yari

کامەران وریا قانع : ئایا مرۆڤ چۆن مل كه‌چ ئه‌بێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لیكورج ” یاسادانه‌رى شارى سپارتاى یۆنانى كۆن بیرۆكه‌ى په‌روه‌رده‌ى باشى بۆ میلله‌ته‌كه‌ى روون كرده‌وه‌ كاتێك دوو سه‌گى هێنا ، كه‌ هه‌مان دایكیان هه‌بووه‌ هه‌مان شیریان خواردوه ‌, دواتر یه‌كێكیانى هه‌ر له‌ مه‌تبه‌خ به‌خێو قه‌ڵه‌و كرد و ئه‌ویتریان له‌ ده‌شت و كێو له‌گه‌ڵ راوچیه‌كان دەیانبرد بۆ راو . دواى ماوه‌یه‌ك هه‌ردوكیان هێنا بۆ بازار قاپێك له‌ شۆربا و كه‌روێشکێكى له‌ ته‌نیشت یه‌ك دانا بۆ سه‌گه‌كان , ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ مه‌ته‌به‌خ و له‌ ناو قاپ و چێشت لێنان‌ گه‌وره‌ بوو بوو ، یه‌كسه‌ر په‌لاماریى قاپه‌ شۆرباكه‌ى دا , ئه‌وه‌ی له‌ ده‌شت و كێو و ڕاودا گه‌وره‌ بوو بوو , یه‌كسه‌ر په‌لامارى كه‌روێشكه‌كه‌ى دا .

دواتر لیكورج وتى ( ئه‌م دوو سه‌گه‌ براشن ) بۆ گه‌له‌كه‌ى روون كرده‌وه‌ ، كه‌ مرۆڤ كوڕى ئه‌و ژینگه‌یه‌ كه‌ تێدا گه‌وره‌ ئه‌بێت . ئه‌م یاسادانه‌ره‌ له‌ په‌روه‌رده‌ى بۆ گه‌له‌كه‌ى ئازادى مرۆڤى له‌سه‌رو هه‌موو پێداویسته‌كانى تر دانابوو , له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌لێكى ئازای دروست كرد ، كه‌ ئاماده‌ بوون به‌رده‌وام به‌رگرى له‌ ئازادى و مافی خۆیان بكه‌ن , باشترین جه‌نگاوه‌رانى ئازادى له‌ مێژوودا دروستكرد له‌ شارى سپارته‌.
ده‌كرێت ئه‌م نموونه‌یەی سه‌ره‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌مرۆى كوردستان گرنگ بێت , كاتێك كه‌ مل كه‌چى و گه‌نده‌ڵى كۆمه‌ڵگاى كوردى وه‌كو ده‌رنجامێكى حه‌تمى سه‌یر ده‌كرێت . ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ مرۆڤه‌كانى ئێمه‌ خراپبن یاخود ترسنۆكن ، به‌ڵكو ئه‌و سه‌ركرده‌و یاسادانه‌ره‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ تۆیی ئه‌م دۆخه‌یان چاندووه‌. په‌روه‌رده‌ى نه‌وه‌كانیان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ بێنرخترین شت له‌ كۆمه‌ڵگا یاسا بێت .
ئازادی و ماف به‌ دووجۆر له‌ مرۆڤه‌كان زه‌وت ده‌كرێت : به‌ زەبرى هێز یاخود به‌ درۆ و فێڵ .
له‌ دۆخى كوردا هه‌ردوو دۆخه‌كه‌ روویدا , به‌ درێژایی مێژوو تا راپه‌رینى 1991 ئازادى تاكى كورد به‌ هۆى زه‌برى هێز بووه‌ , به‌ڵام له‌ دوایی 1991 كاتێك شۆرشگێره‌كانى كورد هاتنه‌وه‌ ناو شاره‌كان , هەندێک لەسەرکردەکانیان به‌ فێڵ و درۆ توانیان دووباره‌ ئازادیه‌كان و مافه‌كان له‌ تاكى كوردى زه‌وت بكه‌ن , ئه‌م شۆرشگێرانه‌ تاكو درۆكان سحریان نه‌ما ، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى خۆیان به‌هێز بیكه‌ن لە رووى سەربازيەوە ، به‌هۆى ئه‌و پاره‌ زۆره‌ى له‌به‌ر ده‌ستیان دا بوو . كه‌ هه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌شكرێكى تایبه‌تیان به‌ خۆیان دروست کردو, هەم توانیان خه‌ڵكانێكى زۆر ده‌ستخه‌رۆ بكه‌ن به‌ پاره‌یه‌كى كه‌م ( كه‌ له‌بنچینه‌دا هه‌ر پاره‌ى ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆیان بوو , كه‌ لێیان زەوتکرد بوون ).
ئه‌مرۆ دۆخه‌كه‌ گه‌یشتووەتە‌ ئاستێك ، نه‌وه‌كانى دواى راپه‌رین بوونى ئه‌م هه‌موو قه‌یرانى گه‌نده‌ڵى و خراب به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات ، وه‌كو رووداوێكى ئاسایی ته‌ماشا بكه‌ن . چونكه‌ ئه‌وان كاتێك له‌ باوانیان ته‌نها زه‌وتكردنى مافیان بۆ مابێته‌وه‌ ئیتر ئاشنا نابن بزانن ماف و ئازادى چیه ‌.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگاى كوردى ئه‌مرۆ ئه‌و هه‌موو فه‌زاحه‌ته‌ ئابوریانه‌ى له‌ پێش چاویان تێپه‌ر ئه‌بێت بێ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوستێكى توندیان هه‌بێت به‌رامبه‌رى ئه‌نجامى ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ 24 ساڵه‌ ده‌رخواردیى ئه‌م كۆمه‌ڵگاى لێ ئه‌كرێت , په‌روه‌رده‌یه‌ك له‌سه‌ر برین و دزین و فێڵ كردن بووه‌.
جۆره‌ مرۆڤێکیان دروستكردوه‌ ، كه‌ مل كه‌چ بوون بۆ میره‌كانى جه‌نگ و نه‌وت , وه‌كو راستیه‌كى ساناو قه‌ده‌رێكى هه‌تاهه‌تایی ته‌ماشاى بكه‌ن .