Abdullah_Ocalan

عەبدوڵا ئۆجەلان : لەم ولاتە و لەم سەردەمەدا کورد بون سەختە ، بەڵام ڕاکردن لێی نامەردیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەورامان عەلی : لە پەنجەرەی نەورۆزەکەی ئامەدەوە بڕواننە ئاپۆچیەکان!

دەگێرنەوە سالانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ، ئەو کاتەی عەبدولا ئوچ ئالان لە ئەنقەرە خوێندکاری زانکۆ بوو ، باوکی هەواڵی ئەوەی پێ دەگات کە کورەکەی خەریکی سیاسەتە و لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان دەستی تێکەڵ کردووە . ئەم هەواڵە باوکی دەشڵەژێنێت و نیگەرانیەکی قوڵ دایدەگرێت . کە عەبدوڵا بەسەردان دێتەوە ، باوکی زۆر لێی تورە دەبێت و پێی دەڵێت : بەهیچ جۆرێك توخنی ئەو مارکسیانە نەکەوێت ، چونکە دەولەت و دەزگا سەرکوت گەرەکانی زۆر بێرەحمانە رەفتاریان لەگەڵ دەکەن . گەر لێیانەوە نزیکبیت ، مەرگ و زیندان چاوەڕێتە!
دوو سالێك دواتر باوکی دەبیستێت کورەکەی باسی ” کورد ” و ” کوردستان ” دەکات . ئەمجارە کە دەگەرێتەوە لەگەڵ هاورێکەیدا ” جمیل بایەك ” بە نیگەرانیەکی قولەوە پێی دەڵێت :
ئامان دەبیە مارکسی ، چەپ ، سوشیالیست ، کۆمۆنیست و… هەرچی دەکەی بیکە ، بەلام باسی کورد و کوردستان نەکەیت ! گەر پێت بزانن ، نەك هەر هی خۆت ، بەلکە پێستی سەری من و ئەوانەش بەخوێی چێشت پێمان دەگەن ، دەگرنەوە!
لە وەڵامدا ئاپۆ رودەکاتە باوکی و دەڵێ :
لەم ولاتە و لەم سەردەمەدا کورد بون سەختە ، بەڵام ڕاکردن لێی نامەردیە ! من کوری تۆم و بریارم داوە ئەو نامەردیە قبوڵنەکەم ! پاشان رودەکاتە هەڤاڵ جەمیل و دەڵێ :
باوکم لە زۆرێك ڕۆشنبیر و چەپ و سۆشیالیستەکانی تورکیا باشتر حالیبوە ، کە پرسی کورد لە تورکیا ، زۆر لە کۆمۆنیستبون حەساسترە .
لەو ساڵانەدا ، کوردێکی ئاوارە لە بولگاریا ، پیتزەریەکی کردبۆوە و ناوی نا بوو کوردستان . بالوێزخانەی تورکیا بەفەرمی داوای لە حکومەتی ئەو ولاتە کرد بوو ، کە دەبێت ئەو ناوە بگۆڕدرێت چونکە مەترسی هەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا ! ئەقلەتی سیاسی تورکیا ئەو سەردەمە وابوو کە ناوی کورد یان کوردستانیان لە هەرشوێنێکی دنیا ببیستایە توشی شیزۆفرینیا دەبون !
ئاپۆ و ئاپۆچیەکان لەو هەلومەرجە تاریکەدا ، لەبەرامبەر سەدان ساڵی قرکردن و ئینکارکردن و هەوڵی توانەوەدا ، وەك قەندیل و زاگرۆس ڕاوەستان و تیان :
نا ئیتر بەسە و بریاریاندا مێژوو بگۆرن و گۆریشیان !
تەنیا یەك نمونە باس دەکەم :
پێش ئاپۆ و ئاپۆچیەکان ، ژن لە کۆمەلگای ئێمەدا بونەوەرێکی پلە دوو ، ترسێنراو، خامۆشکراو ، دەستەمۆکراو و بێ ئیرادەکراو بوو. بەڕادەیە کە دەچو بۆ کانی تا سەتلێك ئاو بێنێ دەبو نێرینەیەکی لەگەڵدابوایە! ئەو بونەوەرێكبوو لە مشك دەترسا و بە دزیەوە ئاوی دەخواردەوە تا کەس دانەکانی نەبینێ! ئاپۆ و ئاپۆچیەکان ئیرادە و کەسایەتیان بۆ گێرایەوە بەڕادەیەك ، نەك لە نێو خۆماندا ، بەلکە لە ئاستی دنیادا مرۆڤایەتی ئەوانی وەك سومبوڵی بەرخودان و ئیرادەی مرۆڤی ئازاد بەفەرمی ناسی و پایتەختی زلهێزەکانی دنیا فەرشی سوری بۆ ڕاخستن و وەك نوێنەری میللەتێکی خەباتکار ، کۆشکی کۆماری و سەرۆکی ولاتی “لۆزان و سیڤەر” پێشوازی لێکردن !
بەدرێژای چل ساڵی ڕابردوو ، سەرەرایی سەدان پیلانی ناوخۆیی و ناوچەیی و گەلەکۆمەکی نێودەولەتی ، کە یەکێکیان ڕفاندنی ئاپۆ بوو ، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی خەلکی کوردستان تا هات ، باڵای کرد ولە ڕوی سەربازیەوە لوتی ناتۆ و دەولەتی سەربازی تورکیایی شکان . خەباتی جەماوەری و وەڕێخستنی ئیرادەی تاك و خەباتی ئاشکراو سیاسی ، بەجۆرێك پەرەی سەند ، فاشستە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنیەکانی ناچارکرد بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ ئاپۆیەکدا کە ١٦ ساڵە لەدورگەیەکی چۆلدا لە دنیایان دابریوە !
ئاپۆچیەکان مێژویان گۆرێ ، لە سەختترین قۆناخدا ، خەباتی ئازادیخوازانەی باکوری کوردستانیان سەرکەوتوانە گەیاندە ئەمرۆ . ئەوان کاری زۆر گەورەیان ئەنجامدا و زۆریش ماوە ئەنجامی بدەن ، کاروانەکەیان هێشتا لە نیوەی ڕێدایە.
من بڕوام بە تاك و سەرۆك پەرستی و شەرە پەڕۆی حزبایەتی و لایەنگری کوێرانەی ئایدیۆلۆژی نیە . من بڕوام بە موعجزە نیە وەك ئەوەی ئیمانداران باوەریان پێیەتی ، بەلام باکم نیە بەدەنگی بەرز بڵێم :
بەرخودانی کۆبانی و ئاپورەی نەورۆزی ئامەد شاهدە ، ئاپۆ و ئاپۆچیەکان موعجیزەیان خولقاند و کێوی مەحالاتیان کوناودیو هەڵکۆڵی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت