عەتا قەرەداخی : تورک هەر تورکە ـ ناسیونالیست ، ئیسلامی یان چەپ بێت ، بەرامبەر کورد هەموویان یەکن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایه‌ به‌شداریکردنی هه‌ده‌په‌ وه‌کو پارتێکی سیاسی کوردی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیادا خاڵێکی گرنگه‌ به‌ گوێره‌ی کورد له‌ باکور که‌ بۆ یه‌که‌مجار کورد وه‌کو خۆی و به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌کات و پاشانیش دوای ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگێکی باش به‌ده‌ست ده‌هێنێت وه‌کو لیستی کوردی واته‌ وه‌کو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌شداری په‌رله‌مان ده‌کات له‌ تورکیایه‌کدا که‌ 95 ساڵه‌ به‌ ده‌ستوورو به‌ سیاسه‌ت و به‌ ئابووری و به‌ دیپلۆماسیه‌ت و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌کی تر نکوڵی بوونی کورد له‌و وڵاته‌دا ده‌کات و ته‌نیا پێیوایه‌ ئه‌وانه‌ تورکی چیایین و ناتوانن وه‌کو کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی گه‌شه‌ بکه‌ن . به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ عه‌قڵی ناسیونالیستی تورکیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد که‌ له‌ لوتکه‌ی شۆڤێنیستیدایه‌و ناتوانێت دان به‌وه‌دا بنێت که‌ باکوری کوردستان وڵاتێکی تره‌و نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری تێدا ده‌ژی که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ تورکه‌وه‌ نیه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ پێشتر ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئه‌و به‌شه‌و باشووری کوردستانی داگیرکردبوو ، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئیمپراتۆرێته‌و درووستکردنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورک و ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق ده‌وڵه‌تانی خوێنڕێژی ئیمپریالیستی و بڕیاربه‌ده‌ستی رۆژئاوا جارێکی تر له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیاندا ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانیان له‌ نێوان تورکیای نوێ و عێراقی عه‌ره‌بیدا دابه‌شکردو له‌و به‌ڵێن و رێکه‌یوتنه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ که‌ به‌ ناوی سیڤه‌ره‌وه‌ کرابوو ، که‌ تیایدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێکه‌وتبوون له‌ ولایه‌تی موسڵی پێشتردا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ کورده‌کان درووستبکرێت .
به‌هه‌رحاڵ پاشی نه‌وه‌دو پێنج ساڵ له‌و تورکیایه‌دا که‌ ئیدیعای دیموکراسی ده‌کات و به‌ ئومێدی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بچێته‌ کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وروپیه‌وه‌ کورد پاش خه‌بات و تێکۆشانێکی خوێناوی دوورو درێژ توانی وه‌کو حیزبی سیاسی به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات . دیاره‌ سه‌رکه‌وتنه‌که‌ بۆ یه‌که‌مجار گرنگه‌ ئه‌گه‌رچی ده‌نگی کورد له‌ باکور گه‌لێک له‌و ده‌نگانه‌ زیاتره‌ که‌ هه‌ده‌په‌ به‌ده‌ستی هێناوه ‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ سه‌رباری جۆرێک له‌ رابوونه‌وه‌ له‌ باکووری کوردستان به‌هۆی خه‌بات و تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌وه‌ هێشتا رووبه‌رێکی هێجگار فراوانی کوردستان ماوه‌ که‌ شه‌پۆلی رابوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌یجوڵاندووه‌و ته‌نانه‌ت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا به‌هۆی بنه‌مای به‌ناو ئیسلامیبوونه‌وه‌ ده‌نگیان داوه‌ به‌ ئاک پارتی ئه‌مه‌ش جارێکی تر ئه‌و راستیه‌ دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ چۆن له‌ مێژوودا ئیسلام رۆڵی نێگه‌تیفی بینیووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رابوونه‌وه‌ی کوردو زۆربه‌ی جار نه‌ک هه‌ر ئه‌و رابوونه‌وه‌یه‌ی دواخستووه‌ به‌ڵکو بووه‌ته‌ به‌ربه‌ستیش له‌ رێگایداو کوردی به‌ره‌و پایته‌خته‌کانی داگیرکه‌ران ئاراسته‌ کردووه‌ له‌بری ئاراسته‌کرنی بۆ درووستکردنی ناوه‌ندی کوردی که‌ ئه‌وه‌ش ئاراسته‌ی به‌ه‌رو یه‌کگرتنه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی و درووستکردنی ده‌ول’َتی یه‌کگرتووی کوردستانه‌. ئایا ئاکپارتی جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌و کۆی ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ستو تێڕوانینی ناسیونالیستی تورکی کۆنترۆڵی کردوون ؟ بێگومان ره‌نگه‌ له‌ رووکه‌شدا هه‌ست بکرێت که‌ ئاکه‌په‌ جیاوازه‌ به‌ڵام له‌ گه‌وهه‌رو ماهیه‌ت و له‌ سیاسه‌تدا به‌رامبه‌ر به‌ کورد جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ . ئه‌وه‌ ئاکپارتیه‌ له‌ دوو ده‌یه‌ی رابردوودا کوردستان وێران ده‌کات و خوێی رۆڵەکانی کورد ده‌ڕژێنێت و سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی به‌ شێوه‌یه‌کی ترسنۆکانه‌و نامه‌ردانه‌ به‌ یارمه‌تی موخابه‌رتی جیهانی ده‌ستگیر کردو تاکو ئێستا نه‌ک دان به‌ بوونی کورددا نانێت وه‌کو نه‌ته‌وه‌ دان به‌ ساده‌ترین مافه‌کانیدا نانێت له‌به‌کارهێنانی زمانی دایک و به‌ده‌ستهێنانی مافی که‌لتووری .
ئه‌وه‌یشی که‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندیه‌کی تا ئه‌ندازه‌یه‌ک باشی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ئابووریه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌ر حکه‌مه‌تێکدا که‌ له‌ تورکیادا فه‌رمانڕه‌وا بێت نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌که‌په‌ بڕوای به‌ مافی کوردو سه‌ربه‌خۆیی کورد یان باشووری کوردستان هه‌یه ‌. بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ هه‌ده‌په‌ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکات و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له‌ باکور په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانیه‌کانی رێکبخات . نه‌ک وه‌کو حیزبه‌کانی باشووری کوردستان له‌ ئه‌نجامی کورتبینی و ململانێی نێوانیان و وابه‌سته‌بوونیان بۆ تورک و عه‌جه‌م له‌ نێو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ته‌نانه‌ت له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی دوای سه‌دامدا هه‌ڵوێستی خۆیان دیاریکرد که‌ ئه‌ویش هه‌ڵوێستبی دابه‌شبوو ، ناجێگیرو پارچه‌ پارچه‌ بوو له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌ ته‌سکه‌کانیاندا که‌ ئه‌وه‌ش سه‌رئه‌نجام کوردی به‌و شێوه‌ لاوازه‌ی ئێستای گه‌یاند له‌ عێراقدا و له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و به‌ڕیوه‌بردنی عێراقدا . که‌ هیوادارم هه‌ده‌په‌ هه‌چۆن به‌ ژیرانه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ له‌و رووه‌شه‌وه‌ به‌ لۆجیکی عه‌قڵ و حه‌کیمانه‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بێت به‌ تایبه‌تی له‌باکوور که‌ ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ی هه‌ده‌په‌ وه‌کو نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی باکوری کوردستان رۆڵ و کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر چاره‌نووس و ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان .