هێمن ڕەئوف : هەرای بەرزانی عەلی حەمە ، سینارۆیە یان لەسلێمانی دا ئازادی هاڕە دەکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش هەر شتێک منەتی بەرزانی عەلی حەمە بە …. ، نامەوێ هەرگیز وەک کەسێک کە دەیناسم شتێکی لەسەر بڵێم . بەڵکو ئەمە بەرگرییە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی سیاسی .

ئەوەی لە هاوار و ناڕەزایەتییەکەی ئەودا هەیە ، مایەی ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ مافیاکانی ئاسایشی سلێمانی . ناکرێت لە شارێکی وەکو سلێمانییدا کە قوتابخانەی ئازادیی و یاخیبوون و جیهانی ڕەنگە جیاوازەکانی سیاسەتی کوردییە ، لەسەر هیچ و خۆڕایی ڕۆژنامەنووسێک بانگبکرێت و بەو شێوازە مافیاگەرایە لێکۆڵینەوە و پرسیاری لێ بکرێت .
بەڵام لەم کەیسەدا من هەندێ گومان و پرسیارم لا درووست بووە ، هیوادارم بەهۆی هاوکاری ئێوە بگەمە دڵنیایی و وەڵامی درووست بۆیان . چونکە هەر بە جددی گومان و پرسیاری جددین و هیچ پەیوەندی بە باکگراوندی بەرزانەوە نییە .
١/ یەکێتی و ئاسایشەکەی لەسەر چی بەرزانیان بانگکردووە بۆ لێکۆڵینەوە ؟ کام ووتار و کام پۆست و کام چالاکی و کام بەدواداچوون و کام ڕێپۆرتاژ و کام بەڵگە و فاکت و کام شتی بەرزان هەیە ئەوەندە خەتەر بێت پێویست بەم مەشهەدە بکات ؟
٢/ لەو دەڤەری سەوز و مۆرە دەیان کوڕی بەجەرگ و ئازا و چاونەترسی تر هەن کە زۆر زیاتر لە بەرزان بە یەکێتی و پارتی و گۆڕان دەکەن و پێیاندا هەڵدەشاخێن . بۆچی بەرزان دەکرێتە نیشانەی ئاسایش ؟
٣/ نزیکەی ٦ مانگێک دەبێت بەرزان بە ئاشکرا پشتگیری لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی کوردی دەکات و باوەڕی وایە بارزانی دەوڵەت چێدەکات ، زۆربەی ڕەخنە و نووسینەکانی بۆ پشتگیری لە بارزانی و دژی نەیارانی دەسەڵات دەنووسێت ، هەموو نەهامەتیەکان دەخاتە ئەستۆی میللەت و بە گەمژە و گێلیان وەسف دەکات ، بە ئاشکرا ڕوویکردۆتە میدیاکانی دەسەڵات و لە ڕووداو دەنووسێت ، میدیا و کەسانی سەربەخۆ دەکاتە ئامانج و ڕەخنەیان لێدەگرێت و جنێویان پێدەدات . ئێ هەموو ئەم شتانە یەکێتی بۆخۆی هیچ کێشەی لەگەڵیان نییە ، باشە بۆچی بەرزان دەکرێتە نیشانە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت ؟
٤ / ئەم کوڕە ئەگەر جار جار ڕەخنەیەک لە هێرۆ و کوڕەکانی بگرێت ، ڕۆژی دوای ئەوە بۆ خۆپاراستن لە شەڕی هێرۆییەکان بە جوانی بە شان و باڵی تاڵەبانییدا هەڵدەدات و بە کاریزما و شتی زلی وەسف دەکات . ئاخر چۆن ئەبێت ئەم کوڕە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت ؟
٥/ من زۆر گەڕام ، هەرچەندە ماوەیەکە شتەکانی نابینم بەڵام زۆر هەوڵمدا نووسراوێکی ئەو ببینم کە قابیلی ئەم لێکۆڵینەوە مافیاگەراییە بێت ، بەڵام بەداخەوە هیچم نەدۆزییەوە .
لەبەر ئەوە هیوادارم ئەم کەیسە ڕوون بکرێتەوە و لە ڕاستی و درووستی و چۆنێتیی پڕۆسەکە دڵنیا ببین . لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت ئەمە لە ئاسایش قەبوڵ نەکەن ، بە هەر پاساو و بیانوویەک بێت بۆیان نییە دەستبخەنە کەرامەتی خەڵکەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕا و بۆچوونی خەڵک بکەن . دواجار پرسیارێکی تریش درووست دەبێت ، ( داخۆ ئەگەر ئێمە و مانان بێینەوە و مانگێک لەو سەرشەقامانە قسەی زل بکەین و خەڵک هان بدەین بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین چیمان بەسەر بهێنن ؟ )

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت