Barzani-u-Newshirwan

هێمن ڕەئووف : پێشبینییەکی سیاسییانە بۆ ئابی داهاتوو . لەبارەی کورسییەکەی بارزانییەوە ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی :

بەتەما نەبووم وا بەزوویی ئەم دابڕانەم لە نووسینی سیاسی بشکێنم . بەڵام بەرجەستەبوون و بینینەوەی بەعس و فکری نائینسانییانەی بەعسیزم لە هەستیارترین گۆڕەپانی سیاسیدا کە پەرلەمانە ، ناچاری کردم وەکو ئەرکێکی ویژدانی لێی بڕوانم و لێدان لەو غرورە بێناوەڕۆک و بەتاڵەی پارتییەکان بە واجبێکی هەنوکەیی بزانم .

ئەگەر ڕۆح لە جەستەی سیاسی ئەزموونی ٢٣ ساڵەی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەبێت ، لە چوار مانگی تردا کۆتایی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز دەبینین .  هاوکێشەیەک ، ئێستا و ڕابردووی میللەتێکی لە باشوری کوردستاندا داغان کردووە . مانەوەیشی بە کراوەیی ، ئایندەیش بەم وێرانییە دەهێڵێتەوە . ئەو هاوکێشەیەیش، بابەتی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی سیاسییە لەو هەرێمە بچکۆلەیەدا.

سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییەبزانین ( هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت و گۆڕانکاری بکات هەتا جورئەت و هێزی سڵنەکردنەوەی لە شکست و پێشهاتەکان تێدا نەبێت . هەر ئەو جورئەت و هێزی ڕیسک کردنەیشە دەتوانێت ڕۆح بگێڕێتەوە بۆ ناو جەستەی مردووی هەر جوگرافیایەکی سیاسی ) .

چوارمانگی تر ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کۆتایی دێت . بەڵام نە بارزانی و نە پارتی ، تا ئێستا ناهێڵن هیچ کەس و لایەنێک بە ڕاشکاوی قسەی لەسەر بکات . نەک تەنها نەهێشتن ، بگرە دەزگا سەرکوتکەر و شەقاوەکانیشیان بە ڕحییەتێکی بەعسییانەوە ئامادەکردووە بۆ پەلاماردان و تیرۆر و تۆقاندنی هەر کەسێک ئەگەر چی ترسنۆکانە و شەرمنانەیش باسی بکات .

ئێستا ئەم پرسە لە دووڕیانێکی تەمومژاویدایە ، کە تموحە خۆسەپێنەکانی بارزانی سەری تێێدا دەخورێت و دوو ڕێگای خستۆتە بەردەممان . ناچارمان دەکات بە ئەزموون لە ڕابردوو و سیاسەتی پارتی بەم شێوەیە لێی بدوێین . دووڕێگایە ، هیچیان لە هیچیان باشتر نین . وێسگە و تارگێت لەهەردوو ڕێگاکەدا بەرمۆدایەکی لێڵ و بێبنە . منیش دەمەوێت لە دیدی خۆمەوە شیکارییەکی سەرەتایی بۆ بکەم و هەندێ پێشبینی بخەمە ڕوو .  لە ڕاستیدا بەتەما نەبووم وا بەزوویی ئەم دابڕانەم لە نووسینی سیاسی بشکێنم . بەڵام بەرجەستەبوون و بینینەوەی بەعس و فکری نائینسانییانەی بەعسیزم لە هەستیارترین گۆڕەپانی سیاسیدا کە پەرلەمانە ، ناچاری کردم وەکو ئەرکێکی ویژدانی لێی بڕوانم و لێدان لەو غرورە بێناوەڕۆک و بەتاڵەی پارتییەکان بە واجبێکی هەنوکەیی بزانم .

ڕێگای یەکەم :  ” ئەگەر لایەنەکانی تر لە ڕێگای پەرلەمانەوە بارزانی بهێننە خوارەوە ، هێشتا پارتی و بارزانی دستبەرداری ئەو پۆستە نابن . بەپێی ئەزموونە مێژووییەکان لەگەڵ ئەم حیزبەدا ، دەتوانین گومانی ئەوە بکەین (  هەولێر و بادینان دادەبڕێت و ویلایەتێکی نیوعوسمانلی بەناوی سەربەخۆییەوە ڕادەگەیەنێت . پارتی بەلایەوە گرنگ نیە ئەگەر ئەم هەرێمە نیمچە دامەزراوە بکرێت بە چەند هەرێمێک و دابەش ببێت بەسەر چەند حیزبێکدا .  ئەستەمیش نیە پارتی لەدژی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بۆ هێشتنەوەی کورسیەکەی سەرۆک ، لەگەڵ میلیشیا ئەردۆغانییەکە ( داعش) ڕێک بکەوێت و ٣١ی ئاب دووبارە بکاتەوە و ئەوەی ساڵی ١٩٩٦ ڕوویدا ، جارێکی تر لە ( دنیای پڕۆفیشناڵ و فول ئێچدی ) ڕووداوەوە بیبینین . بەداخەوە خاوەنی جەماوەرێکی وەهایشە ، دەتوانێت بێپەردە ناو لەو خیانەتە بنێت ” تاکتیک و بەرژەوەندی نەتەوەیی “. دوور نیە لە داهاتوویشدا لە زاری کوێخا سیاسییەکانیەوە نەکرێت بە ڕۆژێکی مێژوویی .  لەم ڕۆژانەدا سەرەداوێکی ( ڕێکەوتن لەگەڵ داعش ) م گوێ لێبوو ، لە ڕێگای یەکێک لە ” خەتیب ” ەکانییەوە لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا درا بەگوێی خەڵکدا .  فەرهاد پیرباڵ لە بەرنامەکەی ئەڤین ئاسۆ ، باسی لەوە کردووە با کورد لەگەڵ داعش ڕێک بکەوێت ).  

ئەمەی سەرەوە لەکاتێکدا مومکینە ، ئەگەر ئەفسانە خوڵقا و  هێزەکانی دەروەی پارتی تا چوار مانگی تر جورئەتیان تێدادرووست بوو ، توانییان خۆڕاگرانە لەبەردەم غروری ئەم خانەوادەیەدا بڵێن نا .  بەبڕوای من خۆدان لەقەرەی ئەم ڕێگایە دژوارە و هەرچەند سەیری یەکێتی و گۆڕان دەکەم ، بە کوردییەکەی خۆمان ”  ئەو پیاوە نین ” .

ڕێگای دووەم : پارتی لەگەڵ ( یەکێک یان هەردووک ) لە گۆڕان یان یەکێتی رێکدەکەوێت و بە هەڵڕشتنی تموحی مادیی و دەسەڵاتدارێتی لە پلەوپایە ئیدارییەکانی خوارەوەدا . بۆ ئەم سیناریۆیەش لە پەرلەمان بە فەوزایەکی بێتام و پڕ لە ژاوەژاو  ( تەنها بۆ ئەوەی بلێن دیموکراسی و ململانێ هەیە) ، ڕێکاری یاسایی بەبەری بارزانی دەتاشن و دیسان ئەم پیاوە دەمێنێتەوە. کە بەردەوامی هاوکێشە وێرانکەرەکەیە و ئومێد لە داهاتوویەکی گەشدا دەکاتە خەیاڵ .

دووڕیانەکە لە ڕووی مۆراڵییەوە ئا لەم شیکردنەوەیەدا لەکەدار ئەبێت :

ئەگەر ڕێگای یەکەم سەربگرێت و بارزانی نەتوانێت بە تەوافوق لەگەل لایەنەکان  لە شوێنەکەی خۆی بمێنێتەوە ، زیانی گەورە بە خەڵک دەگات . چونکە پارتی هەرێمی زەرد جیا دەکاتەوە و بە هەرێمەکەی ئەوبەریش دەلێت خائین . ئەمەمان بە فاکتی مێژوویی لەبەردەستە و ٣١ ی ئاب نمونەیەکی زیندووە .

ئەگەر ڕێگای دووەم سەربگرێت و هەر لایەنێک لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت بۆ مانەوەی بارزانی لەپۆستەکەیدا ، ئەوە هەڵوێستی ئەو لایەنە دەبێتە خیانەتێکی پەتی لە جەماوەر و خەڵکەکەی ، چونکە لە سەرەتای ئەم خولەوە هەتا ئێستا هەردوو حیزبی ڕکابەری پارتی ” یەکێتی و گۆڕان ” ، باسیان لەوە کردووە کە ویلایەتەکەی بارزانی کۆتایی هاتووە و ڕێگا نادەین لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە . لەوانەیە نیوەی کورسییەکانیشیان بەدەنگی ئەوانە هێنابێت ، کە ئومێدیان لەسەر ئەو بەڵێن و کارنامانە هەڵچنیبوو . لەهەمان کاتدا دوابزمار لە تابوتی ئەزموونی دیموکراسی لەهەرێـم دەدرێت و چیتر هەڵبژاردن و دیموکراسی و پەرلەمان و دەنگی خەڵک قیمەتی یەک تاک پێڵاوی نامێنێت . میللەت دەکرێتە مێگەلێک و لە رێگای حیزبەکانەوە شوێن شوانێکی نەخوێندەوار دەخرێت ، شوانەکەیش هەر ڕۆژە لەکارەسات و گەلەگورگێکی نزیک دەکاتەوە .  تا خانەوادەکەی خۆی لەبەڵای گورگەکان پارێزراو بن.

 ئەمە بەردەوام دەبێت تا هۆشیاری فەرهەنگی و سیاسی گەشە دەکات و  ڕاپەڕینێک یان شۆڕشێک یان کۆدەتایەک لەدژی ئەم دیکتاتۆریەتە سەپاوە دەبێتە ئەمری واقیع و هەموو شتێک لێک هەڵدەوەشێت.

لە دیدی منەوە ” لەوانەیە ئەمە تەسکبینی بێت” تەنها ئەم دوو ڕێگایە هەیە . هەردوو ڕێگاکەیش خراپ و نەخوازن . نە دووکەرتبوونی هەرێم لە سودی خەڵکی کوردستانە ، نە لەگۆڕنانی دیموکراسی و مانەوەی بارزانی . ئێستا تەنها وەهمێک کە گەمژانە بەخەیاڵمدا دێت ئەمەیە  ” خۆزگە دەخوازم پارتی لە ٧٠ ساڵەی تەمەنییدا تەنها یەک جار لەبەر خاتری یەکڕیزی و بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان و دەرهاتنی ئەم گەلە لەو هەموو نەهامەتییە بەردەوامە ، تەنها بۆ یەکجار لەبەر بەرژەوندی گشتی شتێک بکات . بەداخەوە نە لێێ ڕادەبینم و نە بینیومە لەبەر خاتری خەڵک ،  تەنازولی بۆ هیچکام  لە هاوسیاسییەکانی نەتەوەکەی کردبێت .  لێردا گرنگە ئەوە بڵێم، من کاریزمایەکم نیە بۆ شوێنی بارزانی ، هەر سیاسییەکی تری کورد بچێتە شوێنەکەی بارزانی ، ناتوانێت دنیا بگۆڕێت و کارخانەی فڕۆکە ناهێنێتە هەولێرەوە ، بەڵام بەتەنها ئاڵوگۆڕەکە باڵ دەدات بە پڕۆسەی سیاسی و ئاهێکی ئارام بە گەشەسەندنی هزری دیموکراسییدا دێتەوە .

لە کۆتاییدا ئەوەی نامەوێت بەسەرمدا تێپەڕێت ئەوەیە ( هاتنە خوارەوەی بارزانی بۆ کوڕەکەی یان هەرکەسێکی تر لە خانەوادەکەی بێتامترین و قێزەونترین یارییە ، ئەگەر بیانەوێت لەژێر ئەو جادووەدا دیسان خەڵک و میدیا و سیاسییەکان بێهۆش بکەن . ئەوە لە دیدی منەوە دەکەوێتە ” ڕێگای دووەم ” . ڕازیبوونی حیزبەکان لەسەر پڕۆسەیەکی وەها ، خیانەتە لە خەڵک و جەماوەرەکەیان .  ئەگەر ئەوە روویدا ، دەبێت لەدوای ئەوە ئەو مافە بدەینە ماڵی بارزانی کە خانەوادەکەیان بەفەرمی بکرێنە هاوڵاتی پلەیەکی کوردستان و هەقیشە ، حیزبەکان بەیەکەوە پەیماننامەیەکی شەرەفیان بۆ ئیمزا بکەن و ئیعتراف بەوە بکەن ، کە کورد کەسی تێدا نیە لە ماڵباتی بارزانی پیاوتر و شیاوتر بۆ هەر پلە و پۆستێک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت