دکتۆر کەمال میراودەلی : ئایا سەلاحەددین دەمرتاش و هەدەپە سەرکەوتنەکانی چەپی ئەوروپا دووبارە دەکەنەوە ؟ و سیستمی دەسەلات تووشی گەورەترین شۆک دەکەن ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گومانی نییە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تورکیاو ڕەوشەکەی و یۆنان و ئەسپانیا و بەریتانیادا هەیە . بەلام گومانی نییە لێكچوونیش هەیە .
گەورەترین لێكچوون بوونی سەرکردەی کاریزمایی ئازا ، باوەڕبەخۆبوو ، زیرەک ، ڕۆشنبیرو راستگۆو گەلخوازە بە تایبەتی لە نێوان سەلاحەددین دەمیرتاش و سەرکردەکانی پۆدیمۆی ئەسپانیا و سیریزای یۆنان دا .
لێكچوونە گرنگەکانی تر :
* تازەیی حیزبەکان و گەنجیی سەرۆکەکانیان
* چەپخوازیی و پێشکەوتنخوازیان
* گەلخوازیی
* رووکردنە کۆمەلگای نویێ گەنجان ، ژنان ، رووناکبیران
* وەستان بەرامبەر سیستم و دامەزراوەی سیاسیی کۆن
* پشتگیری ىێ قەیدو شەرت و باوەڕداری هەموو ئازادییە سیاسیی و کۆمەلایەتیی و تاکەکەسییەکان و دادپەوەریی کۆمەلایەتی رادیکالی
ئەسپانیا : پابلۆ و پۆدیمۆ
پابلۆ مانوەل یلیسیاس کوڕێکی روناکبیری گەنجە . لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٨ لە دایک بووە ، واتە تەمەنی تەنیا ٣٧ سالە . ئەو ئێستا سەرکردەی هەلبژێردراوی پارتی پۆدیمیۆیە .
مانای پۆدیمی [ ئێمە دەتوانین] ە ، هەمان دروشمەکەی ئۆبامایە بەلام بە جیاوازییەکی زۆرەوە .
[ ئێمە دەتوانین ] – ی ئۆباما بردنەوەی سەرۆکایەتی بوو لە چوارچێوەی سیستمی دوو – حیزبی چەسپاوی ئەمریکادا .
ئێمە دەتوانین ـ ی پۆدیمیۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دوو حیزبیی دەسەلات و دروستکردنی هێزی سێیەمی گەلیی رادیکالە .
پۆدیمیۆ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ دا دروست بوو ، کەچی لە هەلبژاردنی مایسی ٢٠١٤ ی پەرلەمانی ئەوروپیدا ملیۆنیک و دووسەدو پەنجا هەزار دەنگی ‌هێنا .
لە هەلبژارنی پەرلەمانی لە هەرێمی ئەندەلوسیا ٪١٥ ی دەنگی هێنا .
لە هەلىژاردنی حکومەتە لۆکالەکان پۆدیمی بەرشەلۆنەی بردەوەو ، لە مەدریدیشدا کە ، ٢١ سالە حیزبی حاکمی نێوەندی چەپ پارتی گەلیی حوکمی دەکات ، ئەم جارە نەیتوانی زۆربە بێنێت و پۆدیمیۆ و حیزبێکی تری تازە هاوسەنگی دەسەلات ڕادەگرن .
لە ١٣ هەرێمی ١٧ هەرێمەکەی ئەسپانیا دا ، دەسەلاتی زۆربەی دوو حیزبی هەرەسی ‌هێنا و یەکەمجارە نەتوانن بە تەنیا حوکم بکەن و هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە بجووکەکاندا پێکبێنن .
کەواتە پۆدیمیۆ لە ئامانجە سەرەکییەکەی کە هەڵتەکاندنی سیستمی دوو حیزبیی و دەرکەوتنی بەدیلی راستەقینەی راستەوخۆ بوو ، سەرکەوت .
بە پێی رای چاودێران بەشێکی ئەم سەرکەوتنەش تا ئاستێکی زۆر بۆ دەوری سەرۆکە گەنجەکەی و بەکارهێاننی زیرەکانەو چرو بەردەوامی دەزگاو کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ گەیاندنی پەیامە راستگۆ و رادیکالەکەیان دەگەرێتەوە .
یۆنان
سەرۆکی حیزبی سیریزای یۆنان و سەرۆک وەزیری ئێستا ئەلێکسز تزیپراس تەمەنی تەنیا ٤٠ ساڵە .
دروشمی سایتە کەسییەکەی ئەوەیە : ئەوروپا بگۆڕە . http://www.alexistsipras.eu/
لە حیزبێکەوە کە سیستمی دووحیزبی ئەسپانیای لەبەر یەک هەڵوەشاند ، بۆحیزبێک کە ئەوروپای لەرزان .
سیریزا لە سالی ٢٠٠٤ وەک بەرەیەکی فراوانی حیزبە چەپ و رادیکالی و کەسانی سیاسیی سەربەخۆ دروست بوو . ناوی سیریزا پیتی یەکەمی وشەکانی
Synaspismós Rizospastikís Aristerás سیریزایە بە مانای هاوپەیمانی چەپی ڕادیکالی .
هەر سەرکەوتنی حیزبێک بەو ناوەوە لەم سەردەمەی زاڵبوونی سیستمی سەرمایەداریی جیهانییدا ، وەک خەیال دێتە بەرچاو .
بەلام سیاسەت بریتییە لە پرینسیپ و کارکردنی بەردەوام و سوود وەرگرتن لە دەرفەت بۆ پێشخستنی ئەجنداکەت و بەدەستهێاننی پشتگیری زیاتری جەماوەرەکەت و خەلک .
لە سالی ٢٠١٣ دا ئەو هاوپەیمانییە فراوانە لە یەک حیزبدا ڕێکخرا کە ، ناوەکەی پاراست بەلام ناوی [ بەرەی یەکگرتووی کۆمەڵ ] ی بۆ زیاد کرا .
لە سالی ٢٠٠٤ دا هاوپەیمانی بەرەی چەپ بەشداری لە هەلبژاردنی پەرلەمانیدا کردو ٢٤١،٥٣٩ دەنگی هێنا کە تەنیا ٪٣.٣ دەنگەکان بوو بەلام سسیتمی رێژەیی پەرلەمانی یۆنان بۆی لواند شەش کاندیدی بچنە پەرلەمانەوە .
گەرچی ناکۆکی ناوخۆیی کەوتە نێوان بەشدارانەوە ، بەلام لە کۆتاییدا سیاسەتی هاوپەیمانیی هەموو هێزەکانی چەپ و کۆمەل و قۆرخنەکردنی سیاسەت لەلایەن هیچ گروپ و کەسێکەوە، سەرکەوت .
لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ٢٠٠٧ دا سیریزا، ٪٥ دەنگەکانی ‌هێنا . هەموو گروپەکانی چەپ بە پێی یەک پلاتفۆرم و و بەرنامە بەشداریان لە هەڵبژاردندا کرد . دوای ٢٠٠٧ هاوپەیمانییەکە فراوانتریش کراو حیزبی کۆمۆنیست و ژینگەپارێزەکان چوونە ناوی .
لە کۆنگرەی پێنجەمی سیریزا دا لە ١٠ ی شوباتی ٢٠٠٨ دا ، ئەلیکس تسیپرا کە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەسینای پایتەخت و دەرچووی زانکۆی نەتەوەیی تەکنیکی ئەسینا ، بە سەرۆکی سیریزا هەڵبژێردرا .
سیریزا چووە ناو خەلک و خۆپێشاندانەکانی رێکخستن و ئازار و ئاواتەکانی ئەوانی هەڵگرت . بە توندی دژی سیاسەتی سکگووشینی بانکی جیهانی و ئای . ئێم . ئێف و یەکێتی ئەوروپایی وەستا ، کە بە سەر یۆنان – یان دا سەپاندووە و ، بۆتە هۆی بێکاری و هەژاریی و وەستانی ئابووریی .
لە هەڵبژاردنی لە ناکاوی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دا ، سیریزا توانی ١٤٩ کورسی لە ٣٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی یۆنان بێنێت و بە هاوکاری حیزبەکانی تری دژ بە سیاسەتی ئۆستێرێتی حکومەت بە بێ بەشداری حیزبە کلاسیکییە کۆنەکان دروست بکات .
لە ٢٦ ی کانوونی دووەمدا ئەلێکس تسیپراس وەک سەرۆک وەزیرانی یۆنان سوێندی یاسایی لە پەرلەماندا خوارد .
لەو کاتەوە تسیپراس نموونەی سەرکردەیەکی ئازا ، کاریزمایی ، خاوەن پرینسیپ و گەلپەروەرو خاوەن کەرامەت تەحەددای نەک تەنیا ئەوروپا هەموو سیستمی سەرمایەدریی نوێی رۆژاوایی دەکات .
بە بێ گەرانەوە بۆ رای هاوپەیمانەکانی هیچ بڕیارێک نادات و سوورە لە سەر راستگۆیی و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پێناویاندا خەلکی یۆنان دەنگیان بە حیزبەکەی داوە .
سەلاحەددین دیمیرتاش و هەدەپە
سەرۆکی کاریزمایی رووناکبیر ، نوێخواوز گەلپەروەری و خۆبەخشی هەدەپە سەلاحەددین دیمیتراش لە ١٠ نیسانی ١٩٧٣ لە دایک بووە واتە تەمەنی ٤٢ ساڵە . دەرچووی زانکۆی یاسای ئەنقەرەیە . لە کۆنگرەی هەدەپە دا لە٢٠١٠ دا ، سەلاحەددین دەمرتاش و گولتان کیساناک وەک سەرۆکی هاوبەشی هەدەپە هەڵبژێردران .
لە ساڵی ٢٠١٤ دا کاندید بوو بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاو توانی ٪ ٩.٧٧ دەنگەکانی تورکیا بەدەەست بێنێت .
گەر بتوانێ ئەم رێژەیە بۆ حیزبەکەی بۆ سەرووی ٪١٠ بەرزکاتەوە ، سەلاحەددین دەمیرتاش و لە پشتییەوە گەلی کوردستان ، دەبنە ئەو هێزەی بەڕاستی بەهاری دیمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دروست دەکەن و دەچنە پاڵ ئەو هێزە نوێیانەی دیمۆکراسی کە خەریکن لە ئەوروپادا بە قایمی جێگەی خۆیان دەکەنەوەو سسیتمی کۆنیان لە بنەوە هەڵتەکاندووە .
سەلاحەددین و هەدەپە وەک حیزبە تازە چەپەکانی ئەوروپا باوەریان بە هاوپەیمانیی فراوانی هێزە پێشکەوتنخوازەکان و گۆڕانخوازەکان هەیە ، راستگۆن لەگەڵ میللەت و ویژدانی خۆیان . خۆبەخش و جیهانبین و خەباتکەرو خۆنەویستن
جەماوەری هەدەپە لە ناو تورکێش زیادی کردووە . هەدەپە هاوسەرۆکەکەی ژنە ، کۆتای لە ٪٥٠ ی بۆ ژنان داناوە ، باوەشی بۆ ئەرمەنییەکان و هەموو کەمینە دینیی و نەتەوەییەکانی تورکیا کردۆتەوە . کاندیدەکانی ئەرمەنی .، عەلەویی ، ئازرباینجانی ، و رۆما ( قەرەج) ی تێدایە . لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٣ ی باخی گەزی لەئەستەنبول دەنگی سەوزەکان بوون .
ئەوە یەکەمجارە هەدەپە و کورد بە تەنیا وەک حیزب دەچنە هەڵبژاردنەوە . لە هەلبژاردنەکانی پێشوودا وەک تاکەکەسی سەربەخۆ کاندید بوون و ٢٩ کورسیان بەدەست هێنا .
هەدەپە هیوای هەموو پێشکەوتنخوازانی تورکیایە بۆ وەستاندنی تاکحیزبیی و سوڵتانخوازیی ئەردۆگان .
گەر کورد ڕێژەی لە٪١٠ زیاتر بێنێت ، ئەردۆگان ناچار دەبێت دەستوور بە شێوەیەک بگۆڕێت کە بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ : خاوەن زمان ، مێژوو ، ناسنامەو بریاتدانی چارەنووس بسەلمێنێت یان دەسەلاتی حیزبەکەی بە تەواوەتی هەرەس بێنێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت