Barzani

ڕیبوار کەریم : کێشەی سەرۆکی هەرێم و کۆی کێشە و قەیرانەکان و ، چارەسەر !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی چەند مانگێکە و بە تایبەتی لەم چەند هەفتەیەیی کۆتایی مانگی شەشدا یەجگار مشتومڕ گەرمە لەسەر خۆ کاندیدکرندەوەی سەرۆکی هەرێم ( مەسعود بارازانی ) و کێشەکانی تر .

هەموو پارتیەکان و هەندێکیش لە حیزبەکان لەگەڵ ئەوەدان کە لەم بارودۆخەدا کەس لە مەسعود بارزانی باشتر و شایستەتری ئەو پۆستە نییە ، لەبەر ئەوەی بارودۆخە قەیراناوییەکەی کوردستان و بوونی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق / شام ( داعش ) و کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا و هەنگاونان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردستانی لە باشوری کوردستاندا فاکتەرگەلێکی بەهێزن بۆ دۆزینەوەی کەسایەتییەکی کاریزمایی و ئەمین کە بتوانێت ئیدارەی کیشەکان بکات و بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێت . ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان و رای منیش لەگەڵیاندا مەسعود بارزانی لە ماوەی ١٢ ساڵی تەمەنی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا نەک هەر نەیتوانیوە کێشەیەک لە کێشەکان چارەسەر بکات ، بەڵکو خودی خۆی کێشە بووە .

بۆ نموونە :

ـ هەموو کات وەک سەرۆکی پارتی رەفتاری کردووە نەک وەک سەرۆکی هەرێم .

ـ تەنها یەک جار نەبێت جێگەرەکەی خۆی راسپارد بۆ ئەوەی سەرپەرشتیاری میحوەری کەرکوک بکات کاتێک هێزی داعش هێرشیانکرد ، هیچ جارێک وەک جێگری خۆی حسابی بۆ نەکردووە ، ئەویش لە هەمان کاتدا کاکە محەمەدی حاجی مەحمودیشی دانا بوو بۆ هەمان ئەرک ، وەک ئەوەی بیەوێت کێشەیەک لە نێوان ئەم دوو بەرپرسە حیزبییە بە دەسەڵاتەدا دروستبکات .

ـ لە کێشەی نێوان عێراق و کوردستنادان نەک هەر بە دوای چارەسەردا نەدەگەڕا ، بەڵکو کێشەکەی کردبوو بە کێشەیەکی کەسیی لەگەڵ نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا .

ـ لە سەفەرەکانیشیدا بە ئاشکرا حیزبایەتی کردن و بنەماڵەییکردنی پێوە دیار بوو ، هیچ سەفەرێکی ئەم پیاوە نەبووە کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا نەبات ، وەک ئەوەی کەس لە کوڕەکەی بە شیاووتر نەزانێت هاوڕێەتیی بکات .

ـ لە کێشەی پارتیەکان لەگەڵ نەجمەدین کەریمی پارێزگاری کەرکوکدا نەک ناوبژیی نەدەکرد بەڵکو خۆی کردبوو بە بەشێک لە کێشەکە .

ـ ئەو حیزبانەی رۆژئاوا کە لەگەڵ ساڵح موسلیم و پەیەدەدا رێک نەدەکەوتن ، خۆی کرد بە بەشێك لە کێشەکە .

ـ هیچ کات وەک سەرۆکی هەرێم دژایەتی خۆی رانەگەیاندووە لەسەر تیرۆکردنی رۆژنامەنووسان ، تەنها یەک جار خێزانی کاوە گەرمیانی بانگکرد و هیچیشی بۆ نەکردن ، بەڵام لەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هیچ قسەیەکی نەکرد و چاوی خۆی نوقاند لەسەر ئەو درۆ گەوەرەیەی ئاسایشی حیزبەکەی بۆ سەردەشتیان دروستکرد ، کە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە لە دادگادا ئەو کەسەی بە ناوی بکوژی سەردەشتەوە زیندانی کرابوو بە درۆی خستنەوە .

ـ لە ئاژاوە و قەیرانەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا وەک سەرۆکی پارتی رەفتاری دەکرد .

ـ لە قەیران و ئاژاوەی نێوان پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵدا بە هەمان شێوەی سەرۆکی پارتی رەفتاری دەکرد .

ـ لە سازدانی کۆنگرەی نەتەوەییدا، وەک سەرۆکی هەرێم رەفتاری نەکرد و بوو بە فاکتەریک لە دروستنەبوونی ئەو کۆنگرەیە .

ـ  ئەم سەرۆکە خۆی کرد بەو هێڵە سورەی ، کە بە بەرچاوی هەموو خەڵک و سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و خودی سەرۆکی هەرێمەوە پەلامار و هێرشێکی زۆر نا ئینسانیانە و نا مەدەنیانە و دوور لە هەموو عورف و عادەتێکی پەرلەمانیی لە لایەن دوو ئەندام پەرلەمانی پارتیەوە ، کرایە سەر عەلی حەمە ساڵح . کە بە هیچ جۆرێک سەرۆکی هەرێم قسەی لەسەر نەکرد . قسە نەکردنی سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە بەو واتایە دێت کە رازییە بە دانانی ئەو هێلە سورە بۆ خۆی و ئەوە فەرمانی خۆیەتی بۆ حیزبەکەی و ئەندام پەرلەمانەکانیان . ئەمە لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم بە واتا ئەخلاقیەکەی چۆن سەرۆکی پارتی و ئەندامانی پارتی وئەندام پەرلەمانەکانی فراکسوێنی پارتییە ، بە هەمان شێوەش سەرۆکی عەلی حەمە ساڵحی ئەندام پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بوو . سەرۆکی هەرێم هەر کەسێک بێت ، بە واتا ئەخلاقییەکەی سەرۆکی چاک و خراپ، هاودەنگ و ناڕازی ، دژ و دۆستی حکومەت و حوکمڕانی ، کارا و چالاک ، مشەخۆر و تەمەڵ ، کورد و نا کورد ، دینی و نا دینی هەموو خەڵکە .

ـ هیچ کات ئەم سەرۆکە لەسەر نادیموکراتیی و نا دادپەروەیی و گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستنادا هەڵینەداوەتێ و قسەیەکی خێری نەکردووە .  

کەچی لەگەڵ ئەمانەشدا لای پارتیەکان وایە کە تەنها کەس لە هەموو کوردستاندا مەسعود بارزانییە و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت دەوری سەرۆکی هەرێم ببینێت و کەس لەم ئەمینتر و بە ئاگاتر و بە تواناتر نییە .

بزووتنەوەی گۆڕان ئەم رایەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی باشور بەرپەرچ دەداتەوە بە پرۆژەیەک ، بەو نیازەی سیستمی سیاسی و حکومڕانی لە کوردستانی باشوردا بگۆردرێت لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی . هەروەها لای زۆربەی خەڵکی کوردستان و زۆربەی حیزبەکان ئەم رایەی پارتی بەرپەرچ دەدرێتەوە ، هەندێک جار بە ئاشکرا و هەندێک جاریش تەنها لە رێگەی قسەکردن و رادەربڕینی ئەندامان و هەوادارنی حیزبەکانەوە بەرپەرچی ڕا و بۆچوونە نەگۆڕەکەی پارتی دەدرێتەوە . ئەوەی کە زۆر بە ئاشکرا و بوێرانە قسە لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە دەکات ، خەڵکی سەر شەقام و کۆمەڵێک رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسن کە لە سەر شاشەی تەلەفزوێنەکان لە میزگردەکاندا دەردەکەون ، بە ئاشکرا رەخنە لە پارتی و دیدگای پارتی دەگرن کە بوونەتە هۆکاری کێشە دروستکردن و بەردەوام خەریکی دروستکردنی قەیران و ئاژەوەن . بە پێی قسەی زۆربەی مافناسان و یاساناسان و ئەندام پەرلەمانی ئەو حیزبانەی لەگەڵ پارتیدا لەسەر خۆ کاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی نین ، مەسەلەی خۆ کاندید کردنەوەی کاندیدکراوە هەمیشەییەکەی پارتی دەبەستنەوە بە کێشەی یاسایی و ، لایان وایە ، کە بە پێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ناوبراو مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نییە . کەواتە ئەوەی بۆمان دەردەکەوێت زۆربەی زۆری خەلک و حیزبەکان و مافناس و یاساناسەکان لەگەڵ ئەوەدان کە کاندیدە تاقانەکەی پارتی بۆی نییە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم .

 زۆر جار رووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە چ لە لایەن پارتیەکانەوە چ لە لایەن هەندێک کەسی ترەوە: بۆچی کەس نییە خۆی کاندید بکات و رکەبەری کاندیدە هەتاهەتاییەکەی پارتی بکات؟

بە رای من کێشەی نەبوونی کەسێک چ حیزبی بێت چ  سەربەخۆ بێت بۆ خۆ کاندیدکردن و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە :

یەکەم / حیزبەکان خۆیان باش دەزانن لە رابردوودا لە چ ئاوێکی پیس و لێڵدا مەلەیان کردوە ، بۆ درێژە دان بە حوکمڕانییە گەندەڵە مافیاییەکەی خۆیان . لەسەر بنەمای بەش بەشینە و رێکەوتنی حیزبیی لە ناو خۆیاندا و ، بە ناوی شەرعیەتی دیموکراتییەوە هیچ بوارێکیان نەهێشتوەتەوە بۆ کەسانی شارەزا و لێزان ، ئەوەی لایان گرنگ بووە دابەشکردنی پۆستەکان بووە بەسەر خۆیاندا، ئیتر بیریان لە دروستکردنی کێشەو گرفتی دوا رۆژ یان پێشێلنەکردنی کولوتووری دیمکوراتیی و رای خەڵک و مافی خەڵک نەکردوەتەوە . گەورەترین کێشەی نەبوونی کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی هەرێم لە جیاتی مەسعود بارزانی لەو بەش بەشینەوەیەی نێوان یەکێتی و پارتیەوە سەرچاوە دەگرێت ، کە سەرۆکی کۆماری عێراق درا بە یەکێتی و سەرۆکی هەرێمیش درا بە پارتی ، ئەمە بووە بە شەڕەکەی نێوان ئەبوبەکر و عەلی و نابڕێتەوە و هەتا کوردستان کوردستان بێت دەبێت بە دەست ئەم قەیرانەوە بناڵێنێت . بۆیە یەکێتی ناوێرێت کەسی خۆی کاندید بکات چونکە دەزانێت زیاتر کێشەکە دەئاڵۆسکێ و گەوەرەتر دەبێت ، دەیەوێت ئەو شەڕە بە حیزبەکانی تر بکات . هەرچیش حیزبە ئیسلامییەکانە ، نایانەوێت ئەو شەڕە بکەن ، چونکە باش بۆ بەرژەوەندی هەژموونی ئیسلامیی خۆیان کار دەکەن و دەزانن چی بکەن باش و چی نەکەن باشە. خۆیان لە شەڕێکی واوە نائاڵێنن و کێ سەرۆک بێت گرنگ نییە لایان . هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە بە هەمان شێوە نایانەوێت لە رێگەی کاندیدکردنی کەسێکەوە ئەو شەڕە بکەن ، عاقڵانە بۆ ئەوەی خۆیان دووربخەنەوە لەو شەڕە پرۆژەیەکیان پێشکەش کردووە ، دەشزانن پرۆژەکەیان خەڵکی زۆر لایەنداریی دەکات .

دووەم / نەبوونی کەسێک کە کێبڕکێ بکات لەگەڵ کاندیدە هەتا هەتاییەکەی پارتی ، نەبوونی بڕوا ومتمانەیە بە پارتی و بە یەکێتی ، ئەگەر لە لای خواوەندیشەوە کاندیدێک هەبێت پارتی نەک هەر قبوڵی نییە ، بەڵکو چەندین تۆمەتی بۆ دروست دەکرێت . خەڵکیش کەرامەتی خۆی خۆش دەوێت و بە نیازی خزمەت خۆی کاندید دەکات نەک بە نیازی رق و کینە و دووژمانەیەتی .

 سێیەم / خودی مسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بەو هەموو هێزەی پارتییەوە کە ناتوانێت کارگوزارێک لە ناوچەی سەوزدا دامەزرێنێت ، ئەی سەرۆکێکی هەرێمی نوێ کە پشتیوانی حیزبی نەبێت دەبێت چ دەسەڵاتێکی هەبێت لە هەردوو ناوچەی زەرد و سەوزدا .

چوارەم / کێشەو گرفت و قەیرانەکان هێندە زۆر و ئاڵۆزن ، کەس نایەوێت بە هۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیاریتیی مێژووییەوە . ئەوەش کە پارتی دەیکات و بوێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ، بۆیە ئەوە دەکات لە زۆربەی بوارەکاندا دۆراوە ، ئەگەر ئەم پۆستەشی لەدەستبچێت هێندەی دیکە دەدۆرێت و تووشی تەنگەژە دەبێت .  

چارەسەر

بە بروای من ، کێشە و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵکی کوردستان ، وەک کێشە و قەیرانی دارای و نەبوونی موچەو و راوەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ، کێشەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا ، کێشەی فرۆشتنی نەوت ، کێشەی نەبوونی کارەبا ، کێشەی نەبوونی بەنزین ، کێشەی خواردەمەنی پیس و بەسەرچوو لە بازارەکاندا ، کێشەی نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە ، کێشەی کوشتن و بڕین و سوکایەتیکردن بە ژنان و رۆژنامەنووسان و رەخنەگرە بوێرەکان ، کێشەی رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکان ، کێشەی پێشمەرگە ، کێشەی نەبوونی چەک و تفاقی سەربازی ، کێشەی دوو ئیدارەیی ، کێشەی خوێندنگاکان ، کێشەی پەروەردە و نەچوونە پێشەوەی پەروەردە بە گوێرەی پێویست ، کێشەی تەندروستی و نەبوونی داو دەرمان و بوونی دەرمانی ئێکسپایەر ، کێشەی وەستانی فیول پەمپ سەیارە و زیانلێکەوتنی زۆر لە خەڵک لەم روەوە و چەندین کێشەی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری . ئەمانە هەموویان کێشەی نەبوونی سیستمێکی حوکمڕانی مەدەنی ئینسانیین . ئەگەر سیستمی حوکمڕانی کوردستان سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراتیانە و ئینساندۆستانە بوایە ، بە دڵنیاییەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەم کێشانە روویان نەدەدا ، یان ئەگەر ڕووشیان بدایە چارەسەرییان هەبوو لە ماوەیەکی کورت یان درێژدا . بەڵام نەبوونی سیستمێکی لەو شێوەیە و لە جێگەیدا دروستکردنی سیستمێکی دواکەوتووی خێڵەکیانە و حیزبیانە و لەسەر بنەمای بەش بەشینە دابەشکردنی پۆستە سیاسیی و ئیدارییەکان ، پۆستەکانی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری و پەروەردەیی و تەندروستیی ، مافیاییانە دابەشکردنی زەویوزار و موڵک و داهاتی کورداستان بەسەر خۆیاندا ، چەقبەستنێکی ئەوتۆی دروستکردوە کە رەنگە بە دەیان پسپۆر و شارەزای سیاسیی نەتوانن قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستان چارەسەر بکەن . دەستبردن بۆ چارەسەرکردنی هەرچ کێشەیەک لەو کێشە و قەیرانانە ، چونکە لەسەر بنەمای بەش بەشینە ( محاصصة ) دروستبووە ، چەندین ئاستەنگ لە بەردەمیدا دروست دەبێت .

بۆ نمووونە ئەگەر کێشەی کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم لەبەرچاو بگرین و بە واقیعیانە وردبینەوە لێی ، ئەم کێشەیە بووە بە کێشەیەکی یەجگار ئاڵۆزی وا کە هەرچ قسەکردنێک لەسەری، پارتی دیموکرات ، یان کۆمەڵە حیزبێکی دیکەی دژ بە بۆچونی پارتی هەست بە سوکایەتی و رق و کینە دەکەن . لای پارتییەکان قسەکردن لەسەر کاندیدنەکردنەوەی سەرۆکی هەرێمی ئێستا ، مەسعود بارزانی بۆ چوار ساڵی دیکە ، هێڵی سورە .

ناکرێت بیرمان بچێت ئەو حیزبانەی کە بە تەنها پارتی تۆمەتبار دەکەن و خۆیان دەکەن بە فریاد رەسی کێشە و قەیرانەکان ، وەک پارتی هاوبەشن لە دروستبوونی کێشە و قەیرانەکاندا . ئەگەر بروایان پێ بکەین کەواتە بیرکردنەوەمان لاوازە . هەموو حیزبەکانی کوردستنا بە تایبەتی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی بەرپرسی یەکەمن لە دروستبوونی هەرچ قەیرانێکی خەڵکی کوردستاندا ، بەرپرسن لە هەموو ئەو کارەسات و ترس و لەرز و تۆقاندنەی کە بەرپایان کردوە لە ناو خەڵکدا . بەرپرسن لە هەموو نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و نا ئارامی و خراپی باری دەروونی و توڕەبوونی خەڵک . ئەمانە خۆیان بە دەستی خۆیان ئاژاوە و قەیرانگەلێکی سەختیان دروستکردوە بۆ خەڵک و لە دواجاریشدا دەیانەوێت شەڕەکە بە خەڵک بکەن . شەڕکردنی خەڵک لەسەر ئەوەی کە لایەنی لایەنێک بگرن و لایەنێکی تر بەربدەن لە گێلێتی و نەفامی سیاسیی زیاتر هیچی تر نییە . با خەڵک شەڕ لەسەر گۆڕینی کۆی سیستمەکە بکات . چارەسەر گۆڕینی سیستمی حکومڕانی کوردستانە لە حکومێکی ستەمکاری حیزبی و خێڵەکی وبنەماڵییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراتی و مەدەنی و ئینسانی و دادپەروەر . بەڵام ئەم چارەسەرییە هەڵبەت زۆری دەوێت و هەروا بە ئاسانی نایەتە دی ، بۆیە پێشکەشکردنی ئەم چارەسەرییە لە لایەن منەوە مەبەستەکەم ئەوە نییە کە لێگەڕێین یان ئەو چارەسەرییە یان هیچی تر ! ، بە پێچەوانەوە هەوڵ و کۆشەکانی پلە بە پلە گەیشتن بەو چارەسەرییە یەکجارییە باشترین کارە . بۆ نموونە ، جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆران یەکێکە لەو هەنگاوانە ، هەرچەندە چارەسەرێکی یەکجاری نییە بەڵام هەنگاوێکی باشە بۆ گەیشتن بەو چارەسەرییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت