پەشێو حەمەد ئەمین : بۆ ڕێکخراوە مشەخۆرەکانی حیزب .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر ئێمە بمانەوێ پراکتیزەی دیمۆکراسی بکەین و کار لەسەر بەرزکردنەوەی هۆشی نەتەوەیی تاك بکەین لە کۆمەڵگادا ، گەر بمانەوێ زیاتر دڵنیایی لە مرۆڤەکان وەرگرین لەمەڕ پرسە ئایینی و کلتوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و پەروەردەییەکان و… تد. بە دڵنیاییەوە پێویست گەلێکی زۆرمان بە ڕێکخراوە فەڕمی و نافەڕمیەکانی سەر بەحکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت ، لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا . بەڵام لە کاتێکدا ئەم ڕێکخراوانە سێبەری حیزب نەبن و کار بۆ بەرژەوەندیەکانی حیزب نەکەن ، بەڵکو بەبێ بونی هیچ جیاوازیەك بەشێوەیەکی ئاسۆیی خزمەت بە گەل و وڵات بکەن .
دەیان ساڵە لە کوردستان سەدان ڕێکخراو دامەزراون ، بەشی هەرە زۆریان موڵك و سێبەری حیزبن و ، وەك مشەخۆر لە سەر خەرجیەکانی حکومەت دەلەوەڕێن .
ڕێکخراومان هەیە بەناوی ( ڕێکخراوی پاراستنی جۆرەکانی پەپولە ) لە ماوەی ڕابردودا ئەم ڕێکخراوە مانگانە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناری لە حکومەت وەرگرتووە . لە وڵاتێکدا کە هیچ بەهایەك بۆ بوون و شکۆی مرۆڤ نەبێت ، چۆن دەتوانین پارێزەرێکی باش بین بۆ پەپولەکان ..؟
لە ناوەڕاستی سەدەکانی ڕابردوەوە ڕێکخراوی قوتابیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانمان هەیە ،
من نازانم گرنگی و بونی ئەم ڕێکخراوە لە چیدایە کاتێك خوێندکاری زانکۆ بە ڕۆژی ڕوناك لە بەردەمی زانکۆکەیدا لە ناوەڕاستی شارو لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا تیرۆر دەکرێت ..؟ کاتێك لە زانکۆی سلێمانی لە ڕۆژانی ١٧ی شوباتدا خوێندکاران ئەنفال دەکران ، ڕێکخراوی خوێندکارانی سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کوێ بوون ، تا پێوانەی گەورەیی ئەم شەرمەزاریە بکەن و نیشانی ڕای گشتی بدەن ..؟ دەیان ساڵە ئەم دوو ڕێکخراوە هەن و بەدەیان ملیۆن دۆلاریان لە حکومەت وەرگرتوە ، لە جێگای ئەوەی ببینین ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی زانکۆکانمان بەرەو پێش بچن ، کەچی نەك لە خراپترین ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا نایەن ، بە ڵکو هەر لە ڕێزبەندیەکەشدا نابینرێن .
ئادەی بەڕێزان و چالاکوانانی نێو ئەم دوو ڕێکخراوە کوانێ دەستکەوتەکانتان ؟ چی دەڵێن بەو گەنجانەی ساڵانێکە زانکۆیان تەواو کردوەو کەچی ڕۆژانە لەمانشێتی هەواڵەکاندا دەبینین لە برساندا خۆیان دەکوژن ؟ چۆن شەرم ناتانگرێ کە گوێ بیست دەبن دەرچویەکی زانکۆ لە ئانی کرێکاریدا لە بەرزی چەند نهۆمێکەوە بەردەبێتەوەو گیان لە دەست دەدات ؟ هەڵوێستی ئێوە لەم بارەوە چیە …؟ شەرمەزارکردنی حکومەت بە دەلیلی ئەوەی هەلی کاری بۆ نەڕەخساندون ؟ یا شەرمەزارکردنی خودی خۆتان کە بەدەیان ملیۆن دۆلار لە کارو چالاکی پڕوپوچدا سەرف دەکەن و خوێندکارە خێر لە خۆنەدیوەکانی نیشتمانیش نانی ڕۆژیان نیە بیخۆن ؟
ساڵانێکی زۆرە ڕێکخراوی ژنان و ئافرەتانی سەر بە هەردو حیزبی یەکێتی و پارتیمان هەن ، کەچی سیستەمی پیاو سالاری ساڵ دوای ساڵ زیاد دەکات و هەر ئامارەکانی خۆیانن پێمان دەڵێن : ڕێژەی ژن کوشتن نەك بە بنبەست نەگەیشتوە ، بەڵکو بەردەوام لە فروانبوندایە .
ئەی ژن دۆستانی ئازیز ، هەر ئێوە نەبون لە ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە پێناو بەرژەوەندی حیزبەکانتان ستیان و جلی ژێرەوەی ژنانتان دەبەخشیەوە ، پێمان بڵێن چ سوکایەتیەك لەمە زیاتر هەیە بە شکۆو پیرۆزیەکانی ژن . ئەمانە هاوکاری مرۆیین یا بێ بەهاکردنی ژن ؟ پێما بڵێن کامیان ؟ بە ڕاستی ئێوە ڕێکخراوی پاراستنی مافەکانی ژنانن یا لە بازاڕەکانی جل فرۆشتنا کار ئەکەن .؟
تکایە هەڵمەتەکانتان ڕاگرن ، داوای مافێك مەکەن کە هی ئێوە نیە . لەوەی کەهەن خۆتان ناشرینتر مەکەن ، لێرەدا مرۆڤەکان بەو جۆرە دەژین کاتێك شەیتانیان پێ ئەناسێنی دواتر بە نەفرەتی ئەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت