ئومێد بابان : لە پەرستگاکانەوە بۆ توندوتیژی .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر و لە دوو وتاری وێکچوودا ، بە وردی باسی ئەوەم کردووە کە بەشێک لە مەکۆ ئایینییەکان بە گشتی ، بێ گوێدانە بەها ئینسانی و مرۆیی و مۆراڵە باوەکان ، لەبری ئەوەی دەقە ئاسمانییەکان لەگەڵ دنیا مۆدێرنەکەی ئەمڕۆدا بگونجێنن و تاکەکانی کۆمەڵگا لەسەر پێکەوەژیان و لێبووردەیی و قبووڵکردنی یەکدی ڕابهێنن ، بە شێوازی جیاجیا توندڕەوی و توندوتیژی و دەمارگیری دەرخواردی مێرمنداڵ و هەرزەکار و گەنجانی خوێنگەرم دەدەن .
گەر وردتر بین ، هەندێک لەو مەکۆیانەی کە خەڵکی ئایینپەروەری کوردستان وەک پەرستگا و شوێنی پیرۆز لێی دەڕوانن و لەوێوە پەیوەندی لەگەڵ یەزداندا دەبەستن و بەڵێنی دوورکەوتنەوە لە گوناه و تاوان دەدەن ، بە ڕادەیەک هزر و هۆشی خەڵک دەشۆنەوە کە ئامادەیان دەکەن دژی ئایین ، نەتەوە ، نیشتمان و زێدی خۆیان بەوپەڕی توندڕەوییەوە هەڵسوکەوت بکەن و تەنانەت بە ساناییش و لە خوتوخۆڕایی ، دەستیان بە خوێنی هاوشاری و هاونیشتمانیان سوور بکەن .
پاساوی ئەو خەڵەتێندراوانەی کە لە مەعبەدە ئایینییەکانەوە گاڵ دەدرێن تا لە هەموو شتێک یاخی بن و ئایدۆلۆژیای بەرتەسکی فێرکار و بانگخوازەکانیان بەسەر ورد و درشتی بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکانەوە بسەپێنن ، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەرستگا ئایینییەکان لەلایەن خەڵکەوە هەمیشە بە پیرۆز تەماشا دەکرێن و بگرە دەستبردن بۆ ڕەخنەلێگرتنیشیان ، وەک کوفر لێک دەدرێتەوە .
لە هەزارەی سێیەمدا کە فیکری توندڕەوی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و هۆشیاریی تاکەکان هەرچی زیاتر هەڵدەکشێت ، پێویستە سنوورێک بۆ ئەو مەکۆ ئایینیانە دابندرێت کە چیدی سادەیی هەندێک کەس نەقۆزنەوە و بە ئارەزووی خۆیان بۆ مەرامی تایبەت ، کەسی و حزبی ، لە خشتەیان نەبن لە پێناوی ” هیچ “ـ دا .
لە ڕاستیدا ، دۆخ و باری سیاسی ، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی ئێستا و تەنانەت داهاتووی باشووری کوردستانیش ، ئەوە هەڵدەگرێت هەرچی خێراتر سانسۆر لەسەر ” فێرگە ئایینییە سەربەخۆ و ناسەربەخۆ ” کان دابندرێت و دەرفەت نەدرێت لە بیر و هزر و ناخ و هەستی گەنجاندا تۆوی ڕق و کینە و دووبەرەکی بچێندرێت .
ئاخر ناشێ ئیدی لەبەر خاتری خاتران ، ڕێگە بدرێت بە فیتی ئەم و ئەو ، بێباکانە ، بێویژدانانە و بێبەزەییانە ، نەشتەر بە برینەکانی نیشتماندا بهێندرێت و حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکانیش ، مێش میوانیان نەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت