Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد : گەر خۆشەویستەکەت جێى هێشتى ، وە تۆ لە هۆکارى جێهێشتنەکەى گەیشتیت . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڕێنەکانى من ، بەشى ( 12 )

گەر خۆشەویستەکەت جێى هێشتى ، وە تۆ لە هۆکارى جێهێشتنەکەى گەیشتیت، تۆ یەکجار ئەمریت و زیندوو ئەبیتەوە ، بەڵام گەر تۆى جێهێشت و تۆ هۆکارى جێهێشتنەکەیت نەزانى ئەوا تۆ تاهەتایە هەموو ڕۆژێک هەموو ساتێک ئەمریت و زیندوو ئەبیتەوە. عەشق لە دەرگایەکى پەنهان و نهێنى ئەچێت ، هەر کەسێک بچێتە ناوى ون ئەبێت ، بەردەوامیش وێڵى ئەوەیە بێتە دەرەوە ، بەردەوام خەریکى پرسیارکردنە لە خەڵک و خۆشەویستانى ، پەنا ئەبەرێتە بەر گەمژەترین مرۆڤى دونیا بۆ ئەوەى تروسکاییەک لە ڕێگاکانى عەشقى فێربکات ، یا بۆى شى بکاتەوە کە ئەو خۆى خستۆتە ناو چ جۆرە گێژاوێکى بەردەوام و دانەبڕاوە ، عاشقەکان تاکە ئینسانى گەردونن پەنا ئەبەرنە بەر کەسانێک کە خۆشیان دڵنیان ئاستى مەعریفى خۆیان زۆر لە هى ئەوان بەرزترە ؟
لەناو عەشقدا شتێک نامێنێت بەناوى بەهێز و بێهێز، جوان و ناشرین ، خۆشى و ناخۆشى، عەشق هەر لەگەڵ دەست پێکردنى تا تەواو ئەبێت بریتیە لە یەک دونیاى خەیاڵى ، ئەو دونیا خەیاڵیە بە شێوەیەکى یەکسان هەمووان ڕاپێچى بەردەم دادگاى ئازار ئەکات ، مەرجیش نیە تەنیا ئەوانە ڕاپێچى بەر دادگاى ئازار بکات کە لە عەشقدا بەیەک نەگەشتوون ، نا عەشق سەرتاپاى بریتیە لە یەکسانى ، بە شێوەیەک هەموو ئەو کەسانەى کەوتونەتە ناو ئاگرى عەشقەوە وا هەست ئەکەن ئاگرى ئەوان لە هى هەموو کەسێک گەرمتر و کوشندەترە ، چونکە عەشق واتە دۆڕاندنى هەموو دونیا لە پێناو بەدەست هێنانى یەک مرۆڤدا ، مەحاڵە کەسێک بتوانێت لە یەک کاتدا هەم دونیا و هەم خۆشەویستەکەى بەدەست بێنێت ، ئینسان هەمیشە لە نێوان دونیا و عەشقدا یەکێکیان بەدەست دێنێت ، لە یەکێکیان براوە ئەبێت و لەوى تریش دۆڕاو ، عاشقە ڕاستەقینەکان لە پێناو عەشقەکەیان دونیا ئەدۆڕێنن و لێى دوور ئەکەونەوە، زۆرجاریش ئینسان بەهۆى خۆشەویستەکەیەوە هەم دونیا هەم عەشق هەم خۆى ئەدۆڕێنێت ؟
ترسنۆکترین عاشقەکان ئەوانەن کە تواناى دەربڕینى هەستى خۆیان نیە بۆ خۆشەویستەکانیان ، هەر کەسێک بایى ئەوەندە تواناو بوێرى نەبوو ئەوەى لە ناخیدایە بە خۆشەویستەکەى بڵێت شایانى ئەوە نیە خۆشەویستەکەى خۆشى بوێت ، لەناو عەشقدا هەموو مرۆڤەکان ئازان ، بە جەرگن ، لە هیچ شتێک ناترسن ، مرۆڤى عاشق تاکە شتێک کە لێى ئەترسێت لەدەست دانى خۆشەویستەکەیەتى ، جگە لەم هەستە عاشقەکان لە هیچى تر ناترسن، چونکە لەناو عەشقدا جگە لە ترسى لەدەست دانى خۆشەویستەکەت هیچ ترسێکى تر شایانى قەبوڵ نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت