شێرزاد شێخانی : سەرۆکێکی کاتی بۆ هەرێمی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان توشی قەیرانێکی قوڵی دەسەڵاتداریتی بوە بەهۆی ئەوەی وادەی ویلایەتەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەکۆتایی نزیکدەبێتەوە ، سەرباری تەواوبونی مافی خۆکاندینیدکردنی بارزانی ، بەڵام حزبەکەی و خودی خۆیشی چاویان لەولایەتیکی تری سەرۆکایەتیە .. بۆ ئەم مەبەستەش هەرچیەکیان پێبکرێت وەکو بەهانە ئەیهێننەوە بۆ ئەوەی جۆرێک شەرعیەت بدەنە هەڵبژاردنی بارزانی کە لەڕووی یاساوە کارێکی مەحاڵە بەدو دەقی وازحی هەردو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای درێژکرنەوەی دووساڵی ویلایەتەکەی لە 30 حوزەیرانی 2013 .
جارێک ئەندامانی پارتی باس لەنزیکبونەوەی بارزانی لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن و ، جورعەکەش ئێستا زیادکراوە بەوەی دەوڵەتەکە هەرچوار پارچەکەی تری کوردستانیش ئەگرێتەوە ، نازانم رۆڵ و هەڵوێستی حزبە سەرەکیەکانی تری چوار پارچەکەش چۆن ئەبێت بەرامبەر بەوەی بارزانی ببێتە سەرۆکی نەتەوەیی و هەمو حزبەکانی کوردستانی گەورەش بەسەرۆکایەتی پارتی و بارزانی رازی بن ، ئەم پروپاگندەیە لەکاتێکدا ئەکرێت کە پەیوەندی پارتی لەگەڵ سەرجەم حزبەکانی هەرچوار پارچەکە زۆر خراپە ، تەنانەت کۆنگرە نەتەوەییەکەش سازنەکرا لەسەر خیلافاتی سەرۆکایەتیەکەی .
ئێستا پەیوەندی پارتی لەگەل پەکەکەو هەدەپە لەوپەڕی خراپیدایە بەهۆی هەڵوێستی پارتی لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیا . لەرۆژئاواشدا تا ئەمرۆش پارتی سنورەکانی بەروی پەیەدە داخستووە . لەکوردستانەکەی خۆشماندا پەیوەندیەکانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی و حزبە ئیسلامیەکانیش خراپەو بەحیسابی خۆی ئەم چوار حزبە گەلەکۆمەکی لێ ئەگەن . پەیوەندیشی لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیش زۆر باش نیە . لەم کەش و هەوایەدا نازانم چۆن چۆنی هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەرئەگرێت ..
پاساوێکی تریان شەری داعشە . بەشیک لەسەرکردەکانی پارتی باس لەوە دەکەن ئەگەر مەسعود بارزانی نەبێتەوە سەرۆکی هەرێم ئەوا داعش دێت و کوردستان داگییر ئەکات . نازانم ئایا پارتی پلانی ئەوەی هەیە ئەگەر بارزانی بواری هەڵبژاردنی نەدرێتی پێشمەرگەکانی خۆیان لەبەرکانی شەردا پاشەکشە پێبکەن ، یان چۆن چۆنی داعش ئەتوانێ کوردستان داگییر بکات ،.
هەندێک لەسەرکردەکانیان باسى ئەوەش ئەکەن گوایە ئەگەر سازان نەکرێت لەسەر هەڵبژاردنەوەی بارزانی ئەوە بۆشاییەکی یاسایی لەکوردستان روئەدات ، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەوە زیاد لە سالێکە وڵاتی لوبنان بێ سەرۆکەو کەسیش باسی بۆشایی یاسایی لەوێ ناکات .
لەویش گرنگتر ئەزمونی وڵاتی میسرە دوای شۆرشی 30 حوزەیرانی 2013 کە دەکرێ بەهەمان وردەکارییەکانیەوە لەهەرێمی کوردستان جێبەجی بکرێت .
لەوێ دوای لادانی محەمەد مورسی لەسەر کورسی حوکم رژێمەکەشی روخا ، وەزیری بەرگری عەبدولفەتاح سیسی بریاری دا ، کە سەرۆکی دادگای ئیتحیادی قازی عەدلی مەنسور ببێتە سەرۆکێکی کاتی میسر ، بەپێی نەخشە رێگایەیک کە هەمو لایەنەکان لەسەری رێککەتن ، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی تازەی وڵات و پەرلەمانێک و دانانی دەستوریکی تازە بۆ وڵاتەکە دیاریکرا ، ئیدی بە شێنەیی و زۆر حەکیمانە هەم دەستورێکی تازەیان داناو ریفراندۆمی لەسەر کرا ، هەم سەرۆکیش هەڵبژێردراو لەماوەی داهاتوشدا پەرلەمانێکی تازە دائەمەزرێنن … دەکری لێرەش لەهەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت سەرۆکی دادگای تەمییزی کوردستان بکرێتە سەرۆکێکی کاتی تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتو بە تایبەتیش لەکوردستان هێشتا پەرلەمان لەسەر کارەو وەکو ئەوەی میسر هەڵنەوەشێنراوە ..
ئەگەر هاتو حزبەکانی کوردستان ئەم کارەشیان بۆ نەچووەسەر ، دەکرێ هەر چوار حزبە سەرەکیەکە لەسەر کاندیدێک یا هەر حزبێک کاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆکایەتی ، با ئەوسا مەسعود بارزانیش خۆی کاندید بکات و ململانێیەکی شەریفانە هەبیت لە نێوان کاندیدەکاندا .
پێشکەشکردنی کاندێکی بەهێزی حزبەکانی تری کوردستان لەبەرامبەر مەسعود بارزانی هیچ ترسێکی ناوێ ، چونکە لەبیرمان نەچێت کەوا حزبەکەی بارزانی لەهەڵبژاردنی دوا خولی پەرلەماندا تەنها خاوەنی 38 کورسییە ، ترسی ئەوەش نەماوە کە وەکو زەمانی رێکەوتنە ستراتیژیەکەی لەگەڵ یەکێتیدا 70% دەنگەکانی مسۆگەر بکات ، چونکە ئەمجارە دەنگەکان دابەش ئەکرین لەوانەیە هاوکیشەکانیش گۆرابن و ئەنجامەکان وەکو پێشان نەبن .. لەبیرمە خودی کاک مەسعودیش فەرموبوی ” ئەگەر پەنجا هەزار ئیمزا لەدژی من کۆ بکرێتەوە من ئامادەم واز لەدەسەڵات بێنم “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت