شنۆ محەمەد: وڕێنەكانی من. بەشی 14.

گەر ئەتانەوێ‌ ئاستی زیندویەتی یا مردویەتی كەسێك هەڵسەنگێنن سەیری ئەوە بكەن ئاخۆ ئەو كەسە تا چەندە توانای خۆشی پێكردنی هەیە بە ئەوانی دی ، ئەو كەسەی توانای خۆشی دروست كردنی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەر ئەتانەوێ‌ ئاستی زیندویەتی یا مردویەتی كەسێك هەڵسەنگێنن سەیری ئەوە بكەن ئاخۆ ئەو كەسە تا چەندە توانای خۆشی پێكردنی هەیە بە ئەوانی دی ، ئەو كەسەی توانای خۆشی دروست كردنی نیە بۆ خەڵك زیاتر لە مردوەكانی گۆڕستان مردوە ، زیاتر لە ئاسنێك بێ گیانە ، مردوەكانی گۆڕستان ئەتوانن خۆشی دروست بكەن بۆ خۆشەویستانیان ، یادگاری بەرهەم بێنن ، یاریمان لەگەڵ بكەن ، وانەمان پێ بڵێن ، دادگایمان بكەن و لێمان بدەن ، بەڵام ئەو كەسانەی توانای خۆشی دروست كردنیان نیە زیاتر لە هەر كەسێك مردون ، مردوی ڕاستەقینە ئەوانن نەك ئەوانەی لە گۆڕستان خەوتوون .
ئەبێت پتر لە هەر شتێك ئاگاداری عەشق بین ، كاتێك مرۆڤ عاشق ئەبێت بێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات نیوەی جەستە و ڕۆحی خۆی ئەبەخشێتە خۆشەویستەكەی كە تا ئەمرێت ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە ، بۆیە ئەبێت زۆر باش ئاگاداری بەخشینی ئەو نیوە جەستەیە بین بە كەسەكان ، زۆرینەی مرۆڤەكان ، زۆرینەی عاشقە ڕاستەقینەكان ئەوانەن كە نیوە جەستەكەی خۆیان بە هەڵە بەخشیوەتە كەسێك كە شایانی نیە ، كەسێك كە جگە لە گورگێكی برسی جەستە هیچی تر نیە ، یا كەسێكە تەنیا یاری بە هەست ئەكات .

زۆر كەس هەن لە ژیانیاندا هیچ جۆرە یاریێك نازانن ، كەچی یاریزانێكی نایاب و دەگمەنن لە یاریكردن بە هەست و نەستی مرۆڤ ؟  . زۆرن ئەوانەی هەموو كارێك بە كۆمەڵێك كەم و كوڕی و كەماسی ئەنجام ئەدەن كەچی لە دروست كردنی ئازار بۆ مرۆڤەكان بەقەد مێرولەیەك كەمتەرخەمی ناكەن .

عەشق دونیایەكی واقیعی نیە ، عەشق دونیایەكی خەیاڵی و ئەفسانەییە لە نێوان دوو مرۆڤ ، لەناو عەشقدا شتێك هەیە پێی ئەوترێ ئەفسانە ، ئەو ئەفسانەیە پتر لە هەر شتێكی تر كاریگەری و ڕۆڵی خۆی ئەبینێت لەناو عاشقەكان ، ئەوانەی لەناو دونیای خەیاڵاوی عەشقدا مەلە ئەكەن گرینگ نیە مەلەوانێكی باش و سەركەش بن ، ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئاخۆ خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی ترسناك و ئاڵۆز كە ئەركی خنكاندنی ڕۆحە پاكەكانە ، یاخود خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی هێمن و پاك .

پرسیارە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە ، ئاخۆ دەریایەكە بەو شێوەیەك شەپۆڵ ئەدات كە لەگەڵ دونیا جوان و ئەفسوناویەكەی عاشقەكە ئەگونجێت ، یا هەمیشە بە شەپۆڵە توڕەكانی ئەكێشێت بە ڕۆحی برینداری عاشقەكە ؟ زۆرن ئەوانەی لەناو عەشقدا مەلەوانێكی گەمژە و نەزانن ، بەڵام خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی هێمن و پاك ، دەریایەك كە جگە لە شەپۆڵی ئارامی و جوانی هیچ جۆرە شەپۆڵێكی تری پێ نیە ، زۆریش هەن لەناو عەشقدا گەرچی مەلەوانزانێكی نایاب و بەهێزن ، ئەگەرچی كەسانی سەركەش و باوەڕ بەخۆن ، بەڵام خۆیان خستۆتە ناو دەریایەك كە شەپۆڵەكانی تەنیا بە ئاوازی ئەژدیها كار ئەكات ، ئەمانە عاشقی هەڵەن لەناو عەشقێكی كوشندەدا ، لە دونیادا هیچ ماڵێك لە ماڵی عەشقێكی هەڵە كوشندەتر نیە ، ئینسانەكان ئەتوانن قەرەبووی هەموو هەڵەیەكی ژیانی خۆیان بكەنەوە ، بەڵام ئەستەمە ، زۆر ئەستەمە بتوانن قەرەبووی عەشقێكی هەڵە بكەنەوە ، ڕەنگە دونیای عەشق ، تاكە شوێن بێت كە ئەبێت ڕێژەی هەڵەكردن تیایدا سفر بێت .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شنۆ محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: شنۆ محەمەد