26-07-2017 Meriwan-Wrya-Qnie

مەریوان وریا قانع : مەترسییەکانی ئەردۆگان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەردۆگان سیاسییەکی دەسەڵاتگەریش نەبووبێت ١٣ ساڵی تەمەنی حوکمڕانیی بێ ڕکابەریی خۆی و پارتەکەی ، ئەم پیاوەی گۆڕیوە بۆ یەکێک لە سەرکردە دەسەڵاتگەرەکانی ناوچەکە. سەرکەوتنە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی وێناکردنەکانی ئەم پیاوەی بۆ خۆی و بۆ تورکیا و بۆ دونیا گۆڕیوە. ئەم پیاوە لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ئێستا نۆ ھەڵبژاردنی گەورەی لە تورکیادا بردۆتەوە. لەوانە سێ ھەڵبژاردنی پەرلەمان ، سێ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ، دوو ڕیفراندۆم و یەک ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی . ئەم سەرکەوتنە سیاسییە گەورانە تەماحەکانی ئەم پیاوەی گەورەتر و خەونەکانی قەبەتر و وەھمەکانی ترسناکتر کردوە .
ئەو نەخۆشیە سیاسییەی ئەردۆگان تووشی بووە ھەمان ئەو نەخۆشییە سیاسییەیە کە تووشی زۆربەی ئەو ھێزانە دەبێت کە ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە بەبێ لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە ، کە کۆنترۆڵی دەزگاکانی دەوڵەت و دەزگاکانی لێپرسینەوەی سیاسیی و دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاکانی میدیا دەکەن . ئەردۆگان تەنھا نیازی بردنەوەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانتاریەکەی ئەمجارەی نییە ، بەڵکو نیازی ئەوەشی ھەیە ئەوەندە کورسی بباتەوە بتوانێت دوو مەبەستە سیاسییە سەرەکییەکەی بپێکێت.
یەکەمیان ـ ئەوەیە بتوانێت حوکمڕانییە تاکحیزبیەکەی بچەسپێنێت و پێویستی بە ھیچ ھێزێکی سیاسیی لە وڵاتەکەدا نەمێنێت .
دووھەمیان ـ ئەوەندە دەنگ بەدەستبھێنێت بتوانێت دەستوری وڵاتەکە بەجۆرێک بگۆڕێت کە سیستمە سیاسییەکە بۆ سیستمی سەرۆکایەتی بگۆڕێت .
ئەمەش لەو ناوچەیەی ئێمەدا یەکسانە بە دروستکردنی سوڵتانیزمێکی سیاسیی کە ھەموو شێوازێکی بەرپرسیارێتی سیاسیی و لێپرسینەوە و دەستگۆڕکێیەکی ڕاستەقینەی دەسەڵات پەکدەخات.
ئەوەی لە کار و کردەوە و ھەڵسوکەوتە سیاسییەکانی ئەدرۆگاندا نادەستوریی و نایاساییە ئەوەیە ئەم پیاوە وەک سەرۆکی وڵاتەکەی پارێزگاری لەو بێلایەنییە سیاسیی و دەستورییە ناکات کە ھەموو سەرۆکێک پێویستە بیکات . سەرۆکی وڵات سەرۆکی ھەموو پارتە سیاسییەکان و ھەموو گروپە ناکۆکەکان و ھەموو تاکەکەسە جیاوازەکانی وڵاتە ، کەسێکە لەسەرەوە و لەدەرەوەی ململانێ حیزبیی و ناوچەیی و ئایدیۆلۆژییەکاندایە . بەڵام ئەوەی ئێمە دەبینین ئۆردۆگانێکی موجاھیدە ، ئیسلامچییەکی خەڵەتێنەرە ، بە قورئانێکەوە ناوچە بە ناوچەی تورکیا دەگەڕێت و لەڕێگای پڕوپاگەندەکردنەوە دەنگ بۆ پارتە سیاسییەکەی خۆی کۆدەکاتەوە . ئەمەش نەک کارێکی نادەستورییە ، بەڵکو بەشێکە لەو ئەخلاقە سیاسییە کە دەریدەخات ئەم پیاوە ڕێزی ھیچ شتێک ناگرێت کە سنوور بۆ دەسەڵاتەکانی دابنێت. ئەردۆگان بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە ڤلادیمێر پوتینی تورکیا.

س ـ ف ن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت