عەتا قەرەداخی : كورد گەلی بێ سەركردە ، گەلی خاوەن نوخبەی سیاسی نەخۆش .

ئەوە ئاشكرایە تا درووستبوونی حیزب لە كوردستانداو بە روونیش تا درووستبوونی ژێكاف و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد ، سەركردایەتی میرنشین و راپەڕینەكان لە قۆناغی یەكەمیاندا بەدەستی سەرخێڵ و ئاغاكانەوە […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوە ئاشكرایە تا درووستبوونی حیزب لە كوردستانداو بە روونیش تا درووستبوونی ژێكاف و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد ، سەركردایەتی میرنشین و راپەڕینەكان لە قۆناغی یەكەمیاندا بەدەستی سەرخێڵ و ئاغاكانەوە بووە ، لە قۆناغی دووەمیشدا كە دامەزراوەی میرنشین وەكو دامەزراوەی كۆمەڵگەیەكی گەشە نائاسایی كۆتایی هات، شێخ و سەیدو سەرۆك عەشیرەتەكان بە تایبەتی ئەوانەی خاوەنی درەختی بنەماڵەن سەرۆكایەتی زۆرینەی راپەڕینەكانی كوردیان كردووە . تەنانەت ژێكافیش ناچاربوو پەنا بۆ قازی محەمەد ببات تا ببێتە كەسی یەكەمی ئەو رێكخراوە ، ئەویش لەبەر ئەو پێگە كۆمەڵایەتیەی كە بنەماڵەكەی و خۆی هەیانبوو . بێگومان هەرچۆن میرنشین دامەزراوەیەكی كەمێ پەرەسەندووی خێڵایەتی بووە ، بەهەمان شێوە راپەڕینەكانی كورد هەر لە راپەڕینی بەدرخانییەكانەوە كە لە چلەكانی سەدەی نۆزدەدا دەست پێدەكات تا راپەڕینەكانی سێ دەیەی سەدەی بیست لە راپەڕینی شێخ مەحمودو شێخ سەعیدی پیران و سمكۆی شەكاك و سەید رەزای دەرسیمەوە ، راستە جۆرێك لە داخوازی نەتەوەیی جوڵێنەری ئەو راپەڕینانە بووە بەڵام لە گەوهەردا راپەڕینی خێڵایەتی بوون و بە عەقڵ و ستراتیژی خێڵایەتی كاریان كردووەو راپەڕینی رووبەرێكی سنووردار بوون .

لەگەڵ درووستبوونی پارتی دیموكراتی كورد و پاشان گۆڕینی بۆ كوردستان كە بێجگە لە مەلا مستەفای بارزانی كە پاشخانێكی عەشیرەتایەتی هەبوو ، هەروەك دواتریش شیخ لەتیفی حەفیدو كاكە زیادی كۆیی كە بە بڕیاری بارزانی كرانە جێگری سەرۆكی پارتی ، بە حیساب مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حیزبە لە نوخبەی رۆشنبیری سیاسی ئەو سەردەمەی كورد پێكهاتبوون . بەڵام وەك ئاشكرایە ئەو نوخبەیە لەناو یەكدا ناكۆك و پێكەوە نەگونجاو بوون و دابەشبوون بەسەر چەند ئاراستەیەكدا كە بە گشتی لە دیارەكانیان هەمزە عەبدوڵاو برایم ئەحمەد بوون كە سەرباری ئەوەی زەواجی سیاسیش لە نێوان بنەماڵەكانیاندا كرابوو بەڵام ناكۆك و ناتەبابوون و بارزانیش بە ویستی خۆی جێ گۆڕكێی پێدەكردن . بێگومان ئەو ناكۆكیە رۆڵی نێگەتیفی بینیووە لەو رووەوە كە بووەتە هۆی دابەشبوون لە لوتكەی سەرەوەی حیزبدا .

هەروەك دواتریش نەگونجاندنی مەكتەبی سیاسی حیزب و سەركردایەتی بارزانی زیاتر بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردوەو لەو رووەوە پەیوەندی نوخبە سیاسیەكەش بە دەوروبەرەوەو جوڵاندنیان لەژێر كاریگەری ئەملاولادا بووە هۆی دەستدانە چەك لە زەمینەیەكدا كە بنەما پێویستەكانی دەستپێكردنی شۆڕش نەخەمڵیبوو . دواتریش ئەو ناكۆكیەی لە نێوان نوخبە سیاسیەكەو سەركردایەتیەكەیاندا هەبوو، بووە هۆی دابەشبوون و پاشانیش راكردنی  نوخبە سیاسیەكەو سەرئەنجامیش پەیوەندیكردنیان بە داگیركەری وڵاتەكەیانەوەو هاریكاریكردنی دوژمن بە دژی لایەنە عەشایەری و خێڵایەتیەكە كە لەبەرەی گەلدا بوو. كە لەهەموو بارێكدا ئەگەر نوخبەی سیاسی نوخبەیەكی درووست بێت دەبێ ئەو رابەرایەتی گەلی بكردایە لەلایەك دژی دوژمنی داگیركەرو لەلایەكی تریشەوە لە هەوڵی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتیدا بوایە بۆ بچووك كردنەوەی رۆڵی دامەزراوەكانی خێڵ و عەشیرەت و هەربەو پێیەش بۆ رووتكردنەوەی سەرۆك خێل و عەشیرەت و ئاغاو بەگ و شێخەكان لە جەماوەرو هەر لەو رووەشەوە ئەگەر ئەو نوخبە سیاسیەی شەستەكانی سەدەی رابردوو خاوەن روانین و ئاسۆیەكی روون بوونایەو نەكەوتنایەتە ژێر كاریگەری ئەملاو ئەولاوە دەیانتوانی بەهێمنی بەڕەكە لەژێر پێی بارزانی دەربهێنن . بەڵام ئەوان بە ئاراستەیەكی هەڵە كاریان كردو ئەنجامی هەڵەكانی ئەوانیش یەكەم دابەشبوونی لێكەوتەوە كە سەرئەنجام بووە هۆی لاوازی نوخبەی سیاسی كوردی لەبەرامبەر ئەو سەركردایەتیەی كە خودی ئەو نوخبەیە بە نەخوێندەوارو عەشایەر ناویان دەبرد، دووەمیش رۆڵەكانی كورد چوونە سەنگەری دژی یەكترەوەو خوێنی یەكتریان رژان، لە هەموویشی سەیرتر بەشێك لە خوێنەوارەكانی لایەنگری نوخبە سیاسیەكە چونكە دیدێكی روونیان نەبوو لە گەوهەرو ماهیەتی ناسیونالیزمی عەرەبی تێنەگەیشتبوون ، بەهیوابوون لە سایەی ئەو رژێمە خوێنڕێژەدا باسی كوردایەتی و مافەكانی كورد بكەن .

دیارە هەرچۆن نوخبە سیاسیەكە كورت بین و بێ لێكدانەوە بوو ، بەهەمان شێوە سەركردایەتی بارزانیش لە لوتكەی بورجێك وەستبوو ، لەو لوتكەوە بۆ خوارەوە سەیری ئەو نوخبە سیاسیەی دەكردو نەیدەویست بە هیچ شێوەیەك دانیان پێدا بنێت .

كەواتە دەردەكەوێت ئەوەی هۆكاری ئاژاوەو دابەشبوون و براكوژی ساڵانی شەستەكان بوو ، بەهیچ شێوەیەك جەماوەری خوارەوە نەبوو ، بەڵكو نوخبە سیاسیەكەو سەركردایەتی بارزانی بوون ، هەرچۆن ئێستاش هۆكاری پشێوی و ناكۆكی و گێرمەو كێشەكان ئەو نوخبە سیاسیەن كە لە سەركردایەتی حیزبەكانی تردان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی ، واتە هێشتا ئەو دوو سەنگەرە هەروەكو ساڵانی شەستەكان ماوەو سەرچاوەی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستانیش هەر هەمان عەقڵیەت و هەمان بۆچوونە .

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە چۆن ئەوكاتە جەماوەر یان پێشمەرگە یان باشتر بڵێین پێشمەرگەو چەكدارانی جەلالی ئامرازبوون بەدەستی سەركردایەتیەكانیانەوەو بە دژی یەكتر بەكاریان دەهێنان ئێستاش هەردوو لا بەهەمان شێوە بۆ ململانێكانی خۆیان جەماوەر بەكاردەهێنن و لەهەردوو قۆناغەكەشدا گوناهەكە لەملی سەركردایەتیە .

دیارە ئەو ژەهری دابەشبوونەی كە لە شەستەكاندا رژێنرایە ناو رۆحی كوردەوە وەكو شێرپەنجەیەك وایە كە تاكو ئێستاش رۆح و جەستەی كۆمەڵگەی كوردی دادەڕزێنێت و دەیخوات هەردوو لاش لە پێناوی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیاندا ئەو برینە دەكولێننەوەو نایانەوێت ساڕێژ ببێت .
لەدوای شكستی ساڵی 1975 یش كە جارێكی تر ، یەكێتی نیشتیمانی وەكو هێڵی درێژكراوەی جەلالیەت و پارتیش وەكو درێژەپێدەری سەركردایەتی بارزانی و مەلایی هاتنەوە مەیدان ، ناكۆكی و شەڕی نێوان نوخبە سیاسیەكە بەردەوام بوو ، كە ئەو شەڕو ناكۆكیەی نێوان نوخبەی سەرەوەی ئەو دوو لایەنە بێجگە لەوەی كە چەند دەورەیەكی شەڕی ناوخۆی لێكەوتەوە ، مەسەلەی لە پشتەوە كوشتن و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنی لایەنگرو كەسانی دیاری یەكتری بەردەوامبوو . لەو رووەشەوە رۆڵی نوخبەی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دوای بارزانیش تا ئەوپەڕی رادە بە نێگەتیف دادەنرێت .

لەدوای راپەڕینیش دیسان هەمان رق و كینەی نێوان ئەو نوخبە دابەشبووە لەیەكتری دەورەیەكی تری شەڕی ناوخۆی بە دوای خۆیدا هێنا كە بێگومان باجەكەیشی پێشمەرگەو جەماوەر دایان و خودی ئەو نوخبە سیاسیە كە پنتەكانی دەسەڵات و ئیدارەشیان كەوتە دەست و بەوپێیەش بوونە خاوەنی دەسەڵاتی ئابووری لە كوردستاندا لەو كاتەوە بۆ ئێستا بەردەوامن لە ناكۆكی سیاسی خۆیان و لە ژێریشەوە لە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان رێكن .

كارەكانی ئێستایان زیاتر لەوەی وەكو كاری سیاسی دەربكەوێت وەكو كاری قاچاخچی دەردەكەوێت بەجۆرێك كە بە ناوی دیموكراسی و ئازادی و مافی خەڵك و درووستكردنی سیستێمێمی یەڕێوەبردنی باشەوە بەردەوام قسەدەكەن و ناكۆك و ناتەبا دیارن و بەو ناكۆكیە رووكەشەیان جەماوەرییان سەرقاڵ كردووە بۆ ئەوەی بیر لە هیچ نەكاتەوەو سەرەئەنجامیش سەرباری رق و كینەی ژەهراوییان لەیەكتر لەپشتەوە لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان كۆك و تەبان و هەریەكەش بەجۆرێك بەشدارن لەو گەندەڵی و دزی و پشێویی و بێسەروبەرییەی لە كوردستاندا هەیە. واتە كوردستان ئەو جوگرافیایە كە بەدەستی نوخبە سیاسیەكەیەوە داماوەو ئەوەی تاكو ئێستا رێگرە لەبەردەم بەرەو پێشەوەچوونی ئەم كۆمەڵگەیەدا ئەو نوخبە سیاسیەیە كە لە رووی سایكۆلۆجییەوە نەخۆشەو دەیان گرێی هەست بەكەمی كردنی هەیەو ئەوەی بیری لێدەكاتەوە بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیەتی یان رشتنی رقە مێژووییەكانی خۆیەتی یان لەوجۆرەیە كە هیچی بێ عەیب نییەو گرنگ بۆ ئەو ئەوەیە كە ناوی بهێنرێت و بەرژەوەندییەكانیشی پارێزاو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەر گروپە لەو نوخبە سیاسیە بەو پێیی دابەشبوون بەسەر حیزب و لایەنەكاندا قاعیدەو لایەنگرانی خۆی بە هەموو جۆرێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی بەكار دەهێنێت كە ئەو بەرژەوەندییە تەسكانەش تاكەكەسی بێت یان هی گروپ یان حیزبی، ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو نیشتیمانداو تەنانەت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەو قاعیدەو جەماوەرشدا كە نوخبە بۆ مەبەستەكانی خۆی بەكاریان دەهێنێت .
لەراستیدا ئەوەی خەڵك دەیەوێت لە كوردستاندا ژیانێكی باش و ئاشتی و ئاسایش و هێمنیە . بەلای جەماوەرەوە گرنگ نییە كێ بەڕێوەی دەبات و كێ سەرۆكەو كێ وەزیرەو كێ دادوەرە . بەڵكو ئەوەی گرنگە بۆ جەماوەر چۆن بەڕێوە دەبرێت ، واتە جەماوەری خەڵك ئەوەی بەلاوە گرنگە كە بتوانێت بە باشی و بەبێ ترس و بە كەرامەتەوەو لەسایەی سیستێمێكی عادیلانەدا بژی و پێداویستیەكانی ژیانی بۆ فەراهەم كرابێت . بەڵام نوخبەی سیاسی هەرچۆن ژیانی باش و ئاسوودەیی و هێمنی و تەنانەت ئاشتی كۆمەڵایەتیشیان بەهۆی كێشەو بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە لە جەماوەر داگیركردووە، ئەو جەماوەرش بۆ شەڕەكانی خۆیان بەكار دەهێنن كە ئەویش شەڕی مەنسەبە ، كە بێگومان ئەو نوخبەیەش مەنسەبیان لە پێناوی مەكسەبدا دەوێت .

دیارە ئەو نوخبە سیاسیە سوودێكی زۆریشیان لە لاوازی ئاستی هوشیاری خەڵك وەرگرتووە . ئەگینا پێموایە ئەم نوخبە سیاسیەی كە لە پەنجا ساڵ پێش ئێستاوە لە كوردستاندا دەركەوتووەو نەوە لە دوای نەوە رووبەرەكەیان فراوانتر دەبێت ، لەهەر وڵاتێكی ئاسایدا بوونایە كە جەماوەرێكی كەمێك هوشیاری هەبووایە ، ئەوا ئەو جەماوەرە رادەپەڕین بۆ ئەوەی سەرلەبەری ئەو نوخبەیە ببەنە بەردەمی دادگایەكی عادیلانە ، ئەو نوخبەیەی كە ئێستا لەسەركردایەتی كۆی حیزبەكانی كوردستاندان كە هۆكاری براكوژی و تێكچوونی ئاشتی كۆمەڵایەتی و لێكهەڵوەشاندنی ئەخلاقی كوردەوارین و سەركردایەتی دزی و گەندەڵی و بەتاڵانبردن و مەنسوبیەت و مەحسوبیت دەكەن لە وڵاتداو زۆرێكیشیان بە شێوازی جۆراوجۆر ملكەچ و ئەڵقە لە گوێی ئەملا یان ئەولان و تەنانەت بەشێكیشیان فایلداری سەردەمی بەعسن .. بەڵی بێگومان كورد میللەتێكی بەدبەختەو رەنگە لە رووی بایۆلۆجیشەوە گرفتی لە جینەكانیدا هەبێت ، هەربۆیە بەردەوام ئەم جۆرە نوخبە نەخۆش و رقاویە بەرهەم دەهێنێتەوە ، هەربۆیە بەردەوام ئەم جەماوەرە بەرهەم دێنێتەوە كە كوێرانە دوای ئەم نوخبە نەخۆشە دەكەوێت و چەپڵەیان بۆ لێدەدات .

بەڵی دەتوانین بڵێین لە خامۆشی جەماوەرە ئەم نوخبەیە بێ باكانە چۆنی بوێت یاری بە چارەنووسی جەماوەری خامۆش و نووستوو دەكات ، بەڵام جەماوەرێك سەرباری خامۆشی و كەم ئاگاییەكەی تا سەرئێسقان دڵسۆز بۆ نیشتیمانەكەی ، بەڵی ئەو جەماوەرەی كە نە خاوەنی سەركردەیەكە بەرەو كەناری ئارامی ببات نە خاوەنی نوخبەیەكە رێگای بەرەو ئایندەی نیشان بدات ، بەڵكو خاوەنی ئەو نوخبەو سەركدانەیە لە پێناوی خواست و ویست و ئارەزووەكانی خۆیاندا پێ بەسەر سەری هەموو جەماوەردا دەنێن و دەیكەن بە پردو بەسەر پشتیدا دەپەڕنەوە .

بەڵی كورد ئەو نەتەوەیە كە سەركردەكانی جەماوەرییان بۆ چەپڵەلێدان دەوێت و نوخبەی سیاسیش جەماوەریان بۆ بەگژداكردنی یەكتر دەوێت تا بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەو ئاژاوەو پشێوییەدا جێبەجێ بكەن ، هەمان شێوەی ئەو ماسیگرە نامەردانەی كە لە ئاوی لێڵ و لیخندا راوەماسی دەكەن .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی