ئاریان ڕەشید : تیگەیشتن لە ڕیفۆرمی ئایینی لە سۆنگەی ژێرخانی میژووییەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕۆشنبیرو نوسەرانی کۆمەڵگای ئێمە بەردەوام قسە لەسەر گرنگی و پێویستی ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ئایینی دەکەن ، هاوشێوەی ئەو ڕیفۆرمەی لە ئایینی مەسیحیدا لە سەدەی شانزەو لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا بەدیهات . تەنانەت ئەم باس و خواستە تەنها لەسەر زمانی ڕۆشنبیران و خویندەواران قەتیس نەبووەو وەکو زمانێکی ڕۆژانەی خەڵکی ئاساییشی لێهاتوە ، خەڵکی بە پەرۆشەوە خوازیاری سەرهەڵدانی چاکسازی بنەڕەتین لە کایەکانی ئایین و دۆخی ئایینداری لە کۆمەڵگای ئێمە ، بە تایبەتی دوای پێشهاتەکانی ئەم دوایەو دوای سەرهەڵدانی چەندان گروپ و دەستەی ئایینی تووندڕەو ڕادیکال ، چەندان چین و ڕێکخراوو کۆمەڵی ئایینی ، کە لە دیدگایەکی ئایینی پەتیەوە لە دونیاو مێژوو کۆمەڵگاو ئینسان دەڕوانن و لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوریەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە چاوی ئایین و دیدگای تێکستە پیرۆزەکانەوە ڕاڤە بکەن و ژیانی تاک و ژیانی کۆمەڵگاش لە دیدی ئایینی ڕووتەوە چوارچێوە بکێشن . تەنانەت ئەم باس و خواستە خەونی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و نوسەرانی عەرەبیشە لە نموونەی ” جۆرج تەرابیشی و محەمەد ئارکۆن و هاشم ساڵح ” و چەندانی تر کە چەندین کتێبیان لەم بارەیەوە نووسیوەو چەندین لێکۆڵینەوەو بابەتیان لەسەر پێویستی چاکسازی ئایینی و بەرپاکردنی شۆڕشێکی بنەڕەتی لەسەرجەم کایەکانی ئاییندا خستۆتە ڕوو .
ئەوان بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ڕۆژئاوا وەکو سیمبولی بەرخودان و ڕۆشنگەری و نوێ بوونەوە و لە دایک بوونەوە لەقەڵەم دەدەن و ڕۆژئاوای دیموکراسی ئەمڕۆ بەبەرهەمی ڕیفۆرمی ئایینی دەزانن و ئەو بەها مۆراڵی و ئینسانی و کلتوریەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا لە برەودایە بە دەرئەنجامی حەتمی شۆڕشی چاکسازی ئایینی لە قەڵەم دەدەن . لەو تێڕوانینەشەوە ئەوان خاڵی سەرەتایی و دەسپێکی گەشتن بە هەمان دۆخی ژیاری و ئاشنابوون بە هەمان شێوە ژیانی دیموکراسی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بە هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی چاکسازی ئایینی وێنا دەکەن ، بەو پێیەی دۆخی ئایینی کۆمەڵگا ئەو ژێرخانە بنەڕەتی و پتەوەیە کە سەرخانی کۆمەڵگای لەسەر دادەمەزرێ .
ئەوەی زیاتر پڕۆژەی چاکسازی ئایینی دەکاتە پێویستیەکی حەتمی ئەو پاشاگەردانی و پەرش و بڵاویەیە لە نێو کایەی ئایینیدا لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکان لە ئارادایە . ئەو تێڕوانین و لێکدانەوەو ڕاڤە جۆرارجۆرو فرە چەشنەیە بۆ ئایین و ئاینداری دەکرێت لە نێو ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی تێیدا ئایینی ئیسلام دەسەڵاتدارەو بە جۆرێک لە جۆرەکان ئایین کۆنترۆڵی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری کردوە . ڕیفۆرمێکی بنەڕەتی لە نێو کایەی ئاییندا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنیت ئایین لە دیدو تێڕوانینە دۆگماو چەقبەستوەکان ڕزگار ببێت و ببێتە موڵکی سەرجەم تاکەکان ، خەڵکیش دەستکراوەو ئازاد بن بە ویستی ئازادانەی خۆیان و لە میانەی بەکارهێنانی عەقڵ و ووشیاری خۆیانەوە لە ئایین و ئایینداری بگەن و ڕاڤەی تێکستە پیرۆزەکان و دەقە ئایینیەکان بکەن .
قسەکردن لەسەر خاڵ و بڕگەکانی ڕیفۆرمی ئایینی و دەستپێکی ئەو ڕیفۆرمە و گرنگی و بەرئەنجامەکانی وەها پڕۆژەیەک ئامانجی ئەم باسەی من نییە ، ئامانجی من لێرەدا قسەکردن نییە لەسەر ماهیەتی ڕیفۆرمی ئایینی و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو ڕیفۆرمەو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێنە ڕێگای وەها پڕۆژەیەک ، هەروەکو چۆن ناشمەوێت لێرەدا ناوەڕۆک و جەوهەری بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ڕۆژئاوا شیتاڵ بکەمەوەو باس لەو کارو پڕۆژانە بکەم کە ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ خۆیدا هێنایە کایەوە . ئەوەی من لەم باسە کورتەدا دەمەوێ لەسەری بوەستم و قسەی لەسەر بکەم نیشاندانی هەندێ لەو گۆڕانکاری و ڕووداوو پێشهاتانەیە کە پێم وایە کاریگەری گەورەیان لە سازکردن و لەبارکردنی زەمینەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرمی ئایینی هەبووە .
ئەوەی دەمەوێت لە میانەی ئەم ووتارەدا بیخەمە ڕوو ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت بەبیرهێنانەوەی خوێنەرو ڕیفۆرمخوازانی کۆمەڵگای ئێمەیە بەو ژێرخانە مێژوویی و بابەتیانەی کاریگەری سەرەکی و گرنگیان لە سەرهەڵدانی ڕیفۆرمی ئایینی و بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی چاکسازی لە کایەی خوداناسی و خوداپەرستیدا هەبووە لە ڕۆژئاوادا . ئامانجی ئەم نووسینەی من ناساندنێکی خێرای تینوانی ڕیفۆرمی ئاینییە لە کۆمەڵگای ئێمە بەو دۆخ و کەش و هەوایەی زەمینەی سەرهەڵدانی چاکسازی ئایینییان لە ڕۆژئاوا ڕەخساند . ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی خەڵکی ئێمەو ڕۆشنبیرانی ئێمە لەوە تێبگەن بزووتنەوەی چاکسازی ئایینی دەرەنجامی مێژوویەکی درێژی ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی و زانستی و کلتوری و بەرمەبنای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی کایەی ئابووری و جوگرافی و ژیاری بووە . تاوەکو ئێمەش لە میانەی ڕووداو پێشهات و گۆڕانکاریەکانەوە قسە لەسەر زەمینەی سەرهەڵدانی ڕیفۆرمی ئایینی بکەین و ڕادەی شیاویەتی ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ریشەییمان لە کۆمەڵگای خۆمان بۆ دەربکەوێت .
ئەگەر بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی بە سیاقە میژوویەکەیەوە گرێبدەین ، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کەوا گەلێک ڕووداوو پێشهات و گۆڕانکاری پێش ئەم مێژووە دەکەون و دەکرێت نەخشی سەرەکیان لە سەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕیفۆرمدا هەبوبێت . ئێمە لەوە دڵنییاین کە ڕیفۆرمی ئایینی لەسەر دەستی ” مارتن لۆتەر ” بەدیهات و ” جۆن کاڵڤن ” یش لەژێر کاریگەری لۆتەر جۆرێکی تری ڕیفۆرمی ئایینی بەئەنجام گەیاند. لێرەدا بەکورتی باس لە هەندێک لەو پێشهاتانە دەکەین کە لە ڕووی مێژووییەوە پێش شۆڕشەکەی ” لۆتەر ” کەوتوون . پێش ئەوەش ناساندنی کورتەیەکی ڕیفۆرمی ئایینی بە مانا ڕۆژئاواییەکەی بە خوێنەرانی ئێمە پێویست و گرنگە ، تا لە میانەیەوەو لە ڕوانگەی مێژووی سەرهەڵدانیەوە لە ڕووداوو پێشهاتەکانی پێشتر وورد ببینەوە .
” مارتن لۆتەر ” لە ساڵی (١٥١٧) لە نامە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە لە (٩٥) خاڵ پێکهاتبوو ناڕەزایی بەرامبەر ” صكوك الغفران – نامەی لێخۆشبوون ” دەربڕی – کە کەنیسە لە ڕێگایەوە بەڵینی بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی بۆ خەڵک ڕادەگەیاند لە بەرامبەر بڕە پارەیەک کە خەڵکی دەیاندا بە کەنیسە و کەنیسەش ئەم ڕێگایەی وەکو ئامرازێک بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەی پارەو سامان بەکار دەهێنا – ” لۆتەر” ئەو داوایەی پاپا ” لیۆنی دەیەم ” یشی ڕەتکردەوە کە داوای پاشگەزبوونەوەی لە نامە (٩٥) خاڵیەکەی لێکردبوو ، دەرئەنجامیش ” لۆتەر ” کەوتە بەر نەفرەتی ” ئیمپراتۆریای ڕۆمانی پیرۆز ” و ئیمپراتۆر ” شارلی پێنجەم ” فەرمانی نەفیکردنی بۆ دەرکردوو لە کەنیسەش بێبەری کراو بە ” هرطقة – دەرچوون لە دین ” تاوانباریان کرد ، لێرەشەوە شۆڕشەکەی ” لۆتەر ” هەڵگیرسا ئەوەی دواتر بە ” بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی ” ناسراو ” پڕۆتستانتیزم ” ی لێکەوتەوە .
من لیرەدا جەخت لەسەر هەندێ ڕووداوو پێشهات دەکەمەوە کە لەڕووی مێژووییەوە پێش بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی دەکەون ، واتە پێش ساڵی ” ١٥١٧ ” ، لەوانە دیدگای فەیلەسووفی ئینگلیزی ” ڕۆجەر بیکۆن ” کە فەیلەسوفێکی ئینگلیزی و قەشەیەکی فرانسیسکانی بوو ، ” ڕۆجەر بیکۆن ” لە نێوان ساڵانی ( ١٢١٤ – ١٢٩٤ ) ژیاوە واتە سێ سەدە پێش شۆڕشەکەی ” لۆتەر ” . ” بیکۆن ” بە دامەزرێنەری میتۆدی زانستی دادەنرێت و بە باوکی ئەزمونگەرایی لەقەڵەم دەدرێت ، لە ڕوانگەی ” ڕۆجەر بیکۆن ” ەوە ئەزموونەکانی ژیان سەرچاوەی مەعریفەن و مەعریفەی ڕەسەن بەرئەنجامی ئەزموونەکانی ژیانی مرۆڤە ، بەمەش گوومان دەخاتە سەر هەر حەقیقەت و زانینێک لە دەرەوەی ئەزموون و کاری مرۆڤ بوونی هەبێت ، بێگوومان ئەم دیدە تێڕوانینی ئایین بۆ حەقیقەت دەخاتە ژیر پرسیاروو ڕوبەڕوی گومانی توندی دەکاتەوە .
كتێبەکەی فەیلەسووفی سیاسی ئیتالی ” نیکۆڵا ماکیاڤێلی ” بەناوی ” الأمير- میر ” بەهەمان شێوە پێش شۆڕشەکەی ” لۆتەر” دەکەوێت ، ” ماکیاڤێلی” لە نێوان ساڵانی (١٤٦٩ -١٥٢٧) ژیاوەو کتێبی ” میر” ی لە ساڵی (١٥١٣) دا نووسیوە ( چوار ساڵ پێش شۆڕشەکەی ” لۆتەر ” ) . ” ماکیاڤێلی ” لەم کتێبەیدا فەلسەفەی سیاسی خۆی دەخاتە ڕوو ، لە ڕێگایەوە هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئایین و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تێڕوانین و دیدگا ئایینیەکان لەوە بخرێن بتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەت و دەوڵەتداری دابنێن ، سیاسەت کایەیەکی سەربەخۆ بێت لە ئایین و ئەخلاق و میر و پادشاکان دەستکراوە بن لە شوێنکەوتنی ئامانج و مەرامە سیاسیەکانیان بەبێ ئەوەی پابەندی ئایین و مۆراڵ ببن . دەسەڵاتی کەنیسەو پیاوانی ئایینیش بەسەر سیاسەت و فەرمانڕەواییەوە بەتەواوی سنوردار بکرێت .
بەهەمان شێوە کەوتنی ” ئیمپراتۆریای ڕۆمانی ڕۆژهەڵات ” یاخود ” ئیمپراتۆریای بێزەنتی ” لە لایەن سوڵتانی عوسمانی ” محەمەدی دووەم ” ناسراو بە ” محەمەدی فاتیح ” لە ساڵی ( ١٤٥٣ ) و گرتنی ” قوستەنتینیە ” ، یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی مێژوو کە نەخشی سەرەکی لەسەر ئایندەی کەنیسەی کاسۆلیکی بەجێهێشت و پرسیارو گوومانی لەسەر ئایینی مەسیحی هێنایەکایەوە . ئەم ڕووداوەش (٦٤) ساڵ پیش پڕۆژەکەی ” مارتن لۆتەر ” دەکەوێت و دەکرێت کاریگەری لەسەر بیرو ئەندێشەی قەشەو پیاوانی ئایینی کەنیسەی کاسۆلیکی دانابێت و ڕووبەڕووی پرسیارو ئەندێشەی قووڵی کردبێتنەوە . ناکرێت ڕووداوێکی وا گرنگ شۆکی گەورەی لای پیاوانی کەنیسەو ئاییندارانی مەسیحی لە ڕۆژئاوا دروست نەکردبێت .
دۆزینەوە جوگرافیەکانیش یەکێکی ترن لەو ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازانەی مێژووی ڕۆژئاوا ، کە شوێن پێی خۆیان نەک تەنها لە جیهانی ڕۆژئاوا بەڵکو لەسەرجەم جیهان و تیکڕای ژیانی مرۆڤایەتی بەجێهێشتووە . ناکرێت دۆزینەوەکانی گەڕیدەی ئیتالی ” مارکۆ پۆلۆ ” لە کاریگەری بۆسەر ژیانی ئایینی و سیاسی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی و دونیای مەسیحی نادیدە بگرین .
ساڵی (١٢٥٤) ساڵی لە دایک بوونی ” مارکۆ پۆلۆ ” یە و دۆزینەوەی ” ڕێگای ئاوریشم ” بەرەو ” چین ” لە دۆزینەوەکانی ئەوەو گەشتە درێژەکانی بۆ ” ئاسیا ” چاوی ئەورووپیەکانی لەسەر دونیای سەرسوڕهێنەری ” چین ” کردەوە . ناکرێت ئەو دۆزینەوە نوێیانە نەخشی سەرەکییان لەسەر ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕۆژئاوا نەبووبێت و کاریگەریان لە بیروڕای خەڵکدا بەدینەهێنابێت . بەهەمان شێوەش دۆزینەوەکانی ” فاسکۆ داگاما ” ی پرتۆگالی کە لەسەدەی پانزە ژیاوەو ساڵی ( ١٤٦٩ ) لە دایک بووە ، کاریگەری تووندی لەسەر کلتورو فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دیاری کردووە ، ” داگاما ” یەکەم کەس بووە لە ئەوروپاوە بەرەو ” هیند ” بە دەریادا گەشتی کردوەو ڕێگای بەناوبانگی ” رأس رجاء الصالح ” ی دۆزیوەتەوە ، فەزڵی ناسینی ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر زەمینی “ئەفریقا ” ناودەبرێت بۆ ” فاسکۆ داگاما ” دەگەڕێتەوە ، بێگومان کاتێک ” خەڵکی ڕاهاتوو بە ئایینی مەسیحی” بە ئایینی تازەو بیرو ئایدیای نوێ ئاشنا دەبن دووچاری شۆکێکی دەروونی گەورەو دەبن و لە دونیابینی و بیروباوەڕوو ئایینی خۆیان دەکەونە پرسیارو گومان .
ساڵی (١٤٩٢) ش ” کۆمەڵگای مەسیحی ڕۆژئاوایی ” تووشی سەرسوڕمانێکی گەورە بوون کاتێک ” کریستۆف کۆڵۆمبوس ” دوورگەکانی ” کاریبی” دۆزیەوەو ساڵی ” ١٤٩٨ ” بە قاڕەی ئەمریکا ئاشنا بوو . ئاشنا بوونی ڕۆژئاواییەکان بەو خەڵکەی کە دواتر ناوی ” هیندیە سورەکان ” یان لێنان لە کەنارەکانی ئەمریکا شۆک و سەرسامیەکی گەورە بوو بۆیان ، ئەوان لە نێو دەقەکانی ” ئیجیل ” و لێکدانەوەو ڕاڤەکردنی پیاوانی کەنیسەوە سەیری دونیاو ژیان و مرۆڤایەتیان دەکردوو ، پێیان وابوو هیچ شتێک لە گەردووندا لە چاوی کەنیسەو پیاوانی ئایینی شاراوە نییە ، هەر بۆیەش دۆزینەوە جوگرافی و زانستیەکان تووشی شۆک و لێدانی قورسی دەکردن و ڕووبەڕووی گومان و دوودڵی دەکردنەوە .
ئەمانەو چەندین ڕووداوی ترو چەندین دۆزینەوەو پێشهاتی تر ، دەکرێت نەخشی سەرەکییان لەسەرهەڵدانی ” بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی ” دا هەبێت و دەکرێت ” مارتن لۆتەر ” یەکێک بێت لەو سەدان و هەزاران قەشەو بیریارو پیاوە ئایینی و خەڵکە ئاساییەی کە دووچاری شۆکی دەروونی قووڵ و سەرسامی و سەرسوڕمانی گەورە بوبن . ئازایەتی و ئیرادەی خودی کەسایەتی ” لۆتەر ” یش ئەوی لەو سەدان و هەزارانە جیا کردۆتەوەو ئەوەی ئەوان درکیان پیکردوەو نەیانوێراوە بیدرکێنن و ئاشکرای بکەن ، ئەم درکاندوویەتی و ئاشکرای کردوە ، ئەم دیواری ئەو ترسەی شکاندوەو بیرو ئەندێشەی خۆی لە چوارچێوەی تیۆریاو قسەوە بۆ دونیای پراکتیک تەرجەوە کردوەو شۆڕشی دژی نادادپەروەری و ستەمکاری پیاوانی کەنیسەو قەشەو پاپاو ” فەرمانبەرانی ئایینی موقەدەس ” ڕاگەیاندوە .
لێرەشەوە بۆ ئێمە گرنگە ” بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی ” لە سیاقە مێژوویەکەیدا بناسین و دراسەی بکەین ، گرنگە تێڕوانین و تێفکرینی ئێمە بۆ ڕیفۆرمی ئایینی بەمانا ڕۆژئاواییەکەی گریدراوی مەعریفەو زانیاری ئێمە بێت بەو ژێر خانە ئابووری و بابەتییەی لەو سەردەمەدا ڕۆژئاوای پێدا تێپەڕیوە . ناکرێت ” بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی ” وەکو ڕووداوێکی لە ناکاوو شۆڕشێکی لە خۆوە وێنا بکەین و لە ژیرخان و پیشهاتە مێژوویەکەی دایببڕین . دەکرێت ئەم سەرنج و تێبینیانەش ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەمان بکاتەوە کە ئایا سەرهەڵدان و ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ئایینی لە کۆمەڵگای ئێمە هاوشێوەی ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوویدا لەم کات و سەردەمەدا تا چ ڕادەیەک گونجاوو شیاوە ؟.