26-07-2017 Meriwan-Wrya-Qnie

مەریوان وریا قانیع : ئیسلامییەکان‌و کێشەی هاوڵاتیبون .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تا ئێستا چەند جارێک لەسەر کێشەی تێگەیشتنی ھێزە ئیسلامییەکان بۆ مەسەلەی دەوڵەت دواوم ، باسم لەوەکردوە کە گرفتی گەورەی ئیسلامییەکان لەوه‌دایە دەوڵەت وەک ” ئامێرێکی بێلایەن‌و سەربەخۆ ” نابینن ، وەک ” ڕوبەرێکی گشتیی ” و  ” هاوبەش ” لەنێوان  ” هه‌مو ئەندامانی کۆمەڵگا ” دا وێنای ناکەن . لێرەدا دەستەواژەی ” هه‌مو ” دەستەواژەیەکی بنەڕەتیی زۆر گرنگە ، چونکە کە باس لەدەوڵەت دەکەین باس لەدەوڵەتی ” هه‌مو ” کۆمەڵگا دەکەین ، نەک دەوڵەتێک کە ھی ” زۆرینە ” یان ” کەمینە ” ی کۆمەڵگا بێت ، دەوڵەت وەک دەزگاو چوارچێوەیەکی سەرەکیی دەوڵەتی ” زۆرینە ” ی یان “کەمینە ” ی کۆمەڵگا نییە ، بەڵکو ھی ” هه‌مو ” کۆمەڵگایە ، ھی هه‌مو ئەوانەی وەک ” هاوڵاتیی ” یەکسان لەو کۆمەڵگه‌یەدا دەژین . دەوڵەت لێرەدا لەدورییەکی دەستوریی‌و یاسایی‌و ئەخلاقیی یەکسانەوە سەیری هه‌موان‌و داوەریی هه‌موان دەکات . کێشەکە لەوەدایە دیدی ئیسلامییەکان بۆ دەوڵەت پێچەوانەی ئەم دیدەیە ، لای ئەوان دەوڵەت یەکێکە لەئامرازە سەرەکییەکانی پاراستنی شوناس ، ئەو شوناسەی ئەوان بە ” شوناسی ئیسلامیی  ” کۆمەڵگای دەزانن . کە باس لەم شوناسە ئیسلامییەش دەکەن ، باس لە ” ئیسلامێکی ئەبستراکت ” ی ” نامێژویی ” و ” ناکۆنکریت ” دەکەن ، لەکاتێکدا خۆیان ھێزی مێژویی کۆنکریتی تایبەتن‌و لەناوخۆیاندا تەواو جیاوازو بەیەکتری ناکۆکن ، تاڕادەی تەکفیرکردنی یەکتری . بەکورتی خەلەلێکی گەورە لەدیدی ئیسلامییەکاندا بۆ دەوڵەت هه‌یە ، خاڵی سەرەکیی ئەم خەلەلەش ئەوەیە ئەوان دەوڵەت وەک ئەو چوارچێوە هاوبەشە نابینن کە موڵکی ھیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتیی بەته‌نهاو ھیچ ” زۆرینە ” و ” کەمینەیەک ” ی دینیی‌و ئایدیۆلۆژیی نییە ، بەڵکو موڵکی هه‌موانە ، هه‌موانیش بەمانای هه‌موان . لۆژیکی ئیشکردن‌و بیکردنەوەی دەوڵەت لۆژیکی ئەم یان ئەو ” جەماعەت ” و ” گروپ ” و ” ھێز ” نییە ، بەڵکو ” لۆژیکێکی گشتیی  ” ە کە لەسەروو لەدەرەوەی هه‌مو جەماعەت‌و گروپ‌و دەستەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدایە .
مەسەلەیەکی گرنگی تر کە لەدیدی ئیسلامییەکاندا کێشەیەکی گەورەیە مەسەلەی هاوڵاتیبونە ، هه‌م داعش‌و هه‌م بڕێک لەسەلەفییەکان نیشانیانداین کە ھێشتا ئەمجۆرە گروپانە بەلۆژیکی  ” ئەھلی زیمە ” و ” دیندار ” و ” بێدین ” بیردکەنەوە . ئەوانیتریشیان دیدێکی ڕون‌و ئاشکرایان بۆ مەسەلەی هاوڵاتیبون‌و دەرەنجامەکانی بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دین‌و دەوڵەت ، نییە . نەبونی دیدێکی ڕۆشنیش سەبارەت بەهاوڵاتیبون پابەستی ئەو ڕوانینە شێواوەی ئیسلامیەکانە بۆ مەسەلەی دەوڵەت . ئیسلامییەکان تائێستاش لەباتی بیر لە ” دەوڵەتی هاوڵاتیی ” بکەنەوە ، بیر لە ” دەوڵەتی کۆمەڵگایەکی موسڵمان ” دەکەنەوە . ئەم دو شێوە دەوڵەتەش دو شێوە دەوڵەتی تەواو جیاوازن . لەڕوی کردەییەوە ” دەوڵەتی کۆمەڵگای موسڵمان ” بەبەردەوامی کورتدەبێتەوە بۆ دەوڵەتی ئەو ” گروپ ” و ” جەماعەت ” و ” تائیفە ” دینییەی کە خۆی بەگروپ‌و جەماعەت‌و تائیفەی ڕاستەقینەو فریادڕەس دەزانێت . لەدوا دەرەنجامیشدا “دەوڵەتێکی تائیفیی” دروستدەبێت کە بەزۆر دیدی تائیفە دینییەکەی خۆی بەسەر دینداران‌و بێدیناندا دەسەپێنێت .
ماناکانی چەمکی ” هاوڵاتیی ” ش جیاوازە لەماناکانی دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ “دیندار ” و ” بێدین”، ” ئیسلام ” و ” نائیسلام ” .  هاوڵاتیبون ھێما بۆ کۆمەڵێک ماف‌و بەرپرسیارێتی یەکسان دەکات کە پەیوەندییان بەبونی یان نەبونی دینەوە نییە ، بەڵکو پەیوەندییان بەمامەڵەکردنی مرۆڤەوە هه‌یە وەک تاکەکەسێکی خاوەن ماف . ڕوانینە بۆ مرۆڤ وەک تاکەکەسێکی سەربەخۆو دابڕاو لەهه‌ر ئینتیمایەکی دینیی‌و ئایدیۆلۆژیی دەستەجەمعیی . هاوڵاتیی تاکەکەسێکی ئەبستراکتەو مافەکانیشی وەک هاوڵاتیی بەو بونە ئەبستراکتەوە گرێدراوە. بەڵام دواتر ئەم هاوڵاتییە دەبێتە خاوەن دین یان نا ، دەبێتە موسڵمان یان مەسیحی دەبێتە کاکەیی یان ئێزیدیی ، لەناو ئیسلام خۆشیدا دەبێت بەسەلەفیی یان بەسوفیی ، بەئیخوانیی یان موسڵمانێکی کولتوریی ، یان دەیەوێت هه‌ر لەبنەڕەته‌وە بەبێ دین بژیی‌و ببێت بە ” هه‌واداری بەرشلۆنە ” یان ” ڕیاڵ “، ئەوانە کۆمەڵێک هه‌ڵبژاردنن دوای هاوڵاتیبون دێن . هاوڵاتیبون جۆرێکە لەبونی کۆمەڵایەتیی‌و ئینسانیی کە دەکەوێتە پێش ئەو شوناسانەوە . ئیشی دەوڵەت ئەوەیە هه‌موان وەک ئەو هاوڵاتییە ببینێت‌و مامەڵەبکات.
کە باس لەهاوڵاتیبون دەکەین ناتوانین باس لە” کەمینە “و “زۆرینە ” بکەین ، بۆ نمونە مەسیحییەکان‌و کاکەییەکان‌و شیعەکان لەکوردستاندا کەمینەن ، بەڵام هاوکات سەلەفییەکان بەبەراورد بەناسەلەفییەکان کەمینەن ، ئیسلامی سیاسیی بەبەراورد بەئیسلامی میلی کەمینەیە ، کۆمۆنیست‌و دژەدین‌و نادین لەکوردستاندا کەمینەن ، بەڵام هه‌مو ئەم کەمینەبونانە مانای ئەوە نییە ئەو کەسانە هه‌مان ماف‌و هه‌مان بەرپرسیاریەتیان نییەو دەوڵەت بەیەک چاو مامەڵەیان نەکات .
شتێک کە ناکرێت نکوڵی لێبکەین ئەوەیە تا ئەمڕۆش ” دەوڵەتی نەتەوە ” ئەو چوارچێوە سیاسیی‌و فەرهه‌نگییە سەرەکییە کە مرۆڤەکان لەناو سنورەکانیدا کۆبونەتەوە ، بۆیە مەسەلەی هاوڵاتیبون لەمڕۆدا ، بەر لەهه‌مو شتێک ، بریتییە لەو پەیوەندییەی لەنێوان تاکەکەس‌و دەوڵەتدا دروستدەبێت . ئەم پەیوەندییەش پەیوەندییەکی دینیی نییە ، وەکچۆن پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژیش نییە بەو مانایەی کە دەوڵەت ته‌نها گوێ لەهه‌ڵگرانی ئایدیۆلۆژییایەکی دیارکراو دەگرێت . لەڕاستیدا خودی پەیوەندییەکە خۆی جەوهه‌ری هاوڵاتیبون نیشانئەدات . بۆیە لەدونیای ئەمڕۆدا مەرجەعیاتی هه‌مو شتەکانی تر ، ئیتر لەمەرجەعیەتی یەکسانییەوە بیگرە بۆ مەرجەعیەتی دادپەروەریی‌و لەوانیشەوە بۆ مەرجەعیەتی بەرپرسیارێتیی‌و مافەکان ، مەرجەعیەتی هه‌ر هه‌مویان مەسەلەی هاوڵاتیبونە . ئەوەش کە کۆمەڵگایەکی دادپەرەوەرو یەکسان‌و بەرپرسیار دروستدەکات بون یان نەبونی هاوڵاتیبونە .
بەکورتی هه‌مو شوناسەکان ، جا شوناسی دینیی‌و ئیسلامیی بێت یان شوناسی نادینیی‌و نائیسلامیی ، دوای مەسەلەی هاوڵاتیبون دروستدەبن . مرۆڤ یەکەمجار هاوڵاتییەکی یەکسانی ناو دەوڵەتە ، لەگەڵ هه‌مو تاکەکانی ناو ئەو دەوڵەتەدا یەکسانەو دەوڵەت بەهه‌مان ڕادە موڵکی ئەوە وەک چۆن موڵکی ئەوانیتریشە . سەرەتای سەرەتاکان ئامادەگیی ئەم هاوڵاتیبونەیە ، شوناسەکانی تر دوای ئەو دروستدەبن . دوای هاوڵاتیبون کەسانێک دەبنە دیندارو کەسانێک بەبێ دین ، کەسانێک بەسوفیی‌و کەسانێک بەسەلەفیی، یەکێک بەکاکەیی‌و یەکێک بەئێزیدیی ، یەکێک بەکۆمۆنیست‌و یەکێک بەلیبرال . کێشەکان ئەوکاتە دەستپێدەکات کە شوناسی هاوڵاتیبون پابەستی ئەو شوناسانەی تر بێت . یانی مرۆڤ ناچاربکرێت بۆئەوەی ببێت بەهاوڵاتیی ، پێویست بێت وەهابی یان سوفیی یان سەلەفیی یان ئیخوانیی بیت ، یان پێویست بێت مارکسیی ، یان عەلمانیی ، یان بێدین ، بیت . هاوڵاتیبون لەو شوناسە تایبەتانەوە نایەتە دەرەوە ، بەڵکو سەرجەمی ئەو شوناسە تایبەتانە لەهاوڵاتیبونەوە دێنەدەرەوە . هاوڵاتیبون ژێرخانی هه‌مو ئەو شوناسانەی ترە ، بەڵام ئەو شوناسانە ھیچیان ژێرخانی هاوڵاتیبون نین . گەر هاوڵاتیبون بونی نەبێت ، بونی ئەو شوناسانەی تر بونێکی نەفیکەرو توندوتیژ دەبێت ، بەشێکی گەورەی کێشەکانی ئەم ناوچەیە پابەستی ئەم غیابە ترسناکەی هاوڵاتیبونە .

س – ئاوێنە