدادانی چەکداریی‌و سەنگەرگیریی خوێناویی . عوسمانییەکان لەسەدەی شازدە بەدواوە ئەم کێشەیه‌یان بەوە چارەسەرکرد هه‌مو ئەو کوڕانەی مافی جێگرتنەوەی پادشایان هه‌بو لەناو حەرەمی پادشاییدا گەورەبکرێن‌و نەھێڵن دونیای دەرەوە ببینن‌و هه‌وادارو دۆست‌و لایەنگر بۆ خۆیان دروستبکەن . کەی لەناو حەرەمەکەشدا یەکێک لەکوڕەکان بەسوڵتان هه‌ڵبژێردرا ، ئەودەم کەسی هه‌ڵبژێردراو ، دەکەوتە کوشتنی یەکە بەیەکەی ئەو برایانەی کە مەترسیی جێگرتنەوەی لێدەکردن . سەفەویەکانیش دواتر ئەم کەلەپورەیان وەرگرت‌و پیادەیان کرد، کوشتنی ڕکابەرەکان بو بەکەلەپورێکی سیاسیی نوێ‌و بەناو ژیانی سیاسیدا بڵاوبوەوە .
تاڵەبانی لەڕوی سیاسییەوە باوکێکی بێ کوڕە، وەجاخکوێرێکی سیاسییە ، کەسێکی ڕاستەقینەی لەدوای خۆیەوە جێنەھێشت بچێتە شوێنەکەی . بۆیە ئەوانەی خۆیان بەمیراتگری ئەو دەزانن کەوتونەتە جەنگێکی ڕەمزیی‌و سیاسیی‌و مەعنەوی ڕاستەقینەوە لەگەڵ یەکتریدا . حەرەمی سیاسیی تاڵەبانی پڕیەتی لەگەمەکەری سیاسیی ، بەڵام ھیچ یەکێکیان ئەو کوڕە سیاسییە نییە کە بتوانێت جێگەکەی ئەو پڕبکاتەوەو ئەو ڕۆڵە ببینێت کە تاڵەبانی خۆی دەیبینی . بەشی هه‌رە گەورەی مێژوی سیاسیی تاڵەبانی مێژوی سوڵتانێکە بێ سوڵتانیزم ، تراژیدیای ئێستاکەی یەکێتی نیشتیمانیش سەرقاڵبون‌و خەونبینینە بەدروستکردنی سوڵتانیزمێکی سیاسییەوە بەبێ سوڵتان .
ئەگەرچی تاڵەبانی وەک کەسێک دەوروبەرەکەی ئیعجابی زۆریان بۆی هه‌بو ، بڕوایەکی زۆریان پێی بو ، ڕێزێکی زۆریان لێدەنا ، بەڵام بەکردەوە نەیتوانیوە خۆی بکات بەمۆدێلێک کە دوای خۆی لاساییبکرێتەوە ، دوای خۆی درێژکراوەی لەناو ڕێکخراوەکەیدا هه‌بێت ، ببێت بەڕێگایەک ئەوانەی دوای خۆی دێن بەناویدا بڕۆن . لەمێژوی سیاسیدا زۆربەی جار سوڵتانە سیاسییەکان دۆخێکیان دروستکردوە دەوروبەرەکەیان تەماھی تەواویان لەگەڵدابکەن ، خۆیان وەک بەشێک لەو ببینن ، ببن بەبەشێک لەبونی ئەو ، بەڵام سوڵتان خۆی تەماھی لەگەڵ کەسانی دەرەوەی خۆیدا نەکردوە . پرۆسەی تەماھیکردن پرۆسەیەکی یەکجەمسەرەیی بوە ، له‌دۆخی تاڵەبانیدا دەوروبەرەکەی تاڵەبانی تەماھی تەواویان لەگەڵ ئەودا کردوە ، بەڵام ئەو تەماھی لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نەکردوە. ئەمە وایکردوە تاڵەبانی تاقە سەرچاوەیەک بێت کە نرخ‌و بەها بەکارو کردەوەی کەسەکانی دەرەوەی خۆی بدات ، ئەو ببێت بەو خاڵەی کە لەوێوە ماناکان‌و نرخەکان‌و پیاهه‌ڵدان‌و زەمکردنەکان دەستپێبکەن‌و بڵاوببنەوە. کارێک یان پلانێک تاڵەبانی لێی ڕازی نەبوبێت ، چەند گرنگ‌و پڕ بایەخیش بوبێت ، وەک پلانێکی خراپ‌و نەگونجاو وێناکرابێت ، یان لانیکەم ئەگەری پیادەکردنی تەواو لاوازکرابێت. ئەم نرخاندنە نێگەتیڤە تائەو شوێنە ڕۆشتوە کە پلانەکان وەک خیانەت‌و ناپاکیی بەرامبەر بەو وێنا کرابێت.
گوێگرتن لەناو یەکێتیدا لەتاڵەبانی گوێگرتن بو لەباوکێکی بێڕکابەر ، لەسوڵتانێکی سیاسیی ، لەمەرجەعێک دەسەڵات‌و توانای ئەوەی هه‌بوە کەسی گوێگر بەو شێوەیە پاداشت بکات کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیدا بگونجێت. تاڵەبانی ھێزێک بو دەیتوانی لەناو دەوروبەرو هه‌وادارەکانیدا وزەی کارکردن تێکەڵ بەئیرادەی گوێگرتن بکات . بێدەنگییەک دروستبکات لەناو ئارەزویەکی زۆر گەورەدا بۆ قسەکردن . ڕازیبونێک لەناو کەسەکاندا بچێنێت کە ژێرخانەکەی ناڕازیبونێکی گەورەو بەردەوام بێت . لەمەشدا تاڵەبانی تا ئەو شوێنە دەڕۆشت کە عەیب‌و عاریی دەوروبەرەکەی دابپۆشێت ، چاو لەکارە خراپەکانیان دابخات‌و باسکردنیان هه‌ڵبگرێت بۆ کاتێک کە بەپێویستیان بزانێت . تاڵەبانی سیاسەتێکی لەبیربردنەوەو وەبیرھێنانەوەی پیادەدەکرد کەلەگەڵ شوێنی ئەودا وەک سوڵتانێکی سیاسیی بگونجێت .
کاریگەری تاڵەبانی لەسەر یەکێتیی نیشتیمانی وەک ھێزێکی گەورە تێکەڵبو بەکاریگەریی ئەو لەسەر هه‌ر یەکێک لەکەسە نزیکەکانی دەوروبەری ، بەشێوەیەک سەرجەمی بڕیارو کێشەو گرفتە سەرەکییەکان لەکەسی خۆیدا کۆتاییان پێدەهات‌و لەوێدا یەکلایی دەکرانەوە . تاڵەبانی بونیادێکی سایکۆلۆژیی دروستکردبو ئەوانەی دەوروبەری دەیانتوانی شتێک لەسایکۆلۆژیای خۆیانی تیادا بدۆزنەوە ، کەسەکان دەیانزانی چی لەوان چاوەڕێ دەکرێت ؟ دەتوانن چی بکەن‌و چی بڵێن‌و لەچییش بێدەنگبن‌و کام شت نەکەن . تاڵەبانی ئەو کەسە بوە کە یاسای گەمەکان‌و چاوەڕوانییەکان‌و هه‌ڵسوکەوتەکانی دەستنیشان دەکرد ، سوڵتانێک بو بێ سوڵتانیزم ، باوکێک بو بێوەجاخ ، سەرکردەیەک بو بەبێ ڕکابەرێکی دۆست .

س – ئا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت