محەمەد ساڵەیی : من و محەمەدی ماملێ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کٶڕەوە گەورەکەدا شاری مەهاباد بووە دوا مەنزڵگەی من . لەوێ من و نووسەر عەبدوڵلا سەڕڕاج پێکەوە لە یەک ژوور لە مەسافیرخانەی پارس دەماینەوە . ماڵبات و زگوورتییەکی زۆر لە ئاوارەی ئێراقی لەو ئوتێلە  هەبوون و هێشتا نەگەڕابوونەوەو چاوەڕێی پێشەرۆژیان دەکرد .

بەیانییەکیان من و مامۆستا عەبدوڵلا پێکەوە دەرچووین ، من بەرەو حەمامە جوانەکەی شار بۆ ئەوەی دژوونی کۆڕەوەکە لە خۆم بکەمەوە ،  ئەویش بۆ چایخانەی کەریم سێ بست . نازانم بۆچی ئەم چایخانەیە بەو ناوەوە دەناسرا ، بەڵام کافەیەکی پاکژ و جوان بوو هەروەها لە نێوەندی شاردا بوو ، بەو سۆنگەیەوە ببوە سەفارەتی ئێراقییەکان و زۆربەیان لەوێ کۆدەبوونەوە . وابڕیار بوو پاشی خۆشوشتن من بچم و لە کافەی ناوبراو یەک بگرینەوەو دواتر پێکەوە بچین فرەڤینەکەمان لە کەبابجانەی ناسراوی زێویە بکەین .

دوای خۆشوشتن ، دندک دندک بەرەو کافەی ناوبراو هەنگاوم نا ، لەوێندەر بینیم مامۆستا عەبدوڵلا لەگەڵ پیاوێکی بە هەیکەلی کەڵەگەت دانیشتووە . یەکێکیان چایەکی رەشی لەبەردەمەو ئەوی دییان دانەیەکی زەرد .کە دانیشتم پیاوە تێکسمڕاوەکە وتی :

مامۆستا ئەم ئاغا جوانە کێیە ؟

مامۆستا عەبدوڵلاش منی بەو ناساندو وتی ئەمیش مامۆستا محەمەدی ماملێیە . دیار بوو یەکتریان دەناسی و لەوەو بەریش پێکەوە ببوون . پاش ئەوەی عەبدوڵلا سەڕاجیش گەڕایەوە بۆ ئێراق ، چەند جارێکی دیش لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو لە هەمان چاخانە یەکمان دەگرتەوەو دانیشتنمان دەبوو.

لە میانی قسەکانیدا وا دەردەکەوت کە مێوان وهەواداران و ئاشقانی دەنگی ئەو بۆژۆیان کردبوو  و تا رادەیەکیش ترسی لێ نیشتبوو لەوەی رژێمی ئێران لێپێچینەوەی لە تەکدا بکەن و بەو تەمەنەوە هەراسانی بکەن . بۆیە بۆ ماوەیەکی باش خۆی لە شاری تاران گوم کردبوو تاوەکو حەشاماتەکەی کوردی ئێراق لە کەمیداو ئاوارە زۆربەیان گەڕانەوە، ئەویش ئەوجا هاتبووەوە . گەلێ جار گازاندەی لای من دەکرد و دەیگوت :

کورە بابم ئەمن چیم ، وا ئەو هەموو مەردمە رووم تێدەکەن ، قابیلە من مەلا مستەفام یا ئەوڕەحمانی قاسملووم .

بۆ ئەوەی منیش نەبمە سەرئێشە بۆی هەوڵم نەدا وێنەکیش پێکەوە بگرین ، بەڵام خەڵکانێکی بێشومار وێنەیان لە تەکدا دەگرت . تەنانەت ئاگادار بووم نووسەر فەرید زامداریش وێنەی لەگەڵ گرتبوو و هەڤپەیڤینی لەتەکدا ساز دابوو . هەرجارێک لە چاخانەکە یەکمان بگرتایە ، باسوخواسی گۆرانیمان دەکرد . دەیزانی کەرکووکیم بۆیە زیاتر باسی دەزگای ( مەقامات ) دەکردەوە منیش بە زانینە هەژارەکەی خۆم وەڵامم دەدایەوە . دەیویست وا نیشان بدات کە پێی ماوەو لە هونەر نەچۆتەوە ناو بەناو بەدەنگێکی نزم شتێکی دەوت . جارێکیان وتی با تۆزێک رەوش هێور بێتەوە سەماوەر و شمەک دەبەین و دەچینە باخی میکایلی و دانیشتنێک ساز دەکەین . گەلێ جار سابڵاخییان بۆ خۆڵ لەچاوکردنی پۆلیسی شار سەماوەر دەبەن و لەجێی چا ویسکی خۆکردەی تێدا دەکەن و دانیشتن و سەیران دەسازێنن .

رۆژێکیان زۆر بە پەلە خۆی بە چاخانەکەدا کردو وتی : ئەوە عەوداڵی تۆم . حەز دەکەم بێیت بۆ بینینی یاری فوتبۆڵ ، ئەمڕۆ یارییەکی زۆر جالبمان لەگەڵ حەجەمان هەیە . بە پەیڤی عەجەمەکەی یەکسەر زانیم لەگەڵ  تیپی ورمێ یاری دەکەن . چونکە لە ئێران بە پێچەوانەی خەڵکی ئێراقەوە بە ئازەری دەڵێن عەجەمی سەرڕەش ! گەمەی ئەو دوو تیپە قالبێکی سیاسیشی بە خۆوە گرتبوو ، زیدەتر بە شەڕی کوردو رژێم یان سوونەو شیعە دەچوو وەک لە وازییەکی وەرزشی . تیپی مەهاباد کاک محەمەدی ماملێیان وەکو سەرۆکی بە روومەت بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو  و هەمیشەش لە گەمەکانیان حازر دەبوو . دیارە خەڵکی مەهابادیش هەموو پەرۆشی ئەو یارییانە بوون و بردنەوەیان زۆر بەلاوە مەبەست بوو .

کە باس دەهاتە سەر حەسەن زیرەک ، نەیدەشاردەوە کە زۆر ئاشقی دەنگییەتی . بەڵام لە ئالوودەییەکەی بە تلیاک کێشان زۆر نیگەران بوو

ماڵتە کەڕەتێکیان چووین لە ئیستگەی تارانێ هەندێ گۆرانی پێکەوە زەفت بکەین ، ئەمەندە تلیاکی کێشا بوو توانای نەبوو لە ئوتوبۆسەکە بێتە خوارێ ، ئەمن لە کٶڵێم کرد و بردمە مسافرخانەکە .

بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ هێمنی شاعیر زیزی کەوتبۆوە نێوانیان . دەیگوت ساڵانێکی درێژ قسەمان پێکەوە نەدەکرد تا ئەو رۆژەی قاسملۆ ئاشتی کردینەوە . هێمن گلەیی ئەوەی لێدەکردم کەمن شیعرەکانی دەکەمە گۆرانی ، سەروگوێلاکیان دەشکێنم  و لێیان دەقرتێنم ، ئەمنیش پێمدەکوت ، مەگەر شیعرەکانی تۆ هەموو ئاگر دەکەنەوە ، ئەدی چۆن بتوانم لە سانسۆرێ دەربازیان بکەم !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت