محەمەد ساڵەیی  : من و مام جەلال .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەرمەی رۆژگاری راپەڕیندا بوو بۆ یەکەمین جار بەڕێز مام جەلالم بینی . دروستتر بێژم لە ساڵی ١٩٩٢ بوو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شەقڵاوە . هەڵبەتە منیش وەکو هەموو ئەو خەڵکەی کوردستان وەکو سەرکردەیەکی کورد ناوی ئەو و مێژووی ئەوم بیستبوو ، بەڵام بینینی لە نزیکەوە وگوێ بیست بوونی لە دەنگو راو بۆچوونەکانی بۆ من شتێکی تازەو مەبەست بوو .

دیارە بەڕێز مام جەلال  بەرهەم و هونەری منی بینی بوو بۆیە ، داوای کردبوو چاوی بە من بکەوێت .

منیش چێشتەنگاوێکی درەنگ چوومە لای و لە نێو حەوشەی ماڵەکەی خۆی بە جل و بەرگی کوردی کالایەکی سپییەوە بەخێرهاتنی لێکردم . کاک کۆسرەت و حاکم قادرو چەند کەسێکی دی لەگەڵدا بوو . بە روویەکی خۆش و پێکەنینەوە بەخێرهاتنی لێکردم و یەکسەر دەستی خستە سەرشانم و بانگی کۆسرەتی کرد و ووتی ئەمە خەڵکی شاری خۆمە و میوانی منە ، ئەو برادەرانەش هاتن و یەک یەک بەخێریان هێنام .

پێکەوە دانیشتین و باسو خواسی زۆرمان سەبارەت بە رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی کوردی کرد . وەکو بۆم روون بۆوە ، زۆر سەرسامی ئەو کاریکاتێرەکانم بوو کە بڵاوم دەکردنەوە  ، دیارە هەر ئەوەش هانی دابوو بۆ ئەو دیدارە . پێی وتم من زۆر حەز بە کاریکاتێر دەکەم ، تەنانەت جارێکیان مسیۆ فرانسۆ میتەران پێی گوتم ، هەموو بەیانییەک بەری گشت شتێک تەماشای کاریکاتێرەکان دەکەم ، بۆ ئەوەی رەخنەکانیان بەرامبەر بەخۆم  ببینم !

لەو کاتەدا فۆتۆگرافەرێکی کوردیان بە ناوی زیاد خۆشناو کە لە سویدەوە هاتبوو بانگهێشت کرد و چەند وێنەیەکی جوانی دانیشتنەکەمانی گرت . مام جەلال بە پێکەنینەوە پێی وت ئێمە لێرە مێژوو دروست دەکەین ئێوەش لە ئەوروپا بینووسنەوە .

لە ئان و ساتی ماڵئاواییدا رووی کردە حاکم قادرو وتی خەڵاتەکەی بۆ بهێنن . دیارییەکە بڕێک پارە  بوو لە نێو زەرفێکدا دایانە دەستم . مام جەلال دەستی خستە سەر شانم و وتی : لەمەو دوا هەرچی پێویستییەکت هەبوو وەرە لای مامی خۆت ، بەڵام لەبیرت نەچێت گەر پێشانگای کاریکاتێریت کردەوە داوەتمان بکەیت ! ئەوە بوو دواتر بەڵێنەکەم بۆ ئەو بەجێ هێنا . هاتە سەردانی پێشانگاکەم کە لە کتێبخانەی گشتی شەقڵاوە کردمەوە .

ئێمە رۆژگارێک بوو خۆمان لە خەڵاتو ئیمتیازاتی بەعس دەبووراندو نەمان دەویست بە ماڵو پلەی ئەوان لەککەدار بین ، بۆیە خەڵاتێک لە لایەن سەرکردەیەکی کوردەوە بە من بدرێت ، ئەوا بێ گوێدانە بڕەکەی زۆر بە بەها بوو، هەستم بە تەزووییەکی خۆش دەکرد ، مرۆڤێکی کورد لەو ئاستەدا ماندوونەبوونی و ئافەرین لە هونەرمەند و نووسەرێک بکات کە ساڵانێکی درێژی ژیانی لە خزمەتی هونەرو رۆژنامەگەریی کوردیدا خەرج کردووە .

بەڵام مخابن ، دەنگدانەوی ئەو سەردانە لە خوارەوە ، بە تایبەتی لەنێو راگەیانکارانی یەکێتیدا بە دیوێکی دیکەدا کەوتبووەوە . بووە ئاگرو بەسەرمدا رژا . زۆربەیان بینینی ئیبلیسیان لە دەموچاوی من پێ سوکناتر بوو . تەنانەت کار گەیشتە ئەو رادەیەی مانگانەی من لە کوردستانی نوێ ، کە بەدەر لە هونەر و نووسین ، دەرچووی زانکۆ و ئەندازیار بووم ، لە مووچەی ئەو فەڕڕاشەی بەردەستی دەکردین کەمتر بوو !!

هەموو دەوریان دابووم و لەسەر چزوو بوون کە لە هەڵکەوتەیەکدا دووپشک ئاسا پێمەوە بچزێن  . بە ملی گوتیار ، کاک قادری حاجی عەلی کە ئەودەم بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی بوو لە دانیشتنێکدا گوتبووی : ئێمە پاشی بیست و پێنج ساڵ خەبات ئەوجا مام جەلالمان ناسی کەچی کاک محەمەد بە فیکەیەک ئەوی ناسی  .

 من تێکڕای ئەمانە بەلامەوە فاکو فیک بوون و بە بای گوێشمدا نەدەهاتن ، چونکە لەمێژ بوو بریاری خۆم دابوو ، بۆ برەودانی هونەرەکەم روو لە هەندەران بکەم . بۆیە خۆم لێ کردبوون بە کەڕەی شەربەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت