Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید : سایکۆلۆژیای فەندەمێنتالیزم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تێگەیشتنی چەمکی فەندەمێنتالیزم و ڕاڤەکردنی ئەدگارو خەسڵەتەکانی لە ئەمڕۆدا ئەرکێکی گرنگی ڕووناکبیران و توێژەرانی بواری سیاسەت و سایکۆلۆژیاو کۆمەڵناسییە . ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر کۆمەڵگای مرۆیی ڕووبەڕوی مەترسی ڕاڤە تووندوتیژوو لێکدانەوە سەختگیرەکانی ئایین دەبێتەوە ، گروپ و دەستە فەندەمێنتالەکان بە هەڕەشەی گەورەو مەترسیدار بۆ سەر شارستانیەت مەدەنییەت و بیری ئازاد دادەنرێن کە لە ئەمڕۆدا دەرئەنجامی سیستمی دژە ئینسانی سەرمایەداری و بێباکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و زیاد بوونی کەلێنی گەورەی چینایەتی لە نێو دەوڵەتانی قەیراناوی ڕۆژهەڵات و سەرهەڵدانی پووچگەراییەکی کوشندە لە نێو دەوڵەتانی پێشکەوتوی ڕۆژئاوایی ، ئەگەری سەرهەڵدانی تووندووتیژی و وێرانکاری لە هەموو کاتێکی تر زیاتر لە ئارادایە .

ئەگەر لە ڕابووردوودا فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی تەنها گوزارشتی لە کۆمەڵگای ئیسلامی و دەوڵەتە ئیسلامییەکان کردبێت بە عەرەب و غەیرە عەرەبەوە ، ئەوا ئەمڕۆ ڕێکخراوی ( داعش ) کە نمایندەی فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی و بەرجەستەکەری بیری ئووسوولی و بونیادگەرایی ئیسلامە سیمایەکی جیهانی وەرگرتووە و خەسڵەتێکی نێو نەتەوەیی بە خۆیەوە بینیوە .  چەکداران و ئەندامانی داعش تەنها لە ژێر ناوی هاووڵاتیانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان پێناسە ناکرێن و هاووڵاتیانێکی زۆری جیهانی ڕۆژئاوایی لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن ، هەر وەک ناکرێت تەنها لە دیدی ئایینیەوە بۆ بابەتەکە بڕوانین و لە ڕوانگەی سیاسی ڕووتەوە سەیری کێشەکان بکەین ، بەڵکو ڕەهەندی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و هتد .. نەخشی سەرەکی لە ڕاڤەکردنی ئەم بابەتەدا دیاری دەکەن .

ئەو هۆکارەی تاکێکی کورد ئالوودەی ئەم ڕێکخراوە دەکات هەمان ئەو هۆکار و پاڵنەرە نییە کە تاکێکی ڕۆژئاوایی بەرەو فەندەمینتالیزم پاڵدەنێت و بۆ ناو داعش ڕاپێچی دەکات ، بە هەمان شێوە پاڵنەری تاکێکی کورد یان بیانی هاوشێوەی پاڵنەر و هۆکاری پابەند بوونی تاکێکی عەرەب نییە بۆ هەمان ڕیکخراو . هەر بۆیەش دووچاری هەڵە دەبین ئەگەر لە یەک دیدگاوە خویندنەوە بۆ بیری فەندەمێنتالیزم و هزری داعش بکەین .

لە ئەمڕۆدا دوو ڕاڤەی جیاواز و تا ڕادەیەکیش دژ بەیەک بۆ سەرهەڵدانی داعش و بیری فەندەمینتالیزمی ئیسلامی لە ئارادایە ، کە دەتوانین بڵێین هیچ کام لەو دوو ڕاڤەیە ناتوانێت تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست و کۆنکرێت لە هزری فەندەمێنتالیزم بە دەستەوە بدات . لە کاتێکدا یەکەمیان لە ڕوانگەی پیلانی ڕۆژئاواییەوە لە بابەتەکە دەڕوانێت و سەرهەڵدانی داعش تەنانەت هزری فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیش وەک پیلانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەسەرووی هەمووشیانەوە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاو لێدەکات ، لای ئەم بەرەیە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا و کارکردنیان بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ستراتیژی و سیاسی و ئابوریەکانیان لە پشتی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوە پەڕگیرانەوەن ، ئەم بەرەیە لایەنگرانی ئیسلام و نووسەر و ڕووناکبیرانی ئیسلامی نوێنەرایەتی دەکەن . بەڵام بەرەی دووەم کە کەسانی عەلمانی و نا ئایینی پێکیدەهێنن  بە تووندی هزری فەندەمێنتالزمی ئیسلامی بە دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلامەوە گرێدەدەن و ئایین بەسەرچاوەی یەکەم و کۆتایی هزری فەندەمێنتالیزم و سەرهەڵدانی بزاوت و ڕەوتە توندڕەوو ڕادیکالە ئیسلامییەکان دەزانن .

بێگوومان ڕای هەریەک لەم دوو بەرەیە لە ڕوانگەیەکەوە ڕاستەو بەشێکی حەقیقەتەکان بەرجەستە دەکات ، بەو مانایەی هەم ڕۆژئاوا لە سەرهەڵدانی بزاوتە توندڕەوەکان بەشدارن و هەم ئایینی ئیسلام و دەقەکانی قورئانیش خۆراکی سەرەکی ئەم بزاوت و هزرانە دابین دەکەن .

کاتێک باسی فەندەمێنتالیزم دەکەین مەبەستمان تەنها فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی نییە ، یاخود هزری پەڕگیری ئایینی نییە بە تەنها ، بەڵکو فەندەمێنتالیزم زاراوەیەکی سیاسی یەو بەسەر هەموو ئەو بزاوت ڕەوتە ئایینی و نا ئایینی یانەش پراکتیزە دەبێت کە سروشتێکی پەڕگیر و توندووتیژوو ڕادیکالانەیان هەیە و دژی هەر گۆڕانکاری و کرانەوەیەکن و بە تووندی بەسەر خۆیاندا داخراون و هەر ئایدییایەک ڕەتدەکەنەوە کە لە دەرەوەی خۆیانەوە ئاراستە کرابێت . (جۆرج مارسدین- Georg Marsden) پێناسەی فەندەمێنتالیزم دەکات بەوەی : ” داخوازییەکە بۆ پێگیری کردنێکی تووندی دڵنیا لە بیروباوەڕێکی ئایینی وەکو پەرچە کردارێک دژی ئایینزانی مۆدیرنە .” یاخود پێناسە کراوە وەکو : ” بیرکردنەوەو ڕەفتارکردن لەسەر بنەڕەتی بیرو ئەندێشەو ڕەفتاری سەردەمەکانی ڕابووردوو کە زۆربەی جار دەگەڕێتەوە بۆ سەر باوەڕێکی دینی و سەرئەنجام لەسەر شانۆی سیاسەتدا دەردەکەوێت .” ڕەگی ووشەی فێندەمێنتالیزمیش لە فەندەمێنتال (Fundamental) وەرگیراوە کە ووشەیەکی ئینگلیزیی یەو واتای ( بنچینەیی یان ڕەگ و ڕیشەیی یان بنەڕەتی ) دەگەیەنێت ، (Fundamentalism) یش پاش لکاندنی پاشگری ( یزم-ism ) سیفەتی ئایدۆلۆجی وەردەگرێت و وەکو هزرێکی سیاسی و فەلسەفی گوزارشت لە خۆی دەکات . ( کامەران حمە سعید ) لە کتێبی ( فەندەمێنتالیزم) کە چەند ڕاڤەیەکی خۆی و چەند دەقێکی وەرگێڕراو دەربارەی فەندەمێنتالیزم و بیری فەندەمێنتالزمی ئیسلامی لە خۆ دەگرێ ، لە ڕاڤەی فەندەمێنتالیزمدا دەڵێت : ” فەندەمێنتالیزم لە هەموو ئایینەکانی ئیسلامی و مەسیحی و یەهودی و بودایی و هیندۆسیدا کەم و زۆر بوونیان هەبووەو هەر هەن و هەموویان لەم چەند خاڵەدا هاوبەشن :

     1 – گەڕانەوە بەرەو ڕابووردوو و دەقەکانی ئایین .

     2 – خۆ بردنەوە سەر – سەلەفی ساڵح .

     3 – ڕەچاو نەکردنی سەردەم و شوێن و نەکرانەوە بە ڕوویدا .

     4 – ڕواڵەتگەری بێ سنوور و دەمارگیری و پەڕگیری .

     5 –  خۆ بە حەق زانین و تاپۆکردنی حەقیقەت .

     6 – تووندووتیژی لە بەرامبەر هەموو کەس و هەموو فیکرێکدا .

     7 – تەکفیر .

     8 – موتوربە کردنی سیاسەت لە ئایین .

     9 – موتوربە کردنی گرفتە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئایین .”

لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت فەندەمێنتالیزم بە دوژمنی کرانەوەو نوێگەری وەسف بکەین ، لێرەشەوە فەندەمێنتالیزم لە کۆنسەرڤاتیزم نزیک دەبێتەوەو گەڕانەوە بۆ ڕابووردوو ڕەتکردنەوەی ئێستا دەکاتە بەرنامەی کاری خۆیی و هەر نوێگەری و کرانەوەیەک بە لادان لە ئایین و نزیک بوونەوە لە کوفر و بێ ئیمانی پێناسە دەکات . هزری فەندەمێنتالیزم زیاتر هۆگری ئایینەو لەگەڵ تێڕوانینی ئایین بۆ دونیاو مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی نزیکایەتی هەیە ، هەر بۆیەش  زیاتر شەقڵێکی ئایینی بە خۆیەوە دەگرێت و بە ئایینەکانەوە خۆی گرێ دەدات . فەندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان خۆیان بە ڕابەرو فریادڕەسی ئەخلاقی کۆمەڵگای خۆیان دەزانن ، پێیان وایە ئەو کۆمەڵگایە بەهۆی هەڵگەڕانەوە و دوورکەوتنەوە لە ئایین و خوداو دەقەکانی قورئان و فەرموودەو ڕاسپاردەکانی پێغەمبەرەوە دووچاری فەسادی ئەخلاقی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بووە ، وا لێکدەدەنەوە کە مێژووی ئیسلامی بەرەو تیاچوون و نزم بوونەوە دەڕوات کە دەبێت لەسەر دەستی ئەماندا دووبارە بژێتەوە و بەرنامەکانی خودا لەسەر هەموو مرۆڤایەتی پیادە بکرێت .

دەتوانین ڕەگی فەندەمێنتالیزم بۆ سێ ڕەهەندی سەرەکی بگێڕینەوە یاخود سێ فاکتەری گرنگ لە داڕشتنی هزری فەندەمێنتالیزم بە بنەڕەتی و کاریگەر دابنێین ، کە ئەوانیش خێڵ و ئایین و قەیرانی کۆمەڵایەتین . خێڵ و کلتوری خێڵەکی بەرهەمهێنەری هزری توند و داخراوی فەندەمێنتالیزمەو ئایینیش خۆراکی سەرەکی ئەو هزرە دابین دەکات و قەیرانە کۆمەڵایەتیەکانیش یاریدەدەری سەرەکی زەق بوونەوەو بەرجەستەبوونی هزری پەڕگیرو ڕادیکال و فەندەمێنتالیزمن .

خێڵ وەکو سەرەتاییترین بنەماکانی پەیوەندی مرۆیی هەڵگری شێوازێکی دیاریکراوی ڕەفتارە کە لە سەر بنەمای خوێن و خزمایەتی دادەمەزرێت و لە سروشتی مرۆڤەوە نزیکە و ڕەگی قووڵی لە سایکۆلۆژیای مرۆڤدا داکوتاوە ، ئەم قۆناغە هێشتا دژەکەی خۆی نەناسیوە کە شارستانییەتەو مرۆڤ تیایدا ئامادو پەروەردە دەکرێت بۆ ژیانێکی دەستکرد بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە لە سروشتی مرۆیی و هەڵکشان بەرەو کەماڵ و باڵایی لەڕێی پەروەردەوە . لە سیستمی خێڵدا مرۆڤ زیاتر لە ژێر کاریگەری پاڵنەرە غەریزییەکانیدا ڕەفتار دەکات ، ئەم سیستمەش بە تێپەڕبوونی کات کلتورێکی دیاریکراو بەرهەم دێنیت کە هەڵگری خەسڵەت و سیمای تایبەتی خۆیەتی . تاکی خێڵەکی زۆر کۆنسەرڤاتیڤەو لەهەر گۆڕان و ئاڵوگۆڕێک دەترسێت و بە توندی پابەندی ئێستا دەبێت و لە داهاتوو سڵ دەکات ، شانازی بە ئازایەتی خۆیەوە دەکات و جەنگاوەری و توندووتیژی و نالێبووردەیی سیمای سەرەکییەتی و زۆر بە توندی بە گژ هەر بیروبۆچونێکدا دەچێتەوە کە لەگەڵ ڕوانینەکانی خۆیدا ناکۆک بێت . تۆڵەکردنەوە خەسڵەتێکی دیارو پیرۆزی خێڵ و تاکی خێڵەکییە ، تۆڵە کردنەوە بنەمای سەرەکی سیستمی خێڵ پێکدێنێت و تاکی خێڵەکی ئەگەر تۆڵە نەکاتەوە ئەوا دەکەوێتە بەر لۆمەی خەڵک (ئەوانی تر) و لۆمەی خەڵکیش خراپترین سزایە کە ڕووبەڕووی تاکی خێڵ دەبێتەوە . ڕوانینی خەڵک بنەمای ڕەفتاری تاکی خێڵەکی پێکدێنێت ، بوونە جێگەی ڕەزامەندی خەڵک هەمیشە تاک و ڕەفتاری تاک ئاراستە دەکەن ، بەم پێیە تاکی خێڵەکی تاکێکە بەتوندی گیرۆدەی خەڵکەو خاوەنی ڕەفتارو بیرو ئەندێشەی ئازادانەی خۆی نییە . ئەم تاکە ناتوانێت سەربەخۆ بێت و گوزارشت لە ئیرادەو ویستی ڕاستەقینەی خۆی بکات و خاوەنی دونیابینی و تێڕوانینی ئازادانەی خۆی بێت ، بەمەش بەردەوام خۆنواندن و بیری توندوتیژی و خود پەسەندی و ئەویتر ڕەتکردنەوە و نالێکبوردەیی لە دۆخی خۆبەرهەمهێناوەدا دەبێت . ئەم ڕوانگە خێڵەکییەش نزیکایەتی زۆری لەگەڵ هزری ئایینی هەیەو بەتوندی تێوەی دەئاڵێت و پێوەی پابەند دەبێت ، تێڕوانینی ئایینیش بەو پێیەی تێڕوانینێکە لە پێشینانەوە ماوەتەوەو گەورەکان پەسەندیان کردوە و سەپاندوویانەو وەکو تێڕوانینی باش و دروست ڕەزامەندیان لەسەر داوە ، ئەوا بە تووندی لە ناخی تاکدا دەچەسپێ و لێدەرچوونی وەکو تاوان و گووناهێکی گەورە سەیر دەکرێت بەو پێیەی تاکی خێڵەکی ئەڵقە لە گوێی کلتوری پێشینانەو بەموو لێی لانادات. لەم ڕوانگەیەوە ڕەفتاری خێڵەکی زەمینەی سەرهەڵدانی بیری فەندەمێنتالیزم دەسازێنێت ، تاکێکی تووندووتیژ و نالێبووردەو پەڕگیر بەرهەم دێنێت کە هەمیشە ئامادەییە لە پێناوی بیرو باوەڕەکەیدا بکوژێت و بکوژرێت .

ئایین و دەقە ئایینیەکانیش پاساوی کردەوەکانی مرۆڤی تووندڕەوو ڕادیکال و پەڕگیر فەراهەم دەکەن ، فەندەمێنتالیستەکان لە نێو دەقی کتێبە پیرۆزەکان و فەرموودەکانی پیغەمبەردا بە دوای پاساوی کردەوەکانیاندا دەگەڕێن و ڕەفتارە نامرۆڤانەو دزێوەکانیان وەکو یاسایەکی ئاسمانی پیرۆز یاخود دەستوورێکی خودایی باڵا گوزارشت لێدەکەن . بەمەش بە کردەوەکانیان شەقڵێکی پیرۆز دەبەخشن و خۆیان وەکو بەرجەستەکەری ویستی خودا لەسەر زەوی دەخەنە ڕوو ، وا لە خۆیان دەڕوانن وەکو ئەوەی ئەمان نوێنەرایەتی ئیرادەی خوا دەکەن و دادپەروەری خواوەند لەسەر زەوی لەسەر دەستی ئەمان و لە ڕێی کردەوەکانی ئەمانەوە بەدیدێت .

عەقڵانیەتی خێڵ و دەقی ئایینی هێشتا ناتوانن زەمینەی سەرهەڵدانی فەندەمێنتالیزم بسازێنن ئەگەر دۆخە بابەتیەکە لەبار نەبێت و قەیران و کەلێنی گەورەی کۆمەڵایەتی لە ئارادا نەبێت ، لەم ڕووەوە دەتوانین نالەباری دۆخی ژیان لە نێو کۆمەڵگاو هەبوونی کەلێنێکی گەورەی ئابووری لە نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی و جیاوازی قووڵ لە نێو گروپ و دەستەو توێژە کۆمەڵایەتیەکان بە پاڵنەری سەرەکی سەرهەڵدانی تووندوتیژی وەسف بکەین و سازبوون و گەشەکردنی ئایدییاو هزری فەندەمێنتالیزم بە دەرئەنجامی ئەم پاڵنەرە بزانین .

ئەگەر ئەم فاکتەرانەی باسمان کردن وەڵامی سەرهەڵدان و دروستبوونی بزاوت و هزرە پەڕگیر و ڕادیکالەکانمان لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵات دەستبخەن ، ئەوا بە چ پێودانگێک دەتوانین وەڵامی ئالوودەبوونی گەنجانی ڕۆژئاوا بە بزاوتە فەندەمێنتالیستەکان بدۆزینەوە . لە لایەک کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی سەردەمانێکە قۆناغی خێڵەکی بەجێ هێشتووەو پێی ناوەتە نێو دونیای شارستانیەت و مەدەنیەتەوە ، لە لایەکی تر ئەو کەلێنە کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئابووری و سیاسییانەی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دیاروو زەقە لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بەو ڕادەیە بەرچاو ناکەوێت . چۆن دەتوانین ڕاڤەی ئەم پرسە بکەین؟

لێرەدا پێویستە پەنا ببەینە بەر ڕاڤەکردنی بوونگەرایانە لە مرۆڤ و کێشەکانی لە کۆمەڵگای ڕۆژئاواییدا ، بەو پێیەی کێشەکانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی هەمان کێشەو گیرووگرفتەکانی مرۆڤی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگا ئیسلامییەکان نین ، مرۆڤی ڕۆژئاوایی هەمان شێوەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی دووچاری کێشەگەلی قووڵ و گەورەیە بەڵام سروشت و جۆری کێشەکان جیاوازن . لە ڕۆژئاوا دەرئەنجامی دونیای مۆدێرن و دەرکەوتنی ئامرازگەرایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو زاڵبوونی زانستگەرایی ، بۆشایەکی قووڵی ڕۆحی و مەعنەوی لە ئارادایە ، زانست و عەقڵ کۆنترۆڵی گشت کایەکانی ژیانیان کردوەو خۆیان بەسەر بونیادی عەقڵ و ڕەوتی بیرکردنەوەی تاکەکاندا سەپاندووە . مادیگەرایی ، ئینسانی ڕۆژئاوایی بۆ ئاستی کاڵا دابەزاندوەو وەکو ئامێرێکی لێکردووە لەنیو ئەو دونیایەی کە خۆی بووەتە ئامێرێکی زەبەلاح . بەمەش مرۆڤ سەرباری دابین بوونی داخوازییە مادیی و ڕەمەکییەکانی ، بۆشاییەکی قووڵی ڕۆحی درک پێدەکات و دووچاری لە خود نامۆبوونێکی کوشندە دەبێت ، ئەم مرۆڤە بەدوای دەرەتانێکدا دەگەڕێت خۆی پێ ڕزگار بکات و لە داوی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا دەربازی ببێت . مادیگەرایی مرۆڤێکی ڕۆبۆت ئاسا دروست دەکات مرۆڤێکی بەئامێر بوو ، کە شووناسی خۆی وون کردوەو بەدوای سەرەداویکدا دەگەڕێت لە ڕێگایەوە پێناسەی خۆی بکات ، زیادکردنی بەرهەم و پێشخستنی تەکنەلۆجیا بووەتە ئامانجی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی و ڕەتاندنی مرۆڤیش بووەتە ئامرازی سەرەکی ئەو ئامانجە . ئایینی مەسیحیش کاتێک بۆ دەزگایەکی مادی هەمان شێوەی دەزگاکانی تری دەوڵەت دەگۆڕێت چیتر لەوە دەکەوێت وەڵامی پیداویستییە ڕۆحی و مەعنەویەکانی مرۆڤی مەسیحی بداتەوە ، بۆیەش ئەم مرۆڤە پەنا دەباتە بەر هەر ئایینێکی تر ئەم بۆشاییە ڕۆحیەی بۆ پڕ بکاتەوە و کاتێکیش بە ئایینی ئیسلام ئاشنا دەبێت پێی سەرسام دەبێت و ئالوودەی دەبێت . تاکێکی ڕۆژئاوایی کاتێک لەنێو بیرۆکراسییەتی دەوڵەتی تا ڕادەی ئاژەڵێکی قێزەون دەڕەتێنرێت و کاری پێدەکرێت ، دووچاری ڕقێکی توند لە کۆمەڵگا دەبێت و دەیەوێت خۆی لێ ڕزگار بکات ، دەبێتە تاکێکی دەروون نەخۆش و ویژدان بیمار بۆیە دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و خۆی ڕەها بکات ، بەڵام کاتێک ڕەمەکی ژیان ڕێگری وەها کارێکی لێدەکات و مردنیش هیچ سەبووریەکی پێنابەخشێت ” مردنیش بێ مانایە ” ئەوا ئەم تاکە دەروون نەخۆشە لە نێو گروپ و بزاوتە فەندەمێنتالیستە ئیسلامیەکاندا مانایەک بۆ مردنی خۆیی و کوشتنی ئەوانی تریش دەدۆزێتەوە ، هیچ نەبێت بە ویژدانێکی ئاسودەوە دەمرێت . لەم سەرباسەوە دەتوانین هۆکاری پەنابردنی تاکە ڕۆژئاواییەکان بۆ بزاوت و ڕەوتە ڕادیکال و تووندڕەوە ئیسلامییەکان بۆ فاکتەری سایکۆلۆژی و ووجودی بگێڕینەوە نەک ئایینی .

بەگوێرەی ئەوەی خستمانە ڕوو دەکرێت بڵێین فەندەمێنتالیزم چەمکێکی سایکۆلۆژییە زیاتر لەوەی چەمکێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت ، یاخود باشتر بڵێین ڕەهەندی سایکۆلۆژی و ووجودی نەخشی سەرەکییان لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی فەندەمێنتالیزم هەیە . کلتوری خێڵ و دەقی کتێبە پیرۆزەکان و قەیران و کێشە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان هۆکار وفاکتەری سەرەکی هزری فەندەمێنتالیزم و بزاوت و ڕەوتە پەڕگیرو تووندڕەوەکانن .