که‌مال میراوده‌لی : فەلسەفەو گۆڕانەکانی دنیای ئەمڕۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌م وتاره‌ له‌ کاتی شه‌ڕی کوه‌یتی ساڵی 1991 دا نووسراوه‌و یه‌که‌مجار له‌ گۆڤاری یه‌کگرتن ، ژماره‌ 13 ی ساڵی 1991 – ل 52 – 56  بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ به‌بێ هیچ ده‌ستکارییه‌ك وه‌ك خۆی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌ . هیوادارم بتوانن بە وردیی بیخوێننەوەو تێی بگەن

فه‌لسه‌فه‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا

ئه‌مڕۆ هه‌میشه‌ دو‌ێنێی سبه‌ینییه‌کی به‌گوڕتر و به‌تین تر و به‌ تاوتره‌

ئایا ڕۆژگاری فه‌لسه‌فه‌ش ، وه‌ك ڕۆژگاری شیعر ، له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا به‌سه‌ر چووه‌ ؟!

ئایا ، بیر ده‌کارێ باوه‌ش به‌ڕووداوه‌کان و گۆڕانه‌کاندابکاو له‌ناو گۆشه‌یه‌کی لێکدانه‌وه‌دا ده‌ست به‌سه‌ریا بکا ؟

ئایا ته‌وژمی خێرای گۆڕانه‌کان ، به‌تێڕامانی ورد و هێمنی زه‌ینه‌ زیندووه‌کان ، ڕام ده‌کرێ ؟

باشه ‌، ئه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ ئه‌مانه‌شی پێ کرا ، هه‌موو شتێکی لێکدایه‌وه ‌، جیهانینییه‌کی نوێ هاته‌کایه‌وه‌ ، ئه‌م جیهان – بینییه‌ خۆی تا چه‌ند بڕده‌کا ؟! چ که‌ڵك و ده‌ورێکی هه‌یه ‌؟ هیچ ده‌گۆڕێ ؟ یان هه‌ر هیچ ده‌خاته‌ سه‌ر هیچ ؟!

ئه‌وه‌تا – هه‌ر له‌ ڕیزکردنی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌دا پرسیاره‌کان به‌ره‌و جۆره‌ ( فه‌لسه‌فه‌یه‌کی) ناهیلیستی عه‌ده‌می مان ده‌به‌ن ؟! به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌به‌ن  بڵێین: فه‌لسه‌فه‌ و مه‌لسه‌فه‌ی چی ؟!

ئه‌گه‌ر ئه‌رکی فه‌لسه‌فه‌ لێکدانه‌وه‌ی دنیا بێ ، ئه‌وا لێکدانه‌وه‌ی دوای ڕووداو ، دوای کاره‌سات ، چی به‌چی ده‌کا ؟!

ئه‌گه‌ر ئه‌رکی فه‌لسه‌فه‌ گۆڕینی دنیا بێ ، یان یارمه‌تیدانی مرۆڤ بێ ، له‌ گۆڕینی دنیادا : ئه‌وه‌ ( هۆشیاری) له‌سه‌رده‌می شۆڕشی به‌رده‌وامی ته‌کنۆلۆژیا و لێشاوی زانین و مه‌علوماتدا ، چ که‌ڵێنێکی بۆ ماوه‌ته‌وه‌؟

چۆن خۆی ده‌رده‌خا ، چۆن خۆی ده‌ناسێنێ ؟ کام هۆشیاری ؟ بۆ کام مه‌به‌ست؟! … هتد .

به‌کورتی ، هه‌ر کردنی پرسیاره‌که ‌، ده‌وری فه‌لسه‌فه‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا چییه‌ ؟! ناساز و نائاسایی ده‌رده‌که‌وێ .

فه‌لسه‌فه ‌: هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تێگه‌و تیئۆری لێکدانه‌وه‌… بۆ ده‌رخستنی سه‌ره‌تاگه‌ و پرینسیپه‌کان له‌بن و له‌ودیوی ڕووداو و ڕواڵه‌ته‌کانه‌وه‌ .

ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ کات ، به‌ درێژخایه‌نیی ، به‌ به‌رده‌وامیی سه‌رنج و به‌رده‌ست کردنی زانیارییه‌کان و فاکته‌کان هه‌یه ‌. به‌ڵام ده‌ستمان به‌لێشاوه‌ فاکت و زانستێکدا ڕاناگا ، که‌ لافاوێکی دیکه‌ی به‌دوودا دێ. به‌ڕواڵه‌ت وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ سبه‌ینێ ئه‌مڕۆ ده‌سڕێته‌وه‌ .

ئه‌مڕۆ هه‌میشه‌ دو‌ێنێی سبه‌ینییه‌کی به‌گوڕتر و به‌تین تر و به‌ تاوتره‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ‌، له‌ هێزی گۆڕانه‌کاندا ، له‌

ته‌وژمی ڕووداوه‌کاندا ، له‌ هۆکاری وه‌رچه‌رخاندنه‌کاندا :

حه‌قیقه‌ته‌که‌ ئاشکرایه‌ :

هێز : باوکی گۆڕانه‌ .

هێز : دایکی حه‌قیقه‌ته ‌.

هێز : پێناسه‌ی ڕاستی و ناڕاستی ، هه‌ق و ناهه‌ق ، مرۆڤانه‌و نامرۆڤانه‌ … ( هتد) یه‌ .

هێزی ته‌کنۆلۆژیا – ته‌کنۆلۆژیای چه‌ك و ته‌کنۆلۆژیای ئابووری .

زه‌بری کوشتن و بڕین و وێران کردن .

ده‌سه‌ڵاتی تێرکردن و گیرفان پڕکردن .

جا گه‌ر ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ وا ئاشکرا بێ ، لێره‌ و له‌وی ، به‌چه‌نده‌ها شێوه‌ی زه‌ق و ڕه‌ق ، خۆی بنوێنێ ، ئیدی پێویستمان به‌ فه‌لسه‌فه‌ چییه ‌، تا تارمایی گڕمان بۆ بگرێ ؟ تا مانگی چوارده‌مان بۆ ڕاوکا ؟ تا چرا له‌ مه‌یدانێکی هه‌تاویدا هه‌ڵکا؟!

که‌وایه‌ : دوو هۆمان ناوبردن که‌ وا ده‌که‌ن فه‌لسه‌فه‌ به‌تێشکاوی ، بکشێته‌وه‌ : ڕووداوه‌کان له‌ هه‌نگاوه‌ خاوه‌کانی ئه‌و خێراترن ، حه‌قیقه‌ته‌کان له‌ بۆچوونه‌ ئاڵۆزاکانی ئه‌و ئاشکراترن .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکرە سەر ــ فەلسەفەو گۆڕانەکانی دنیای ئەمڕۆ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت