دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : کورتە باسێکی زەردەشتاێتی.بەشی دەیەم

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سەردەمی هاخامەنشییان

بەپێی نووسینەکانی هیڕۆدۆت بێت ، کۆڕشی گه‌وره که‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی ها‌خامه‌نشی بوو،‌ کچه‌زای دوا پادشای مید ” ئه‌ستیاگ / ئه‌ستیاگێز ، Astyages” بووه‌ ، له‌ساڵی 549 ی پێش سه‌رده‌مدا ، له‌ مید یاخی بووه‌و له‌دوای شه‌ڕوپێکدادانێکی زۆر سوپای میدی شکاندووه ‌و یه‌که‌مین ئیمپڕاتۆریای فارسی دامه‌زراندووه‌ که‌ میده‌کانیش تێیدا ده‌ستڕۆیشتوو بوون . ده‌ستڕۆیشتنی مید له‌سه‌رده‌می کۆڕشدا له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا ده‌گونجێ که‌ گوایه‌ بڕێک له‌ خانه‌دانانی مید داوایان له فارسه‌کان کردبێ بۆ رزگاربوون له‌‌ پادشا ئه‌ستیاگی گه‌نده‌ڵ .

لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر کۆڕش ، کچه‌زای ئه‌ستیاگ بووبێ بۆ ده‌بێ له‌باپیره‌ی هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی له‌ژێر ده‌ست ده‌رهێنابێ ، خۆ به‌پێی نه‌ریت ئه‌و جێگره‌وه‌ی ئه‌ستیاگ بووه‌ ؟

مێژوونووسی به‌ناوبانگ ، هێڕۆدۆت ، چیرۆکێکی تایبه‌تی ده‌رباره‌ی کۆڕش و ئه‌ستیاگی باپیری تۆمار کردووه‌ که‌ هه‌تا ئاستێک به‌جێیی تێدا به‌دی ده‌کرێ .  هێڕۆدۆت نووسییویێتی [ ئەستیاگ له‌ خه‌ونێکدا ده‌بینێ کچه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ میزی کردووه‌ هه‌موو کیشوه‌ری ئاسیای داپۆشیوه‌ ، ئه‌ستیاگ به‌م خه‌ونه‌ زۆر دڵته‌نگ ده‌بێ و مۆبه‌ده‌کانیش / مۆگه‌کان ، ناتوانن دڵخۆشیی بده‌نه‌وه ‌. کاتێکیش کچه‌که‌ی وه‌ختی شووکردنی دێت ، ئه‌ستیاگ خه‌ونه‌که‌ی له‌بیر بووه ‌و نه‌یویستووه‌ کچه‌که‌ی بدات به‌ میرزاده‌یه‌کی ماد و داویێتی به‌ پیاوێکی ناودار و رێزداری فارس به‌ناوی ” کامبایسیس ، Cambyses/ کامبۆجیا ” دوای ئه‌وه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر شووکردنی کچه‌که‌یدا تێده‌په‌ڕێ ، ئه‌ستیاگ ، خه‌ونێکی دیکه‌ ده‌بینێ و له‌و خه‌ونه‌یدا ، تووله‌مێوێک له‌نێو هه‌ردوو رانی کچه‌که‌یدا ده‌رده‌چێ و هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌بێ هه‌موو کیشوه‌ری ئێران داده‌پۆشێ . دیسانه‌وه‌ ئه‌ستیاگ ، داوای روونکردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌که‌ی له‌ مۆبه‌ده‌کان ده‌کات و ئه‌وانیش پێی ده‌ڵێن ، کچه‌که‌ت کوڕێکی ده‌بێت و وڵاته‌که‌ت له‌ژێرده‌ست ده‌رده‌هێنێ و خۆی ده‌کاته‌ پادشا . بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ روونه‌دات ، ئه‌ستیاگ بڕیار ده‌دات ، منداڵه‌که‌ له‌ناوبه‌رێت و فه‌رمانی له‌ناوبردنی منداڵه‌که‌ ده‌داته‌ ” هه‌رپاگۆس /  ئه‌رپاگ –  Herpagos” ی وه‌زیری . هه‌رپاگۆس ، نه‌یویستووه‌ منداڵه‌که‌ به‌ ده‌ستی خۆی بکووژێ و کاره‌که‌ی داوه‌ته‌ ده‌ست شوانێک به‌ناوی ” میتڕاداتMitradates ”. میتڕادات منداڵه‌که‌ ده‌باته‌ ماڵه‌وه‌ و پێشانی ژنه‌که‌ی ده‌دات که‌ تازه‌ منداڵێکی له‌بار چووه ‌، ئیدی هه‌ردووکیان بڕیاری به‌خێوکردنی منداڵه‌که‌ ده‌ده‌ن و منداڵه‌ له‌بارچووه‌که‌ بۆ هه‌رپاگۆس ده‌که‌نه‌ به‌ڵگه‌ی کوشتنی کچه‌زاکه‌ی ئه‌ستیاگ . وه‌لێ له‌دووای ده‌ ساڵان ئه‌ستیاگ بۆی ده‌رده‌که‌وێ که‌ منداڵه‌که‌ نه‌کوژراوه‌ ، ئه‌وکاته‌ش له‌سه‌ر داواکاری مۆبه‌ده‌کان ، منداڵه‌که‌ ” کۆڕش ” ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ لای دایک و باوکی له‌ وڵاتی فارس . ] سه‌رچاوه‌کان وایده‌رده‌خه‌ن که‌ ئه‌ستیاگ سزایه‌کی قورسی ” هه‌رپاگۆس / ئه‌رپاک ” ی دابێ و ئه‌رپاکیش ئه‌مه‌ی له‌دڵ گرتبێ و دواتر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆڕشدا هه‌بووبێ و بۆ کووده‌تا له‌سه‌ر باپیره‌ی هانی دابێت . کاتێکیش کۆڕش هێرش ده‌باته‌ سه‌ر میدیا ، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئه‌ستیاگ ئه‌وه‌ بووه‌ ، ئه‌رپاکی کردۆته‌ سه‌رله‌شکری مید . هه‌ر هیڕۆدۆت بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ میده‌کان له‌شکری فارسیان شکاندووه ‌و هه‌تا دیواره‌کانی ئانشانی پێته‌ختی فارس هه‌ڵیانبڕیون ، وه‌لێ له‌ سه‌روبه‌ندی کۆتایی جه‌نگه‌که‌دا ، ئه‌ڕپاک ، بۆ تۆڵه‌سێندنه‌وه‌ ، پشت ده‌کاته‌ ئه‌ستیاگی پادشای و به‌خۆی و له‌شکریه‌وه‌ پاڵده‌داته‌ کۆڕش و له‌شکری فارس ، له‌کۆتاییدا ئه‌ستیاگ به‌دیل ده‌گیرێ و هه‌موو ئیمپڕاتۆریێته‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر ده‌ستی کۆڕش . ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رگورشته‌یه‌ی هیڕۆدۆت‌ راستبێت ، ئه‌رپاک ، گه‌وره‌ترین ناپاکی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی کردووه ‌.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ کورتەباسێکی زەردەشتاێتی بەشی دەهەم

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
دکتۆر ئەحمەد میراودەلی

About دکتۆر ئەحمەد میراودەلی