کاردۆخ : دۆزی نەتەوەیی کورد و مێژینە و بنەمای شەڕی عەرەب و عەجەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

بەڵگەی وەیشوومەی ئەخمەن

پێڕست

1 – کورتەیەک لە ڕابردوو

2 – گەمەی نەوت و دۆڕانی وەهابی.

3 – ( دیرۆک ومێژینەی عەجەم و یەمەن زۆر بە کورتی ) 

4 – هۆڤانەتی ئیسلامی – عەرەبی لە خزمەتی عەجەم دا 

5 – بیرئانینا جەفەنگەک.. 

6 – … فێڵی عەجەمانە.

7 – ( تێبێنێک لە مەر دەستەواژەی ئاری و ئاریایی )

8 – ماکی مێژوویی دۆزی کورد و دەوری عەجەم

9 – لە ئیمپراتوری بارووتەوە بۆ ئیمپراتووری ئاتۆمی.. 8

10 – جەفەنگەێد ئا نوو ئو دەدووان ، خێرۆی ڕێککەوتنەکە لۆ مەلاکان.. 

11 – حەشدی شەعبی لفەدووانەی بەسیجی ئێرانی و لفەدژانەی داعشە.

12 – مەتەڵی تاواریش سەید محەمەد عەلی خامەنەیی ! 

کورتەیەک لە ڕابردوو

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامی عەرەبی چونە ئایدیۆلۆژی پارێزەری عەرەب و عرووبە هەتا سەردەمی ئێستا ، دژبەری نیوان عەرەب وعەجەم و دژایەتی ئابووری و سیاسی یان ، هۆکاری سەرەکی و کاریگەری ئاژاوە و قیران یەلی جۆراوجۆری ناوچەکە بووگە . شەڕی ئەم دوولایەنە لە قادسیەی سەعدی کوڕی وەقاسەوە هەتا قادسیەی سەدامی کوڕی حسەین (بەعسی) درێژەی کێشاوە و هێشتاش هەر بە گەرمە بەردەوامە . هەتاکو عەرەب لە بەغدا خاوەن دەسەڵاتی سیاسی بوون ، شەڕەکە بە ئاشکرا مۆرکی شەڕی ئەو دوو لایەنەی پێوە بوو . بە لەناو چوونی دەسەلاتی سیاسی عەرەب لە بەغدا و سەرهەڵدانی دەسەلاتی تورکان لە کۆنستانتینۆپۆڵ (ئیستانبۆل) ئەم شەرە بارێکی نوێی ئایینیی شێعە و سوننی ئیسلامی زەقتر لە جارانی بە خوەگرت و عارەبان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ناویان کویرەوە بوو و تورکی عوسمانی بوونە ئاڵاهەڵگری ئیسلامەکەیان و لە جیاتی ئەوان شەڕی عەجەمیان لۆ ئەکردن . بژاردەی کونستانتینۆپۆل وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیان لۆ ترکان ، بێجگە لەوەی کە مەبەست و ئەرکیان لە دژی ئاورووپا و رۆژئاوا دابین ئەکرد ، بواری یاری عەجەمیان لە دزەکردنە ناویان و ترکایەتی عەجەمانەیان وەک ئەوەی لەگەڵ عەرەب کردیان ، لێ بڕین . دیوار و قەڵای ترکان لەوە بەرزتر و قایمتربوو کە عەجەم بتوانێ دزەی تێ بکات و فێڵە عەجەمانەی لۆ بچێتە سەر .

شەڕی جیهانی یەکەم و ئاکامە سیاسی و ئابووریەکانی ، دۆخی ناوچەکەی گوڕی و شەڕی عەرەب و عەجەمی خستەوە گەڕ و دەوورێکی نوێ وە . ئیمپراتووری تورکان پوکایەوە و ژمارەیەک دەوڵەتۆکەی کاپەڕشەیی عەرەبان سەریان هەڵدا. ئەو بابەتە دەوڵەتۆکانە ، بە هی عەجەمانیشەوە ، دەسنیای دەسەڵاتە زەبەلاحەکانی ئیستعماری و ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی بوون و لە کاتی سازکردنیانەوە هەتا پاش شەڕی جیهانی دووهەم ، نە ئەوەندەیان لە بارا بوو و نە لە کێشیاندا بوو و نە بواری ئەوەشیان پێ ئەدرا کە بە کۆنە شەڕی ڕابردوویانا ڕابگەن و پێوەی خەریک بن . شۆڕشەکەی ناسر لە میسر لە ١٩٥٢ دا ئەو دۆخەی شکاند و عەرەبی هەڵدایە سەر سەکۆی چالاکی عارەبایەتی و بەرگی نوێی نەتەوەگەری عەرەبی وەبەر عەرەباندا کرد . لە ڕوانگەی مێژووییەوە ئەکرێ بێژین کە ئەوە ناسر و شۆڕشەکەی بوو کە عارەب و عرووبەی ژیانەوە و ئەو دەوڵەتۆکە کاپەڕشەیانەش بوارەکەیان لۆ ڕەخساند . کوودەتای قاسم لە عێراق و ئەوەکەی سووریەش لە درێژەی شۆڕشەکەی ناسرا هۆکاری کاریگەری گەشەگردن و پەرەسەندنی بیری عرووبە لە ناو تێکڕای جیهانی عەرەبیدا بوون و پاش ناوی عەرەبی لە ناوی ئەو وڵاتانە زیاد کرا کە رەنگ دانەوەی ئەم ڕاستی یەن . ئیتر لەو سەردەمەوە عەرەب بوونەوە بە یاریکەرێکی چالاکی جیهانی سیاسی لە ناوچەکە . لە خۆراش نەبوو کە ناسر دوژمنایەتی عەجەمانی تاو دا و جیهانی عەرەبی لە دژی عەجەم هرووژاند و قاسمیش لە هاوسایەتی عەجەم گڕی ئاگری ئەو دوژمنایەتی یە کۆنەی عەرەب و عەجەمی ئەوەندەی دیکە خۆش کرد .

لەو جیهانی لفەدژانەی سوسیالیزم و سەرمایەداری پاش شەڕی جیهانی دووهەم و شەڕی سارد و گەرمی نێوانیان ، ناسر و ناسیۆنالیزمی تازەبابەتی عەرەبی دایە پاڵ عرووسان و کمۆنیستان . عەرەب لەو بژاردەیاندا ، بە لە بەرجاوگرتنی ئاکامی دواییان لە ئێستادا ، سەرکەوتوو نەبوون و هەر ئەو بژاردەیەش وای لێکردن کە لە شەڕی دەولەتی جوولەکەدا ، ئیسرائیل، تووشی شکان لە پاش شکان بن و ئاخرەکەشی بە قەیرانێکی قووڵی بیر و هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە سەریاندا شکایەوە . ژ هەمبەر ئەواندا، عەجەم دایە پاڵ بەرەی سەرمایەداری و پاڵەپشتی کردن و ئالیکاری ئیسرائیل کە ئەوەندەی دیکە عارەبی سەر شێت ئەکرد و بنەمای دژبەری نێوانیانی لەو کاتەدا و بۆ داهاتووش پێک ئەهێنا و ئاسۆی پێک هەڵپرژانی ئەو دووەی دیاری ئەکرد .

هەر لەم ڕیگەەوە و بەم بژاردە سیاسیەی عەجامانەوە بوو کە ئەوان توانیان لە ماوەیەکی کورتدا مەترسی قاسم و ڕژیمەکەی لە هاوسایەتی و هاوکەوشەنی خۆیان ، عێراق ، دوور بخەنەوە و بە سەرکە وتوویی جیهانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی تووشی لێکدابڕان و پەڕتەوازەیی بکەن .عەجەم لەو گەڕە مێژوویی یەدا سەرکەوتن بە سەر عەربدا و دواتر لە ١٩٧٥ و پەیمانی ئەلجەزایردا شەقلی سەرکەوتنەکەیان نا بە ناوچاوانی عەرەبانەوە و بڕە بەرژەوەندیێکی خاک و ئاویان لە کەنداو و یەکاوانی عەرەبان ( شەتولعەرەب) دەستەبەر کرد لە سەر حسابی عەرەبان و بە بەکار هێنانی کوردان لە باشوور . هۆکاری ئەو سەرکەوتنەش ئەوە نەبوو کە عەجەم بە تاقی تەنیا ئەوەندی لەبارا بووبێ کە بتوانی تەس بە عەرەبان بدات و بۆریان بدات بەڵکو هەڵ ئەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی ناسیونالیزمی عەرەبی و سروشتی هەڵەشەییانەی کاروباری سیاسیان کە لە ئاست ڕاستیەکانی ژیانی سەردەمدا کوێریان ئەکات . وێنەی هەڵس و کەوتی عەرەب لە هەمبەر جوولەکە و دەوڵەتەکەیان و پاشانیش عەجەم ، بە ڕوونی ئەوە دەرئەخات کە ئەوان کێشی ئەوەیان نەبووە کە مێژووی زیندو و چالاکی ڕۆژی خۆیان ببینن و وەگەردی چوونە پێویست بجووڵێنەوە و شتێک لۆ خۆیان دەستەبەر بکەن . سەرکەوتن و باڵادەستی عەجەم بە سەر عەرەبان ، لە ڕاستیدا سەرکەوتنی سەرمایەداری ڕۆژئاوا ، ئەگەر بکرێ ئیسرائیلیشی لەگەل بخەین ، بە سەر بەرەی کمۆنیستیدا بوو کە دوائاکامەکەشی بە هەرەس هێنان و ئاش بەتاڵی بەرەی کمۆنیستی دەرچوو ، لە ڕوانگەی مێژوویی یەوە .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ دۆزی نەتەوەیی کورد

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت