Newshirwan-Barzani

 نەبەز گۆران : سیستەمی پەرلەمانی ، سەرۆكایەتیەكی تەشریفاتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كاتی خۆی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق ، ململانێكی سەختی كرد تا عێراق ، ببێتە سیستەمی پەرلەمانی . ئەو كوردانەی لەو ململانێیدا بەردەوام شەری ئەوەیاندەكرد ، عێراق لە سەرۆكایەتیەوە بكەنە پەرلەمانی ، هەریەك لە ( تاڵەبانی ، نەوشیروان مستەفا ، بارزانی ، مەحمود عوسمان ، سەلاحەدین بەهادین ). ئەم گروپە كە خودی بارزانیشی تێدابوو ، پێیانوابوو ، هەمیشە سیستەمی سەرۆكایەتی دیكتاتۆر دروستدەكات و سیستەمی پەرلەمانیان بە هاوكاری شیعەكان چەسپاند . كەچی ئێستا لێرە ئەو دەنگەی داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكرد بۆ عێراق ، لە پێناو خۆی بەنیازە ، بۆ هەرێم دژی ئەو سیستەمەبێت و سیستەمی سەرۆكایەتی بكاتە بنەمای دەسەڵاتەكان !

سیستەمی پەرلەمانی و بنەماكانی دیموكراسی :
لە سیستەمی پەرلەمانیدا :
یەكەم :
ئیتر سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵناژێدرێت و لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێدرێت .
دووهەم :
فایلی دەرەوە ، فایلی دیبلۆماسی ، دەكەوێتەوە دەست پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیریان ، چیتر سەرۆكایەتی هەرێم ناتوانێت بە مەیلی خۆی ، جوڵە بەو فایلە بكات .
سێهەم :
سەرۆكایەتی هەرێم ،  لە ژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت ، بە پێچەوانەی ئێستا ، پەرلەمان لە ژێر چنگی سەرۆكایەتی هەرێمە .
چوارەم :
سەرۆكی هەرێم چیتر فەرماندەی هێزەچەكدارەكان نیە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەبێتە فەرماندەی هێزەچەكدارەكان و بۆ جوڵاندنی هێزیش پێویستی بە بریاری پەرلەمانی دەبێت و وەك ئێستا نیە ، سەرۆكای هەرێم چۆنی بووێت بەو جۆرە جوڵە بە هێزەكان دەكات .
پێنجەم :
سەرۆكایەتی هەرێم ، وەك سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ، دەبێتە سەرۆكایەتیەكی تەشریفاتی .
شەشەم :
پەرلەمان ، دەبێتە دەسەڵاتی چاودێری بەسەر كۆی دامودەزگاكانی هەرێم ، پێش هەموویان سەرۆكایەتی هەرێم .
حەوتەم :
سەرۆكی هەرێم بۆ هەر سەفەرێكی دەرەوەی وڵات لە رووی دیبلۆماسیەوە ، پێویستە رونكردنەوە بە پەرلەمان بدات .
هەشتەم :
كۆی ئەو دەسەڵاتانەی ئێستا دراون بەسەرۆكی هەرێم لێدوەردەگیرێتەوە و دەدرێنە پەرلەمان و بۆ جێبەجێكردنی هەر دەسەڵاتێكیش دەبێت پەرلەمان كۆببێتەوە و گفتوگۆی لەسەربكات ، تاكو رێك بكەون لەسەری .
ئەو خاڵەی لە هەمووی گرنگترە ، چیتر هیچ تاكە كەسێك ناتوانێت ببێتە ستەمكار و كۆی جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات بەكار بهێنێت بۆ خۆی و حیزبەكەی .

لە سیستەمی پەرلەمانیدا ، پەرلەمان پاییەی یەكەمی دەسەڵاتەكانە ، نەك تاكە كەسێك .

ئەو ململانێیەی ئێستا لەسەر سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت ، بنەوانەكەیی بریتیە لە وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە كەسێكەوە ، بۆ پەرلەمانی گەل .
ئیدی هەركەسێك پێیخۆشە بەم جۆرە سەرۆكی هەرێم بێت ، وەك سەرۆك كۆماری عێراق تەشریفاتی بێت ، مافی خۆیەتی لۆبی بكات لەناو پەرلەمان و دەنگ بەدەست بهێنێت و لەسەر ئەو كورسیە دابنیشێت .
ئەمە پوختەیەكی سیستەمی پەرلەمانیە ، بەرامبەر سیستەمی سەرۆكایەتی .

س ـ فەیسبوکی نوسەر