نەبەز گۆران : دوو خوشكەكە سیاسەت دەكەن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رستەیەكی بەناوبانگ هەیە ، هی پیاوێكی بە ناوبانگە، دەڵێت : دوای تاڵەبانی ، یەكێتی لاشەیەكی گەورەی بێ‌ سەرە !” پێدەچێت ، ئیدی ئەم خوێندنەوەیە بۆ دۆخی ئێستای یەكێتی دروست نەبێت و بە پێچەوانەی ئەم رستەیە دەتوانین بڵێین : یەكێتی دوای تاڵەبانی ، لاشەیەكی دوو سەرە .” نەك لاشەیەكی بێ‌ سەر . بۆ دروستی گۆڕینی ئەم تێگەیشتنە ، پێویستمان بە لۆژیك و داتا هەیە .
با بزانین ، یەكێتی دوای تاڵەبانی ، لاشەی بێ‌ سەرە ، یان دووسەر ؟
هەڵبەتە ، دوو خوشكەكە ، واتە ( هێرۆ خان و شاناز خان ) ، توانیان ، حیزبەكەیان ئاراستە بكەن و توانیشیان ، كۆمەڵێك جوڵە بكەن ، پێچەوانەی كۆی پێشبینیەكان بوو . كاتی هەڵبژاردن ، زۆربەمان پێشبینی ئەوەماندەكرد ، ئیدی یەكێتی ، دەبێتە هێزێكی بچوك ، كەچی نەك نەبووە هێزێكی بچوك ، بەڵكو لەو پەری بیماریدا ، هەڵسایەوە . هەڵسانەوەكە بە هەر یارییەكی سیاسیی بێت ، لەناو كۆمەڵگەیەكی لەم جۆرەدا ، زیندوو مانەوە گرنگە ، نەك خۆدانە دەست زەمەنەوە . ئەوەی پشكی زۆری لەم زیندوو مانەوەی حیزبەكە بەردەكەوێت ، ئەو دوو خوشكەن ، كە هەموو لایەكمان دەزانین ، ئەوان ئاراستەكەری حیزبن ، نەك هیچ كەسێكی دیكە .
لە تەنیشت ئەم پێشبینە چاوەروانەكراوەوە ، پرسیارە جەوهەریەكەی خۆمان دەكەین و دەپرسین : بۆچی دوو خوشكەكە سیاسەت دەكەن ؟
لە وەڵامدا ، سەیری وێنە گەورەكە دەكەین و لەناو وێنە گەورەكەدا، ئەم چەند خاڵە دەخەینە روو.
یەكەم : لەناو خۆی هەرێم ، ئێستا پەیوەندییەكانی ئەو حیزبە ، لەو پەری باشیدایە . بە تایبەت لەگەڵ ئەو هێزەی روبەروی بوویەوە و جێی مەترسی ئەو بوو ، كە بزوتنەوەی گۆڕانە و هەردوو كیان دەنگەكانیان ، لەیەك سنووردایە . جیاواز لەمەش ، هەم حیزبی دەسەڵاتە ، هەم حیزبی دژە دەسەڵات ، لەیەك كاتدا ، نمایشی دوو دیمەندەكات و هەردووكیشی بە دروستی دەكات . ئیدی نەیارەكەی ناو سنوورەكەی ، جێگای مەترسی نیە بۆی ، بەڵكو ئێستا دۆستیەتی . ئەمە جوڵەیەكی جەوهەری سیاسەتكردنە .
دووهەم : پەیوەندییەكانی لە ئاستی عێراقدا ، لەو پەری باشیدایە . نە دەبێتە دژی گوتاری عێراقی ، نە دەبێتە دژە گوتاری كوردی و نە دەشكەوێتە ژێر هەیمەنەی ئەو گوتارە فێڵاوییەی ، بە ناوی نەتەوەوە دەكرێت و بووەتە كەرەستەی دەستی پارتی . بەڵكو ، خۆی گوتاری تایبەت بە خۆی هەیە و لەكاتی خۆیدا گوتارەكەی دەردەبرێت و ناكەوێتە شوێن شەپۆلەكان . ئەمەش جوڵەیەكی دیكەی ، سیاسەتكردنە .
سێهەم : لە ڕووی گوتاری نەتەوەیی لە پارچەكانی دیكە ، ئاستی پشتگیری كردنی ، بۆ باكور و بۆ رۆژئاوا ، لە ئاستێكدایە ، پشتگیری ئەو گوتارە نەتەوەیە دەكات ، لەو دوو پارچەیە زەمینەی جوڵانەوەی بۆ كراوە و بەشێوەیەكی ، روون ، دژی گوتاری توركی و سوری و گوتارەكانی دیكەی ، دژ بەكورد لەو دوو پارچەیە وەستاوەتەوە. بە فۆرمێك ئیدارەی ئەم پەیوەندیانە دەدات ، كاریگەری بەهێزی هەیە ، لەسەر حیزبە كوردییەكانی ئەو پارچانە . خاڵێكی دیكەی ، جوڵەی سیاسی ، لەمەدا بەدیدەكرێت .
چوارەم : پەیوەندییەكانی ، لەگەڵ ئێران و , وڵاتانی دیكەی ناوچەكە ، لە ئاستێكدایە ، هیچ مەترسیەك بۆ سەر ئاسایشی خۆی دروست ناكات و دەستیش لە گوتارەكانی خۆی هەڵناگرێت . بەڵكو هەندێكجار ، ئەوان بەكار دەهێنێت بۆ خۆی و ئەشێت لە چەند شوێنێكیش خۆی بەكار هێنابێت ، بۆ ئەوان ، لەبەر بەرژەوەندییە گەورەكانی خۆی . بە هەموو سەرنجەكانەوە لەم خاڵەدا جوڵەی سیاسی خۆی دەكات .
پێنجەم: پارتی خستوەتە گۆشەیەكەوە ، مەحكومی كردووە بە بەرەی توركیا . لە بەرامبەر ئەم مەحكومكردنەدا ، پارتی زۆر جار توشی ، دۆخی شێواو دەبێت و لە روی میدیاییەوە ، پەلاماری دەدات ! لە كۆتایشیدا ، پارتی بەبێ‌ رازی بوونی ئەمان ، ناتوانێت لە ناوخۆی هەرێم ، ویستەكانی خۆی بە دەست بهێنێت . ئەگەرچی زۆر شێواوە بە دەستیانەوە . ئەمەش جوڵەیەكی دیكەی رامیارییە .
شەشەم : نەیارەكانی ناو خۆیی حیزبی ، یان باشتر بڵێی : نەیاری دوو خوكشەكە ، بە شێوەیەكی ورد گەمارۆ دراون و هیچ جوڵەیەكی سیاسی و حیزبیان نەماوە . بەڵكو بە جۆرێك گەمارۆ دراون ، كۆی دەسەڵاتەكانیان لێوەرگیراوەتەوە و كاریگەرییەكانیان لەناو حیزبدا ، كەمبوەتەوە . تەنانەت ، ئاراستەكردنی كۆی ئۆرگانەكانی حیزب ، ئێستا بە دەست دوو خوشكەكەوەیە و جێگرانی تاڵەبانی ، لە بۆشایدا دەجوڵێنەوە .
ئەمە تەنها دیمەنی وێنە گەورەكەیە ، ناچینە ناو كۆی وردەكارییەكانەوە ، چونكە دەزانین ، حیزبی كوردی ، هەر هەموویان دوای چوار ساڵ تەمەن ، ئیدی نارەزایەتی و پیسخۆری تێیدا سەر هەڵدەدات و لەو دۆخە شۆرشگێرییە دەردەچێت و دەبێتە حیزبێكی سونەتی پر لە كێشە . بەڵام بە دیمەنە گەورەكەدا ، دەر دەكەوێت ، ئەم دوو خوشكە ، لە ئێستادا ، بە شێوەیەكی ورد ، ئیدارەی پەیوەندییەكان و كێشەكانی هەرێم و ناوخۆی حیزبەكەیان و دەوروبەریش دەدەن .
ئەگەر سیاسەت ، ئەمە نەبێت ، ئەی چیە ؟ كەوایە ئەو دوو خوشكە ، لە ئێستادا سیاسەت دەكەن و ناهێڵن ، ئەو بۆشاییەی تاڵەبانی دروستیكردووە ، ببێتە كەلێنێكی گەورە و بەم حاڵەشەوە ، حیزبەكەیان ، وەك حیزبێكی بەهێز و كاریگەر هێشتوەتەوە . ئەشێت وتنی ئەم راستیانە ، بۆ زۆر كەس نیگەرانی بێت ، لێ‌ نەوتنیان ، چاوپۆشیە ، لە بینینی دیمەنەكە وەك خۆی .
تەنانەت دۆخێكیان دروستكردووە ، هەندێكجار ، ئاراستەی گوتارەكان لە ئاستی هەرێمدا ، كەوتوەتە ژێرچنگی ئەوان . ئەگەرچی دور و نیزك ، نەمدیون و تەنها هاوڵاتی بوونی ئەم وڵاتە ، لە یەك شاردا كۆماندەكاتەوە ، یان خوێندنەوەی دەقە ئەدەبیەكانی ( باوكیان ) ئاشنام دەكات پێیان ، ئەما لە ئێستادا ، بە هەموو تێبینیەكانمان لەسەر بەشێكی زۆری جوڵەكانیان ، بە لۆژیكی سیاسەت ، ئەم دوو خوشكە سیاسەت دەكەن و یەكێتی بێ‌ سەرنیە ، بەڵكو دوو سەری هەیە .
س – ف ن