دکتۆر کەمال میراودەلی: دەربارەی بووجەو بووجەدانان و جەهالەت و ناپاکیی بووجەیی گەندەڵخانەکەی هەرێم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پرسی بووجە گرنگترین پرسی سیاسیی و جەوهەریی سیاسەتەکان و پرۆسەکانی بەرێوەبردنی وڵات و دیاریکردنی فەلسەفەو ئامانج و ئاقاری گەشەسەندنی کۆمەلایەتیی و نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. ئەمە بابەتێکی هێندە سەخت نییە بۆ تێگەیشتن و کارپێکردن، بەلام وەک پرۆسەو میکانیزمی دارایی رەوشێکی ماتماتیکی و ستاتیکی ئاڵۆزەو پێویستی بە شارەزایانی تایبەتی هەیە. چونکە، لە ئاخریدا، هەموو فەلسەفەو سیاسەت و راستییەکان بە ژمارە دەردەبردڕین و بە ژمارە حیساب دەکرێن و دەخرێنە کار و چاوەدێرییان دەکرێ.

بووجە چییە ؟   (ˈbʌdʒɪt budget )

تێگەیشتنی هەر بابەتێک بە ناوو پێناسەی ناوەکە دەست پێدەکات. تا ئێستا وشەکە لە کوردیدا ساغ نەکراوەتەوە: هەم وەک ( بودجە ) دەنووسرێ هەم وەک بوجە. پێناسەکەشی وا نەکراوە هاوولاتی ئاسایی لێی حاڵی بێت. ئەم ئاسانکارییە گرنگە تا ئەم زانیارییە گرنگەی بابەتی بووجە ببێتە بەشێک لە تێگەیشتنی گشتی و لە ئەنجامدا لە کەلتوری سیاسی و دارایی هاووڵاتییان.

لە پێشەوە من لە جیاتی بودجە بووجە دەنووسم. راستە پیتی [ د ] لە وشە ئینگلیزییەکەدا هەیە، بەلام ناخوێندرێتەوە. لە ئینگلیزیدا دەوترێ [ بەجێت ] لە فەرەنسیدا دەوترێ : [ بوجێ ]. لە بنجی وشەکەش لە لاتینی و فەرەنسی و ئینگلیزی کۆندا، وەک دوایی دەبینین ، پیتی [ د ] نییە.

ئایا وشەی بووجە ( بوخچە) یان ( بڵق ) ی کوردییە . گەر لە رەگی بنەڕەتی وشەکەشدا نەبێ لە مانادا وشەی ( بووجە ) مانای وشەی ( بوخچە ) ی کوردی هەیە واتە توورەکەیەک بۆ هەڵگرتنی شتی نایاب و بە نرخ. بنچینەی وشەی ( بەجێت) ی ئینگلیزیی ، وشەی بولجەی گالیکی ( فەرەنسییە ) bulge بە مانای توورەکە یان جانتا. بە تایبەتی بە کیسەی چەرم وتراوە یان ئەوەی ئێمە پێی دەڵیین ( جزدان) یان کیسە باخەڵێکی چەرم . گرنگ لێرەدا دەورو ئەرکەکەیەتی نەک چییەتی شتەکە: واتە بۆ هەلگرتنی پارە بەکار هاتووە . دوایی لە فەرەنسیدا بۆتە [ بوگێت] bougette کە رەوشی چووککردنەوەی وشەکەیە واتە (بوخچۆکە). وشە ئینگلیزییەکە لە ئەمەوە وەرگیراوەو budget مانای [ جانتای دەستی چەرم ] ی وەرگرتووە. جانتا چەرمە سوورەکەی وەزیری دارایی بەریتانی کە هەموو ساڵیک بەر لە خوێندنەوەی راپۆرتی بوجەکەی لە پەرلەمانی بەریتانیدا لەبەر دەرگای داونینگ ستریت – دا نیشانی دەدا ، نەریت و رەمزێکی گرنگی حکومەتی بەریتانییە .

[ بەڵج ] ی لاتینی و [ بڵق] ی کوردیی

بنچینەی وشەی بووجە وشەی [ بەڵج ] ی لاتینی یە کە بەرامبەر وشەی [ بڵق ] ی کوردییە . جگە لە هاوبەشی وشەی بووجەو بوخچەی کوردی لە ماناو مەبەستدا، رەگی لاتینی وشەکەش کە [ بەڵج ] ە هەمان رەگ و مانای وشەی [ بڵق] ی کوردییە، واتە هاوسانێکی خڕ . جا چ بلقی پێست بی یان هی ئاو ، شەپۆل،و … هتد.

لە فەرهەنگی ئینگلیزیدا ئەم مانایانە بۆ وشەی بەلج نووسراون :

bulge (bʌldʒ)

1- A swelling or an outward curve

2 – A sudden increase in number or volume

3 – a rising in small waves on the surface of a body of water,caused by the action of a fish or fishes

[ بەلج ] وەک ناو بریتییە لە

1 – هاوسان یان لۆچێکی دەرەوەیی .

2 – زیادکردنیکی خێرا لە ژمارەو قەبارەد ا.

3 – سەرکردنی شەپۆلی بچووک لە رووی جەستەیەکی ئاو بە هۆی جووڵانی ماسییەوە. وەک کرداریش: بە مانای هاوسان بەرەودەرەوە دێ. دیارە ئەمانە هەموو مانای [ بڵق ] دەگەیەنن.

وشەی [ بڵق] ی ئینگلیزی [ بەبڵ ] ئێستا وەک زاراوەیەکی ئابووری سیاسیی بەکاردێ بۆ ئاماژەکردن بە زیادکردنێکی خێراو نائاسایی سەرمایە یان قازانجی کەرتێکی ئابووریی یان کۆمپانیایە کە کەم خایەنەو دوایی وەک بڵق دەتەقێ و هەرەس دێنێ. بۆ نموونە: زیادکردنی خێرای نرخی خانوو زۆر جار وەک ( بڵقی/ بەبڵی خانوو) باس دەکرێ چونکە دوایی لەگەڵ نەمانی هەلومەرجی هاوسانی پارەدا نرخی خانوو تووشی داشکانێکی خێراو گەورە دەبێ هەر وەک لە ٢٠٠٨ دا لە ئەمریکاو بەریتانیاو زۆر ولاتی سەرمایەداریی رۆژاواییدا روویداو تا ئێستاش بەردەوامە .

مانای زاراوەیی بووجە

بەراستی دەتوانین هەر وشەی بوخچە کە وشەیەکی کوردی رەسەن و نایاب و جوانەو هاودەنگ و هاوواتای بووجەیە بە کاربێنێن و هەموو ساڵێ داوا لە وەزیری دارایی بکەین : فەرموو چی لە بوخچەکەتا هەیە بۆمانی هەڵڕێژە . دیارە بوخچەی بووجەی کوردی هیچ کات بوخچەیەکی نەکراوە نابێ چونکە پێشتر دەستیان تێوەرداوەو دەستی خۆیان لێوەشاندووەو ئەوی نایابە بردوویانەو ئەوەی پێمان دەڵین لە نیوەی راستیش کەمترە

بووجە وەک زاراوەیەکی ئابووریی سیاسیی

لەمەوە دێینە سەر مانای بووجە وەک زاراوەیەکی ئابووری سیاسیی و سیاسەتی دارایی دەوڵەت .

مانای زاراوەیی بووجە پێوەندی بە [ پارە] وە ، وەک ئامرازی نرخ و بەهاو ئالوگۆڕو حیسابکردنەوە هەیە . واتە بوونی پارەو قەبڵاندنی هەموو بنمایە [ وەکو ئەرزو خانوو – و پارەی نەوت و باج و کەرەسەی کارو دەستی کار کە بە شێوەی جۆریی هەن و بە شێوەی کاش نین بەلام هەر کاتێ دەتوانرێ بە پارە بگۆڕدرێنەوە یان بفرۆشرێن ) و سەرمایە و بەهاکان وەک پارە یارمەتیمان دەدا بە ئاسانی بووجە دابنێین . بووجە بە عەرەبی بە وشەی [ میزانیە ] تەرجەمەکراوە . ئەمە زاراوەیەکی باش و دروستە بۆ دەربڕینی ماناو مەبەستی بووجە ‘ میزانیە یانی [ تەرازووکردن ] یان وردتر بڵێێن : هاوسەنگی کردن ئەو هاوسەنگیکردنەیە کە جەوهەری مانای فەرمی بووجە دەردەبرێ . وەک چۆن تەرازوو دوو [ تا ] ی هەیە کەبەهۆیانەوە کێشەکان هاوتا دەکرێن یان جیاوازییان دەردەکەوێ ، ئاواش بووجە دووتای هەیەو ئامانجی بەکارهێنانی وەک میکانیزم دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان دوو تایەکەدا.

دوو تایەکانی بووجە

با بۆ ئاسانکاری لە بووجەی کەسییەوە دەست پێبکەین گەرچی بووجەکردن یان هاوسەنگکردنی دارایی نەبۆتە نەریت و کەلتوور لە ئاستی تاکە کەس یان خێزانی کوردا ، گەرچی بەشێوەی نافەرمی یان ئاسایی هەموو کەسێ یان خێزانێ ناراستەوخۆ بووجەکاریی دەکا. واتە هەوڵ دەدا دوو تایەکانی بووجە هاوسەنگ بکا.

ئەو دوو تایانە بریتین لە

1 – داهات : واتە ئەوەی دەستت دەکەوێت .

2 – خەرجیی : ئەوەی خەرجی دەکەیت .

ئەمانە وەک وتمان بە پارە حیساب دەکرێن و ماوەیەکی زەمەنیشی بۆ دادەنرێ . واتە لە ماوەی مانگێکدا یان ساڵیکدا داهاتت بە پارەی کاش چەندەو خەرج و مەسرەفیشت چەندە . سەرەتای بووجەدانان ئەو زانیارییەیە بەبێ ئەوە بووجە بە مانای زانستی دروست دانانرێ و بەکار ناخرێ . واتە بەبێ ئەوەی بە وردی بزانی سەرچاوەی داهاتەکان و قەبارەیان چییەو چەندەو لەچ کاتیکدا دێنە دەستت و خەرجییەکانت چین و لە چیداو ، کەی و ، بۆچی سەرف دەکرێن . یەکەم هەنگاو بەرەو بووجەکردن فەشەل دێنێ و لە جوغزێکی تاریکدا دەمێنێتەوە . بووجەدانان بۆ کەسان ، کۆمپانیاکان ، کاسبکاران ، و حکومەت پێوسیتییەکی جەوهەرییە بۆ بەکارهێنانی دروستی داهات و پارەو وەلامدانەوەی پێوسیتییەکان و دوورکەوتنە لە کێشەی دارایی و زامنکردنی هاوسەنگیی و زیادکردنی داهات و سامان و دوورکەوتنەوە لە قەرزداری و هەرەسهێنانی دارایی .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ دەربارەی بووجەو بووجەدانان و جەهالەت و ناپاکیی بووجەیی