عیماد عەلی : ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی ، بۆ ؟

ئەو بارودۆخە تایبەتەی ئەمرۆی كوردستان و كەموكورتیە بنەرەتی و گەورە، سیاسی و رۆشنبیریانەی لە ئارادایە ، لەدەرئەنجامی نەبونی پێگە سەرەكیەكانی حوكمی رەشید و سەركردایەتی بە توانا و سیستمێكی تۆكمە و […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو بارودۆخە تایبەتەی ئەمرۆی كوردستان و كەموكورتیە بنەرەتی و گەورە، سیاسی و رۆشنبیریانەی لە ئارادایە ، لەدەرئەنجامی نەبونی پێگە سەرەكیەكانی حوكمی رەشید و سەركردایەتی بە توانا و سیستمێكی تۆكمە و رەفتار و بیركردنەوە و ئامرازە دروست و زانستیەكانی حوكمرانیە بە شێوەیەكی سەرەكی و، رۆژ بە رۆژ قەیرانی فەرمانرەوایی قوڵتر دەكاتەوە و ، هەموو هەلە زێرینەكانی بەدیهێنانی ئامانجەكان بەفیرۆدەدات و تواناكانی نوخبەی كورد لەجێگای خۆیدا بەكار ناهێنرێت و تا دێت حوكمرانی كورد چەقدەبەستێت .

سەردەمی نوێی جیهانی پر لە كێشمەكێش و قۆناغە گۆڕاوە خێراكان و كاریگەری جیهانگیری لەسەر رەوتی ژیانی سەرجەم گەلانی جیهان، وا فەرز دەكات كە پێداویستیەكانی خەڵك زیاتر بێت و سادەیی و ساكاری ژیان بەرەو ئاڵۆزی بچێت و ، لەو بەینەشدا دابینكردنی خزمەتگوزاری بنەرەتی خەڵك بە گشتی بۆتە ئامانجی زۆرێك لە وڵاتان ، بەتایبەتی ئەو وڵاتە هەژارانەی كە بە هۆكاری نەبونی فەرمانرەوایەتیەكی حەكیمانە ئەگەر بە سەروەت و سامان دەوڵەمەندیش بن ، بەردەوام گەلەكانیان لە كولەمەرگی و بێدەرەتانیدا دەژین، لەوانەش ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و، ئەوەی ئێمەش بەتایبەتی مەبەستمانە كوردستانی باشوورە بە تایبەتمەندیەكانیەوە . بۆیە ، زۆر پێویستە بیر لە چۆنێتی قوتاركردنی ( رزگاركردنی ) بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری كوردستان بكرێتەوە ، هەوڵ بدرێت دەست بخرێتە سەر خاڵە لاواز وكون و كەلەبەرەكانی حوكمدارێتی و دیاریكردنی نەخۆشیەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی زانستیانەی دروست بۆ سەرجەم كێماسی و دەردانە هەڵەكانی ، كە یان لە نەزانی و بێ ئەزمونی و دواكەوتویی عەقڵی فەرمانرەوایان هاتۆتە ئاراوە ، یان لەدەرئەنجامی كاریگەریە سەلبیەكانی دەستێوەردان و هەژمونی فشار و رەفتاری داگیركەران و دەوروبەر خۆی سەپاندووە و رۆڵی تاكی كوردی پەراوێز خستوە .
بۆ دەرچون لەم واقیعە پێویست دەكات سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری ، بە تایبەتی نوخبەی كوردی بە بیرێكی فراوان و زانستیانە لەگەڵ دژواری وەزعی كوردستان لە سەرجەم بوارەكاندا بجوڵێتەوە و ، بەشداری بكات لە دۆزینەوەی رێگەچارەی دروست .

بۆیە ئەگەر بە زانستیانە واقیعەكە خوێنرایەوە و كەموكورتیە سەرەكیەكان و ئەوانەی زۆر پێویست و چارەنوسسازن دیاریكران و رێگە چارەی راستیان بۆ دۆزرایەوە، دەتوانرێت كاروانی فەرمانرەوایی راستەری بكرێت و ، بە شێوەیەكی كاریگەر قازانج بە سەرجەم گەلی كوردستان بگەیەنێت ، بەڵام هیچ كارو كردەوەیەك بە بێ توانا و ئیرادە و عەزیمەتی دڵسۆزان ناكرێت ، بۆیە بیركردنەوە لە سەرەتایەكی راست و ئاراستەیەكی رێك و دروست و كۆكردنەوەی پێكهاتەیەكی بەتوانا و عەقڵێكی پێشكەوتنخوازانە و زانستی دەتوانرێت هەنگاوی یەكەم یهاوێژرێت ، لەوێشدا ئەكادیمیایەكی زانستی پرۆفیشناڵی پر لە خەڵكانێكی بەتوانا و دڵسۆز و پاك بە پشتخان و فەلسەفەیەكی مرۆڤدۆستانەی كوردستانیانەوە زۆر بە پێویست دادەنرێت .

ئەكادیمیایەك كە خەڵكانێك بەرێوەی بەرن نمونە بن و دوور لە سەرجەم بەرژەوەندیە تاكەكەسی و ئایدیۆلۆژی و حزبیەكان كارەكانیان رایی بكەن و كاریگەری و جێ دەستیان لەسەر سەرجەم كایەكانی ژیانی خەڵك هەبێت و بە توندوتۆڵی و ویست و پاڵنەرێكی نیشتیمانیانەوە كارە تیۆری و پراكتیكیەكانی ئەكادیمیا بەرێوەبەرن . لەو نێوەندەشدا دەركەوت كە كوردستان پرە لەو جۆرە خەڵكە كە دەسەڵات لەبەر تاریكبینی و بەرژەوەندیە تەسكەكان و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و گەندەڵی و نەبونی شەفافیەت لە ئیشوكارەكانی و بیر نەكردنەوەی لە چونێتی راستەرێكردنی وەزعی كوردستان دەستوەستان بووە و ، نەك بیری لە تینك تانك و فیكر و بیری زانستی و عەقڵی گەورە و پرلە داهێنان نەكردۆتەوە بەڵكو هیچ كاتێك بیری لە چۆنێتی بەكارهێنانی ئەو وزانە نەكردۆتەوە تەنانەت لەبەرژەوەندی خۆی و خەڵكەكەشدا .

ئەوەتا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان پشتگیری هەموو تواناكان دەكەن و بۆ ئەو مەبەستە سەدان دامودەزگایان هەیە و تەنانەت پلان و ستراتیجیەتی سیاسی وڵاتان لەو جیگازانستیانەدا بەرهەم دەهێنرێت ، كەچی لای ئێمە تاكە كەسی فەرمەانرەوا ، بەخۆی بیریار و زانا و دانا و پلان دارێژ ە و تەنانەت جێگەی دامودەزگای سیاسی و فیكری و پلادارێژانی گردۆتەوە و هەر بەخۆیشی ئامرازەكان دیاری دەكات و جێبەجێشی دەكات .
ئامانجی سەرەكی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراتی وەك رێكخراوێكی سیاسی و مەدەنی ، راستەرێكردنی رەوتی فەرمانرەوایی كوردستانە بە شێوەیەكی زانستیانە بە پێشنیار و دانانی پلان و پەروەردەكردنی تاكی كۆمەڵگە لەسەر ئەرك و مافەكانی ، لە رێگەی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و كۆر و كۆبونەوە و وۆرك شۆپ وبەستنی كۆنگرە و رێكخستنی فیستیڤاڵ و رەخنەی بنیاتنەر و مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەری و چاپەمەنی و سۆشیال میدیاوە .

بەهیواین كەڵێنێكی بچوكی فەرمانرەوایی كورد پر بكەینەوە و یارمەتیدەری بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژیەكانی گەلی كوردستان بین .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی