هێمن ڕەئووف :  بارزانی لە نێوان زەروورەت و ختوورەت دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

١٩ ساڵ بەر لە ئێستا ، مەسعود بارزانی بە خیانەتێکی بێئابڕووانە ، دەبابەکانی بەعسی هێنایەوە بەردەم هەمان ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەنێ شەقەواوە و سەرسەری دەیانەوێت بە شەق ئەم خائینە پیرۆز بکەن تێیدا .  بەڵێ ئەمەبوو ئەنجامی قەبوڵکردنی خائینێک بە ڕابەری میللەتێکی چەوساوە و بریندار!

هیچ گومانێکم نییە بارزانی لە شوێنەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە و عەلی حەمە ساڵحەکان دەمیان دادەخەن، یان پێیان دادەخرێت. بەڵام ( بە گومانم ) لەوەی لەدوای ١٩ ساڵی تر نەوەکانی بارزانی چی بە خەڵک و سیاسی و حیزبەکانی تر دەکەن. دوورنیە تەڵاق و تاپۆ و تەوالێتی ناو ماڵەکانیش بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

پارتی هەرچیەکی کردووە و دەیکات ، دەرەنجامی قەبوڵکردنی خیانەتە گەورەکەی ٣١ ی ئابە . هەموو تاوانەکانی ئەو حیزبە ڕەگێکی دەچێتەوە سەر ئەو خیانەتە . دزینی دەیان بلیۆن دۆلار ، کوشتنی دەیان مرۆڤی بوێر و ئازا ، ١٧ی شوبات ، هەڕەشەکانی نێچیر لە پەرلەمان ، داگیرکردنی موڵک و ماڵی میللەت ، تەخشان و پەخشانکردنی زەوی و خاکی میللەت بە نەوەکانی خۆیان و دەزگا و پڕۆژە مافیایی و بازرگانییەکانیان ، تا دەگاتە خیانەتی شەنگال و دواجاریش درێژکردنەوەی ویلایەتە ناشەرعییەکەی بارزانی.

ئەمەی دەیڵێم  خەونە ، من باوەڕم پێی نیە ، بابڵێم ( باوەڕم بەوە نیە حیزبی کوردی ئەو جورئەتەی تێدا درووست بووبێت ڕیسک بە بەرژەوەندیە ماددییەکانی خۆی بکات لە پێناوی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک ) .  بەڵام هەر دەیڵێم : ” بۆ ئەوەی کوردستان پێبنێتە قۆناغێکی باشترەوە ، بۆ ئەوەی چیتر ڕۆژانە خەڵکی ئەم نیشتیمانە خۆزگە بەساڵانی هەشتاکان نەخوازن ، دەبێت کۆتایی بەم مافیاخانەیەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی بێت . ئەگەرچی ئێستا دوژمنێکی دڕتر و ترسناکتر بەردەرگای لێگرتووین ، بەڵام زیانەکانی ئەم مافیاخانەیە کەمتر نیە لە هی دەرەکییەکان . ئێمە بەدەستی داعش سەربەرزانە دەکوژرێین ، بەڵام لەژێر ڕکێفی ئەمانەدا هەزیلانە دەبینە داعش و حەزینانە کۆمەڵگا دەکەنە کۆیلە و ڕۆبۆتی ئایدۆلۆژیا خورافییەکان .  چوونی هەر کوردێک بۆ ناو داعش پەیوەندی بە تاوانی دابیننەکردنی ژیانێکی باش و ئارامەوە هەیە بۆ خەڵکی کوردستان.  گەشە سەندنی بیری توندڕەوی و زۆربوونی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی و هێرش و بێحورمەتییەکانی بانگخواز و مەلا ئازادەکان دژ بە پێشمەرگە و شەهید و نەتەوە و خاک و ژنانی ئازادیخواز و کۆی مرۆڤە ئازادەکان، پەیوەندی بەرجەستەی بە تاوانی لێگەڕان لە ئازادییان و سەخافەت و نادادی و مافیاگەرایی دەسەڵاتەوە هەیە .

ڕۆژانە دەیان مەلای توندڕەو و تیرۆرریست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشە دەکەن . لە زانکۆوە مامۆستا هەیە دەتوانێت موحازەرە لە بارەی شەرع و ئەحکامەکانی ئایدۆلۆژیاکەی بۆ گەنجان بدات و چەمکە دینییەکان بکات بە منەت بەسەر پێشمەرگە و گیانبەختکردووانەوە ، دەتوانێت خەڵک لە خۆشویستنی نیشتیمان و ئینتیما کاڵ بکاتەوە و بیانخاتە گومانەوە بەرامبەر هێزێکی تاریکبین و دڕندەی وەکو داعش . کرێکار و مەزهەر و لەتیف و واحید و هاوڕێ و کاروان و ماروانو … ئەوانی تر بە ئاشکرا هانی داخستنی دەرگاکان دەدەن و کرانەوە و دنیابینی حەرام دەکەن و ترس و تۆقین لە وەهم لەناوەوەی خەڵکدا دەچێنن .  مرۆڤایەتی لە ژیان نائومێد دەکەن و هانیان دەدەن بۆ خەوتن لە خورافەدا. لەبەرامبەردا هەر ئازادیخوازێک دەنگیان بەسەردا بەرزبکاتەوە و داوای داخستنی دەمیان بکات، ئازا ئەم جۆرە ڕستانە دێنە بەرگوێمان ”  کێ نەوت دەدزێ دەمی ئەوانە داخەن ، کێ ڕۆژنامەنووسان دەکوژێت دەمی ئەوانە داخەن ، کێ میللەتێک دەخاتە خزمەتی خێزانێکەوە دەمی ئەوانە بکوتنەوە … هتد ” زۆر بەکەمی مرۆڤ دەتوانێت لە بیانوو و پاساوە لۆژیکییەکانی ئەوان نەجاتی ببێت .

بە کورتی داعش هێزێکی ترسناک و دژە ژیان و دژە مرۆڤایەتییە ، ناتوانێت بەو ڕوخسار و بەرگەوە خۆی بکات بە کۆمەڵگای ئێمەدا ، بەڵام وا بڕوات و ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بێت ، خەریکە ئەو ڕوخسارە لە ترسناکییەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخی ئاسایی و ئەگەر خورافە و وێرانستانێکیش بێت ، خەڵکی وەری دەگرێت لە بەدیلی ئەم مافیاخانە و تاوانبارانەدا . ماندووبوونەکە بەدەست ئەمانەی ئێستاوە لەوە زیاترە بەرگەی زیاتر بگرێت لەژێر ئەم هەموو بارە سەختەدا.

مەسعود بارزانی چی کردووە ؟ کێ دەتوانێت یەک قۆناغی مێژوویی هەستیار و چارەنووسسازی ژیانی سیاسی ئەو دەستنیشان بکات ؟ ئەگەر کادێرەکانی حیزبەکەی و ماستاوچییەکانی دەوروبەریان بەڵگەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ناساندنی کورد وەک قەواریەکی سەربەخۆ دەهێننەوە ، دەتوانین لەبەرامبەردا بلێین ، ئەوە پۆست و مەقامەکەی بارزانییە ئەوانە دەکات نەک کەسایەتی و مەهارەتی ئەو ، ئەوە سەروەت و سامانی کوردستانە ، ئەوە قارەمانێتی کوڕان و کچانی شەڕڤان و پێشمەرگە و گەریللان ، نەک حیکمەتەکانی ئەو . بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایە ،  لەبەرامبەر عێراقێکی ئێرانی و داعشێکی تورکی و گرنگی بە مقاشێک بدەن بۆ بەچەترسێنکردنی ئەو وڵاتانە . دنا هیچ کەس نیە یەک هەنگاوی بەرجەستە و ڕاست و لۆژیکی بدۆزێتەوە کە ئەم پیاوە بۆ ئەم میللەتەی نابێت .. من گومانێکم نیە ئەگەر هەرکەسێکی تر بوایە لەو سیاسییانەی تر ئەگەر لەوی زیاتر نەکردایە ، کەمتری نەدەکرد .  ئەمە جگە لەوەی کە دوادیاری ئەو بۆ نەهامەتییەکانی گەلەکەی ” ئەنفالی شەنگال ”  بوو .

ترسناکی بوونەوەی بارزانی بەسەرۆک لەوەدایە ، دووبارە خەڵکانێک پەیدا دەبن نەک تەنها ئاوات بۆ هەشتاکان، بگرە ئاوات بۆ گەڕانەوەی بەعس و سەدام بخوازن . خەڵکانێک بەدەستی خۆیان ئیش بۆ هێنانی ئەم داعشە لەبەرگێکی کوردیدا و تەسلیمکردنی کۆمەڵگا بە یاسا و ڕێساکانی ئەم بیابانە سامناکەی توندڕەوی ئیسلامی .  حاڵی حازر پەیج و ئەکاونت و پێگە تایبەتە کوردییەکانی داعش لە فروانبوون و ئاشکرابووندان . دەیان مرۆڤی کوردزمان رۆژانە بە لایک و کۆمێنت و گوتاری حەماسی شەرعییەت بە خلافەت دەدەن و خوازیارن لەدەست پارتی و یەکێتی نەجاتیان بێت . ئەم تەوژمە ئیسلامگەراییە ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەکردندایە . بەهەموو پێوەرێکی مێژوویی و عەقڵانی دووبارەبوونەوەی ئەفغانستانی سەردەمی شەڕی سارد لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەرێکی زیندووە .  هەر لە ژن کوشتنەوە تا دەگاتە سیما و دۆخی کۆمەڵایەتی و باڵادەستبوونی مەلا و دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی بانگخواز و توندڕەوەکان لە ڕێی میدیا بەناو مەدەنییەکانەوە ، هەمووی هێمای نەخوازن. ئەمانە هەمووی بە گڵۆپی سەوز و کۆمەکی بارزانی لەگەشەدان . مانەوەی ئەویش لەو پۆستەدا ، ئەم تەوژمە خێراتر و بەرفراوانتر دەبێت . 

لە کۆتاییدا وەک مرۆڤێکی ئازادیخواز ڕوو دەکەمە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێیان دەڵێم حساب بۆ ئەم زەرورەتە بکەن ” زەروورەتی لابردنی بارزانی ” . نەوەک دواتر بەدەستی ئەو ” زەروورەتە ” ی ئێوە بە قەولی ” عەلی باپیر ” کوردستان و کۆمەڵگاکەی ببێتە دواکەوتووترین ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی . ئەوەشمان لەیاد بێت ، عەلی باپیر و هاوشێوەکانی سودمەندی گەورەن لەدۆخێکی وەهادا کە من ئاماژەم پێداوە لە وجودی  بارزانیدا لەو پۆستە ، بۆیە لەوانەیە لە هۆشیاریی و بەرژەوەندییە دنیایی و دینیەکانیەوە بێت کاتێک دەلێت بارزانی ” زەروورەتە “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت