خەبات جەزا : کراسێ له‌ (( جوله‌که‌ )) دادڕن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕوی له‌یه‌ک چونی نێوان دۆخی ئیستای کورد و جوله‌که‌ پێش دروست بونی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل و دوای دروستبونی به‌ چه‌ند ساڵێک زۆر نزیکن به‌ تایبه‌ت دۆخی سیاسی و سه‌ربازی وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورپش له‌گه‌ڵ هه‌ندێک جیاوازی ورد .

بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رمان ڕه‌چاوی چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردن له‌م قۆناغه‌ی میله‌ته‌که‌مانا بکه‌ین به‌ به‌راورد کردنی ورده‌کاریه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌فتارو نیشتیمان په‌روه‌ری و یه‌کتر ویستن و گیان فیدایی که‌ ئێمه‌ هاو دۆخین له‌ گه‌ڵیان و هه‌مان دوژمن به‌رامبه‌رمانه‌ و ئابڵۆقه‌یان داوین وه‌ک چۆن ئه‌وانیش ئابڵۆقه‌ دراون هه‌ردووکیشمان که‌مینه‌ین له‌ ناوچه‌که‌دا ، هه‌ردوو سته‌م لێکراوین له‌ زۆر لایه‌نه‌کانی ژیاندا … ئه‌م وشانه‌س دێنه‌ لایه‌نی پراکتیکیه‌وه‌ کاتێک نمونه‌یه‌کی له‌خۆبوردویی و نیشتیمان په‌روه‌ری جوله‌که‌کان ده‌بینین یان مێژوو بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه‌ ..

له‌ ساڵی 1978 دوای ئیمزاکردنی ڕێکه‌وتن نامه‌ی کامپ دێڤد له‌ نێوان میسر و ئیسرائیل سه‌رۆکی ئه‌وسای میسر محمد ئه‌نوه‌ر سادات سه‌ردانێکی مێژوویی کرد بۆ ئیسرائیل و بۆیه‌که‌مین جارو یه‌که‌مین سه‌رۆکی عه‌ره‌ب …

سادات به‌زمانی (( عه‌ره‌بی )) له‌ کنێستی ئیسرائیل وتارێکی درێژی پێشکه‌ش کرد که‌ له‌و کاته‌دا زۆر بوێرانه‌ له‌ پێاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی میسردا چووه‌ ئه‌و وڵاته‌ و باسی له‌ گرنگی ڕێکه‌وتن نامه‌که‌ کرد و سوپاسی حکومه‌تی ئیسڕائیلی کرد که‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ ئازایانه‌ له‌گه‌ڵ میسر و نیمچه‌ دورگه‌ی سینایان بۆ گه‌راندنه‌وه‌ و په‌یمانی ئاشتی نوسرا و ئیمزاکرا له‌ نێوانیاندا دوای ئه‌م وتاره‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وسای ئیسڕائیل (( مناحیم بێگن )) هه‌ستاو به‌خێرهاتنی ئه‌نوه‌ر ساداتی به‌زمانی (( عه‌ره‌بی )) کردو سوپاسی ئه‌و هه‌نگاوه‌ مه‌زنه‌ی ساداتی کرد بۆ ئاشتی و ڕێکه‌وتن و سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئیسڕائیل به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاکێش بوو له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا ته‌نها سه‌رۆکی کوتله‌ی حیزبی شیوعی ئیسڕائیل له‌ کنێست هه‌ستاو نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی خۆیان (( ئیسڕائیل )) و ووتی :- ئێمه‌ نیگه‌رانین که‌ له‌ کنێستی ئیسرائیلی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسڕائیلی به‌زمانی عه‌ره‌بی وه‌ڵامی سه‌رۆکێکی عه‌ره‌بی بداته‌وه‌ .. وا شیاو بوو که‌ به‌ زمانی عیبری وه‌ڵامتان بدایه‌ته‌وه‌ و وتاره‌که‌تان وه‌ربگێردرایه‌ عه‌ره‌بی بۆی ….

بۆچونی سه‌رۆکی فراکسیۆنی حیزبی شیوعی کاریگه‌ری ده‌رونی خسته‌ سه‌ر هه‌ردوو لایان بۆیه‌ زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌ مناحم بێگن له‌وه‌ڵاما ووتی :- من له‌هه‌موو پارته‌کانی ئیسرائیل چاوه‌ڕوان بوم ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌م لێ بگرن له‌ ئێوه‌ی شیوعی نه‌بێ چونکی ئێوه‌ ئومه‌مین و باوه‌ڕتان به‌ جیاوازی زمانی گه‌لان نییه‌ …. به‌ڵام سه‌رۆکی کوتله‌ی شیوعی هه‌ستایه‌وه‌و وه‌ڵامێکی زۆر پڕمانای دایه‌وه‌ و ووتی :- (( ئێمه‌ شیوعین له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی و سوود گه‌یاندن به‌ ئیسرائیل )) نه‌ک بۆ قازانج گه‌یاندن به‌ خه‌ڵکانی تر به‌ڵام هه‌تا ته‌واو ئارامی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئیسڕائیل دابین نه‌که‌ین بییر له‌ میلله‌تانی تر ناکه‌ینه‌وه‌ .!

با ئێمه‌ی کورد و به‌ تایبه‌تی حیزبه‌کانمان کراسێ له‌ جوله‌که‌ دادڕین و ئاوا بییر که‌ینه‌وه‌و خۆمان به ‌دوژمنه‌کانمان نه‌فرۆشین و شه‌ڕی براکوژی و به‌ربه‌ره‌کانێی‌ کوێرانه‌ی یه‌کتر نه‌که‌ین ….. و هه‌وڵ و ڕه‌نجمان له‌ پێناو سه‌رفرازی و ته‌بایی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێت .. نه‌ک له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و عه‌شیره‌ت و خێزان و خودی خۆمان و ئاغاکانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بێت هه‌روه‌ها پێویسته‌ ڕاستیه‌کی بێ هاوتاش بخه‌ینه‌ به‌رچاوی خوێنه‌رو کاربه‌ده‌ستانمان ئه‌ویش به‌ درێژایی ململانێ و شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسڕائیل …. عه‌ره‌ب به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانا به‌ تایبه‌تی بواری ئابوریان نه‌یان توانیوه‌ ته‌نها جوله‌که‌یه‌ک بکه‌ن به‌ جاشیان و بیکڕن و چه‌ک هه‌ڵگرێ دژ به‌ ئیسڕائیل … پرسیاره‌که‌ش ئه‌مه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌م هه‌زاره‌ها جاشه‌مان هه‌بوو دژ به‌ خۆمان ئه‌جه‌نگان و باشترین و ئازاترین پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ده‌ستی جاشی کورد شه‌هید کران .. که‌وابێ با دوو جار به‌خۆمانا بچینه‌وه‌ و کراسێ له‌ جوله‌که‌ دادڕین …گه‌ر بمانه‌وێ بگه‌ین به‌ سه‌ربه‌خۆیی ! .