Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد : واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وڕێنەکانى من ، بەشى ( 18 )

واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە  ، هەر یەکێک لە ئێمە بەردەوام لە ناخەوە هاوار ئەکەین ، بە هەموو هێزى دەرونمان هاوار ئەکەین و ئەڵێین ، واى دونیا چەند خۆش ئەبوو گەر هەموو کەس وەک ئێمە بیرى بکردایەتەوە ، واى ژیان چەند جوان ئەبوو گەر تەواوى مرۆڤایەتى وەک ئێمە دڵى پاک بوایە ؟ کەچى بەردەوام و بەردەوام و بەردەوام ، بێباکانە بەدیار جەستە سوتاوەکانى مرۆڤەوە وەستاوین و هیچ ناکەین ، هەموو دونیا ئاگر بگرێت و بسوتێت لە خەو هەڵناسین ، بەڵام گەر پڕوشکێکى کەم لەو ئاگرە بەر جەستەمان بکەوێ دونیا کاول ئەکەین بۆ ئەوەى ئاگرەکە لابەرین ؟

واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە ، زۆرینەى ئینسانەکان خۆیان کردۆتە کاڵاى مەزادخانە ، هەموو ژیانیان ڕێک وەک کاڵایە ، هەموو تەمەنیان بریتیە لە مامەڵەکردن بە جەستەى خۆیان ، تا ئەمرن لە مەزادخانە ئەژین ، بەڵام کاتێک ئەڕۆن بۆ مەزادخانە بەمەبەستى کڕینى کاڵا ناڕۆن ، بەڵکو بەمەبەستى فرۆشتنى خۆیان ئەڕۆن بۆ ئەوێ ، لەبەر ئەوەى خۆیان وەک کاڵاى مەزادخانە وان کێ نرخى زیاتریان لەسەر دابنێ ئەبنە هى ئەو ؟
واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە ، ئەو حەیوانە هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان درۆزنە ، درۆ بۆتە ئۆکسجین ، ئیدى یا درۆ لەگەڵ خەڵک ئەکات یا لەگەڵ خۆى ، ئەستەمە بێ یەکێک لەو درۆیانە بژیت ، هەندێکیان وایان لێهاتوە نەتوانن بێ درۆ بژین ، درۆ بۆتە ژیانیان ، بۆتە سەرمایەیان ، بۆتە سیاسەتیان ، دایکیان ، خۆشەویستیان ، درۆ بۆتە هەموو شتێکیان تەنیا نەبۆتە شتێک کە سڵى لێ بکەنەوە و شەرمى لێ بکەن . گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان درۆ لەسەر زەوى قەدەغە بکرێ ملیۆنان کەس لەکارەکانیان دەر ئەکرێن ، ملیۆنان کەس بڕوانامەکانیان لێ ئەسەنرێتەوە ، ملیۆنان عەشق لەناو ئەچێت ، ملیۆنان خۆشەویستى ئەمرێت ، زۆرینەى جوانیە خەیاڵیەکانى دونیا لەسەر درۆ بەرهەم هاتوون . ئێمە حەز ئەکەین کەسێک بە درۆ ستایشمان بکات نەک بە ڕاستیەک بریندارمان بکات و وانەمان پێ بڵێت ، لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە ئەو بونەوەرەى ناوى ئینسانە وا هەست ئەکات خۆى ڕاستگۆترین بونەوەرى دونیایە ، وە هیچێک لەو درۆیانەى کردویەتى بە درۆى نازانێت ؟ لەبەر ئەوەى هەمیشە درۆیەکى گەورەترى هەیە بۆ پەردەپۆشکردنى درۆ ، درۆ ئەکات دواتر بە درۆیەکى بیانوهەڵگر درۆیەکە ئەشارێتەوە ، وەک بەردێکى زۆر زل و زەبەلاح بەبەردێکى بچووک بکێشێت و ونى بکات ، ئاوا بە دۆریەکى گەورەتر درۆیەکە ون ئەکات ؟
واى لەو حەیوانەى ناوى مرۆڤە ، ئەو حەیوانە بە درێژایی مێژوو خیانەتى لە ماسى کردوە ، لەو کاتەوەى ئەو حەیوانە بوونى هەیە بە ماسى ئەڵێ وەرە ببینە هاوڕێ ، بۆ ئەو مەبەستەش کەمێک خواردنى لەبەردەم دا ئەنێت ، ئیدى ناخە پاکەکەى ماسیش هەمیشە هاوڕێیەتیەکەى مرۆڤ قەبوڵ ئەکات و دێت بۆ ئەوەى ئەو دیارە وەر بگرێت کە لە لایەن مرۆڤەوە ڕەوانەى ناو دەریا کراوە ، ئیدى لەناکاو وەک بڵێى هەموو شتەکان بە شێوەیەکى ئەفسوناوى و کوشندە بگۆڕدرێن ، ئینسانەکە هاوڕێیەتیەکە تێک ئەدات و قولابەکە قایم قایم لە قورگى ماسیەکە گیر ئەکات ، ئینجا بە هەموو هێزى ماسولکەکانى لە ژینگەکەى خۆى دوورى ئەخاتەوە و ئەیکوژێت ، خۆ ئەگەر قولابى ماسیگرەکە ڕێگر نەبێت ئەوا هەموو جارێک ئێمە نەفرەتى ماسیەکان ئەبینین کە لە ماسیگرەکانى ئەکەن ، نەفرەتێک کە پڕیەتى لە ئازارى خیانەتى هاوڕێیەتى ؟ لە ئازارى درۆ ، لە ئازارى هەموو ئەو پۆخلەواتانەى ناخى مرۆڤ بۆ گەردونى دروست کردوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت