mansour-barzani

نەبەز گۆران : هیچ نیە خێل و خیچە ، نەختێ‌ نازەكات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ وەك ئەوە كۆمیدی نیە ، لە وڵاتێكدا بژیت ، سەرۆكی وڵاتەكە ، شەری كورسی بكات ، بڵێت شوێنەكەی خۆم جێناهێڵم ! .
چیرۆكێكی كۆنی كوردی هەیە دەڵێت : لە گوندێك ، خەڵكەكە زۆر بێزاربوون لە كوێخاكەیان . هەموویان چون و شكاتیان كرد و وتیان :  كوێخامان ناوێت  . كوێخا چووە بەردەمی دادگا و وتی : جەنابی دادوەر ، ڕاستە خەڵكی گوندەكە منیان ناوێت ، بەس من ئەوانم دەوێت .
ئەوەی بارزانیش وای لێهاتووە ، لایەنە براوەكان ، كە دەنگی خەڵكیان بەدەست هێناوە ، دەڵێن : تۆمان ناوێت ، كەچی ئەو دەڵێت : من ئێوەم دەویت !
ئەم خۆشویستنی كورسیە لای بارزانی بۆتە گرێكی سیاسی و گرێكی دەسەڵات . بێگومان نایەوێت جێی بهێڵت ، ناشیدەوێت كێشەی گەورە دروست بێت ، لێ‌ سەرقاڵی ترساندنە . ئەو رستەیە هیچ راست نیە كە ، گوایە كێشە دروست دەبێت ، ئەم حیزبانە و سەركردە سیاسیەكانیان ، بەتايبەت حیزبی پارتی ، بەرژەوەندییەكانیان هێندە گەورەن، ئامادە نین ، شەرێك ، یان كێشەیەكی گەورە دروست بكەن . ئەما ، پارتی پێیخۆشە وا خۆی دەرخات ، ئەگەر ویستەكانی جێبەجێنەكرێن ، كێشە دروست دەكات و ، جێگای مەترسیە . پێویستە حیزبەكان ئەم سایكلۆژیە سیاسیە بخوێنەوە .
هەمیشە گوتارێك بوونی هەبووە ، كە گوایە ، حیزبی پارتی ئەگەر ویستەكانی جێبەجێ‌ نەبن ، ئیتر شەرێك روودەدات . ئەم گوتارە گوتارێكی زۆر وەهمی و ناراستە . لە رێگەی ئەم گوتارەوە ، حیزبی پارتی هەموو جارێك ترسێكی دروستكردوە ، تا ویستەكانی خۆی جێبەجێ بكات . ئێستا بۆ حیزبە خاوەن دەنگەكان گرنگە ، بێ‌ منەت بن لەو حیزبە . ئەو بێمنەتیە دەیخاتەوە شوێنە راستەقینەكەی خۆی . نە ئەو حیزبە جێگای ترسە و نە ئەو تارماییە ترسناكەشە ، بتوانێت دژی بەرژەوەندیەكانی خۆی بجوڵێتەوە و ، نە ئەو حیزبەشە جەسارەتی دروستكردنی بارگرژی دەكات . ئەمە تەنها یارییەكە دەیكا بۆ بە دەست هێنانی دەسەڵاتەكان .
لەم دۆخەدا ، چ بارزانی و چ بەشێكی حیزبەكەی ، دەیانەوێت دژی سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی دیموكراسی بوەستنەوە . بە دروستكردنی ترسێك ، هەوڵی بە دەست هێنانی ویستەكەیان دەدەن . رێك وەك كوێخاكە ، دەیەوێت بڵێت :
من ئەوانم دەوێت و ئەو كوێخایەتیەم دەوێت . بەڵام لە رێگەی پەخشكرنەوەی ترس و شێواندنەوە . نامەوێت سیستەمەكە بگۆرێت ، چونكە بۆ دەسەڵاتەكانی من خراپە . ویستەكەی بارزانی و حیزبەكەی ، هەمان ویستی كوێخاكەیە ، تەنها شەری بە دەست هێنانی دەسەڵاتەكەیە ، بەڵام لە رێگای دروستكردنی ترس و شێواندنی سایكۆلۆژی سیاسیەوە . كۆتایەكەشی ئەوەیە ، هیچ شتێك رونادات و پێویست ناكات ، حیزبەكان لە پێناو ویستی یەك كەسدا ، میلەتێك بخەنە بەردەم ستەمكاریەوە .

س – ف نوسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت