کاوە محەمەد : چ وەڵامێك بۆ پەلامارەكەی پەرلەمان ؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەفتەی رابردو ، پەلاماردانی پەرلەمانتاری گۆڕان ( عەلی حەمە ساڵح ) تەنیا روداوێكی راگوزەر نەبو كە لەوڵاتی دیكەش رویدابێت‌و زادەی كەشی دیموكراسیانە‌و ئەكتیڤبونی دامەزراوەی تەشریعی‌و چاودێریی ( پەرلەمان) بێت ، بەڵكو رێك پێچەوانەی ئەوەی پێوتین؛ هەڵبژارنی شوێن‌و كاتی پەلاماردانەكەش خۆی لەخۆیدا بەمەبەستی گەیاندنی ئەو مەسیجە بوە كە لەبەرامبەر سەرۆك‌و پرسی سەرۆكایەتییدا، پەرلەمان وەك شەرعیترین دامەزراوەی نوێنەرایەتیی خەڵك هیچ رێزێكی نییە‌و هەرچی زاتی ئەوە بكات قسە لەشەرعیەتی سەرۆك بكات ، ئەوا سنوری بۆ دادەنرێ‌و كەس بۆی نیە ئەو سنورە بەموقەدەسكراوە ببەزێنێت .

نامەوێ لەوە زیاتر بەنێو وردەكارییەكانی پرسی دەستور‌و سەرۆكایەتیدا شۆڕببمەوە ، تەنیا مەبەستمە كە لەدەروازەیەكی جیا لەوانەی تائێستا لەنێو فەزای سیاسی‌و میدیایی هەرێمدا قسەی لەسەر كراوە ، شەنوكەوێكی روداوەكە بكەم ، ئەویش لەدەروازەی ئیدیعاكانی زیاتر لە دە ساڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە كە گوایە دەیانەوێ مۆدێلە دیموكراسییەكەی هەرێم بۆ بەغدا بگوێزنەوە . من ناڵێم سیستمە سیاسییەكەی عێراق دیموكراسییە تەنیا لەبەرئەوەی پەرلەمانییە ، چونكە ئەمە تاكە مەرجی دیموكراسیبون نییە ، بەڵكو مەرجێكی سەرەكی ئەوەیە كە دەسەڵاتەكان لەنێوان جومگەكانیدا دابەش بكرێن ، بۆنمونە ئەمریكا سیستمەكەی سەرۆكایەتییە، بەڵام دیموكراسییە ، عێراق سیستمەكەی پەرلەمانییە ، بەڵام نادیموكراسییە ، چونكە دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی دروست بەسەر جومگە‌و دامەزراوەكانیدا دابەشنەكراون‌و زۆربەیان لەلای سەرۆك وەزیران كۆبونەتەوە ، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوشدا مالكیی بەرونی خراپیی ئەو بێ بەڵانسییەی دەسەڵاتەكانی بۆ رونكردینەوە كە عێراقی بەرەو هەڵدێر برد‌و مۆتەكەی دیكتاتۆریەتی بەهەمومان نیشاندایەوە.
لێرەدا جێی خۆیەتی بەراوردێك لەم پرسەدا بكەین‌و بۆ دەستوری عیراق بگەڕێینەوە ، دەستورێك كە لەمادەی (72 – بڕگەی یەكەم) یدا رێگە لەوە دەگرێ كە سەرۆك كۆمار لە( 8 ) ساڵ زیاتر لەپۆستەكەدا بمێنێتەوە ، بەڵێ مادەیەكی هاوشێوە لەرەشنوسی دەستوری هەرێمیشدا هەیە ، بەڵام عیراق بەو هەمو ئاڵۆزییە سیاسییە‌و هەڕەشانەی لەسەری بوە ، دو ساڵ دوای روخانی بەعس دەستوری پەسندكرد ، كەچی هەرێم (24 ) ساڵە ئازادكراوە ، هێشتا نەبۆتە خاوەنی دەستوری خۆی ، پێموایە هەم دواخستنەكەی‌ و ئێستاش هەوڵی پەسەندكردنەكەی ، هەردوكیان لەخزمەتی پاوانكردنی كورسییەكەدا بون ، نەك بیانوی دیكە كە جاروبار دەخرێنە بازاڕی سیاسیی‌و ئیعلامییەوە.
لەوە گرنگتر؛ پۆستی سەرۆك وەزیران بەپێی دەستور هی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانییە ، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی رابردودا ، هێزە سیاسییەكانی عیراق رێگەیان نەدا مالكی ( ئەگەرچی سەرۆكی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیش بو ) ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران . بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە(16) ساڵە سەرۆك وەزیرانەكەی هەر یەك كەسە ، تەنیا دو ساڵی ( دکتۆر بەرهەم ) ی لێدەرچێت ، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێمیش لەوپەڕی بێ پلانیدا بوە‌و روداوەكانی ئەمدواییەش شكستهێنانی لەزۆر بواردا سەلماند ، كەچی كەسیش باس لەو پرسە ناكات !..
بەكورتی ئەمڕۆ هەمومان لەبەردەم پرسێكداین كە دەبێ بە گرتنەبەری سیاسەت‌و جیهانبینییەكی دیموكراسیانە روبەڕوی پرسی دەستور‌و سەرۆكایەتیی ببینەوە كە دەبێتە وەڵامدانەوەیەكی پۆزەتیڤ بۆ ئەو پەلاماردانەی لەپەرلەمانی كوردستاندا كرایە سەر ( عەلی حەمە ساڵح ) كە لەراستیدا پەلامارێك بو بۆ سەر هەمومان.

س – ئاوێنە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت