kejal-ibrahim-8

سەباح شێخانی  : ڕوانین لە جوانى لە شیعری کوردیدا ، کەژاڵ ئیبراهیم خدر وەک نموونە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان خۆشەویستی و شیعردا هەیە ، گفتوگۆکردن ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا ، دواندن ، وتووێژیی بەرفراوان لە بەرهەمی داهێنەراندا بۆ جوانی و تازەگەری لەسەرتاسەری جیهاندا ڕێچکەیەکی گەورەی داگیرکردووە ، ئەویش بۆژیانی جۆراو جۆر لە شیعردا خۆی لە ( خۆشەویستی ، ئاشتی ، سروشت ) دەبینێتەوە ، بەشی زۆری داهێنەرەکان لەوبوارەدا ، وێنەی ژیانیان کێشاوە بەجوانی و ناسکی ، هەروەها ئەمە لە بواری هونەریشدا بە تایبەت شانۆ و تابلۆ خۆی دەنوێنێت .

ئەدەب و شیعر دوورترین مەوداو زۆرترین ئامادەبوونی هەیە لە نێوان کایەکانی ژیاندا ، خاتوو کەژاڵ لە چوارچێوەی شیعرەکانیدا وێنەی ژیانمان بە گوڵ و گوڵزار بۆ دەرازێنێتەوە ، هەروەها ئەو لە بەرانبەر ئەلتەرناتیڤی شەڕ و خوێنڕشتن بانگمان دەکات بۆ عیشق ، هەر ئەمەیشە جوانی داوە بە بنیادی ناوەوەی دەقە شیعرەکانی .

لە باخچەکانی عیشقما
سێ گوڵت پێشکەش دەکەم
یەکەمیان بۆ دەستت، سەمای پێ بکەی
دووەمیان بۆ لێوت، گۆرانیی پێ بڵێی
سێیەمیان بۆ چاوت، فرمێسکی پێ بسڕی
تا بزانی باخەکەی من
دەستێکی تیا نییە، بۆ خوێنڕشتن
لێوێکی تیا نییە بۆ تووڕەبوون
چاوێکی تیا نییە بۆ گریان

کەژاڵ ژنە شاعیرێکی ناسراوە ، کە دەردەکەوێت ، هەمیشە جوانی لە شیعرەکانیدا خۆی نمایش دەکات ، پێداهەڵدانێکی نوێ دەخوێنینەوە بۆژیان ، بۆئەو ژیانەی کە باخچەی گوڵی دەداتێ و بۆنی دەکات لەنزیکەوە ، کەژاڵ ڕێپیشاندەرە، لای ئەو ، خۆشەویستی ڕێگەپێدراوە بە بەپێچەوانەی ئەوانەی کە لە شەڕدا پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان هەمیشە سوارن ، بۆ ڕشتنی خوێنی لاوان و ئازاردانی دڵی دایکان .
تێگەیشتن بەلای ئەم خانمە ژنەوە جوانی بەدوای خۆیدا دێنێت وەکوو سیمای گەشی مانگ و تریفەی مانگە شەو ، لەناخی داهێنەرەکانییشەوە ئەم پەرچەمە ئاڵۆزکاوەی شیعرەکان بۆ ژیان بەدی دەکرێت ، جگە لەوەی جوانی دەنووسێتەوە بە پەلکەزێڕینەی بەهار ، دەرکەوتنی بەرەنگی جیاواز ، بووەتە سەراسیمەیەکی بێئەندازە .
ئەم ژنە هێشووی وشەکانی ئەوەندە ناسکن دەڵێیت ملوانەیەکی هەستبزوێنە بەلاملی کیژە شۆخ و شەنگەکانەوە ، ئەم ژنە سەرجەم وشەکانی جگە لە بارگاوی بوون بە خۆشەویستی بۆسەرتاسەری مرۆڤایەتی هیچی تری پێ نییە ، بۆیە ئەو بەئاگایانە کار دەکات لەسەر شیعرییەت و ڕەنگدانەوەی جوانی لە شیعرەکانییدا .

سەربەستی ژیان
بە هەوری خوێن ڕەنگڕێژ دەکەم
لەنێو دڵی پڕتاساوی هەموووتانا
وەکو ڕێژنەی باران
وڵات پڕ دەکەم لە ڕەنگ
لەژێر سێبەری باڵاتا
لە درەختی پڕ هەناری گوڵی لێوتا
لە زەنگ دەدەم

ئەم شاعیرە پڕ لەهەناوی شیعرە ، ناسکیەکی تایبەتی بە شیعرەکانی داوە ، جوانی وشەکان بۆخۆشەویستی و داهێنانی هونەری وات لێ دەکات هەمیشە بیر لەبوونی جیهانێکی جیاواز بکەیتەوە وەک هەورێکی سوور و ڕەنگی لێوەکانی وەک ڕەنگی گوڵی هەنار .
بەدروستکردنی خەیاڵێک کە نزیک بێت لێمانەوەو پەی پێ ببەین بەڵام هەمووو ئەمانە وامان لێ ناکات دووربکەوینەوە لە شیعری نوێخوازی و تازەگەری ، هەرچۆنێک بێت دەبێت بیر بکەینەوە بەڵام بیرکردنەوەکەمان بەشێوەیەکی وەها ، کە ببێتە پێوەر بۆ ئێستاو ئایندە . کەژاڵ دواجار نەخشی خۆی دەخاتە ڕوو ڕاشکاوانە ، پێمان دەڵێت :

من بەر لەوەی تۆ بناسم
لە خەونی چاوەڕوانیدا تۆم بینیبوو
من بەرلەوەی تۆ بناسم
تامەزرۆی سەمای پەنجەت و
عاشقی ڕوخساری گەشت و
دوو چاوی پر ئەوینت بووم

زۆربەی وشەکانی کەژاڵ ئیبراهیم خدر لە ڕوونی و ڕۆمانسیەتدا خۆی دەبینێتەوە ، ئەمەیش وا دەکات بەخۆشەویستی و نەغمەیەکی جوانەوە بڕوانینە شەبەنگی ژیان . شیعر لای کەژاڵ وەکوو شۆڕشێکی خۆشەویستی ، یان گەردەلوولێکی بەهێزی ویژدانی ناخ دەردەکەوێت ، ئەو بیرۆکانەی کە هەیەتی لە خۆشەویستیەکی بێئەندازەی ئەزەلییەوە بۆ یەکێک کە تینووی سەمای پەنجەکانی بێت سەرچاوەی گرتووە .
ئەو هەمووو جوانییە وامان لێ دەکات لەبەرانبەر شیعرەکانی بە ڕۆحێکی گەشەوە بڕوانینە ئایندە و بە خەیاڵ خۆمانی تێدا ببینینەوە .

بەڵێنم دا هەرگیز بۆنی گوڵێک نەکەم
بۆنی وەک هەناسەت نەبێ
لە هیچ ئاوێک نەخۆمەوە
وەکو خوێنەکەت شیرین نەبێ
پشوو نادەم لەژێر سێبەری چنارێ
بەرز نەبێ بە قەد باڵات
من تیشکی خۆرم هەر ناوێ
ڕووناکییەکەی نەگا بە جوانیی چاوانت و
گەشی سیمات

بە خوێندنەوەی شیعرەکانی ، بۆمان دەردەکەوێت ئەم خانمە زۆر بە قووڵی لەسەر چەمکگەلی ” ئەوین ، گەیشتن بە دڵخواز ، پەخشکردنی جوانی ، خۆشویستنی یەکتری و دوورکەوتنەوە لە ڕک ” کاری کردووە بەڵام هەر جارەو بە ڕەنگێکی جیاواز و دیدێکی نوێوە .

سەرچاوە :
جریدە جمهوریە ، العدد ( 16422 ) ، الخمیس ، 8 ی ینایر 2015 ، ێ 9 ( ‌صفحە ادب و پقافە )

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت