ocalan_imrali

 شەریف هەژاری : با پەیامەکەی ئۆجەلان بخەینە بەر لۆژیکی شیکاری سیاسییەوە !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرمان نەچێت : لە سیاسەت دا سازش سازشی بەدوادادێت !

دوێنی ٢١-٣ لە ئامەدی کوردستان پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان خوێنرایەوە . ١٢ کاتژمێر پێش ڕاگەیاندنی ئەو پەیامە ، من لە بەرنامەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێن دا لە وەڵامی پرسیارێک : ئایا پێشبینیم بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان چییە؟ بە ڕوونی ڕامگەیاند کە پێشبینییەکانم ئەوەیە : لە پەیامەکەی ئۆجەلان دا تەرکیز ئەکرێتە سەر چەکدانانی پەکەکە و هیواداریش بووم کە ڕۆحییەتی ئایدۆلۆجی تاک حیزبی زاڵنەبێت بەسەر پەیامەکە دا ، چونکە ئۆجەلان لەگەل ئەوەی ڕێبەری پەکەکەیە ئەوا بووەتە یەکێک لە ڕێبەرە کاریگەرەکانی نەتەوەی کورد .

هەر لە وەلامەکەم دا شیکردنەوەم بۆ هەڵوێست دەربڕین لەسەر پەیامەکە کرد و، باسیشم لەوە کرد: کە ئایا مەنتیقی تێدایە بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورک هیچ مافێکی بۆ کورد ئاشکرا کردبێ و دانی پیدانابێت ئەوا بەهێزترین پارتی کوردستان چەک دابنێت !؟ زیاتر لەوانەش ئەوەشم خستەڕوو : تەنانەت لە دانوستانەکانی ١١ی ئازاری نێوان مەلا مستەفا و ئەحمەد حەسەن بەکر ‘ کە سەدام حسێن جێگری بوو ‘ هەروەها لە دانووستانەکانی نێوان یەکێتیی و حکومەتی عێراق لە ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٤ دا ، ئەوا حکومەتی عیراق دانی بە چەندان مافی کورد دانابوو وەک نەتەوەیەکی جیا لە عەرەب . بۆیە ئەو فاکتانەشم شیکردەوە چونکە باسیشم لەوەکرد : ئاخۆ دەوڵەتی تورک دانی بەوەدا ناوە کە دەستور دەستکاری بکات و هەر هیچ نەبێت لە تورکیا دا نەتەوەی کورد هەیە و لە ڕووی قەبارەوە دووەم نەتەوەی تورکیا یە !؟ باشە کامەیە دەرئەنجامی ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان تورکیا و کورد ‘بەتایبەت ئۆجەلان ‘!؟ دەسکەوتەکانی بۆ کورد چی بوون !؟ کام مافانەی بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی جیا مەیسەر کردووە !؟

بۆیە ئەم باسەم جارێکی دیکە خستەوە بەر باس چونکە پێشتر سەرەرای ئەوەی چەندین نووسینم لەسەر جوامێری و فیداکاری پارتیزانانە لای پەکەکە و گەریلاکان کردبوو ، ئەوا ڕەخنەشم لە سیاسەتی پەکەکە هەبوو بەتایبەت لە ناهاوسەنگی سیاسەتکردن لەگەڵ بەرەی ئێران – ئەسەد دا و دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی فرەحیزبی لە باکور و خۆراوای کوردستان دا .

بەڵام ئەمجارە زۆر بە ڕوونی پشتیوانی ئایدیای جەمیل بایکم و پێموایە جەمیل بایک لەم ڕوانگەیەوە لە عەبدوولا ئۆجەلان واقیعیترە چونکە جەمیل بایک لە قسەکردنی هەفتەی ڕابردوودا تەرکیزی بۆ ئەوە دەچێت : ئاخۆ لە پێناو چییدا پەکەکە چەک دابنێت !؟ ئەم قسە و بۆچوونەی بایک ئەگەر لەبەر ئێران نەبێ و لە پێناو ڕەهەندە نەتەوەییەکەی مافەکانی گەلەکەمان دابێت ئەوا بە تەواوی دروستە، چونکە هێزێکی کاریگەری وەک پەکەکە باشە چۆن ئەبێت بەبێ داننان بە هیچ مافێکی کورد دا لە ناو تورکیا دا ئەوا بە ئاسانی چەک دابنێ و ئاش بە تاڵی لێ بکات !؟ هەرچەندە ئۆجەلان ئەڵێت با کۆنگرەیەک لەسەر پرسی چەکدانانی پەکەکە بگیردرێ !

بەڵام پێموایە ئۆجەلان درکی بەوە کردووە کە هەندێ لە سەرکردەکانی پەکەکە بەبێ داننان بە هیچ مافێکی کورد دا چەک دانان ڕەت ئەکەنەوە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوەش جێی تێڕامانە کە ئایا تورکیا هیچ دەست و پلانێکی لەم کارە دا نییە !؟ ئایا گەرەنتی چییە کە پەکەکە چەک دابنێت و لە داهاتوو دا حکومەتێکی دیکە بێتە سەر تەختی دامەزراوەی دەوڵەتی تورکیا و دەست نەکات بە ڕەشەکوژکردنی چالاکانی مەدەنی کورد !؟ ئایا ئەگەر تورک و ئەردۆغان نییەتیان پاکە بۆ دەستور هەموار ناکەنەوە و تەنها بە یەک ووشەش باسی نەتەوەی کوردی تێدا بئاخنێنن !؟ ئایا ئەگەر دانووستاندنە و نیەت پاکی هەیە ئەوا هەر هیچ نەبێت بۆ وەک ڕێکەوتنێک دەوڵەتی تورک دان بە مافە کلتورییەکانی کورد لە ناو تورکیا دا نانێت !؟

سەورەڕای هەموو ئەمانەش من لەگەڵ ئەو ڕەهەندانەی پەیامەکەی ئۆجەلانیش دانیم کە باس لە دژایەتی ئیمپریالیزم و ئەمریکا و ئەوروپا ئەکات چونکە با سیاسییانە ووردبینەوە نەک ئایدۆلۆژیستانە ! ئایا دژایەتی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئێستادا جگە لە قازانج گەیاندن بە دەوڵەتانی کۆماری ئیسلامی ئیران و سوریا و عێراقی شیعە و تورکی ئەردۆگانی عوسمانیی و ڕووسیا ئەوا چ قازانج و بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی کوردی تێدایە !؟

هیوادارم پەکەکە ئیتر سازش نەکا چونکە لە سیاسەت دا زۆرجار سازس سازشی بەدوادادێ ! پەکەکە سەرەتا باسی لە سەربەخۆیی هەموو بەشەکان ئەکرد ، دواتر هاتە سەر کۆنفیدراڵی، ئینجا ووتیان فیدراڵی ، پاشان کردیانە ئۆتۆنۆمی، ئێستاش بووەتە کانتۆن و مافە کلتورییەکان ! چونکە پەکەکە لە ئێستا دا لەوپەڕی بەهێزی پارتیزانی دایە و شوێنیان لە قەندیل قایمەو نابێت بە بێ دەستەبەرکردنی مافێکی ئەوتۆ بۆ کورد نەبێت ئەوا چەک دابنێن .

پێشموایە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت ئەوا ئەو ئەگەرەش هەیە کە ئێران قەندیل بکاتە مۆڵگەی ئەنسارالسلام  یان گروپی ڕوێنراوی دیکە ! بۆیە لە ئەگەرێکی وادا ئەوا پارتە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دیموکرات ئەبێت بەخێرایی خۆیان لە قەندیل جێگیر بکەن و ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ سودی جوڵانەوەکانیان .

هیوادارم پەکەکە هێندەی جوامێریی و بەرخۆدانەکانیان لە شەڕ دا ، ئەوا لە سیاسەتکردن دا چیتر سازش نەکەن و ‌چەکدانانیش بەبێ مەیسەرکردنی هەر هیچ نەبێت مافە کلتورییەکانی کورد لە تورکیا ئەوا ئاش بە تاڵە و فەقەت ، دەوڵەتی تورکیش پیلانی هەیە و لە ستراتیژ دا ئەگەری هەیە هەر مەبەستی لەناوبردنی پەکەکە و خامۆشکردنی جوولانەوەی بەهێزی کورد بێت لەو بەشە دا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت