Erdogan-Barzani

عیماد عەلی : ئەردۆگان بۆ وا دەکات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پاش گەرانەوەی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ، ئەردوگان چەند لێدوانێکی تەنانەت دژ بە بۆچونەکانی پێشوی خۆی داو ، وەک ئەوەی بیەوێت لەم کاتەدا ، لە پێناو سەرکەوتن لەو هەڵبژاردنەی داهاتوو کە بە چارەنوسساز ناوزەدی دەکات ، توندرەوەکان رازی بکات ، بەڵام بەشێوەیەک قسە و رەفتار دەکات ، کە خۆی خستۆتە نێو بەرەیەکەوە کە خەڵک وای دەبینن خۆی و حزبەکەی و بەرپرسانی تری حکومەتەکەی رۆڵ دابەش دەکەن و ، ئەوەی لە توانایاندا بێت لە مانۆر و تەکتیک بەکاری دێنن بۆ زۆرتر کردنی دەنگەکانیان و زامنکردنی توانای کوتلەکەیان لە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە ، لە پێناو گۆرینی دەستور و ئەو چاکسازیەی کە ماوەیەکە بانگەشەی بۆ دەکەن بۆ قازانجی شخسی و حزبی خۆیان .
پاش ئاشکرابونی ئەو گەندەڵیە زۆرەی لە حکومەتەکەی ئۆردوگان رویدا وئینجا تەسککردنەوەی ئەو روبەری ئازادی و دیموکراسیەی لە تورکیادا پێشتر هەبوو ، بە گرتن و راوەدونان و ئەشکەنجەدان، نارازیبونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئۆروپا و ریکخراوە نێو دەوڵەتیەکان و رێکخراوە ناحکومیەکانی لێکەوتەوە و بێزاریکردن و هاتنە دەنگ .
تا رادەیەکی زۆر تێکچونی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورۆپا و ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی عەرەبی ، کزبونی توانا و دابەزینی رەسیدی ئۆردوگان لە ناوەوە و دەرەوەی لێکەوتەوە و ، وای لە ئۆردوگان کرد بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەدا بگەرێت و لە نێوخۆشدا رۆڵێکی پێچەوانەی پێشتر بنوێنێت ، تاوەکو بۆ خەڵکی نارازی بەتایبەتی توندرەوە نەتەوەییەکانی بیسلەمێنێت کە ئەو بەتەنیا نیە لەگەڵ چارەسەری پرسی کورد دا بێت و ئەوەتا ئەو لە هەنگاوێکی جێگری سەرۆکی حکومەتەکەی لە سەر پرسی کورد نارازیە و تەنانەت لەوکاتەدا ئەو لەدەرەوە بووە و ئەوەتا خەڵکی تر دەچنە پێشەوە و ، ئەم نارازیە . بۆیە لێرەوە تاوەکو هەڵبژاردن لە هیچ بوارێکی نێوخۆییدا کە پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت ، ناتوانرێت چاوەرێی هەنگاوێکی ئەرێنی لە خودی ئۆردوگان بکرێت . بەڵکو بۆ زامنکردنی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردندا ، پەنا بۆ شەیتانیش دەبات . ئەوەتا نێچیرڤان بەرزانی وەک دەستی راستی حکومەتەکەی ئەردۆگان لێدوان دەدات ، ئەگەر لەسەر حیسابی دەنگی کوردیش بێت لە کوردستانی باکور سڵ ناکاتەوە لە قسەو رەفتاری خۆی .
لاتەریکبونی تورکیا لە ناوچەکە پاش ئەو سیاسەتە خودپەرستی و تەسکبینی و هەڵانە دێت کە حکومەتەکەی ئۆردوگان لە ماوەی پێشودا پەیرەوی دەکرد ، بە هۆکاری خودپەرستی و ئاواتی گەرانەوەی سەڵتەنەتەوە چەندین وڵاتی دۆست و نزیکی لەخۆی زیزکرد و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی خستە مەترسیەوە .
لەم بارودۆخەی تورکیا و ئەردۆگاندا ، بێگومان بەدوای جێگرەوە دەگەرێت ، لەئاستی نێوخۆدا ، هەوڵ دەدات توندرەوەکان بێلایەنەکان تارادەیەکی باش لە خۆی رازیبکات و ، لەدەرەوەش پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی تر بەهێز بکات ، وەک ئەوەی دەیبینین لە سەردانەکانی بۆ ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین هەوڵی بۆ دەدات .
لەروانگەی جیاوازی بۆچونەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بۆ پرسە هەمەچەشنە نێوخۆیی و ناوچەییەکەش ، ئێستا ئەردۆگان بەقەد چەند ساڵی پێشوو ، لە هەوڵی کرندەوەی کەلێنێکدایە لەناوچەکەدا بۆ خۆ رێکخستنەوە و دروستکردنی پەیوەندی باش ئەگەر کاتیش بێت ، لەم ماوەیەدا دەستپێشخەری تریش دەکات و هەوڵ دەدات ئەو وڵاتانە رازیبکات کە لەسەر پرسە ناوچەییەکە لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن .
ئەوەی دیارە ، ئەردۆگان دەیەوێت لەسەر میراتیە مێژویی و رۆشنبیریەکەی عوسمانیەکان رێگە دیبلۆماسیەکەی وڵاتەکی قیربکات و ، بتوانێت بە ئاسانی ئەمجادی خۆی دروست بکاتەوە و دەسترۆیشتویی خۆی لەو ولاتە ئەفریقی و ئەمریکیە لاتینیەکانیش بسەپێنێت و، لەسەر ئەم راونین و بۆچونەشیدا چەندین هەنگاوی کردەیی ناوە ، جارێک خەڵکی موسڵمانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە و جارێکیش مزگەوتی عوسمانی لەوڵاتانی ئەمریکای لاتینی دروست دەکات و ، لە لایەکی تریشەوە بە ناوی کاری خێرخوازی چالاکی لە وڵاتانی ئەفریقا دەکات و پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتە ئاسیاییەکانیش توندوتۆڵتر دەکاتەوە .
ئەوەی بەزەقی دەردەکەوێت ، تورکیا لە بەشداریکردن و جێبەجێکردنی وەک ئەندامێکی ناتۆ ئەرکەکانی بە سستی بەرێ دەکات ، ئەمیش لەپێناو ئاسانکاریە لە جێبەجێ کردنی ئەو هەنگاوانەی کەلە چەسپاندنی ئەو ئەڵتەرناتیڤەیدایە کە لە خەیاڵیدا وێنای کێشاوە چەسپیوە . بۆیە هەروا لەخۆرا نیە کە ئۆردوگان لە پایتەختێکی وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی وەک کۆڵۆمبیا دەڵێت ، نابێت هەتاهەتایە جیهان لە ژێر رکێڤی بریارەکانی پێنج دەوڵەتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دا حوکمداری بکرێت و بمێنیتەوە .
لەم هەنگاو و لێدوان و هەڵوێست گۆرین و جێگۆرکێیە نێوخۆیی و دەرەکیەی ئەردۆگان و تورکیا جگە لە ئاواتی بەدیهێنانی خەونە بەردەوامەکەی تورک بۆ گێرانەوەی شکۆمەندی و سەڵتەنەت و رۆڵی تورکیای قۆناغی عوسمانیەکان بەهەر رێگەیەک و بە هەر شێوەیەک بێت هیچی تر نیە . بۆیە لەم ماوەیەی پێشوودا ، ئەگەر تورکیا لە نێوخۆی خۆیدا دەستی بۆ هەندێک کاری بڤە بردبێت ، ئەویش تەنها لە پێناو مەیسەر کردنی رێگەیەک بووە بۆ خۆسەپاندن و جێگیربونی سەڵتەنەت و سوڵتان بووە ، بۆ ئەوەی لە خەیاڵی خۆیدا ، لە داهاتودا بتوانێت بە بەهێزکردنی وەزعی نێوخۆ و باری ئابووری و سیاسی بە روبەرێکی فراوان و توندتر دەستی زیاتر بگاتە ناوچەکە و حوکمی ناوچەکە بگات وخۆی بسەپێنێت وئەگەر بۆی بکرێت لە ئێرانی بسەنێتەوە و ، لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا وئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیاش رۆڵی جەمسەرێکی بەهێز بگێرێت ، ئەگینا تورکیا قەت باوەری بە دابینکردنی مافی پێکهاتە نێوخۆییەکانی خۆی نەبووە کە لەگەل ئاوات و ئامانج و خەونەکانیاندا بگونجێت و ، لە پێناو رایی کردنی کارەکانی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجی دەوڵەتە سوڵتانیەتەکەی ، زۆرێک لە لایەن و کەسایەتیە نێوخۆیی و دەرەکیەکانی تورکیا بەکار دێنێت و ، لە پێشەوەی هەموو کەس و لایەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینین ، وەک کەواسوری بەرلەشکر لە بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ ئۆردوگان لێدوان دەدات و هەڵوێست دەنوێنێت ، ئەگەر لە سەر حیسابی ئامانجە بنەرەتیەکانی گەلی کوردیش بێت .