Ocelan

 عیماد عەلی : ئاپۆ بۆشایی مەرجەعیەتی کورد پر دەکاتەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو رۆژەی شۆرشەکانی گەلی گوردستان سەریان هەڵداوە هەمیشە کەموکورتی سەرەکی و لاوەکی هەبووە ، بەڵام لە سەراپای مێژووی ئەم گەلەدا ، ئەوەی زیاتر زەرەری گەورەی لێداوین هەمیشە نەبونی مەرجەعیەتێکی باوەرپێکراوی خۆرسکی سەرجەم گەلی کوردستان بووە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە . دابران و بیری تەسکی سەرکردایەتی و خۆبەستنەوە بە کۆمەڵێک بنەماو بیرو بۆچونی ناوچەیی یان فیکری یان عەقیدی کورتمەودا ، کە رێگربووە لە کۆدەنگی و باوەربونی گشتی بە سەری شۆرشەکان هۆکاری سەرەکی شکستەکان بووە .
خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، بەتایبەتی شۆرشی نوێ لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان، بەردەوام لە ئاستی جیاواز بووە ، ئەگەر پارچەیەکی لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیبێت ئەوانی تر لە ئاستێکی نزمتربون یان بارودۆخێکی وایان هەبووە کە نەیهێشتووە لە هەوڵ و خەبات بەردەوام بن ، یان سربونێکی کاتی بە خۆیەوە بینیوە . بەڵام بۆ زیاتر لە چوار بۆ پێنج دەیە دەچێت ئەگەر لێرەو لەوێ نسکۆیەک یان شستکێکی کاتی رویدا بێت ، بەڵام ئاگری شۆرش تروسکایی ماوە و هەر دەرکەوتووە و خامۆش نەبۆتەوە .
لەم سەروبەندەدا کۆمەڵێک سەرکردەی بەتوانا و دڵسۆز و خۆبەختکردوو دەرکەوتون ، بەڵام لە هیچ کاتێکدا نەگەیشتونەتە ئاستێکی جەماوەری و کاریزمایەکی ئەوتۆی وایان لێدەرنەکەوتوە کە جێی متمانەی هەموو لایەک بن و هێلی خەباتیان هەمیشە خاڵی رەشو سپی تێدا دەرکەوتووە . ئەوەی ئێستا خەڵگ بە چاوی پر لە متمانەوە تەماشای بکات و باورەی پێ بێت وەک شەخسێکی خاوەن کاریزما دوور لە حزبایەتی و خۆ بەستنەوە تەنها بە پەکەکە وە ، سەرۆک ئاپۆیە . بۆیە لەم کاتەدا چاو و دڵی هەمووان لای ئەوە کە جێی دەستی دیار بێت و کاروانی گیانفیدایی گەلی کرودستان بگەیەنێتە دوامەنزڵگەی خۆی و خەڵک سەرفراز بن . لەو رێگەیەشدا سەرەرای زیندانیبونی بۆ شازدە ساڵ زیاترە تا ئێستا کاریگەری و پێویستی بۆ گەلی کورد تا دێت زیاتر دەبێت ، تەنانەت رژێمێکی وەک تورکیا بەو هەموو توانا و فرتوفێڵەوە نەیتوانیوە لەخەڵک دایبرێت . سەرەتای رێکخراوێکی سیاسی و عەسکەری نوێخوازی وای دروستکردووە کە بە زیندانیکردنی ئۆجەلان نەک پەکی نەکەوت بەڵکو قورسایی خۆی زیاتر لە ناوچەکە سەپاند و ئێستا هەموو جیهان حیسابی تایبەتی بۆ دەکەن .
لەم کاتەدا کە گەلی کوردستان پێویستیەکی زۆر گەورەی هەیە بە پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەجەستەی شۆرش و خەباتە بەردەوامەکەیدایە ، بە باڵابونی سەرکردە و کاریزمایەکی شەخسی و بیرو باوەری پۆڵایینی سەرۆک ئاپۆ و دەرکەوتنی جێدەستی رەنگینی لە خەبات و رێکخستن و مامەڵەکردنی راست ودروستی لەگەڵ قۆناغەکاندا ، یەکێک لە نەقسە گەورەکانی کورد پر دەبێتەوە .
بە رزگاربونی ئاپۆ شۆرشی گەلی کوردستان گواستنەوەیەکی چۆنی بەخۆیەوە دەبینێت و سەرکەوتنی کوردستانی باکور ئاسانتر دەکات و رەهەندەکانی چارەسەری نیشتمانی وەزعی باکوور بەرەو سەرجەم پارچەکانی تر شۆر دەبێتەوە . بۆیە ، سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت بە دووربینیەکەی خۆیەوە جێگەی نەبونی مەرجەعیەت لە نێو گەلی کورد پر بکاتەوە . ئەوەش چەندین هەنگاو بەدوای خۆیدا دێنێت و پێویستی پابەندبون بە رێنمایی و رێوشوێنە فیکری و سیاسیەکانی ، گەڵێک کێشەی گەورەمان بۆ چارەسەر دەکات . بۆیە ، پێویستە پەکەکە ش رێنماییەکانی ئێستای سەرۆک ئاپۆ بە وردی بخوێنێتەوە و سەرکردایەتی ئێستای ئەم حزبە وەک قوتابیەکی ئۆجەلان لە وردەکاری پشت گوتارەکانیەوە هەنگاو بنێن و وەزعی زیندانی سەرۆک ئاپۆ لێکبدەنەوە و واقعی ئێستای هەر چوار پارچەکە بخوێننەوە و یارمەتیدەری سەرکەوتنی بۆچونەکانی سەرۆک ئاپۆ بن ، ئەویش بە خوێندنەوەی ورد و زانستیانەی رێنماییەکانی سەرۆک ئاپۆ و هەنگاونان بە وریاییەوە . لەو نێوەندەشدا پێویستە رەفتاری تورکیا هاوتەریب لەگەڵ بۆچونەکانی ئاپۆ بەراورد بکرێت لە هەر هەنگاوێکدا ، لە پرسێکی گەورەی چەکدانانیش ، پێویستە پرسی رزگارکردنی ئاپۆ وەک پێشمەرج و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو مەسەلەیە دەرگایەکی کراوەی سەرکەوتن دەبێت . بۆیە ، زۆر پێویستە لە سەر هەرچوار پارچە لە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی سەرۆک ئاپۆ ورد و وریا بن و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبی هەمووان وەک مەرجەعیەت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن ، کە هێز و تینی زیاتر بە هەنگاوەکانی هەرچوار پارچە دەبەخشێت و ، لە رزگاربونیدا ، هیچی لە نیلسۆن ماندیلا کەمتر نابێت بۆ پرسی گەلی کوردستان و رزگاریی یەکجارەکی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت