سیروان عەبدول : تاکە گەمەی ناو شار .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە پێداگریی بارزانیی لەسەر مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمدا بەوە تەواو دەبێت کە حیزبە سیاسییەکان و نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستان، بەناوی «سازانی نیشتیمانیی» و «نەهێشتنی گرژییەکان»ەوە دۆزەکە دەبەنە پەرلەمان و، بەهەر شێوەیەک بێت ڕوپۆشێکی یاسایی بۆ پەیدا دەکەن و ڕێگە دەدەن هەم پۆستی سەرۆکایەتیی ڕادەست نەکاتەوە و هەمیش مافی هەبێت دوای تەسویبکردنی دەستور، بۆ دوو خوڵی تر خۆی کاندید بکاتەوە.

حیزبە سیاسییە بەرچاوەکانی کوردستان لە مێژووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، تائێستا کاری زۆر نامەسئولانەیان کردووە لەپێناو قازانجی خۆیاندا، لەوانە شەڕی ناوخۆ. بەڵام من پێموایە ئامادەیی ئەمجارەیان بۆ «نەهێشتنی گرژییەکان» و ڕازییبوونیان بە خۆفەرزکردنی بارزانیی بەسەر ڕێساکانی حوکمی دیموکراتییدا، نامەسئولییەتێکی ئەوەندە گەورە دەبێت کە هەڵە نابێت ئەگەر وەک «سازان لەسەر خیانەتی نیشتیمانیی» ناو ببرێت. بەشداربوون لە زەمینەسازیی بۆ هاتنەدی تەماحی سەرۆکی حیزبێک بۆ مانەوە لە حوکمدا بۆ ماوەی نزیک بە هەژدە ساڵ، پشتچۆڵکردنێکی هێندە نامەسئولانە و کوشندەی پێویستیی خەڵکی ئەو هەرێمەیە بە کەوتنەوەی حوکمڕانییەکی دیموکراتیی، کە هیچ پاکانەیەک تەبریری ناکات .

٭ ٭ ٭

ئەو حیزبانە هەوڵدەدەن پرسەکە وا پیشان بدەن کە گوایە پرسێکی یاساییە و گوایە مانەوەی بارزانیی لە پۆستی سەرۆکایەتییدا گرفتێکی نییە ئەگەر ڕوپۆشێکی یاسایی هەبێت بۆی. ئەم لێکدانەوەیە (کە بە پلەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕان هەڵگرێتی)، هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵک و ڕازییکردنیانە بە هاوکارییەکی نادیموکراتیی خۆیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

کێشەی مانەوەی بارزانیی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمدا کێشەیەکی دیموکراتییە نەک یاسایی. ئەمە چونکە ئامانج لەوەی کە لە سیستەمی دیموکراتییەتی دەستورییدا وایلێکراوە کە هیچ کەسێک بۆی نەبێت لە دوو خول زیاتر سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتی لەدەستدا بێت ئەوەیە کە هەمەچەشنەیی سیاسەت هەبێت و، وڵاتێک ناچار نەبێت لە هەشت ساڵ زیاتر هەر هەمان جۆری سیاسەت و هەمان ستایڵی حوکمڕانیی هەبێت. بۆیە کە ئەمە ئامانجەکەیە لە سنوردارکردنی خۆکاندیدکردن لە تەنها دوو خولدا، کەواتە مانەوەی بارزانیی لە پۆستەکەیدا بەهەر بیانوویەکی تەکنیکیشەوە بێت (بۆ نموونە: بیانووی تەسویبکردنی دەستور دوای دوو خول لە حوکمڕانیی ئەو) دیسانەوە هەر کارێکی دژەدیموکراتییە و ناکۆکە بەو بیرۆکە جەوهەرییەی سیستەمی دیموکراتیی کە حوکمڕانیی باش بەوە زەمانەت دەکات کە حوکمداریی وڵات قۆرخ نەکرێت .

مانەوەی بارزانیی لە حوکمدا پاش هەشت ساڵ (یان ئێستا دە ساڵ) لە حوکمداریی، پایەی یاساییشی هەبێت، هەر قۆرخکردنی دەسەڵاتە. ئەو حیزبانەی تر دەبوایە جورئەتیان بکردایە بەم ئارگیومێنتە دیموکراتییەوە ڕووبەڕووی ئەو فێڵە شەرعییە نادیموکراتییە ببنەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیی زەمینەسازیی بۆ ئەنجامدانی دەکەن. ئەم دۆزە دەیهێنێت گرژیی بەدەوردا دروست بکرێت نەک گرژییەکان خاو بکرێنەوە. ئاخر مەرج نییە هەموو کاتێک ئارامیی و سەقامگیریی سیاسیی نیشانەی کەشێکی سیاسیی تەندروست بێت. هەمیشە کەمترین پەرتەوازەیی و کپترین کەشی سیاسیی ناوەکیی لەو وڵاتانەدا هەیە کە رژێمێکی سەرکوتگەر هەموو جوڵەیەکی سیاسیی لە فەزای گشتییدا بە خەتی سوور دەورە داوە .

لە هەرێمی کوردستاندا، زیاتر بەحوکمی تەجروبەی شەڕی ناوخۆ لە دەیەی نەوەدەکاندا، خەریکە ڕێگەگرتن لە پیشاندانی ناکۆکیی و ڕەخنەکردنی یەکتر لەنێوان حیزبەکان و لە کۆمەڵگاکەدا بەگشتیی، وەک ئیجرائێکی گرنگ بۆ کەوتنەوەی هارمۆنیی کۆمەڵایەتیی و نەکەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ چاو لێدەکرێت. هەر ئەم قەلەقییەی ناو ئەو کۆمەڵگایەیە لە کەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ کە بارزانیی بەدئیستیفادەی لێدەکات و لە پەیامێكدا بەناوی ڕێگەگرتن لە شەڕی ناوخۆوە، هەڕەشەی سەرکوتکردن دەکات ئەگەر بێدەنگە لە تەماحکارییەکانی ئەو نەکرێت و بەرگریی لەبەردەمدا پیشان بدرێت .

لەم کاتەدایە کە کوردستان پێویستی بە پیشاندانی بوێریی ڕووبەڕووبونەوە هەیە. بوێریی کەسانێک کە لەبەرامبەر ئەو هەوڵی چاوترساندنانەی بارزانییدا بوەستنەوە و پیشانی بدەن کە ئەو هەڕەشانەی ئەو نەیترساندوون و ئەو هێڵە سوورانە ڕەسمییەت پێنادەن کە بەردەوام لێرەو لەوێ دایاندەنێت. من پێموایە کۆمەڵگای کوردیی لە هەرێمی کوردستان، بە حیزبەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی و میدیاکانەوە، هیچکات لەئێستا زیاتر پێویستی بەوە نەبووە کە گرژیی و قەیران دروست بکات لە وڵاتدا و، بەرگریی پیشان بدات لەبەرامبەر چارەسەری نادیموکراتییانەدا بۆ دۆزی سووربوونی بارزانیی لەسەر مانەوەی لە حوکمدا .

خەتەرناکە وێنایەکی وا لای بارزانیی جێ بکەوێت کە لە کوردستاندا هیچ بەرگرییەک لەبەردەمیدا نەماوە و هەرچییەک دەکات و هەرچییەک دەڵێت لێی قبوڵ دەکرێت. نەمانی سیمای بەرگریی لە هەموو وڵاتێکدا هەمیشە ئەو فاکتەرە سەرەکییە بووە کە وەهمی خۆبەلەسەرحەقزانیی لای دەسەڵاتداران دروست دەکات و، ئەمەش بەدەوری خۆی تۆڵێڕانسی دەسەڵاتداران بۆ ڕەخنە و بۆ ڕای ئازاد کەمتر و کەمتر دەکاتەوە. هەر ئەم وەهمی خۆبەلەسەرحەقزانینەیە هۆکاری ئەوەی کە دیکتاتۆرەکان لە هەموو سەرکوتگەرییەکی خۆیاندا، قوربانییەکانیان بە موستەحەق دەزانن .

بارزانیی لە پەیامێکدا بەڵێنی مولاحەقەی هەر کەس و لایەنێک دەدات کە لە پرۆسەی فەرزکردنی حوکمداریی ئەودا لە چەند مانگی داهاتوودا قورسایی لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا دروست بکات. گرنگترین شتێک کە ئێمە لەم سەردەمەدا بتوانین بۆ پرسی دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستاندا بیکەین ئەوەیە کە لەگەڵ بارزانییدا بچینە ئەو شەڕەوە. ئەمە بۆ ئەوەی بارزانیی ئەو ڕاستییە سادەیە (بەڵام دوورەدەستە بۆ ئەو) ببینێت کە ئەوە ئەوە کە لە سەڵاحییەتی یاسایی لایداوە و تەجاوزی کردۆتە سەر پەیمانی کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستاندا، نەک ڕەخنەگرانی ئەو تەجاوزانەی ئەو .

وەستانەوەیەکی لەم چەشنە لەبەرامبەر خۆفەرزکردنەکانی بارزانییدا نەک ئیحتیمالی شەڕی ناوخۆ زیاد ناکات، بەڵکو ڕێگر دەبێت لەبەردەمیدا. هەر نائارامییەک کە لە کوردستاندا بەدەوری ئەو دۆزەدا بکەوێتەوە، هەم ڕێگریی دەبێت لەبەردەم گەورەبوونی وەهمی خۆبەلەسەرحەقزانییدا لای بارزانیی و پارتەکەی و، هەمیش سکانداڵێک دەبێت بۆ ئەو و ئاشنابوونێکی زیاتری جیهان دەبێت بە خۆفەرزکردنەکانی ئەو بەسەر پرۆسەی دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم کارکردانە چەند کەم یان زۆر بن، هەرچییەک بێت کوردستان بە ئاراستەی نەکەوتنەوەی شەڕی ناوخۆدا دەبەن نەک بەپێچەوانەوە. تا ئەو شوێنەی من پێموایە کە ئەگەر دوو-ئیدارەیی لە سەردەمی پێشوودا لەئاکامی پێکداتەقانی بەرژەوەندیی تەسکی گروپە جیاوازەکان بوو و جێگەی ڕەخنە بوو، ئەوا ئەگەر ئەم خۆفەرزکردنانەی ئێستای بارزانیی بەسەر پرۆسەی دیموکراتییدا بەو پلە خەتەرناکەی ئێستای درێژەی هەبێت، ئیتر خۆکشاندنەوەی حیزبەکان لەو گەمەیە و دروستکردنی دوو-ئیدارەیی لەم پێناوەدا، کارێك دەبێت بۆ ڕزگارکردنی پرۆسەی دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستاندا. خۆکشاندنەوە لە «سازانێکی نیشتیمانیی» کە زیاتر لە مەراسیم و ئاهەنگی تاج-لەسەرکردنی پادشایەک دەچێت تا پرۆسەیەکی دیموکراتیی، پێداگرییەکی گرنگ دەبێت لەسەر ئەوەی کە (وەک لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەڵێن) «گەمەی دیموکراتیی تاکە گەمەی ناو شار بێت ».

٭ ٭ ٭

من پێموایە بەشدارییکردنی هێزە سیاسییەکان لەو پرۆسەیەدا کارێکی نامەسئولانەیە و سکانداڵێکە کە هیچی کەمتر نییە لە سکانداڵی بەشداریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە درێژکردنەوەی نادیموکراتییانەی سەرۆکایەتیی بارزانییدا لە حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٣)-دا کە ئەو هێزانە ڕەخنەیان لێی هەبوو و، هەموویان کەم و زۆر بەو هۆیەوە دەنگی بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانیان بردەوە. دەستکارییکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم لەپێناو ڕێگەدان بە بارزانیی بۆ مانەوە لە پۆستەکەیدا کارێکی نادیموکراتیی دەبێت چونکە ئەو دەنگدەرانەی کە لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگیان بەو ئەندام پەرلەمانانە داوە کە ئێستا دەیانەوێت سەڵاحییەت بدەنە خۆیان یاسای سەرۆکایەتیی دەستکاریی بکەن، لە کاتی دەنگداندا وایان لێ تێگەیەندراوە کە ئەو دەنگدانەی ئەوان تەنها سەڵاحییەتی کردنی ئیجرائاتی دیموکراتیی دەداتە نوێنەرەکانیان. دەنگدەران لە کاتی هەڵبژاردندا سەڵاحییەتی ئەوەیان نەداوە بە نوێنەرەکانیان کە بتوانن لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی لابدەن و لە پەرلەماندا یاسا بۆ قۆرخکردنی نادیموکراتییانەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا دەربچێنن. دەرچوون لە هەڵبژاردندا مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە یان ئە وڕێکخراوە سیاسییە ئیتر بۆ ماوەی چوار ساڵ «بلیتی بەلاش»ی وەرگرتبێت و سەڵاحییەتی هەبێت بچێتە هەر بەندوبەست و پرۆسەیەکی نادیموکراتییەوە کە قازانجی خۆی و حیزبەکەی دەیخوازێت، یان دەنگی دەنگدەران بخەنەوە لاوە و حیزب و گروپە گەورەکان خۆیان کۆببنەوە و سەرۆک حیزبەکانی ئەوان بڕیاری سیاسیی وڵات بگرنە دەست .

٭ ٭ ٭

جێگەی قەلەقییە کە لە کوردستاندا هەموو حیزبە بەرچاوە ناکۆکەکان ئامادەن لەپێناو پەرژەوەندیی خۆیاندا دەست بۆ فێڵکردن لە ڕێساکانی دیموکراتییەت بەرن و، ئامادەن تەنازولکردن لە پێداگریی لەسەر ڕێساکانی دیموکراتییەت بکەنە کەرەستەی دانوستان و بەندوبەست لەگەڵ دەسەڵاتداراندا . وە جێگەی ئەسەفە کە بەشێکی زۆر لەو میدیا و لەو ڕۆشنبیرانەی کە دوو ساڵ بەر لەئێستا ڕەخنەی توندیان لە ئاکاری نادیموکراتییانەی یەکێتیی نیشتیمانیی هەبوو، ئێستا لەئاست هەمان ئاکاری ئەو حیزبانەدا کە سەمپاتییەک یان دۆسایەتییەکیان لەگەڵیاندا هەیە یان ئەندامن تیایاندا، هەمان ڕەخنەی توندی ئەو کاتەیان بەرچاو ناخەن. لەئێستای کوردستاندا لەهەر کاتێک زیاتر پێویست بە ئەو جۆرە ڕەخنە بوێرە هەیە کە بەدابڕاو لەوەی چی گروپێک قازانج یان زەرەر لەو ڕەخنەیەی دەکات ، بەشێوەیەکی کۆنسیستێنت پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە گەمەی دیموکراتیی تاکە گەمەی ناو شار بێت. واقیعێکی تاڵ ئەوەیە کە پێدەچێت هەم ترس و هەم بەرژەوەندخوازیی و موجامەلە و بەکڵایەنتبوونی میدیا ئەهلییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و ڕۆشنبیران، زەمینەیەکی زۆری بۆ ئەو جۆرە ڕەخنە بوێرە نەهێشتبێتەوە .