عەتا قەرەداخی : ئایندەى یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوان بەرداشی سوونەو کوردەنامووسیدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایە کۆى ئیسلامی سیاسی ئێستا لە شێوە گشتیەکەیدا لە نێوان دوو جەمسەردا دابەشبوون و درووستبوونی حیزبە ئیسلامییەکانیش ئەوەندەى پەیوەندی بە رۆڵی ئەو دوو جەمسەرەوە هەیە ئەوەندە پێداویستی ناوخۆی کۆمەڵگە جیاوازەکان نەیخوڵقاندوون . ئەو دوو جەمسەرەش کە کۆى حیزبە ئیسلامییەکان لە هەناویانەوە هاتوونەتە دەرێ یەکەمیان جەمسەرى سوونەیە ، کە سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ درووستبوونی ئیخوان لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردوودا ، جەمسەرى دووەمیش جەمسەری شیعەیە کە سەرەتاکەى بە شێوەیەکی ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەى کۆمارى ئیسلامی . ئێستا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا ئیسلامییەکانی کوردستان بە گشتی و یەکگرتووى ئیسلامی بە تایبەتی لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدان ؟
ئاشکرایە کە یەکگرتوو حیزبێکی سوونەى رەگوریشە ئیخوانیە و من پێموایە بۆ سەرفی محەلی و بۆ راکێشانی جەماوەر و خەڵکی هەژار سەرجەم ئیسلامیەکان و کۆمۆنیستەکان باسی مەسەلەى نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن ئەگینا لە رووی راستیەوە ئەو دوو ئایدیۆلۆجیا ئومەمیە واتە ئایینی و کۆمۆنیستی هیچیان بڕوایان بە مەسەلەى نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی نیە لەم روانگەیەشەوە ناتوانن شتێک بۆ ئایندەى سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردى بکەن . هەر لەو روانگەشەوە یەکگرتووی ئیسلامی سوودی لە ئاستی لاوازی هوشیاری خەڵکی کوردستان وەرگرت بەڵام ئاشکرایە کە ئێستا پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی بە گشتی لە کوردستانداو بە تایبەتی لای یەکگرتوو کۆمەڵ و بزووتنەوە لاوازەو ئەگەر پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی هەبێت لە کوردستان لە ئێستادا ئەوە پەرەسەندنی سەلەفیەکانە بۆیە ناشێت ئەو سێ حیزبە ئیسلامیە لەوەى ئێستایان زیاتر پێگەو نفوز لە کۆمەڵگەى کوردیدا پەیدا بکەن ، بە تایبەتیش کە دەرکەوتنی دەوڵەتی خەلافەت لە عێراق و شام لێدانێکی سەختبوو لە جەماوەردارێتی لایەنە ئیسلامیەکان کە رەنگە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەو کاریگەرییە زیاتر ئاشکرا بێت لەسەریان .
ئەوە ئاشکرایە کە یەکگرتووى ئیسلامی و ئاک پارتی لە یەک جەمسەرو لەیەک سەنگەردان و بە ئاشکراش گوێمان لە لایەنگری یەکگرتووی ئیسلامی بوو بۆ ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی رابردووی تورکیادا . هەر لەم روانگەیەوە ئەگەرێکی زۆر لاواز هەیە کە یەکگرتوو بتوانێت بچێـە سەنگەری دژی ئاکپارتی و دژی جەمسەری سوونەوە . ئەوەش ئاشکرایە کە هێزەکانی باشووری کوردستان دابەشبوون بەسەر جەمسەری سوونەو جەمسەری شیعەدا . پارتی بە ئاشکرا لە جەمسەری سوونەو تورکیادایە . یەکێتی و گۆڕانیش لە جەمسەری شیعەو ئێراندان ؟ بزووتنەوە ئیسلامی و کۆمەڵیش کە دوو حیزبی ئایندە نائاشکران لە کوردستاندا چونکە هیچ هەڵوێست و ستراتیژێکی دیاریان نیە و پێ دەچێت دوای تەپوتۆزی کاروان کەوتبن ، ناتوانن بەو عەقل و ستراتیژەى ئێستایانەوە رۆڵێکی ئەوتۆ لە ئایندەى سیاسی کوردستاندا ببینن . بەڵام یەکگرتوو کە حیزبێکی ئیسلامی مەدەنی و خاوەن نوخبەیەکی خوێدەوارە پێدەچێت ئێستا ئەو هەڵوێستە جێگیرەى خۆیی ونکردبێت کە لەسەردەمی ئەمیندارێتی مامۆستا سەلاحەدین بەهادیندا هەیبوو . پێشتر سەرباری شەڕی سەختی ناوخۆو سەربارى فشاری زۆریش لەسەری بەڵام توانیبووى هەڵوێستی خۆی رابگرێت و هەندێجار رۆڵی دادوەریکردن لە کوردستاندا بگێڕێت . ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر یەکگرتوو لەسەنگەرو جەمسەری سوونەو ئاکپارتیدا بێت و پارتیش لە هەمان سەنگەرو جەمسەردا بێت و جەمسەری شیعەش بە ئاشکرا دوژمنی سەرسەختی حیزبە ئیسلامیە سوونەکان بێت . ئایا ئەگەرى نەتوانینی بڕیاردان نەبێت لە ترسی جەماوەرى سلێمانی و شارەزوورو بناری هەورامان کە یەکگرتوو پێگەى لەو شوێنانەدا هەیە چی وا لە یەکگرتوو دەکات لە سەنگەرو جەمسەرە راستەقینەکەى خۆی بێـتە دەرەوەو بچێتە سەنگەرو جەمسەری یەکێتی و پارتی و شیعەوە ؟ بێگومان ئەم هەڵوێستە تەنیا ئەو لێکدانەوەیەى بۆ دەکرێت کە لەبەرئەوەى پێشتر یەکگرتوو لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵدا ئۆپۆزسیۆن بووە ئێستاش کوردەنامووسی پێی عەیبە لێیان جیابێتەوە ، ئەگینا هیچ لێکدانەوەەیکى تری بۆ ناکرێت .
خاڵێکی تریش کە دەشێ چاوەڕوان بکرێت ئەوەیە کە یەکگرتوو بکەوێتە ژێر دووفشاری سەختەوە کە یەکەمیان فشاری تورکیاو جەمسەرى سوونەیە کە دەشێ ناچاری بکەن پاشەکشە لەو هەڵوێستەى ئێستای بکات . خاڵی دووەمیش فشارى پارتیە کە دەشێ هەرچۆن زەحمەتکێشانی کاک قادر عەزیزیان بەجۆرێک دابەشکرد کاک عەزیز خۆیشی نەیزانی و وەکو سڵقی رووتیان لێکرد هەمان شت بۆ یەکگرتووش چاوەڕوانکراوە . ئێستا هەمان زەمینە هەیە بۆ ئەوەى کە یەکگرتووش دابەش بکەن کە ئەوەش لە ئاستی یەکەمدا بە زیانی یەکگرتوو خۆى دەشکێـتەوە . دووەمیش رەنگە هەریەک لەو دوو فشارە یەکگرتوو ناچار بکات لەو هەڵوێستەى ئێستای پاشەکشە بکات بەوەش سەنگەرى دژ بە پارتی لاواز دەبێت و ئەگەر ئەوەش رووبدات سەنگەرى گۆڕان و یەکێتی لاواز ببێـت و ئەو یاریەى دەستیان پێکردووە بۆ هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتی هەرێم بدۆڕرێنێت .
بۆیە لۆجیکی عەقڵ بۆ پارتی و گۆڕان و یەکێتیش ئەوەیە کە هەوڵبدەن لەسەر کۆى مەسەلەکان سازان و رێکەوتن بکەن چونکە ئەم جۆرە یاریە کە هەر لایەک دەیەوێت ئەویتر پشتگوێ بخات هیچ بەرهەمێکی نابێت بێجگە لە ئاژاوەو پشێوى و دابەشبوونی زیاتر کە ئەوەش تەنیا قازانجی داگیرکەران و دوژمنانی کوردی تێدایە و کورد وەکو نەتەوە هیچ قازانجێکی نەتەوەیی لە پشێوی و ئاژاوەو دابەشبوونی زیاتر لە کوردستاندا ناکات . بەڵکو ئەوەى کورد دەپارێزێت تەنیا یەکبوون و یەکگرتنە، تەنیا ئەوانەش بە دڵسۆز دادەنرێت کە هەموو خواست و ویستە کەسی و حیزبیەکانیان لە پێناوی بەرژەوەندی باڵاى نەتەوەکەیاندا بەلاوە دەنێن و ئەو شەڕە بێ مانایەى کە ئێستا هەموویان لە پێناوی پۆست و مەنسەب و مەکسەبدا دەیکەن و پاڵنەرى رقیش جوڵێنەرێتی هیچ بەرهەم ناهێنێت بێجگە لە ماڵوێرانی و سەرگەردانی و دابەشبوونی زیاتر . کە ئەمەش کۆى بەرپرسانی حیزبی کوردستان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەپرسیار دەکات لەبەرامبەر مێژووداو دورستبوونی هەر تراژیدیایەکیش هەموویان رووزەردى مێژوو دەکات .