Mela-Bextiar

 سیروان عەبدول : نامەیەکی کراوە بۆ کاک مەلا بەختیار .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆ ئەوەی تۆش یەکێک نەبیت لە بکوژانی فەرخوندە !

ئەمڕۆژانە بە وردیی چاودێریی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی (دابڕان) و ئەو پەرچەکردار و دیبەیتانەم کرد کە بەدوای ئەو ڕاگەیاندنەدا هات .

بەلای منەوە کارکردن بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو کارکردە نێگەتیڤەدا کە ئیسلامیزەبوونی بەرفراوانی فەزای گشتیی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ سەر ئازادییە مەدەنییەکان و بۆ سەر پرۆسەی دیموکراتیی لەو هەرێمەدا هەیەتی، کارێکی گرنگە کە دواخستنی ئاکامی کوشندەی دەبێت .

لە ئێستادا ئەوەندەی من ئاگادار بم شەپۆلێکی توند لە فاشیزمی ئاینیی ، لەپێناو جێخستنی جیهانبینیی دوالیستییانەی موسڵمان / ناموسڵمان لەزیهنی خەڵکی کوردستاندا، لەسەر دەستی کۆمەڵێکی زۆر لە پیاوانی ئاینیی و حیزب و ڕێکخراو دەستی پێکردووە . ئەمە بێئەوەی بەرگرییەکی ئەوتۆ لەبەرامبەریدا هەبێت. بۆیە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دابڕانێک لەگەڵ ئەو بێباکیی و چاوترساویی و پۆپۆلیزمەی کە هەم دەسەڵات و هەم زۆربەی حیزب و سیاسەتمەداران لەئاست هێرشەکانی ئیسلامی سیاسیی و کۆنسەرڤاتیڤییەتی دینییدا بۆ سەر ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان پیشانی دەدەن ، هەنگاوێکی مەسئولانەیە و جێگەی دەستخۆشییە. بەتایبەت چونکە هەژمونی گەورەی ئیسلامیزم لە کوردستاندا و هەبوونی دەستی دەوڵەتانێکی بەهێز لەپشت مەددی ئیسلامیزمەوە لەوێدا ، وادەکات وەستانەوەی حیزب و سیاستمەدار لەبەرامبەر ئەو مەددەدا ( هەرچییەک بێت لە کورتماودا)  سیاسەتێک نەبێت ژمارەی دەنگدەری بۆ زیاد بکات . لەم ڕووەوە ئامادەیی تۆ بۆ کارکردن بە ئاراستەیەکدا کە پرەنسیپ ووزەی بزوێنەرێتی نەک جەماورێتیی، جێگەی دەستخۆشییە .

بەڵام ئەوەی منی نیگەران و نائومێد کرد ئەوە بوو ببینم ڕێکخراوێک، کە بڕیارە ناو و کۆنسێپتی (دابڕان) هەڵبگرێت ، یەکەم هەنگاوی دوای دامەزراندنی ئەوە بێت ڕایبگەیەنێت کە «خودا و قورئان و پێغەمبەر هێڵی سوورن ». بۆیە پێم باش بوو ئەم نامەیەت بە کراوەیی بۆ بنێرم و سەبارەت بەوە پرسیار بکەم کە ئایا چۆنە و بە چی لێکدانەوەیەکەوەیە تۆ پێتوایە ڕاگرتنی حەرەمی ئەو سیانە لەبەردەم ئازادیی دەربڕیندا، زەرورەتی هەیە و گرفتئامێز نییە .

من دەمتوانی ئەم نامەیە بەداخراو و بەشەخسیی بنێرم ، بەڵام بەکراوەیی دەینێرم چونکە ئەم پرسە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئازادیی دەربڕین و پرۆسەی بەدیموکراتییکردنەوە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا و، پێم گرنگە تاوتوێکردنی ئارگیومێنتە جیاوازەکانی دەوری ئەم پرسە لە فەزای گشتییدا بکرێت، چونکە من ئاگادارم ناڕۆشنییەکی زۆر لەناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا بەدەوری ئەم دۆزەدا هەیە و، ئەو ناڕۆشنییەش دەرگایەکی گەورەی کردۆتەوە بۆ پۆپۆلیستییەت و بۆ پشتتێکردنی پرەنسیپ لەلایەن ئەحزاب و سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی کوردەوە. ئەمە بووەتە دیاردەیەکی وا بەرچاو کە من پێموایە ئیتر پێشپێگرتنی ، بەشێکی گرنگی ئەو کارەیە کە دەبێت بکرێت بۆ دابڕان لەو گەشەیەی ئیسلامیزم کە ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەکشە بە کراوەیی کۆمەڵگای کوردیی و پرۆسەی دیموکراتیی دەکات لەوێدا .

*        *        *

من پێموایە ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت بۆ دابڕان لەو دۆخەی ئێستای کوردستان ، ئەوا تەنها هەر ئەو ڕێگەیەیە کە پێداگریی لەسەر ئەوە بکەین خاوەنی ڕا جیاوازەکان هەم ئازادیی دەربڕینیان هەبێ و هەمیش تۆڵێڕانسیان بۆ ئازادیی دەربڕینی تەرەفی بەرامبەر هەبێ؛ وە ئازادیی تەرەفێک تەنها لەوێدا سنووری بۆ دابنرێت کە ئاشکرا دیار بێت یەکێک لەو مافانەی مرۆڤ پێشێل دەکات کە تەرەفی بەرامبەر دەبێت هەیبێت و بۆی زامن بکرێت .

جۆرێک لە هەڵوێستگریی خەتەرناک هەیە لەئاست گوتاری ئاینییدا کە لە زۆر شوێن و، لەوانە لە کوردستان ، بەناوی میانڕەوییەوە دەستی بۆ دەبرێت، بەڵام لەڕاستییدا خۆی کارکردنی ڕاستەوخۆیە بۆ توندڕەویی. کاتێک تۆ دەڵێیت پێت باشە ڕەخنەگرانی ئیسلام و ئیسلامیزم، جگە لە قبوڵکردنی ئازادیی دەربڕین بۆ بەرامبەر ، هەندێک لە پیرۆزییەکانی ئیسلامیش خەتی سوور بێت بۆیان، ئەو قسەیە کارکردنە بۆ نەهێشتنی تۆڵێڕانس بۆ جۆرێکی گرنگ لە ئازادیی دەربڕین کە بەڵێ بۆی هەیە هەستی موسڵمانانێک بریندار بکات، بەڵام مافی مرۆڤیان پێشێل ناکات .

بە داڕشتنەوەیەکی تر ؛ ئەو داوایەی تۆ داوای پێشێلکردنی مافی مرۆڤە لەپێناو پیرۆزڕاگرتنی پیرۆزییەکانی ئاینێکدا . ئەگەر ببینیت ئەم ڕستەیەی دوایی لەهەمانکاتدا پێناسەی «توندڕەویی ئاینی»یە. ئیسلامییەکانیش، لە ئیخوانییەکەوە تا سەلەفییەکی جیهادیی، هەر داوای ئەوەندە دەکەن. ئەوان داوا دەکەن تۆڵێڕانس بۆ بێتۆڵێڕانسیی ئەوان هەبێت و شتێک نەوترێت کە هەستی ئەوان بریندار بکات ئەگەرچی وتنی ئەو شتە مافی مرۆڤە و ئازادیی دەربڕین دەیگرێتەوە . کاتێکیش تۆ ، وەک زۆرێکی تر لە سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران ، دەچیتە پشت ئەو داوا ناڕەوایەیان ، ئیتر من نازانم تۆ، بۆ نموونە، ڕەخنەت چییە لە « پرۆژەیاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکان» کە ئیسلامییە توندڕەوەکان چەند ساڵێک بەر لەئێستا خستیانە بەردەستی پەرلەمان. لێرەوەیە من پێموایە تۆ بێئەوەی خۆت بزانیت ، بەناوی میانڕەوییەوە ڕاستەوخۆ مومارەسەی توندڕەویی دەکەیت.

*        *        *

ڕەخنەی ڕادیکاڵ و هەستبریندارکەر لە ئاین بێتۆڵێڕانسیی نییە. بەڵام لەبەرامبەردا، داواکردنی ئەوەی کە خاوەنی ڕەخنە ڕادیکاڵەکان خۆیان سانسۆر بکەن ئەگینا لێیان قبوڵ نەکرێت، بێتۆڵێڕانسیی و داوایەکی توندڕەوانەیە. تۆڵێڕانس مانای ئەوە نییە کەسێک ڕەخنەی توند نەکات، یان قسەی ڕەق و مەسخەرە بە عەقیدەی بەرامبەرەکەی نەکات. ئەوە تەرەفی بەرامبەرە کە دەبێت تۆڵێڕانسی بۆ ئەو مافەی ئەو هەبێت. بەڵێ وایە مەسخەرەکردن بە خودا و پێغەمبەر و قورئان هەستی زۆرێک لە موسڵمانان بریندار دەکات، بەڵام هەرە درشتترینی مەسخەرە و سوکایەتییکردن بەو سیانە، پێشێلکردنی مافی موسڵمانان نییە لە کوردستانی ئێستادا .

ئازادیی دەربڕین ڕێک لەو پێناوەدا وەک مافێکی مرۆڤ ڕەسمییەتی پێدراوە کە ئەو دەربڕینانە بپارێزێت کە بە دڵمان نین و سەغڵەتمان دەکەن، ئەمە چونکە دونیای مۆدێرن دەزانێت ئازادیی دەربڕینی بێمەرج چی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بونیادنانی کۆمەڵگای دادپەروەر و حوکمداریی باشدا. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی لە حوکمێکدا لە ساڵی ١٩٧٦-دا دەنووسێت: «ئازادیی دەربڕین بۆ پاراستنی ئەو دەربڕینانەشە کە هەستی بەرامبەر بریندار دەکەن، شۆک بۆ دەوڵەت و بەشێک لە خەڵک دروست دەکەن و بێزاریان دەکەن ».

*        *        *

شتێک کە من تەواو لەگەڵی ناکۆکم ئەوەیە کە داوا دەکرێت ڕەخنە لە ئاین و لە پیرۆزییەکان، ڕەخنەی زانستیی بێت و بە ئارگیومێنت بسەلمێنرێت. داوایەکی وا تەنازولکردنە لە بەشێکی گەورە و گرنگی ئازادیی دەربڕین کە وازلێهێنانی، هیچ هیوایەک بۆ دابڕانی کۆمەلگا لە تۆتالیتاریزمی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیزم ناهێڵێتەوە. کە تۆ تێگەیشتنت پیشان دا بۆ ئەو توندڕەویی و بێتۆڵێڕانسییەی کە وایکرد دوو برا لە پاریس بە چەکەوە بچنە سەر بارەگای گۆڤاری شارلی هێبدو و بە تیرۆر پێداگریی لەسەر ئەوە بکەن کە مەسخەرەکردن بە پێغەمبەر دەبێت هێڵی سوور بێت، ئیتر ئاسانتر دەبێت بۆ توندڕەوان، بەپاڵپشتیی تۆ، گرنگترین و جەوهەریترین بەشی ئازادیی دەربڕین قەدەغە بکەن، کە ئازادیی ویژدانە. کێشانی کاریکارتێر ئازادیی ویژدانە نەک ئازادیی ڕادەربڕین بە ئارگیومێنتی زانستییەوە. «ئازادیی دەربڕین» هەر تەنها «ئازادیی ڕادەربڕین» نییە، بەڵکو ئازادیی دەربڕینی هەموو شتێکە کە ئینسان دەیەوێت دەریببڕێت .

ئەوە چۆن داوایەکە بتەوێت تەنها ئەو هاوڵاتییانەی ناو کۆمەڵگا مافیان هەبێت پیشانی بدەن چی هەستێکیان بەرامبەر بە باوەڕی ئاینیی هەیە کە دەتوانن ئارگیومێنتی زانستیی بۆ ئەو هەستەی خۆیان بکەن و بە مەرجی ئەکادیمییەوە بیسەلمێنن بۆچی ڕەوایە ئەو هەستەیان هەبێت؟ گرنگە ئەوە بزانین کە هەموو تۆتالیتارییەتێک بەم ڕێگەیەدا دروست بووە و بەم ڕێگەیەدا دروست دەبێت، چونکە دوای ئیختیزالکردنی ئازادیی دەربڕین بۆ هەر تەنها ئازادیی ڕادەبڕینی ئەو هاوڵاتییانەی کە پسپۆڕی بوارێکن و دەتوانن ئارگیومێنتی تیا بکەن، ئیتر پرسیار ئەوە نابێت کە ئایا چەند ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەمێنێتەوە کە مافیان دەبێت گومانی ڕۆحیی خۆیان لە عەقڵی ئاینیی بگەیەننە دەوروبەر، بەڵکو پرسیار ئەوە دەبێت کە ئایا ئیتر ئەو ژمارە کەمە ئەسڵەن دەتوانن بێنە قسە و ڕای زانستییانەی خۆیان بەرچاو بخەن یان نا؟ ئەمە چونکە مێژوو چەندین تەجروبەی پیشان داوین کە هەرکاتێک خەڵک ناچار دەکرێن و دواتر ناچار دەبن لە فەزای گشتییدا ئەو هەستە پیشان نەدەن کە لە ناخیاندا لەئاست ئاینێک یان ئایدۆلۆجیایەک یان حیزبێکدا هەیە، ئەوە شوێنگەیەکی تایبەتیی وا دەداتە پیرۆزییەکانی ئەو ئاین و ئایدۆلۆجیا و حیزبە کە ئیتر هیچ تۆڵێڕانسێک بۆ گوشاربۆهێنان و سەغڵەتییدروستکردن بۆی، بە هەر ئارگیومێنتێکی لۆجیکیی و پلەیەکی زانستیشەوە بێت، نامێنێتەوە. لە دۆخێکی وادایە کە ئیتر خەڵک بە بێتۆڵێڕانسییەکی وا گۆش دەبن کە پێیانوابێت هەر ناکۆکییەک لەگەڵ ڕا و عەقیدەی ئەواندا ناحەقییەکە کە گرنگە ڕووبەڕووی ببنەوە. ئایدۆلۆجیای تۆتالیتاریش جگە لەم وەهمەی خەڵک بە دروستیی ئایدۆلۆجیای زاڵ و جگە لە ترسی ڕەخنەگران و گومانکەران لەوەی ڕای خۆیان بەرچاو بخەن، هیچ پێیەکی تری نییە لەسەری بوەستێ و خۆی فەرز بکات بەسەر موقەدەراتی خەڵکدا. ڕەگی ئەو ئایدۆلۆجیا توندڕەوانەیەش هەر لێرەدایە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەزاران پیاوی جیقەڵدانەتەنگی بەدەوری ئایدۆلۆجیایەکی وادا کۆکردۆتەوە کە مەرجی هەیە ئازادیی دەربڕین لەبەردەم پیرۆزییەکانی ئاینەکەی ئەودا ئازادیی نەبێت .

لێرەوەیە من پێموایە ڕەخنەی نازانستیی و مافی هەڵڕشتنی تووڕەیی بێئارگیومێنت وەزیفەیەکی گرنگی هەیە لەهەر کۆمەڵگایەکدا و، پشتچۆڵکردنی ئەو جۆرە دەربڕینە عاقیبەتی خەتەرناکی دەبێت لەو کۆمەڵگایانەدا. من کە دەڵێم گرنگە ئێمە پشتی ئەو جۆرە لە دەربڕین چۆڵ نەکەین، بەو مانایە نییە کە بڵیم بەزەرورەت خۆمان مومارەسەی بکەین، بەڵکو بەو مانەیەیە کە داکۆکیی لە مافی هەر کەسێک بکەین کە بیەوێت مومارەسەی بکات ، زۆر بەسادەیی چونکە ئەوە مافە و پشتتێکردنی ماف یان کەمکردنەوەی فەهمی کۆمەڵگا بۆ مومارەسەی مافێک، بەشدارییەک دەبێت لە تۆکمەکردنی شوێنگەی دۆگمەکانی ئاینێک یان ئایدۆلۆجیایەک لە کۆمەڵگادا و، بەشدارییەک دەبێت لە تۆکمەکردنی ئەو هەستی خۆبەلەسەرحەقزانییە لای پەیڕەوکەرانی کە لە پلەیەکی تۆکمەبوونیدا ئیتر ئامادەیە دەست بۆ توندوتیژیی بەرێت و بە تیرۆر گوتاری خۆی لە کۆمەڵگادا فەرز بکات .

دوو هەفتەیەک بەر لەئێستا لە کابولدا ژنێک بەناوی «فەرخوندە» بە تۆمەتی سوتاندنی قورئان، لەلایەن دەیان پیاوی تووڕەوە، بە لێدان و دواجار سوتاندن، کوژرا. پرسیار ئەوەیە کە ئایا چۆنە ئەو پیاوانە بەو ئەندازەیە تووڕەن و بەو ئەندازەیە خۆیان بە لەسەرحەق دەزانن کە ئامادەن ئەو بەربەرییەتە ئەنجام بدەن؟ من پێموایە هەر هۆکارێکی تریشی هەبێت، ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هۆکارێکی سەرەکیی ئەو بەربەرییەتە، جێکەوتنی ئەو عەقڵییەتەیە لەو کۆمەڵگایەدا کە پێیوایە قورئان هێڵی سوورە و نابێت ببەزێنرێت .

جێگەی ئەسەفە ڕێکخراوی (دابڕان) نەک هەر سەنگەر لەو بێتۆڵێڕانسییە نەگرێت بەڵکو بچێتە پشتیشی. تۆ بە پێداگرییت لەسەر ئەوەی کە قورئان دەبێت خەتی سوور بێت، باوەڕی بکوژانی فەرخوندە بە حەقداریی خۆیان تۆکمەتر دەکەیت و، هەوڵدەدەیت تێگەیشتنی کۆمەڵگا بۆ ئەو بەربەرییەتەیان بەدەست بێنیت .

من پێموایە تۆ کە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەیت خەڵک مافیان نەبێت پیشانی بدەن چی ڕایەکی ویژدانیی توند و نەسەلمێنراویان لەسەر دۆگم و پیرۆزییەکانی عەقیدەیەک هەیە، بەو کارە، بێئەوەی خۆت بزانیت، بەشدار دەبیت لە کوشتنی فەرخوندەدا. هیوادارم بەو ڕۆڵە ڕازیی نەبیت و ئیتر پشتی ئەو داوایە چۆڵکەیت کە دەیەوێت خودا و قورئان و پێغەمبەر هێڵی سوور بن .

ڕێزم بۆت و هیوام شادیتە .

 ئۆسلۆ — ٦/٤/٢٠١٥