Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد : ئەو پیاوانەی بۆ شەوێکی ژنە قەحبەکان دەسوتێن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وڕێنەکانى من ، بەشى 16 – 17 .

ئەو هێزە ئەفسوناویەى عەشق بە ئینسانى ئەدات لە هەر هێزێکى ترى دونیا کە بە مرۆڤ ئەبەخشرێت بەهێزتر و جوانترە ، گەر کەسێک عاشقى ناشرینترین مرۆڤى دونیا بێت لاى ئەو وەک جوانترین ڕوخسارى دونیا وایە ، لە دونیادا دەگمەنن ئەو عاشقانەى ئەتوانن باوەڕ بە چاوى خۆیان بێنن کەوا کەسێکى تر هەیە لە خۆشەویستەکەى ئەوان جوانترە ، چاوى عاشقەکان ناتوانێ باوەڕ بکات کە لە گەردوندا بونەوەرێک هەیە لە خۆشەویستەکەى ئەوان جوانترە ، ئەمەیە هێز و سیحرى عەشق ، کە ئەتوانێت ناشرینترین بونەوەرى دونیا بکاتە جوانترین ، وە جوانترینیش بکاتە ناشرینترین ، عەشق تاکە هێزە ئەتوانێ باکور بکاتە باشور ، ڕۆژهەڵات بکاتە ڕۆژئاوا ، بە پێچەوانەشەوە ؟ عەشق ئەتوانێ هەموو شتێک بەو شێوەیە دابڕێژێت کە خۆى گەرەکیەتى ، عەشق ئەتوانێ دونیا بەو شێوەیە وێنا بکات کە خۆى ئەیەوێ بێ ئەوەى هیچ بەربەستێک بتوانێت ڕێگاى لێ بگرێت یا لە هێزى کەم بکاتەوە . ئەگەرچى هەموو عەشقێک جەللادێکى هەیە ، ئەستەمە بتوانین عەشقێک بێ جەللاد بدۆزینەوە ، مەگەر عەشقە بچووکەکان نەبێت ، ئەگینا هەموو عەشقێکى گەورە جەللادێکى هەیە ، کەچى هێزى عەشقى ڕاستەقینە بێباکانە و تاهەتایە لە جەنگێکى بەردەوام و دانەبڕاودایە لەگەڵ جەللادەکەیدا ، تەنانەت بێهێزترین عاشقەکان ئەتوانن شەڕ لەگەڵ بەهێزترین جەللادى عەشقدا بکەن ، هیچ کاتێکیش جەللاد ناتوانێ بەسەر عەشقدا سەرکەوێت ، مەگەر عەشقەکە لە ئەساسدا بۆخۆى لەسەر ڕەگى خودپەرستى بونیادنرابێت ، هەر عەشقێک لەسەر ڕەگى خودپەرستى بونیادنرابێت ئیدى گەر جەللادى عەشقەکە بێهێز و لاوازیش بێت ئەوا ڕۆژێک دێت جەللادەکە بەدەستى خۆى عەشقەکە لە گۆڕ ئەنێت .
ئەمەوێ بە ئێوە بڵێم ( مەبەستم کەسەکانى ناو ناخمە ) من باوەڕم بە کوردایەتى نیە ، باوەڕم بە مرۆڤایەتى نیە ، چونکە باوەڕ بوون بە کوردایەتى یا مرۆڤایەتى خراپترین جۆرى ئیهانەکردنە بە کوردایەتى و مرۆڤایەتى ؟ من باوەڕم بە گیانلەبەرایەتى هەیە ، یانى هەموو ئەو گیانلەبەرانەى لەسەر زەوى ئەژین . لاى من ئەخلاقى هەموومان لە ژێر گەورەترین پرسیاردایە تا ئەو کاتەى دادگایەک دائەنێین کە تیایدا بکوژانى مریشکێک و بەرخێک و مرۆڤێک وەک یەک سەیر ئەکرێت ؟ ئێمە بەدترین بونەوەرى سەر ئەم هەسارەیەین تا ئەو کاتەى واز لەو جەنگە بەردەوام و خوێناویە دێنین کە بەرامبەر بەو هەموو ئاژەڵە بێ بەرگریانەى دەستمان پێکردوە ، بێماناترین جەنگ ئەو جەنگەیە کاتێک کەسێکى زۆر بەهێز بەرامبەر کەسێکى بێهێز ئەنجامى ئەدات .
ئەستەمە مرۆڤێک بدۆزیتەوە لە پێناو تاقى کردنەوەدا مناڵێک سەر ببڕێت و گۆشتەکەى بخوات ؟ هیچ ئاژەڵێک لەسەر ئەو زەویە نیە لە تێریدا گۆشت بخوات جگە لە مرۆڤ، مرۆڤ بۆ تاقى کردنەوەى تامى گۆشتى مناڵەکەى ئامادە نیە سەرى ببڕێت و گۆشتەکەى بخوات ، بەڵام ئامادەیە هەرچى بونەوەرى سەر ئەو ئەستێرەیە هەیە بیخاتە مەکینەیەک و بیانهاڕێت بۆ ئەوەى جۆرى تامەکانیان تاقى بکاتەوە ، چێژ لاى مرۆڤ گەیشتۆتە ئاستێکى ئەوەنە ترسناک و بەد کە ئامادەیە هەموو جەستەیەکى ناسک و جوانى ئاژەڵان لەناوبەرێت لەپێناو بەدەست هێنانى چێژدا .
چێژ نهێنى هەموو مرۆڤێکە ، هەموومان عەودالى بەدەست هێنانى چێژین ، هەمومان بۆ ئەوە لە ژیان هەوڵ ئەدەین تا زۆرترین چێژ دەستەبەر بکەین ، ئەم حەزەش تا ئەو کاتە سروشتیى و ئاساییە گەر ئێمە لەسەر ئەساسى لەناوبردنى چێژى ئەوانى دى بەدەستى نەهێنین ، تەنیا تامى ئەو چێژە حەڵاڵە کە ئێمە لەسەر حیسابى خۆمان دەستمان خستوە ؟ بەدەست هێنانى هەر جۆرە چێژێک لەسەر ئەساسى ئازاردانى بونەوەرانى تر جگە لە درۆیەکى گەورە لەگەڵ ناخى خۆمان زیاتر هیچى تر نیە .

واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە ؟ گەر ژنێک یەک دەقیقە بە جەستەى ڕووت بە شەقامەکانى ئەم وڵاتەى ئێمەدا بسوڕێتەوە یەکسەر ئەبێتە قیامەت و زۆرینەى ئینسانەکان پێى ئەڵێن ئەو ژنە بێ ئەخلاقە و هەر شەوەى ئەچێتە باوەشى پیاوێک ، واى لێدێت بە ماوەیەکى زۆر کەم لەبەر چاوى زۆرینەى پیاوەکانى مەملەکەتى ئێمە ئەبێتە قێزەوەنترین ژن ، ئەوەنە ئیهانە ئەکرێت و ناشرینى ئەکەن هیچ پیاوێکى ئەو وڵاتەى ئێمە بە پیاوە ڕۆشنبیرەکانەوە ئامادە نابێت بیخوازێت و بیکاتە هاوسەرى خۆى ، بەڵام هەر هەموویان لە ناخەوە حەز ئەکەن ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستیان بەر جەستەى بکەوێ ، یا گەر بۆ شەوێکیش بێت لەگەڵى بخەون ، سەرجەمیان نەفرەت لە ئەخلاقى ژنەکە ئەکەن کەچى هەر هەموویان لە ناخەوە بۆ شەوێکى ژنەکە سوتاون ؟ گەر ئەم ژنە لە ناخەوە زۆر جوان و پاک بێت ، خاوەن دەیان بڕوانامەى بەرز بێت و چەند زمانێکیش بزانێت ، گەر هەرگیز خیانەتى لە هیچ کەسێک نەکردبێت ، گەر یەکێک بێت لە پاکترین ژنەکانى دونیا ، گەر لە هەموو تەمەنیدا سێکسى نەکردبێ ، گەر بە درێژایى ژیانى خۆى ئازارى هیچ کەسێکى نەدابێت ؟ ئەوا لاى ئێمە ئەبێتە ژنێک کە پێى ئەوترێ بێ ئەخلاق ؟ بەڵام ملیۆنان کەس لە وڵاتى ئێمەدا ڕۆژانە بە ئەخلاقى ڕووتەوە ، بە ویژدانى ڕووتەوە ، بە هەست و نەستى ڕووتەوە ، بە عەقڵى رووتەوە ، بە هەموو شتێکى ڕووتەوە ، تەنیا بە جەستەى بە جلەوە ، ئەبنە سەرۆک ، ئەبنە ڕۆژنامەنوس ، ئەبنە شاعیر ، ئەبنە بەرپرس ، ئەبنە داکۆکیکار لە مافەکانى ژنان ، بێ ئەوەى ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک پێیان بڵێ بێ ئەخلاق ؟
ئاخر هەر ئەمەیە واى لە مرۆڤى کورد کردوە کە تا زیاتر لە کوردستان بچێتە دەرەوە زیاتر و زیاتر هەست بە کەمى خۆى بکات ، هەموو مرۆڤەکانى وڵاتى ئێمە کاتێک ئەڕۆنە مەملەکەتێکى تر ڕاستەوخۆ لە ناخەوە هەست بە کەمى کەسایەتى خۆیان ئەکەن ، هەندێکیان لە ناوەوە ئەهەژێن و هەستى خۆ بەکەمزانین ئەیانهاڕێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت