Ferinaz

ئەبوبەکر جاف : سابڵاغ و كوردبوون و فەریناز .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

“1”

ژیل دولوز و پییەر بۆردیۆ لە مەهاباد .
دولوز لە باس و خواس لە سەر كەمینەكان ، باس لە داهێنان و خولقاندنی فۆرم و شێوازی نوێ و نامۆ و جیاوازی هەڵهاتن و بەرگری دەكات . كەمینەبوون و بوون بە كەمینە ستایڵ و فۆرمی ژیانكردن و لە ناو ژیاندا بوونە ، بە جیاواز لەو گوتارە باوەی دەسەڵات و دیسپۆزیتیڤەكانی دەسەڵات ، كەمینە لە میانە و لە ڕێگەی كاری دەگمەن و كاری ناوازەو غەریبەوە هەم هەڵدێن هەمیش بەرەنگاردەبنەوە.
كردەی مەرگ و خۆ كوشتنی فەریناز ئەو بەرگرییە كەمینەیەییە كە لە ناو تۆڕ و دیسپۆزیتیڤەكانی دەسەڵاتی ناسیۆنال – مەزهەبی ئێراندا ، كردەیەكی جیاوازو ناوازەو غەریبی خولقاند. فەریناز جیاواز لە هەر كارێكی عادەتی و دەستەجەمعی ، كردەیەكی ناوازەو دەگمەنی نواند . بەڵام ئەم كردەی كەمینە و كەمینەخوازییە بەرمەبنای “هابیتوسێك ” بیناكراوە . هابیتوسێك كە جەبرێكی ستراكتۆری هەیە ، جەبرێكی ستراكرتۆری كە دەركەوتەكانی جیاوازە .
سابڵاغ و وێنەی سابڵاغییەكان و ئەتمۆسفێری خەیاڵی ” مەجازی و ئەكتوێلی ” مەهابادییەكان ، زەمەنێكە ناچار كراوە بە دەركەوتن و مانێڤستبوونێك كە دەبێت جیاواز بێت . ئەوەی لە سابڵاغ ” مەهابادی ” چاوەڕوان دەكەین ، جگە لە كوردبوون چی وێنە و وێناكردن و كردە نواندنێكە ؟ جگە لە كوردبوون هەر چاوەڕانی و هەر دەركەوتنێك جگە لە كورد بوون نامۆ و نەشاز دەكەوێتەوە . چاوەڕوانی حەرەكە و جەرەیانێكی چەپی كۆمۆنیستی ، ماركسیستی ، فیمینیستی.. چاوەڕوانییەكی نەزۆكەو ، هەمیش دەرچوونە لەو جەبرە ستراكتۆری و دیتێرمینانەی كە مەهاباد وەك مومكینات و شیمانە لە خۆیدا هەڵیگرتووە . خەیاڵی كوردێك ، پەیوەندی خەیاڵی كوردێك بە پەیوەند بە سابڵاغەوە ، خەیاڵێكی كوردیی و كوردانەیە ، ئەمەش بە جەبرو و هابیتوسێكی ماوە درێژ و ئەو حیكایەتانەی لە مەهابادەوە بۆمان ماوەتەوە . حیكایەتی كۆمار ، تراژیدو لە سێدارەدان ، زیندانی … ئەم ڕوداوە ، ئەم مەرگە لە هەر شوێنێكی دیكە ، لە هەر جێگەو جوگرافیایەكی دیكەدا بوایە ، ماناو ئاست و دەركەوتن و فۆرمی پەرچەكرداری دیكەی بە خۆوە دەگرت . ناونان و ناولێنان لە مەرگی فەریناز یەكلابۆتەوەو لە خۆیدا هەلێگرتووە و بەهێزترین تەفسیرێك ئەوەیە ” كە مەهابادو فەرینازی مەهابادی و سابڵاغی لە سەرەتاو كۆتاییەوە ماڵە بە سەركوردەوە .
كوردەكان ڕاستە زۆرێنەی مەهاباد پێك دێنن لە ڕوی ژمارەوە ، بەڵام ئەدەبیاتی بەرەنگاری و بەرگری و میكانیزم و هێڵەكانی هەڵهان و قەڵەمڕەویی دروستكردن و قەلەمڕەوی دروستكردنەوە لە مەهابادا ، لە سەر ئەدەبیات و میكرۆسیاسەتی كەمینە ئەژمار دەكرێن . ئەم كردەیە ، مەرگی فەریناز لە ناو میكرۆ سیاسەتی كوردەكاندایە ، جەبرێك ئەم كردەو بەرگرییانە دەخولقێنێت . پێشوتر یەكلاكراوەتەوە ، پێشوتر ، كوردبوون و بە تەنگەوەهاتنی كوردبوون و دەرگیربوونی ڕۆحی كوردبوون و دەركەوتە كەمینەییەكانی بە شێوازی جیاواز لە مەهاباددا یەكلاكراوەتەوە . ئێمە جگە لە كوردبوون و فۆرمەكانی هەڵهاتن و بەرگریكردنی كوردییانە و میكرۆسیاسیانە ، چاوەڕوانی ئاستێكی دیكەی دەركەوتن و مانێڤستبوونی مانا ناكەین .

” ٢ “

ماناکانی مەرگ و مەرگی فاریناز .
مەرگ بۆ خۆیی و لە خۆیدا بێ مانایە . مەرگ بۆ خۆی و لە خۆیدا ئـاست و ڕەھەندێکی ھەیە کە لەگەڵ خۆیدا دەیبات ، ئـەوەی گرنگە لە مەرگ و ماناکانی مەرگدا پەیوەندی بە ئـێمەوە ھەیە . مەرگ و ماناکانی مەرگ لە کۆنتێکست و پەیوەندی ھێز و بەریەککەوتنی ھێزەکاندایە .. مەرگ و ناولینانی مەرگ لە ناو ھەلومەرج و کۆنتێکست و پەیوەندی ھێزەکاندایە . ھەموو مەرگێک بۆ ئـێمەیەو ماناو ئـاست و دەلالەتەکانی بۆ ئـێمەیە. مەرگ ڕوداوێکیشە بە پلەی ئـیمتیاز بۆ ئـێمە . ناونان و ناولێنانی مەرگێک پێشوەخت یەکلاکراوەتە بە جەبرو ناچاری و پێویستی ناوەکی ، مەرگی خانمێکی کوردی مەھابادی جیاوازە لە مەرگی خانمێک لە تاراندا ، لە مەرگی مادام و مادمۆزێلێکی پاریسی…
ناسیۆنالیزم خەیاڵ و ھێماو ڕەمزو زمانی ھێماییە بە شتەکانوە نوسراوە.سروشت بە بوون و پەیوەندییەک دەدات کە پڕی دەکات لە ئـیمکان و شیمانەی دەرکەوتن بە پێی ھەلومەرجێکی تایبەت.شەرەف و ناموس و کەرامەت و شکۆی ئـینسانێک وەک ئـینسانێکی ڕووت و قوت کە تەنیا لە دۆخی مرۆڤ بوونیدا بێت چ مانایەکی نییە . ڕوداوێک بۆ ئـێمەو بەرکەوتنی لە گەڵ ئـێمە گرنگترە تا بۆ خۆی.ڕوداوێک بارگاوییە بە زۆر ئـاراستەی جیاواز و مانا و بەرھەمھێنانی مانا.
ئـافرەتێک کە لە ھۆتێلێکی چەند نھۆمییەوە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە تەنیا لە بەر ئـەوە نییە کە مەترسییەک بۆ سەر جەستەو ڕۆحی بوونی ھەیە وەک ژنێک ، ھنێک بارگاویی و بارکراوە بە ھێماو سروشت و زمانی نەتەوەیەک لە کوێدا؟ لە شارێکدا کە پڕە لە بەرزبوونەوەو ھەڵبەزو دابەزی کوردایوتی.سابڵاغ شوێنێک نییە وەک ھەر شوێنێکی تر ڕووداوەکانی وەک ھەر شوێنێکی یر بە سەردا تێپەڕێت . بەڵکو ڕوداوێک لە مەھابادا بارگاویی و پڕە لە ماناو بەرھەمھێنانی مانای تایبەت بەوشارەو بە سەرمایەو حیکایەتەکانی ئـەو شارە . شەھیدبوونی ئـافرەتێک بەم مەرگە تراژیدییە ئـەگەر لە تاران و لە ئـەسفەھان و لە ھەر شارێکی دیکەدا ڕویدابایە ئـەم سروشت و ماناو دەلالەتەی نەدەبوو . سابلاخ بە حیکایەت و سەرمایەی مەعنەوی و ڕەمزی ناسیۆنالیستانەی وەک کۆمارو و شۆڕش و یاخیبووەکانی دیکەی ئـەم شارە جیاوازە لە ھەر جێگەیەکی تردا .
چاوەڕوانی ڕوداوێک لەم شارە ھەمان چاوەڕوانی نییە لە شارێکی تر بەم ماناو دەلالەتەوە ، وێنەگەلێک لە سەر مەھاباد ھەیە کە پێش ھەر خەیاڵکردنێکی لابەلای وەک بەرگری لە ژیان و ئـازادی و دیموکراسی و تەواوی ئـەو بەھانانەی دیکە کە بە زۆر ڕودا ناچنەوە سەر کورد بوون .
کوردبوون لە مەھاباددا جیاوازە، حیکایەتی کۆمارو کوردایەتی بۆ مەھابادییەکان و لە خەیاڵی مەھابادییەکاندا جیاوازە لە ھەر پانتاییەکی جوگرافی کوردی . ئـەوخانمە شەھیدە ڕاستە ژنە و بەرگری لە کەرامەت و شەرەفی خۆی کردوەە ، بەلام لە شارێکی دیکەی وەک تاراندا ڕویدابایە ھەرگیز مەرج نەبوو مەرگی خۆی بەمشێوەیە ھەڵبژێرێت ، یان ھەرگیز بەو دەرئـەنجامە نەدەکەوتەوە کە ئـێستا لە سابڵاخ و تەواوی ڕۆژھەڵات کەوتۆتەوو . ھەر ناوێکی تر جگە لە کوردبوون و بەرگری لە شەرەف و شکۆ و کبریایی کوردی لە ڕێگەی جەستەیەوە ئـاستی دیکە وەرناگرێت. ئـەمە بەرگری ژنێکی فیمینیست نییە ، ئـەمە ھەوڵی ھەڵھاتن و دەرباخبوونی چەپێک نییە کە ھەرگیز شەرەف و کەرامەت ئـەم ئـاستەی مانای نییە .
ئـەم ئـاست و ڕەھەندو جوگرافیای مانا تەنیا دەکەوێتە ناو ماکینەکانی مانای کوردبوونەوە.! ئـەم مەرگە مەرگی ئـافرەتێک – کوردبوونێکە لە ناو شارێکی کوردی بە پلە ئـمتیاز . مەرگێک جگە لە قوربانییەکی ناسیۆنالیستانە بەسەردا داتاشینی ھەر مانایەکی دیکەی ئـیدۆلۆژی کڵۆڵ و دەستەپاچە دەکەوێتەوە .!