Bayezid

نەبەز گۆران : بایەزیدی بەستامی و دایكی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بایەزیدی بەستامی ، یەكێكە لە ( عارف) ە گەورەكانی ناو سۆفیگەری . چیرۆكی زۆری هەیە . هەر چۆن ( مەولانا ، حەلاج ، داودی تائی ، شەقیقی بەڵخی ، جونەیدی بەغدادی و … هتد) كۆمەڵێك عارفی گەوەرن ، بایەزیدیش لەو تایپەیە كە سۆفیگەری بەستۆتەوە بە فەلسەفەوە ، لەو شوێنەی باس لە بەستنەوەی سۆفیگەری و فەلسەفە دەكرێت ، دەبێت باس لە بایەزیدی بەستامی بكرێت ، چونكە یەكێك لە كۆڵەكە گرنگەكانی ئەم بەستنەوەیەیە .

ئەمە باسەكەی من نییە ، باسەكەی من لەسەر چیرۆكەكانی ئەم عارفە گەورەیە لەگەڵ دایكی و لەگەڵ بڕواكانی بەرامبەر دایكی و چەند چیرۆكێكی دیكە .
ئەم عارفە دایكی زۆر خۆش ویستووە ، بە ڕادەیەك هەرگیز رۆژێك پێچەوانی دایكی قسەیەك یان هەڵسوكەوتێكی نەكردووە . بۆ نمونە :
جارێكیان سەر لە ئێوارەیەك دایكی پێیدەڵێت : تینومە تۆزێك ئاوم بۆ بێنە.
بایەزید دەروات دەبینێ‌ گۆزەكە ئاوی تیانیە . دەچێت بۆ سەر كانی ئاوی بۆ بێنێت ، تا لە كانی دێتەوە ، دایكی خەوی لێدەكەوێت . دڵی نایەت لە خەو هەڵی سێنێت، تا دەمەو بەیان بە دیاریەوە بە جامێك ئاوەوە دەوەستێت. بەیانی كە دایكی خەبەری دەبێتەوە دەبینێ ‌، بە دیاریەوە وەستاوە . پێی دەڵێ‌ : بۆ وەستاوی كوڕم ؟
بایەزیدیش دەڵێ‌ ئاخر ، ئێوارە تینوت بوو ، داوای ئاوت كرد ، چووم ئاوم بۆ هێنای خەوت لێكەوت ، ئیتر دڵم نەهات خەبەرت بكەمە و نەشمتوانی بخەوم ، وتم نەكا خەبەرت بێتەوە و تینوت بێت. وەستام تا هەركات لە خەو هەڵسێی ئاوەكەت بدەمێ ‌!
جارێكی كەش ، شەوێك دایكی پێدەڵێت :
كوڕم دەچم دەخەوم ، ئەو گۆزەیە ئاوی زۆری تیایە نیوی بكە!
دەڵێت چووم ، یەك گۆزە نەبوو ، دووان بوو ، تا بەیانی وەستام نەمزانی كامەیان نیوە بكەم ، دەترسام هەركامێكیان بكەم ئەو نەبێت و بێ‌ فەرمانی دایكم كردبێت . تا بەیانی بە دیار گۆزەكانەوە دانیشتم بۆ ئەوەی بێ‌ فەرمانی نەكەم دەستم لە هیچیان نەدا و بەیانی كە دایكم لە خەو هەڵسا هات وتی: ئەو گۆزەیانم وت ، منیش گۆزەكەم نیوەكرد!
چیرۆكی زۆری هەیە . هەر یەك لە چیرۆكەكانی ، جێگای سەر سوڕمانن .
جارێكیان دەیەوێت بچێت بۆ حەج . لە رێگا توشی دەبێت بە توشی هەژارێكەوە ، هەژارەكە لێی دەپرسێت :
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ؟
– دەچم بۆ حەج
– چەند پارەت پێیە ؟
– بیست دەرهەم !
هەژارەكە دەڵێت : بیست دەرهەمەكە بدە بە من و حەوت جار بە دەورمدا بسوڕێرەوە ، حەجەكەت قبوڵە . ئەویش پارەكەی پێدەدات و حەوت جار بە دەوری هەژارەكەدا دەسوڕێتەوە و دەگەرێیتەوە بۆ شوێنی خۆی و بە دۆست و یارانی دەڵێت :
من حەجی خۆمم كرد!
– گەرچی كتێب گەلێكی هەیە و هەریەك لە كتێبەكانی ، جیهانێكی تایبەتی بیركردنەوە و رۆحانیەت پێكەوە پیشانی خوێنەر دەدات ، لێ‌ خۆی لە شوێنێكدا دەڵێت : لە ژێر كاریگەری چوار كەسدا گەیشتم بەم ئاستە . من لێرەدا دووانیان باسدەكەم :
یەكەم :
جارێكیان ، منداڵێك چرایەكی پێبوو ، لێم پرسی بچكۆل ئەو روناكیەت لە كوێ‌ هێناوە ، فویەكی لە چراكە كرد و كوژانیدەوە و وتی :
یا شێخ پێم بڵێ ‌، ڕوناكیەكە بۆ كوێ‌ چوو ، باپێت بڵێم ، ڕوناكیەكەم لە كوێ‌ هێناوە.
دووهەم :
رۆژێك مەستێك بە لارە لار بەرێگادا دەرۆیشت ، پێم وت ، ئاگات لە خۆت بێت نەكەویت . لە وەڵامدا پێی وتم :
یا شیخ تۆ ئاگات لە هەنگاوەكانی خۆت بێت ، بە رێگای تاریكدا نەڕۆیت ، زانایی و چاو كاراوەیی ئەوەیە رێگای خۆت بزانیت .
هەڵبەتە ئەم عارفە وەك عارفەكانی دیكە ، كۆمەڵێك بەسەر هات و چیرۆكی راستەقینەی ژیانی خۆی هەیە . هەندێك لە قسەكانی جۆرێكن ،كە بەشێك لە تێنەگەیشتووەكان ، بە كوفر لێی حاڵی بوون ، لێ‌ ئەو لە دۆخێكدا بووە ، ئیدی وەك هاوپۆلەكانی خۆی ، شتێكیان دیووە ، جیاواز بووە لە بینینی كەسانی كە . بۆیە لە جێگایەكدا دەڵێت:
( ژێر عاباكەی من هیچی تێدا نیە ، جگە لە خودا ) ئەم رستەیە سەردەمی خۆی زۆر كەسی تێكداوە ، بەبێ‌ ئەوەی دەرك بەوە بكەن ، ئەمە فەنابوونە ، لە ناو حەقیقەتدا و ونبوونی خودە ، لە منی نادیاردا .
لە جێگایەكی كە دەڵێت :
( چەند ساڵ پاسەوانی دڵ بووم و چەند ساڵ ، دڵ پاسەوانی من بوو ، ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت ، نە من ئاگام لە دڵە و نە دڵ ئاگای لە منە )
ئەم جۆرە تێگەیشتنە سۆفیگەریانە ، لە بەشێكی زۆری عارفەكاندا بەدیدەكرێت . هەرچەندە لە ناو كۆی ئاینەكاندا سۆفیگەری هەیە و كۆمەڵێك كەسی گەورە لەم رێگایەدا دەبینرێن . ئەما لە هەمووی گرنگتر لەم كەسانەدا ، چیرۆكەكان و تێگەیشتنیانە بۆ دونیا و بوونی نادیار.
بایەزیدی بەستامی ، بە ونبووێك سەیردەكرێت لەناو نادیارێكدا ، هاو پۆلێكی خۆی دەڵێت : بایەزید هەزاران زانایە ، بەڵام نادیارێكە لەناو نادیارێكی كەدا .

س – ف ن