mansour-barzani

نەبەز گۆران : كێ‌ شەری ناوخۆ دروستدەكات ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 نامەكەی بارزانی لەم كاتەدا ، شێواوی و تێكچونێكی تەواوی پێوە دیارە . پرسیارەكە ئەوە نیە ، بۆچی ئەم نامەیە لەم كاتەدا بڵاو دەكاتەوە ، پرسیارەكە ئەوەیە ، كێ‌ فەزای شەری ناوخۆ دروستدەكات ؟ دەبایە بارزانی نامە بۆكێ‌ بنێرێت ؟ ئەوانە كێین بە گوتارە بێ‌ لۆژیكەكانیان ، دۆخی هەرێم دەشێوێنن ؟ بۆچی كە قسە دێتە سەر سیستەمی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی بكەرێك ، ئیدی گوتاری دوو ئیدارەیی و گوتاری شەر دێتە ئاراوە ؟ سیستەم گرنگە یان بكەرێك ؟ ئەو كورسیە كێشەیە ، یان كۆمەڵگە و حیزبەكان ؟ ئەمانە پرسیاری جەوهەرین و دەكرێت بەشوێن وەڵامەكانیاندا بگەرێین .

یەكەم : ئەو گوتارەی باس لە دوو ئیدارەیی و فەزای شەر دەكات ، پێش هەمووشتێك لەناو خودی حیزبەكەی بارزانیە . دەبینن رۆژانە و شەوانە ، سەركردایەتیەكانی ئەو حیزبە ، بە راست و چەپ هێرش دەكەنە سەر حیزبەكانی دیكە و هەرەشەی شەر و ناكۆكی دەكەن ، ئەگەر بارزانی لەسەر كورسیەكەی خۆی بە دەسەڵاتەكانیەوە نەمێنێتەوە . كاتێك ئەمە گوتاری سەركردایەتی حیزبێك بێت ، ئیدی چ پێویست دەكات بارزانی نامە بۆ لایەنەكانی دیكە بنێرێت ؟ بۆچی نامە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەی خۆی و راگەیاندنی حیزبەكەی خۆی و راگەیاندنە سێبەرەكانی حیزبەكەی خۆی نانێرێت ، لەبەر خاتری ئەو خەریكی سوكایەتیكردنن بە پەرلەمان و یاسا و كۆی حیزبەكانی دیكە . ئەمانە گوتاری شەرن ، یان ئەو رەخنەگرانەی ، كە باس لە گۆرینی سیستەمی فەرمانرەوایەتی دەكەن ، لە كەسێكەوە بۆ گشتی ؟
دووهەم : لەو رۆژەوەی باسی گۆرینی سیستەمكراوە ، سەركردایەتی حیزبەكەی بارزانی هیچ لۆژیكێكی پێنەماوە و سەرقاڵی بەرهەم هێنانی گوتارێكی شەر ئامێز و نا لۆژیكیە . بەوەشەوە ناوەستن ، سەرقاڵی سوكایەتیكردنن بە پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی . تەنها بۆخاتری بارزانی دەیانەوێت یاساكان سەرەنخون بكەنەوە و پەرلەمان بكەنە شوێنێكی بێمانا . یەكێك لە بەپرسە كۆمیدیەكانی ئەو حیزبە باسی لەوەكرد ، چۆندەبێت سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت كە بەشێكیان بە تەزویر بونەتە پەرلەمانتار ، ئیدی ئەم بەدبەختە پێمان ناڵێت كێ‌ بە تەزویر چووە ، ئەندامانی حیزبەكەی خۆی یان حیزبەكانی دیكە ؟! كاتێك ئەمە تێگەیشتینی سەركردایەتیەكی حیزبێك بێت ، دەبێت راگەیاندنە سێبەرەكان لە چ ئاستێكدا قسە بكەن .
سێهەم : لێدان لە رۆژانامەنووسان ، بێدەنگكردنی رەخنەگران ، سوكایەتیكردن بە كەسایەتیەكان ، پەلاماردانی پەرلەمانتاران ، قەدەغەكردنی رۆژانامەو گۆڤارەكان لە مەملەكەتی سەرۆكی حیزب ، هەرەشەكردن لە حیزبەكان . نەهێشتنی فەزای رەخنەگرتن لە زۆنگاوە زەردەكە .. ئەمانە و چەندین كاری دیكەش ئیشی كێیە ؟ ئیشی حیزبەكەی بارزانی نیە ؟ گەر ئەمە ئیشی حیزبێك بێت ، ئیدی كێیە دەخوازێت شەرببێت ؟
چوارەم : ئەو كورسیەی بارزانی لەسەری دانیشتووە ، هی گەلە و دەبێت زوو یا درەنگ بگەرێتەوە بۆ گەل . بارزانی بە هیچ یاسایەك مافی دانیشتنی نەماوە لەسەری . مەگەر بەشەر و هەرەشەكردنی تێكدانی دۆخی هەرێم لەسەری دابنیشێتەوە . ئەوكاتەش بەم لۆژیكە لەسەری دادەنیشێتەوە ، هیچ واتایەكی نیە و دەبێتە شوێنی گەمەكردنی خەڵك بە خۆی و كورسیەكەش . حیزبێك لە پێناو تاقە كەسێك و تاقە كورسیەك ، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كۆی گشتی بكات ، ئیدی چاوەرێی چیلێدەكرێت و دەبێت نامە بۆ ئەو حیزبە بنووسرێت تا چیتر بێحورمەتی بە یاساكان و كۆی گشتی نەكات ، یان نامە بۆ ئەوانەی دیكە كە دەڵێن با بەم شێوەیە نەبێت ؟
پێنجەم : بە تەماشاكردنێكی نامەكە و گوتاری ئێستای حزیبی پارتی ، شێواویەكی زۆر بەدیدەكرێت . حیزبەكانی دیكە لەم قۆناغەدا كۆكن لەسەر ئەوەی ، دەبێت سیستەم بگۆرێت . دەبێت ئەو كورسیە لە تاكە كەسێكەوە بدرێتەوە دەست گەل و لەناو پەرلەمان كە دەنگی گەلە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت . كاتێك ئەمە گوتاری حیزبەكان بێت ، ئیدی ئەم گوتارە كەی گوتاری شەرە؟ یان حیزبەكەی بارزانی ئەمەی پێ‌ قبوڵ نیە و بەنیازە فەزایەكی شێواو دروستبكات تا هەرێم بخاتە قەیرانێكەوە كە سیستەمی تاكە كەسی بسەپێنێت بەسەر گەلێكدا كە چەندین ساڵ خەباتی دژی ئەو سیستەمە تاكەكەسیەكردوە .
لەم گۆشە نیگایەوە ، نامەكەی بارزانی گەرمكردنی ئەو گوتارەیە ، ستایشی خۆی دەكات . هەرەشەكردنە لە گوتاری رەخنەگرتن و لە دونیا بینیەكی دیكە . لێ‌ نە ئەم نامەیە و نە ئەو هەرەشانەش كەس ناترسێنیت . ئەوەی گرنگە دەبێت ئەم وڵاتە سیستەمەكەی بگۆرێت تا نەوەی ئایندە وەك ئەم نەوەیە بەدبەخت نەبن بەدەست كەسێكەوە كە هەموو شت لە پێناو خۆیدا دەكات .

س – فەیسبوکی نوسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت