سەباح شێخانى : وێناکردنى تابلۆی پیاو بە وشە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئینسان لە هەموو سەردەمە جیاجیاکاندا پێویستى بەوەیە لەگەڵ هەست و نەستیدا قسە بکرێت، هەست و سۆزى بجوڵێنرێ، لەم دەرفەتەدا خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ” تابلۆی پیاوێک ” ى گەشە جاف دەکەین(1) . بایەخدان بەوێنەى شیعرى لەو دونیابینییەوە هاتووە کە شیعر نووسین بەکارهێنانى زمانە لەشیعردا ، نیزار قەببانی (1923 – 1998 ) گوتەنى : ” شیعر وێنەکێشانە بە وشە .” شیعرەکانى گەشە جاف ئاوێنەن بۆ ئەوانەى خۆیان تێیدا دەبیننەوە وەک ئەوەى کتومت بۆ ئەوانى نووسیبێ . بۆ ئەوەى جوان بژین پێویستە واقیع بهێنینە ئاستى خەونەکانمان ، نووسەری ئافرەتیش دەبێت لەوە بەهێزتر بێت ، کە لە وشە بسڵەمێتەوە . هەروەها نابێت غەدر لە هزر و دونیابینى خۆی بکات و شوێن لۆمەى خەڵکى بکەوێت . دەبێت ئەو کەسە بەختەوەرە کێ بێت لەگەڵ دەرکەوتنى ، شاعیر هەست و گیانى بۆ بکاتە فەرشی ڕێگە ؟!

کە ڕووخساری نزیک کەوتەوە
گوڵە زۆرزانەکانی
بــاخـی
گیانم بوونە فەرشی ڕێــی

کێ هەیە بتوانێ شیعرە دێرینەکانى شاعیرانى بەتوانا و داهێنەر پشتگوێ بخات ، هەرگیز ناکرێت نکۆڵى لە ئیلیازە و ئۆدیساى هۆمیرۆس ، کۆمیدیاى خودایی دانتى ، یاخود ، نالى ، مەحوى ، جەزیرى و مەولەوى … تاد بکرێت . ناکرێت نکولى لەوە بکرێت کە دەقى جوان هەمیشە خوێندنەوەیەکى قووڵی لەدواوەییە ، خوێندنەوەى قووڵیش جوانى دەداتە دەق . لەساتەوەختی نووسین و خوێندنەوە بۆ هەر دەقێک ، پێوێستە سەرەتا بەوردی بەدوای بابەتی سەرەکی دەقدا بگەڕێیت تا کۆد و لایەنە پەنهانەکانی ئاشکرابکەیت . بە دەرکەوتنى ئەو کەسەى کە لاى شاعیر جێگەى بایەخە ( مەبەست لێی ڕەگەزى بەرانبەرە ) دڵ پێی شادومان و لە پێشوازیدا دەبێت ، رۆحیش هەمیشە لە پێشوازى کەسە ئازیزەکانییەتى تا پێی شاد بێتەوە

کە دیمانەی هەڵهات
کۆترە سپیەکانی
‌لێوار گوێسەوانەی
دڵم
لەپێشوازیدا هەڵ ئەلەرزن

شیعر پێوەندییەکى ڕۆحییە و دەشێت بۆی بچیتە خەڵوەتەوە ، لەهەر ڕوانگەیەکەوە لێی ورد بیتەوە ، ئەوا کاریگەریی سۆزى شاعیری پێوە دیارە و خوێنەر بەسانایى دەتوانێ ئەم ڕەگەزە سەرەکییە دیاری بکات . ئەگەر تەماشایەکى شیعرەکەى ” گەشە جاف ” بکەین ، وشەى قەشەنگ ، ڕەسەن ، ناسک ، پاراو و کوردیەکى پەتى بەکارهێناوە . بۆرخیس گوتەنى : ( هەموو پێشبینیەکانى خۆم لەنووسینەکان دەخوڵقێنم . ) ئەدەب بۆ خۆی بە دیوێکدا کارى جوانکردنى دونیا و بەخشینى ئاسۆى تازەیە بە ژیان

وەکو
لق و پۆپی بەردەم گێژەلووکەیەکی ناوەخت
بەدەم ئازاری
دابــڕانەوە جنگڵ ئەدەم
چاوم بە فرمێسکی قەتیس ماوی
‌بەرهەیوانی گۆناکانمی ئاوپرژێن کرد
چ سروەیەک هەڵی کرد ؟
تۆبڵێیت
توێشەی دووری لە پشتی بکاتەوەو
تەنیا جێگەی پشوودانی ماڵەکەی من بێت ؟؟

ئەرستۆ دەڵێت : ( ئەرکى ئەدەب تەنیا گوزارشتکردن نییە لەشتە بەرچاوەکانى دونیا، بەڵکو دۆزینەوەى مانا شاراوەکانییەتى .) لەوەتەى ئینسان هەیە ، لەپرسیارو گەڕاندایە بەشوێن ئەو شتانەى کە پێوەندییان بەچارەنووسیەوە هەیە ، ئەگەر ئەم گەڕانە نەبێ، هەرگیز داهێنان نایەتە دى و ژیان بێ مانا دەبێ ، کۆمەڵگە دەبێت چاو لە ئەدەب بکات . شاعیر دەبێت لەپەنجەرە و دەرگەکانەوە بچێتەوە نێو ماڵى خەڵک ، لەسەروەختى خوێندنەوەى شیعرەکانى گەشە جافدا هەست بەڕوانین و تایبەتمەندى وى دەکەین لەتەماشاکردنى دونیا. شاعیری فەرەنسایی ” بێرنەر مازۆ ” دەڵێت : ( ئەرکى شیعر گوزارشتکردنە لەجوانیی جیهان و چوونى ئینسانە بۆ نێو سروشت .) هەموو بەرهەمێکى ئەدەبی ، کەم یا زۆر ، خاوەن ڕەهەندێکى دەروونییە ، ڕاستەوخۆ ، یان ناڕاستەوخۆ ، باری دەروونى خاوەن بەرهەمەکە بەرجەستە دەکات، وەک عەزیز نەسین دەڵێت : ( هەموو بابەتەکانم لەو ژیانەى کە تێیدا ژیاوم هەڵدەهێنجم ، چونکە چەندان بابەتى وا هەیە ناتوانى بە سانایی بەسەریاندا گوزەر بکەیت ، ڕۆڵی منیش وەک نووسەرێک ئەوەیە ، ئەو حاڵەتانە چڕ بکەمەوە و لەقاڵبێکى ئەدەبیدا دایانڕێژم ، بۆ ئەوەى لە ویژدانى خوێنەر بمێنێتەوە .) ئەو ، لە نووسینەکانیدا ، بەتایبەتى شیعر شێوازێکى تایبەتى خۆی هەیە لەدەربڕیندا ، هەست بەسادەیی و بەهێزى خەسڵەتەکانى دەکرێت وەک ئەوەى لەپاڵ هەر سادەییەکدا کۆمەڵێک مانا کۆ دەکاتەوە ، کە خوێنەر پێویستە لەڕووى زمان و دەربڕینەوە ڕاڤەیان بکات ، سەربەستییەکى تەواوى داوە بەوشەکان تابتوانن ئامانجەکانى شاعیر بپێکن . ئەدەب جێگەى هیچ شتێک ناگرێتەوە و بەهیچ شتێکیش پڕ نابێتەوە . نووسین بەر لە شتێک، لە ناخى نووسەر دەدوێت و ئاوێنەى ژیانى نووسەرە ، نووسەر و ڕۆماننووس پاوڵۆ کۆیلۆ دەڵێت : ( هەریەک لەکتێبەکانم شتێک لە ئەزموونى تایبەتى خۆمیان تێدایە .)

ئای
چ تابلۆیەکی خەیاڵی
جــێـژدارە
بینینی ئەم پیاوەی
هەر جارەو
دڵی ماندووم بە کەناری ئارامی ئەسپێرێت .

شیعر هەرچەندە پێویستی بەبنەما بنچینەییەکانی جوانیناسی هەیە ، بەقەد ئەوەش پێویستی بەهونەری جیاوازنووسین هەیە ، ئەمڕۆ بەبەراورد کردن لەگەڵ حەفتایەکانى سەدەى ڕابردوو ئەدەبی کوردى گۆڕانێکى ڕوو لە هەڵکشانى زۆری لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە بینیوە ، دەکرێ بڵێین دەوڵەمەندتر ، گشتگیرتر ، قووڵتر و فراوانتر بووە . شاعیر بۆئەوەی زیاتر بەناو خۆیدا ڕۆبچێت، پێویستە لەگەڵ خودی خۆی و تەواوی کولتوورە باوەکاندا بجەنگێت ، ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ گوتەنى : ( ئەگەر شیعر نەبووایە ، ئەوا ژیان هیچ مانایەکى نەدەبوو !.)

سەرچاوە :
1- ڕۆژنامەى خەبات ژمارە (4800) چوارشەممە 13ى ئایاری 2015 ، ل 10

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت