babilonia

  کارزان غەفوور : ئایا دین لە بابلەوە دەستی پێ کردووە .  

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خویندنەوەیەک بۆ کتێبی ” الحياة الروحية فى بابل “

یەک لەو کتێبانەی لە پێشەنگای هەولێر وەچنگم خست ، کتێبی ” الحياة الروحية فى بابل” بوو ، کتێبەکە لە نووسینی توێژەر و نووسەری گەورە ” سوهێل قاشا ” یە ، وەشاندنی خانەی حیکمەی عێراقییە ، لە ٢٠١٣ لە بەغداد چاپکراوە .

کرۆکی کتێبەکە توێژینەوەیەکی وردە دەربارەی ، ژیانی ڕۆحیی و سەرهەلدانی سەرەتایی ئایین لە عێراقی کۆن و وڵاتی نێوان دوو ڕووبار .. بەتایبەت ، وەک لە ناونیشانی کتێبەکەیشەوە دەردەکەوێ ، ” بابل ” وەک نموونەی توێژینەوەکە وەردەگرێت .

ئایین وەک دیاردەیەکی مرۆکرد ، بێگومان سەرەتایەکی هەیە ، قاشا ، ئەو سەرەتایە دەگەڕێنیتەوە بۆ عێراق و لەوێش بۆ بابل . وەک لەسەرەتای کتێبەکەیەوە دەڵی ” ئەگەر مێژوو لە سۆمەرەوە دەست پێ بکات ، ئەوە من بەدڵنیاییەوە دەڵێم دین لە بابلەوە سەری هەڵ داوە و لەوێ گەشەی کردو پێگەیی ، و هەر لەوێشەوە بڵاوبووەوە ” .

بۆ ئەم مەبەستە سەرلەبەری کتێبەکەی تەرخان کردووە تا ئەوەی وتی بیسەلمێنێت .. زۆر ورد بە شوێنەوار و هەموو ئەو پارچە ئەدەبی و تاتەقوڕانەدا چووەتەوە ، کە دۆزراونەتەوە و لە مۆزەخانەکاندا پارێزراون ، کۆمەڵێک دەقی ئەدەبی ئەدیبەکانی عێراقی کۆنی زیندووکردونەتەوە ، کە چی وایان لە موناجاتەکانی دینە ئیبراهیمییەکان کەمتر نییە .

خوا فرە و جۆراوجۆرەکانی شیکردوونەتەوە ، کێ بووون ، چی بوون ، بەرپرسیارێتییان چی بووە ، کنە و پشکنینی بەڕەگی ئەو ئەفسانانەدا کردووە ، کە دەربارەی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی نێوان خواکان هۆنراونەتەوە ، پەیوەندیی سێکسیی خواکان بەیەکەوە .. پەیوەندیی سیاسیی و کۆمەڵایەتی .. ململانیی خواکانی ئاشتی و خوا شەڕەنگێزەکان .

پاشان دیوی سیاسییانەی دروستبوونی ئایین لێک دەداتەوە ، چۆن کاتێک شەڕی نێوان خوای کۆن ” تیامات ” خوای ڕووبارەکان و خوای نوێ ” مەردۆخ ” باس دەکات ، کە خوای ” ئەکەدییەکان ” بوو و دوای داگیرکردنی بابل ، دەیکەنە خوازلەی شار .. پاشان کاتێک ئاشووریەکان ناوچەکە داگیر دەکەن خوایەکەی خۆیان ” عەشتار ” کەپێشتر خوایەکی کشتووکاڵیی بوو ، و تەنها کاری ئەو پیت و فەڕی ڕەز و زەویوزار بوو ، دەبێتە خوایەکی سیاسیی و خوازلەی ناوچەکە .

کتێبەکە لە چوار بەش پێک دێ ، لە بەشی یەکدا باس لە بیرۆکەی ڕزگارکەر دەکات لای عێراقییە کۆنەکان ، دەری دەخات ، ڕزگارکەر ، کەسێکە دێت و دنیا ڕزگار دەکات لەو نەهامەتی و تاوان و شەڕەی تێیدایە ، باس لە ئەفسانەکانی ئەوان دەکات .. پاشان دێتە سەر باسی ئەفسانەی ڕزگارکەر لە دینە ئیبراهیمییەکاندا ، بێگومان لە دینی ئیسلامدا محەمەدی مەهدی هەیە و ، لە دینی مەسیحییەتیشدا باس لە وە دەکرێت کە عیسا بووە قوربانیی تا مرۆڤایەت ڕزگار بکات لە تاوانەکانیان .. نووسەر ڕیشەی ئەمانە پێکەوە دەبەستێتەوە .

بەشی دوو : باس لە ئەدەبیاتی دینیی دەکا ت، کنەو پشکنینێکی جوان و قەشەنگ بەناو ئەو موناجات و دەقە دینییە جوانانەی لە ستایشی خواکاندا نووسراون و بۆ گیرابوونی دۆعا و نزا هۆنراونەتەوە باس دەکات .. بۆ نمونە لەوان ئەم نمونەیە دێنینەوە :
 لەچیرۆکی خەلقی بابلییەوە هاتووە :
کاتێک لە بەرزاییەکاندا ئاسمان ناوێکی نەبوو !
لە نزماییەکانیشدا ، زەویی شتێکی وا جێی باس نەبوو
کاتێک لە هەوەڵی کاردا جگە لە ” ئەبسۆ ” ی باوکیان کەس نەبوو
لەگەڵ ” تیامات ” ی دایکیان کە دواتر هەموویانی هێنابوە دنیاوە
ئەوکات ئاوەکانیشیان پێکەوە لکابوون
ئەوکات هێشتا وشکانی و هۆر و زۆنگاوەکان لێک نەکرابوونەوە
هێشتا هیچ کام لە خواکان لەدایک نەبووبوون !
پاشان لە ناوەڕاستی ئەمانەوە خواکان لەدایک بوون ..

بەشی سییەم باس لە پەرستگا و هونەر و پەیامی پشت دروستبوونی پەرستگاکان دەکات کە بە زەققورە دەناسرێن .

لەبەشی چوارەمدا کە فراوانترین بەشی کتێبەکەیە ، باسیکی چڕوپڕ دەربارەی چارەنووس دەکات لە لای بابلییەکان ، مردن و دوای مردن لای ئەوان هەم لە لاهووتی بابلی ، هەم لە میتۆلۆژیا و شارستانیتییەکەیدا.. پاڵپشت بەو دەقە ئاینیایەی کە هەیە ، چۆن بابلییەکان لە مردنیان ڕوانیوە .. ڕقیان لیی بووە ، بۆچی ڕقیان لێی بووە .. بەشێک لە بابلیەکان بڕوایان وابووە ئەوان هەر لە سەرەتاوە مردوون .. لە یەکێ لە تاتەقوڕەکانیاندا هاتووە ” کاتێک خوا مرۆڤایەتی دروست کرد ، مرۆڤی تایبەت کرد بە مردنەوە .. تەمەنی دایەوە دەستی” .. بەمردووی لەدایک بووین . هەر لەم بەشەدا باس لە کاریگەریی لاهوتی بابلی دەکات بەسەر تەورات ەوە .. پاشان باسی نوێژە بابلییەکان دەکات ، نوێژی بە جەماعەت  و نوێژی بەتەنیا ..!

دوو پاشکۆی لەگەڵ دایە بۆ ناوی خواکان و پیشە و کارەکانیان ، هێندە بەسە بڵێین کە لەنێوان دووڕوباردا ٦٥٠٠٠ خوا هەبوون ، بەجۆرێک هەر ناوچەیەو خوایەکی هەبووە ، لەناوچەکەشدا هەر شارە و خوایەک ، لەشارەکەشدا جگە لە خوازلە ، هەر گەڕەکە و زیاتر لە خوایەکی هەبووە .

ماوەتەوە وەک بابلییە کۆنەکان بڵێین :
خوای پەروەدگارت بپەرستە
لەگەڵ لاوازەکان بەبەزەیی بە
گاڵتە بەدڵشکاوەکان مەکە
با چاکە سەرکردەت بێ و هەموو ڕۆژەکانت خزمەت بن
زەموزەمکاریی مەکە ، ئەوەبڵێ کە باشە
وەسفی خەڵک بکە و باسی خراپەیان مەکە

ئەم کتێبە بۆ کەسێک ، کە حەزی بە دێرینەناسی و میژووی ئایینەکان هەیە بەکەڵکە و چێژێکی تایبەتیی هەیە .