مەریوان وریا قانع : قورئانەکەی ئەردۆگان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەکارھێنانی دین بەشێوەیەکی ساختەکارانە دیاردەیەکی سەرەکیی ناو ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی تورکیایە ، ئەردۆگان و پارتەکەی پاڵەوانی ئەم ساختەکارییەن و بە شێوازی جیاواز دین نەک تەنھا بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆیان بەکاردەھێنن ، بەڵکو بۆ شکاندن و لاوازکردنی ڕکابەرەکانیشیان بەکاریدەھێنن ، لەپێش ھەمووانیشەوە بۆ شکاندنی ھادەپ. نموونە زۆرن . لەوانە بۆ نموونە لە پۆستەرێکدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە ، وێنەی ئەردۆگان و بارزانی سەرۆکی ھەرێم دەبینرێت ، بەڵام لەژێریدا وێنەکەدا بە زمانێکی ناشیرین و بێپەردە نووسراوە : ” لە پێناوی خودادا دەنگبدەن بە ئاک پارتی“، وەک ئەوەی ئاک پارتی نوێنەری خودا بێت ، یان خودا ئاک پارتی کردبێت بە دەمڕاست و وەکیلی خۆی لە تورکیادا .
نموونەیەکی تری ئەم بەکارھێنانە خراپ و ناشیرینەی دین حیکایەتی ئەو قورئانەیە کە ئەردۆگان ھەڵیگرتوە. ئەو قورئانە قورئانێکە دەزگای دیانەت ، کە بەرامبەری وەزارەتی ئەوقافی لای خۆمانە ، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا وەریگێڕاوە بۆسەر زمانی کوردیی . یانی ئەردۆگان بە قورئانێکی کوردییەوە بەدوای دەنگی کوردەکانی باکوردا دەگەڕێت و دەیەوێت پێیان بڵێت ” سەیرکەن بە جوھد و تێکۆشانی ئێمە خودا بە کوردیی قسەدەکات !!!“. ھەڵگرتنی ئەم قورئانە کوردییە بەشێکە لە پلانی ھێرشکردنی ئەردۆگان بۆسەر مەسەلەی کورد لە تورکیادا کە ھادەپ ، یەکێک لە نوێنەرە سەرەکییەکانی ئەو مەسەلەیە ، ئەگەر ھەرە سەرەکییەکەشیان نەبێت . ئەردۆگان لە ھێرشەکەیدا بێشەرمانە ووتی” ” ئەوان ، مەبەستی ھادەپە ، ھیچ پەیوەندییەکیان بە دینەوە نییە. سەیرکەن ، دەزگای دیانەت ، ( کە ئەردۆگان بە دەزگای خۆی دادەنێت ) قورئانی بە زمانی کوردی بۆ ئێوە چاپکردوە “. مەبەستی سەرەکیی ئەردۆگان لە بەرزکردنەوەی ئەو قورئانە کوردییە بەکافرکردنی ھادەپە .
ھەرکەسێک کەمەکێک مێشکی لەسەردا بێت دەزانێت کێشەی کورد لە تورکیادا و لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستاندا کێشەی دین و دینداریی نییە ، تەرجەمەکردن یان نەکردنی قورئان بۆ زمانی کوردیی ھیچ لە دینداریی و بێدینیی کۆمەڵگای کوردستانی ناگۆڕێت . خەڵکی کوردستانیش داوای دینی زیاتر یان کەمتر لە ئەردۆگان و حکومەتەکەی ناکەن ، بەڵکو داوای مافی سیاسیی و کولتوریی و کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زیاتر دەکەن . کێشەی کورد لە تورکیادا کێشەی ئەم مافانەیە ، نەک کێشەی تەرجەمەکردن یان نەکردنی قورئان بۆ زمانی کوردیی . کێشەی کورد کێشەی داننانە بەو شوناسە کوردیەدا کە یەک سەدەیە لە تورکیادا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئینکار و وێراندەکرێت . قورئانەکەی ئەردۆگان ھیچی لە قورئانەکەی لەشکرەکەی مەعاویە بەرامبەر بە ئیمامی عەلی کوڕی ئەبو تالیب زیاتر نییە .

س – ف ن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت