Hallo

کتێبی : گوتاری ناسیونالیزمی کوردی ( گ . ن . ک )

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خوێندنەوە و چەند سەرنجێکی رەخنەگرانە .

هەڵۆ بەرزنجەیی                                                                                   

 ٤٤٦ لاپەڕەم ، چاپخانەی : چوارچرا ، سلێمانی کۆتایی ٢٠١٣

 لە وتارێکی دوورودرێژمدا ، لەسەر بەرگی یەکەمی ، گ . ن . ک ، بەرهەمەکەی بەڕێز کاک عەتا قەرەداخی ، کۆمەڵێ بۆچوونم ، لەمەڕ کایەی ئیشکردن و میتۆدەکانی بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەی ئەم نووسەرە لەگەڵ  گ . ن . ک دەربڕیوە . هەمان کات لە ڕوانگەی خۆم و راستییە مێژوویی و ئەرکە رۆشنبیرییەکانەوە ، پەنجەشم بۆ خاڵە لاوازەکانی راکێشاوە . لێرەدا گەرەکم نییە ، ئەڕای ئەو باسانە ،  جارێکی دیکە بۆچوونەکانم ،سەرلەنوێ بکێڵمەوە ..

کاک عەتا … لەسەرەتای ئەم بەرهەمە نوێیەیدا ، بەرگی دووەمی ، گ . ن . ک ، جارێکی دیکە ، نەک هەر پێشێلی هەموو پرنسیپەکانی رۆشنبیریی دەکات ، بەڵکو لە تەقەلای ئەوەشدایە ، بەرامبەر بە راستییەکان چاوبنووقێنێ و چاوبەستەکێ لە خوێنەر بکات ، بۆ مەبەستێکی نادیاری گوماناوی ، کلک و گوێ راستی و حەقیقەتەکان بکات .

ئەم  بەرهەمە ، لە پێشەکییەکی دوورودرێژ و ١٣ بەشی سەربەخۆ پێکهاتووە . کارێکە ، ماندووبوون و خۆهیلاکردنی پێوە دیارە .. لێ هەق بوو نوسەر ، بۆ ئەوەی ئامانجەکەی دروستتر بپێکایە ، ناوی لێبنایە کورتە باسێکی مێژووی ، ئەو پارت و بزووتنەوانەی کاری لەسەر کردوون . ئاخر نوسەر هێندەی مێژووی ئەم حیزبانە دەنووسێتەوە ، ئەمەندە بە دوای گوتاری ی . ن . ک . وێڵ نییە . ئاشکرایە کەسێ بیەوێ راوە ماسی بکات ، دەچێ بۆ سەرچەم و رووبار و دەریا ، نەک بۆ نێو بیابان و سەر کێو و دەڤەری بەندەڵان . خۆ گەر ئەمەی کرد  ، یان بە نەزان دێتە هەژماردن ، یاخود بەوە ناوزڕاو دەبێت ، کە خەریکی خەپاندن و فریوودانی خۆیی و خەڵکە . ئاخر نابابەتێتی کارەکەی کاک عەتا ، دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەگەرەی ، کە هیچ رووبەرێک بۆ رەخنەی زانستی و بابەتی و کاری رۆشنبیرانە نەدۆزینەوەو دەبێت ناچارانە ، ئیستێک بکەین و نیشانەی پرسیار بخەینە سەر بەرهەمەکەی نوسەر .

من لەبەرە ، پێبەپێی بڕگە گرنگەکان ، لەتەک نوسینەکەی کاک عەتادا ، هەنگاو هەڵدەگرم و لە دیدی کوردایەتییەوە ، تیشک دەخەمە سەر لایەنە تاریکەکانی و هەوڵی راستکردنەوەی شێوێندراوەکان دەدەم ، و تێدەکۆشم ، خوێنەر دروستتر بەرەو راستییەکان ئاڕاستە بکەم ، و وێنەیەکی باشتری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی ، لای ئاڵا بەدەستتانی راستەقینەی ئەم گوتارە ،  بخەمە بەرچاوی خوێنەر.

بەشی یەکەم :  گوتاری راپەڕینی بارزانی ١٩٣٢ ـ١٩٣٦

باسێکی خێرای بنەماڵەی بارزانی و رێبەرەکانی ، وەک شێخ عەبدولسەلامی یەکەم ، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و … هتد دەکات.

پاشان ئاماژە بەوە دەکات ، راپەڕینەکە خێڵایەتی بووە ، چونکە جوگرافیای راپەڕینەکە لە کوێرە دێیەکی دواکەوتووی کشتوکاڵیدا بووە… تا دەگاتە ئەوەی ، نووسەر  پێی وایە :” هیچ زەمینەیەکی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیونالیزم لە ئارادانەبووە “. کەواتە ، بەلای نووسەرەوە ، مادامێکی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئامادە نەبووە ، بە واتایەکی دیکە ، بە پێی تیورییەکەی مارکس ، چینی  بۆرژوا نەبووە و خەباتی چینایەتی نەکراوە ، ئەوە ، ئەو بزوتنەوەیە بە ناسیونالیزم لە قەڵەم نادرێ .. بەم شێوەیە لە دووتوێی ١٠ لاپەڕەدا ، گوتاری ئەم راپەڕینە بەوە دەقەبڵێنێ ، خێڵەکی و بێ روخساریی نەتەوەییە بووە .

  بەشی دووەم :  گوتاری حیزبی هیوا

پێشینەیەکی کورت لەمەڕ دروستبوونی ئەم حیزبە ، لە دارکەرەوە بۆ رێکخراوی ـ  برایەتی تا حیزبی هیوا ـ دەخاتە بەرچاو . ناوی کەسە دیارەکانی ، کە رۆڵیان هەبووە ، وەک شێخ لەتیف و دڵدار و عەبدوڵڵا جەوهەر و رەفیق حیلمی ، لەم میانەدا هاتووە . هاوشان لەمەڕ هەمان باسەوە ، بۆچوونی کۆمەڵێ نوسەری دیکەش بەرچاو دەکەون . نوسەر پێی وایە ، لەو سەردەمەدا رەنگدانەوەی ، کاریگەرێتی دوو زلهێزیی جیهانی ، وەک ئینگلیز و شورەوی ، لەسەر ئەم کەسایەتی و رێکخراو و حیزبانە هەبووە . ئەمەش لای حیزبی هیوا بە تایبەت ، بە زەقی بەدیارکەوتووە. رەفیق حیلمی ، رێبەرایەتی بەرەی راست و لایەنگریی ئینگلیز بووە . ئەوانی دیکەش بەرەی شورەوییان بە چاک زانیوە و پێیان وابووە ” خەباتی کورد ، پێویستە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسیدا بێت “.

مخابن ، نوسەر هیچمان پێ ناڵێ ، ئایا باڵی یەکەم چ دروشمێکیان هەبووە ؟. ئەدی بۆ شورەوی خۆی بە دیموکراسی دروست بووە ؟، یاخود شورەوی سیستەمێکی دیموکراسی بوو ؟، تا ببێتە نموونەی باڵای خەباتی ئەو بەرەیە ؟! ئەرێ بەراست ، لە کوێی کەلتووری مارکسیزمدا ، باسی ئەوە کراوە ، چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی ، ئەرکی سیستەمی دیموکراسییە ، لە کاتێکدا خودی ئەو جۆرە  سیستەمانە بۆ خۆیان  لە سەر بنچینەی دیموکراسی پێک نەهاتوون !.. یاخود،چ وڵاتێ هەیە هێندەی شانشینی یەگرتووی ، دیموکراسی بێت ، کەچی ئیرلەندە و سکۆتلەندە و وێڵز ، بەردەوام لە هەوڵی سەربەخۆیی خۆیان نەکەوتوون ،  تا ئەم چرکەساتەی بوونی گلۆبالیزم و یەکێتی ئەوروپا … خۆ دەزانین کاتەلۆنیا و باسک و گەلەک میللەتی دیکە ، لە ئەوروپای هەسارەی دیموکراسیدا ، هێشتا سوورن لەسەر داوای سەربەخۆیی خۆیان .. کیوبیکەکانی کەنەدا چەندین جار لە سێبەری دیموکراسی پانوبەرینی کەنەدیشدا هەوڵی سەربەخۆییان داوە . کەواتە کێشەیەکیان هەیە و دیموکراسیش وەک پێویست پێی چارەسەر ناکرێ … یاخود بوونی دیموکراسی گەرەنتی نییە بۆ چارەسەریی کێشەی نەتەوایەتی . دەنا لە بنەڕەتدا ـ دوور لە گووتە بەنێوبانگەکەی چەرچڵ  ـ  سیستەمی دیموکراسی چاکترین شێوەکانی دەسەڵاتدارییە ، و هەموو پشتیوانی و داخوازی لێدەکەین . جگەلەوەش ، خەبات لە پێناوی ئازادیی کێدا و چ ئازادییەک ؟ کاک  عەتا ، ئەم باسانە بۆ خوێنەر ، بەدروستی  روون ناکاتەوە . مەینەتی کورد لەوەدایە مێژووی دروست و راستەقینەی هەم نەنووسراوەتەوە و هەمیش ئەوانەی لەم چەند دەیەیەی رابردوودا ، کارێکییان  لەم بوارەدا کردووە ، بێلایەن و بابەتییانە و زانیستییانە نەبوون . 

 من وای دەبینم ، دەڕبڕینی وەها بیروبۆچونێک ، جگە لەتاوانبارکردنی سەربەخۆییخوازەکانی ئەو سەردەمە و کاوێژکردنەوەی تۆمەتی ” پیاوی ئینگلیز ” بۆ سەرکردەکانی ، بەرەی گوایە راستڕەو ، چ  مانا و بنەمایەکی تری نییە .  نوسەر دواتر دەنووسێ : ” ئۆتۆنۆمی دروشمی ئەم حیزبە بوو .  هەڵبەت ئەم دروشمە و داخوازی سەربەخۆیی ، هەرگیز وەک یەک ناکەونە ، بەر حوکمی گوتاری نەتەوەیی ” … ل ٣٠

جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم ، گەر بهاتایە و بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیا وای بخواستایە ، کوردستان دەرفەتی بوونە دەوڵەتی بۆ بڕەخسایە ، ـ پەیمانەکانی سایکس پیکۆ و سیڤەر و لۆزان ـ ، ئامادەگی باشتری کوردی تێدا بوایە ، وا سەرلەبەری بیر و بۆچوونەکانی کاک عەتا و هاوپێڕەکانی سەرەوبن دەبوونەوە و پووچەڵ دەردەچوون . ئاخر ئەوە نییە ، لە ئێستادا ، سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرامبەر  بە کورد ، لەچاو کێشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوین دا بەرچاو و هەستترە .  ئەم باسەم وەک نموونەیەک ، بۆ خوێندنەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان ، لە دیدی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە خستە بەرچاو . Otto Von Bismarck ، کاتێ یەکێتی ئەڵمانیا پێکدێنێ ، سەرکردەیەکی دژە دیموکراسی و  سیستەمی پاشایی ئامانجی بوو . هیچ قسەوباسێکی سەرمایەداریی و چینی بۆرژوا و دیاردەی مۆدێرنە لە گۆڕیدا نەبووە و نییە . خۆ گەر بەم پێوەرە بێت ، کەوا ئەم دیاردانە ، لە ئەوروپای سەردەمی شۆرشی پێسەسازیی و مۆدێرنێتەوە سەریان هەڵداوە ، هەر ئەوروپا مەڵبەندی ئەم گۆرانکاریی و داهێنەری ئەم چەمک و دیاردانەن ، ئەی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەم کیشوەرە ، بە یەکسانی سوودمەند نەبوون لەم خێر و بێرە ؟! . راستییەکەی ئەوەیە ، گەر شۆڕشی فەرەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن ، چاوی میللەتانی ئەوروپای نەکردبایەوە و بە ئاگای نەهێنابان ، رەنگبوو ئێستاش لەسەر نەخشەی ئەوروپا ، سنووری چوار دەوڵەتمان بەرچاو نەکەوتایە ..

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ـــ گوتاری ناسیونالیزمی کوردی