Hana-Ali

هانا عەلی: ئەو ئافەرینەی، لەزەتی دەیان ماچی گەنجانەی هەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پیاوە ئازیزەکان.

هیچ کات شەرم و خود پارێزیم لە هاوڕێیەتی کوڕان نەکردووە، نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا. پێچەوانەی ئەوانەی لە خۆیانەوە لە سەر من ئەنووسن و ئەڵێن، کە گوایە من دژی پیاوانم. پەیوەندی هاورێیەتی و دۆستایەتیم لەگەڵ جێندەری پێچەوانەی خۆم زۆر باشە و جار نا جارێک، پیاوانێک لێم نزیک ئەبنەوە بە دڵ خۆشم ئەوێن و هەست بە هەموو ئازادیەک ئەکەم لە گەڵیاندا.
لە ماوەی ڕابردوو، ئا لەم فەیسبووکە شەکرە پیاوێکم ناسی بە ناوی ڕەوز محەمەد. کاری وەرگێڕان ئەکات و بێ ئەوەی نە تەکلیفی لێ بکەم، کە هەر بە عادەتیش، حەزم بە تەکلیف کردنی هیچ شتێک نیە و نە ئاگاشم لێی بوو، چەند دانەیەک لە وڕێنە شیعریەکانی منی بە هاوکاری دیانا ویڵنسن، کردووە بەئینگلیزی. کاک ڕەوەز بە خۆیەوە نەوەستاوە، کە وەک شێت دەوری دڵمی داوەو خۆی خۆشەویست کردووە، بەڵکو وڕێنەکانمی ناردبوو بۆ پیاوێک، کە هەمیشە حەزم لە نەوعی پیاو بوونی بووە. جۆری باوک بوونیم زۆر پێ نازدار بووە. زۆر تامەزرۆی قسەو گفتوگۆ کردن بووم لە نزیکەوە لە گەڵیدا. دەیان شەو بە خەیاڵ گریاوم لە گەڵی، بۆ مردنی بزنە شێتەکەی.
کە ئەچوومە نێو حەسارەکەی ماڵی باوکی، قەسیام ئەکرد وەک کچە گەریلایەک، ببمە پاڵەوان و هەموو خوشک و براکانی ڕزگار بکەم، لە دەست جەبەروتی باوکی. بەڵام تا ئەم دواییە فرسەتێکی وا نەهاتبووە پێش. بێگومان مەعلوومە باسی شێرزاد حەسەنی خۆشەویست ئەکەم.
شێرزاد حەسەن، دوای ئەوەی دوو دانە لە وڕێنەکانی منی بینیبوو، بە کاک ڕەوەزی وتبوو، بە هانا بڵێ ئافەرین!
ئەو ئافەرینەی شێرزاد حەسەن، موبالەغە نیە ئەگەر بڵێم هەزاران، برینی هەزاران جنێوو ئیهانە و نەفرەت کە بۆم دێت و پێم ئەوترێت، سارێژیی کردەوە. ئەو ئافەرینەی ئەو، لەزەتی دەیان ماچی گەنجانەی هەبوو . دواتر نامەیەکم بۆ نارد و سوپاسم کرد، کە بێگومان هەم ئەو و هەم من حەزمان لە سوپاس کردن نیە، وەلێ نەمزانی چی تری بۆ بنووسم.
شێرزاد حەسەنی جوان، کە نامەی بۆ ناردمەوە، بە ئافەرینەوە نەوەستا، سەرباری سەرنج و ئامۆژگاری و نەسیحەتەکانی وتی: هانا من درۆ ناکەم و موجامەلەش نازانم، شیعرەکانت زۆر کیژانەو خاتوونانەیە. زۆرتریش کیژانە و زۆریش ئازایانەیە. ئەو وتی: من موعجیبی ئازایەتیتم!
لە ڕاستیدا وتنی ئازایەتی بە من، تازە نەبوو، زۆر جار ئەوەم پێ وتراوە، بەڵام شێرزاد حەسەن بەو هەموو یاخی بوونەوەیە. پیاوێک بەو هەموو ڕووتیەیەوە لە کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگا. شێرزادێک بەو هەموو تەمەنە نەخشین و قەڵەمە بەرزەوەیە پێم بڵێ ئازا، جێگەی فەخر و خۆشحاڵیەکی زۆر زۆرە.
نە شێرزاد، نە ڕەوەز حەزیان بە سوپاس کردن نیەو خۆشم بەینم لەگەڵ سوپاس کردن هەر باش نیە، وەلێ هەست بە شانازی و ئارامشی ئەکەم، بە وجودی پیاوانێکی ئاوا جوان و نازدار لە ژیانمدا. من دژی پیاو نیم و پیاوم خۆش ئەوێت، بەڵام دژی پیاو گەراییم. هەر وەک ئەم شەکرە پیاوانەش ڕقیان لە پیاو گەرایی و پیاو سالاری ئەبێتەوە.
پیاوەکانی نزیک لە من، هەموو ئازیز و نازدارە پیاوەن و خۆشم ئەوین. خۆشبەختم بە نزیکایەتی و ناسینیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت